Kaboudvand.M.S / محەمەد سدێق کەبوودوەند/ محمد صدیق کبودوند /
62 subscribers
464 photos
45 videos
23 links
Download Telegram
مافی فێربوون و فێرکاری #زمانی_دایکی و پاراستن و گەشە پێدانی پرەنسیپەکانی پێناسە و شۆناسی هەر نەتەوەیەک لە سەر سەروی مافەکانی مرۆڤە. داکۆکی لەو مافانە نەک هەر تاوان نییه، بەڵکو ئەرکێکە لە سەر شانی هەمووان. خاوەنداریەتی و پارێزەری لە #زمانی_زگماکی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤە.
زمانی کوردی، #زمانی_زگماکی و #زمانی_دایکی دەیان ملیون مرۆڤە، زمانی دەیان ملیون کوردی بندەست و ستەملێکراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. #زمانی_کوردی پێناسی شۆناس و ناسنامەی نەتەوەی چەوساوەی کوردە.
کوردی ئەو زمانەیە کە دەیان ساڵە لە ژێر هەڕەشەی فەوتان و تواندنەوەیە. چەندین دەوڵەت دژ بە ئەو زمانە و دژ بە فەرهەنگ و کەلتۆری کوردی پڕۆژەیان هەیە و لە سەر ئەو مژارە هەر ئێستا شەڕێکی نەرم لە ئارادایە. کورد و ناسنامەی کوردی هەر ئێستا لە هەر چوار لاوە کەوتووەتە بەر هرووژمی چڕو پڕی زمان و فەرهەنگە دەستوورییەکانەوە.
هیچ گومانێک لەوە نەماوە کە زمان و فەرهەنگ و کەلتۆر و داب و نەریتی کوردی لە بەر هرووژم و هێرشی فەرمی و نافەرمی زمان و فەرهەنگە دەستوورییەکان، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی بە ڕوواڵەت نەرم و نیانی فەرهەنگی ببێتەوە.
هۆشداری سەربارەت بە دەرئەنجامی ئەو هرووژم و هێرشانە و هۆشداری لە ئەگەری فەوتانی زمانی کوردی و ئاکامی ئاسیمیلاسیون و بێ ناسنامە کردنی ملیونان کەس، تا ئێستا نەیتوانیوە، کورد لە خەون و خەو ڕاپەڕێنێت.
دیارە هەندێ کەس پێیان ناخۆشە هۆشداری لەو شێوەیە. بۆ وێنە لە چەند مانگی ڕابردوو لە چەند پۆستێک کە هەندێکیان لە خوارەوە دێت، بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی دڵسوزانی زمانی کوردی بەو مەترسییە کە هەست دەکەم لە ئارادایە، ئاماژەم بە چەند خاڵ کردووە. لە بەرامبەردا هەندێ کەس کە هەست بە مەترسییەکی وەها ناکەن ڕەخنەیان هەبووە ژە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە.
٭٭٭
#کورد بۆ خۆی وڵاتێکی تایبەت و حکومەتێکی سەربەخۆی نییە. نە دەسەڵاتی هەیە و نە بە سەر فەرهەنگ و کەلتۆر و مێژووەکەیەوە سەروەرە. نە وەکوو نەتەوەیەکی #یەکگرتووە و نە لەسەر #چارەنووس و داهاتوو و ئایەندەی خۆی یەکڕا و یەکدەستە. ئاخۆ ئەگەر زمانی کوردی واتە ناسنامەی شۆناسەکەی نەمێنێت، هەر کورد هەژماردە دەکرێت ؟
٭٭٭
زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات تادێت دۆخی ناجێگیرتر دەبێت. بە داخەوە خەڵک بەگشتی لە پرۆژەی بن بڕ کردنی ئەو زمانە خۆبەخشانە بەشدارن. ئەگەر تا دوێنێ دەگوترا زمانی دایکی لە #کرماشان بووەتە زاراوەیەکی فارسی، ئێستا زاراوەی ئەردەڵانی [ #سنە و دەور و بەری ] لە ١٠٠دا ٩٠ی بووەتە فارسی. خەڵک چ لە شەقام و بازار و گەڕەک و کۆڵانەکان و چ لە ماڵان بە زاراوەیەکی فارسی- سنەیی ئاخاوتن دەکەن، وادیارە سنەی ئەمڕو کرماشانی دوێنێ بەبیر دێنێتەوە.
٭٭٭٭
سەروەری زمانی کوردی بەسەر #ڕۆژهەڵات [ لانیکەم بەسەر کۆمەڵگا ] بە داخەوە بەخێرایی بەرەو ڕۆخان و کوتایی هێنان پێش دەڕوات.
کاتێک ژیانی زمانی کوردی بە هۆی پەرە پێدانی ئاسیمیلاسیونی درێژخاێن، لە مەترسیدایە، جێی سەرسۆڕمان ئەوەیە هەندێ بە ناو زمانناس و پسپۆڕ و مامۆستا، فێرکاری و فێرکردنی خۆبەخشانەی وانەبێژانی کورد وەکوو هەڕەشەیەکی جددی لە سەر ئەو زمانە، پێناسە دەکەن !
٭٭٭
ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە #کورد بێ بەشە لە سەرەکیترین مافەکان و بۆ پاراستنی زمانەکی لە زەختیی و ژێر گوشار دایە.
بەڵام دەبێ ئەو ڕاستییەش ڕەچاو بکرێت کە زمانی کوردی ئێستا وەکوو ئەوە تووشی شڵەژان و تێکچوویی هاتووە، پێویستی بە فریاکەوتنێکی خێرا هەیە. با رۆژهەڵات بچێت بە هانای زمانەکەیەوە.
٭٭٭
هەندێ لە هەندەران پێیان وایە بەکار هێنانی زمانی کوردی"ئاسایشی بەردەنگە فارسەکانیان تێکدەدا"، بەداخەوە لە ناوخۆی وڵاتیش نیوێ لە کوردان ئاخاوتن بە زمانی دایکی پێیان ناخۆشە.
بەڵام، هەر وەک "ئالفۆنس دەودە" نووسەری فەرەنسی دەڵێت؛
" نەتەوەیەک کە زمانی دایکیی لە بیر نەماوە، ئەو بەندکراوەیە کە کڵێڵی درگەی زیندانەکەی لێ ون بووە."
٭٭٭
بریا، #ڕۆژی_جیهانی_زمانی_دایکی مەترسی کەمتر خەمی کوردان و بایەخ پێنەدانی گشتی بە زمانی کوردی، وەکوو هۆکاری گەورەی مەترسیدار لە هەمبەر ژیانی ئەو زمانە، بە بیر بخاتەوە
٭٭٭
مافی فێربوون و فێرکاری زمانی دایکی و پاراستن و گەشە پێدانی پرەنسیپەکانی پێناسە و شۆناسی هەر نەتەوەیەک لە سەر سەروی #مافەکانی_مرۆڤە. داکۆکی لەو مافانە نەک هەر تاوان نییه، بەڵکو ئەرکێکە لە سەر شانی هەمووان. خاوەنداریەتی و پارێزەری لە زمانی زگماکی، پارێزەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە .