فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی
2.04K subscribers
268 photos
71 videos
64 files
97 links
ئەم کاناڵە بۆ فێرکردنی شێوەی زانستیی ڕێنووسی کوردی، بۆ گەلی کورد پێک هاتووە. تکایە بەستەری کاناڵەکە بڵاو بکەنەوە.

https://t.me/+SxW4Wvgw_SMQHdvI
Download Telegram
🔲 کێشەی لکاندن یان نەلکاندنی (بێ)، بە وشەکەی پاشی خۆیەوە:

🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔴 (بێ)، دەتوانێت هەم "پێشگر" بێت و هەم "پێشبەند".
کاتێک "پێشگرە" 👈🏿 دەلکێت. 👈🏿 (بێـ...)
کاتێک "پێشبەندە" 👈🏿 نالکێت. 👈🏿 (بێ = بەبێ)

پێنج چالاکی کورد، بێ تاوان سزای پێنج ساڵ زندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
بێتاوان لەتاو بێتاوانــییەکەی خۆیدا، تاوانبارە!

ئەو کەسێکی بێدەسەڵات و بێهێز و دۆڕاوە.
ئێمە، بێ دەسەڵات و توانای خوای گەورە، هیچ نییەین.

ساتێک بێ خەم، سەرم نەنایەوە.
میللەتێكی چاوەڕوان و دەسەڵاتێكی بێخەم!

🟪 ڕاڤـــــــە:
1⃣. (بێ)، ئەگەر "پێشگر" بێت، بە وشەی پاش خۆیەوە دەلکێت، چونکە کار دەکاتە سەر وشەی پاش خۆیەوە، ئەرکی وشەسازی بەجێ دەهێنێت، وشەی داڕێژراو (هاوەڵناو یان هاوەڵکار) دروست دەکات و واتای نەرێکردن، دژ و پێچەوانە دەداتە دەستەوە و بەرانبەر (بە) دەوەستێت. [بێ # بە]
بۆ نموونە:
بەنرخ # بێــنرخ
بەڕەوشت # بێــڕەوشت
[[بێخەم، بێشەرم، بێشەرمانە، بێئارام، بێئاگا، بێئاگایانە، بێهێز، بێهۆش، بێکەس، بێنرخ، بێڕەوشت، بێتام، بێگوناح، بێکەڵک، بێڕەنگ، بێتاوان، بێناز، بێنازی، بێسوود، بێکار، بێکەڵک، بێدین، بێوەی، بێباک، بێباکانە، بێناو، بێناوی، بێبەری، بێبەش، بێگومان، بێوچان، بێشک، بێچارە، بێئابڕوو، بێئاهەنگ، بێئەمان، بێعار، بێئاو، بێئایین، بێئازار، بێبەهرە، بێبەخت، بێبەزەیی، بێبنیاد، بێچریکە، بێداد، بێدەنگ، بێدوایی، بێئەمان، بێپێوانە، بێفەڕ، بێگەرد، بێهاوتا، بێهیوا، بێشومار، بێکەیف، بێلەکە، بێمانا، بێمەزە، بێمێشک، بێپەلە، بێپەروا، بێقەرار...]]

ئیمشەو دیارەن بانگم بێشەرمــەن
زایەڵەی سەمتوور کەلـلەم وە گەرمەن
" مەولەوی"

گرفتارم، بریندارم، بێئارامــم
بەڵام چونکە بێئاگای لێم دڵناکامم
"عوسمان عوزێری"

2⃣ . (بێ) + جگە = بێجگە [[ دەلکێت]].
بێجگە لە تۆ، کەس نەهات.
بێجگە لە تۆ، هەموو هاتن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
3⃣. (بێ)، ئەگەر "پێشبەند" بێت، سەربەخۆ دێت و بە وشەی پاش خۆیەوە "نالکێت"، چونکە کار ناکاتە سەر وشەی دوای خۆیەوە، بە واتایەکی تر، یارمەتیی ڕۆنانی وشەی نوێ نادات. لەم نموونانەی خوارەوە، (بێ = بەبێ)یە.

بێ تۆ هەڵناکەم.

بێ شەڕ، وڵاتی گرت.

بێ شەڕ، گەڕانەوە.

بێ پارە، لە بازاڕدا دەسووڕێتەوە.

بێ ئێوە، هیچ ناکەم.

هەڵپەڕکێ، بێ مۆسیقا نابێت.

چێشتەکەم بێ نان خوارد.

بێ براکەم، بۆ هیچ کوێ ناچم.

بێ ئەو، ناچمە سەفەر.

بێ دایک، دنیا کاولە! 🖤

بێ من، کتێبەکە مەکڕە.

بێ تۆ، ژیانم تاڵە.

هیچ کارێک، بێ ئاگاداریی من ناکات.

برا زۆر سەیرە زوو نەمناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم
کە تۆ پێنج شەش کەڕەت گۆڕاوی، من بێ سێ و دوو کوردم
"هەژار"

وەک چۆن ئاسمان بێ ئەستێرە، یان بەهار بێ گوڵ
ئەم کوێر ئەبێ و ئەو جوانەمەرگ، ئەچێتە ژێر گڵ!
بێ چاوی تۆش، چاوی شیعرم، کوێرە و ڕێنەبین
بێ لێوی تۆ، ئازیزەکەم، بەهار و گوڵ، چین؟!
"شێرکۆ بێکەس"

🟩 دەرەنجام//
ئەگەر واتای (بێـ…)مان دەست بکەوێ، واتە [بێ]، "پێشگر" بێت، "بێـ"، دەلکێنین چونکە خاوەندارێتیی لێ دەسێنینەوە بۆ نموونە: کەسێک کە ڕەوشتی هەیە، خاوەندارێتیی ڕەوشتەکەی لێ بسێنینەوە دەبێتە: بێڕەوشت یان کەسێک کە نرخی هەیە خاوەندارێتییەکەی لێ بسێنینەوە و دەبێتە: بێنرخ.

بەڵام ئەگەر واتای (بەبێ)مان دەست بکەوێ، واتە: [بێ]، "پێشبەند" بێت، ئەو کاتە، (بێ) نالکێنین چونکە یارمەتیی ڕۆنانی وشەی نوێ نادات.
بێ تۆ هەڵناکەم. = بەبێ تۆ هەڵناکەم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🌻 @renusisaratayi
چاو لەم تابلۆیە بکەن:
تێگەیشتنی ئێمە لەم تابلۆیە چی بێت؟! 🤔
ڕێنووسێکی دروست لێرە بەکار دێت، کە ئایا مەبەستی لە (فەرمان بەران)
گەڕەکی فەرمانبەرانە، یان مەبەستی وەستا فەرمانە و خۆی بە بەران دەزانێت؟!😊
یان وەستا فەرمانە و گۆشتی بەران دەکاتە کەباب!! 🤔

دروستەکەی ئەمەیە و دەبێت وا بنووسرێت: (کەبابخانەی فەرمانبەران)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🌻 @renusisaratayi
ئەمڕۆ ۵ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی کۆچی دواییی هونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژی گەورەی کورد، مامۆستا "حەسەن زیرەک"ـە.
ڕۆحی شاد و یادی هەرمان بێت.
🆔@wiseykurdi1
🟧 هەندێک زانیاریی ڕێزمانی:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟣 ئایا دەزانن؟
هەموو چاوگە دالییەکان تێپەڕن، جگە لە چاوگی (مردن) نەبێت کە تێنەپەڕە.

🟠 ئایا دەزانن؟
زۆربەی چاوگە دالییەکان کۆتاییان بە (ردن) هاتووە:
خواردن، ناردن، بــردن، سپاردن، شۆردن، کــردن، بژاردن...

🟢 ئایا دەزانن؟
چاوگەکانی (هەڵکردن- لادان) هەم تێپەڕن و هەم تێنەپەڕ.
بایەکە هەڵی کرد. (تێنەپەڕ)
ئاڵاکەمان هەڵکرد. (تێپەڕ)

لە کۆڵانەکە لام دا. (تێنەپەڕ)
بەردەکەم لا دا. (تێپەڕ)

🔴 ئایا دەزانن؟ هەر چاوگێک کۆتاییەکەی (اندن) بێت، تێپەرە جگە لە چاوگی دەنگە سروشتییەکان کە تێنەپەڕن:
ناڵاندن، بۆڕاندن، باڕاندن، قیژاندن... (تێنەپەڕ)

🟡 ئایا دەزانن؟
هەموو کاری ڕابردوویەک، کۆتایی بەم پیتانە هاتووە: (د - ا - ی - وو - ت)
د 👈🏿 برد، خوێند، چاند، کرد...
ا 👈🏿 هێنا، برژا، خنکا، ترسا...
ی 👈🏿 فڕی، کڕی، تەزی، وەری...
وو 👈🏿 چوو، بوو...
ت 👈🏿 فرۆشت، کەوت، نووست، خەوت...

🔵 ئایا دەزانن؟
کارەکانی (نا٫ دا) بەبێ تەواوکەری بەیاریدە، ناتوانن واتای ڕستەکە تەواو بکەن.

پارەکەم دا بە سۆران.
پارەکەم دا! (بە کێ)؟ بە سۆران.
بەردەکەم بە پشیلەکەوە نا.
بەردەکەم نا! (بە چی)؟ بە پشیلەکەوە.

🟤 ئایا دەزانن؟
هەر کارێک، (م، ت، ی، مان، تان، یان)ی وەر گرت مەرج نییە تێپەر بێت، وەکوو کاری (رام کرد، ڕامان کرد، وازم هێنا، وازمان هێنا) کە تێنەپەڕن.

⚫️ ئایا دەزانن؟
وشەی (تر)
وەکوو هاوەڵناوی نادیار بەکار دێت:
کتێبێکی ترم کڕی.
وەکوو هاوەڵکاری کاتی بەکار دێت:
ڕۆژێکی تر دێمەوە.

⚪️ ئایا دەزانن؟
وشەی (وا)
وەکوو هاوەڵناوی نادیار بەکار دێت:
دیمەنی وام نەبینیوە.
وەکوو هاوەڵکاری کاتی بەکار دێت:
وا دەڕۆم بۆ بازاڕ.

🟣 ئایا دەزانن؟
(نە)، بۆ دوو ڕێژە و دوو دەمی جیاواز بەکار دێت.
ڕێژەی ڕاگەیاندن و دانانی
دەمی ڕابردوو و ڕانەبردوو

🟠 ئایا دەزانن؟
لە چاوگی (هەبوون، زان، پشکووتن، ویستن، چاوپێکەوتن) کاری داخوازی دروست نابێت.

🟢 ئایا دەزانن؟
جێناوە لکاوەکانی (ات-ێت، ە) ئەگەر لە ڕستەدا بێن، مەرج نییە هەمیشە ببنە بکەر، دەتوانن (بەرکار)یش بن:
نان دەخوات. (ات 👈🏿 بکەرە).
جل دەکڕێت. (ێت 👈🏿 بکەرە).
خۆشم دەوێت. (ێت 👈🏿 بەرکارە).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🌻 @renusisaratayi
چاوگی لێکدراو پێکەوە دەنووسین.
بەکاربردن، ماڵوێرانکردن، نانکردن، کارتێکردن، دەستتێخستن، دەستلێدان و...

لەم نموونانەی خوارەوە، هەموویان پێکەوە چاوگی لێکدراویان دروست کردووە.

👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇

(بەکارهێنان، بەفیڕۆچوون، بەکاربردن، بەگژداچوون، بەگژداهاتن، ...)

بەڵام کاتێ گەردان کرا، بەشی دووەمی چاوگەکە، جودا دەبێت.

بەکار دەهێنم.
بەکارم هێنا.
بەکاری بهێنە.

بەفیڕۆ چوو.
بەفیڕۆ دەچێت.
بەفیڕۆ چووبوو.

بەکاری دەبەم.
بەکارم برد.
بەکاری ببە.


ئێمە دەتوانین سەدان و هەزاران چاوگ بە یارمەتیی پێشگر، پاشگر، هاوەڵناو، ناو، پێشبەند و... دروست بکەین.

هەروەها دەتوانین بە یارمەتیی ئەو وشانەش کە لە زمانی کوردیی ئیمڕۆدا واتای سەربەخۆیان نییە، چاوگ دروست بکەین وەک:
تووشبوون، فڕێدان، نقومبوون، پەککەوتن، تووڕهەڵدان و...

بێگومان (پێشبەند)یش ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی چاوگی لێکدراو.
چاو لێرە بکەن، لەم چەند نموونەی خوارەوە، بە یارمەتیی (پێشبەند)، چاوگمان دروست کردووە:
👇👇👇👇👇👇👇👇👇

پێشبەند+ناو+چاوگ+پاشگر
لە+یەک+ دان+ەوە = لێکدانەوە

پێشبەند + ناو + چاوگ
بە + سک + دان = بەسکدان

پێشبەند + وشە + چاوگ
تێ + بەر + دان = تێبەردان

وشە + پێشبەند + وشە + چاوگ
دەر + بە + دەر + بوون = دەربەدەربوون

پێشبەند + ناو + چاوگ
لە + بیر + کردن = لەبیرکردن

و......


ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
ک.د.ئازاد(لاواندنەوەیەک)
رۆژنامه
لاواندنەوەیەک بۆ "سەردەشت"

شتێک لەسەر دڵم ماوە
ڕازێکه قەت نەگوتراوە
داخم خەڵکت یەکدیگر نین
له ئاستی یەکترا نەوین
دارستانێکه ئەو گەله
هەر ساتێکی نۆرە و هەله
بەڵام هەندێکیان نەزانن
هۆرەی دار و دارستانن

ئەوەی پشتمان لێک دەبەستێ
دوژمن له ئاستی ناوەستێ
خۆشەویستیی ئەم خاکەیه
عەشقی ئەم خاکە پاکەیه

سەردەشت، ئەی شاری شیرینم
یاخوا قەت خەمگین نەتبینم
بزەی سەر لێوت نەتۆرێ
تووشت نەبێ هیچ ناسۆرێ
ئاڵات هەر وا شەکاوە بێ
شکۆی ئەو ناوە ناوە بێ

هاوڕێ لەگەڵ لاوەکانت
خۆشم دەکەم بە قوربانت
ئەوسا لەسەر گردەسوورت
دەڵێم به لاوی جەسوورت
سەردەشت دڵە، ناسڕێتەوە
کوردیش هەرگیز ناتوێتەوە

مامۆستا ک.د.ئازاد ✍🏼


ئەمڕۆ سێشەممە
۷ی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۲۲ی کوردی

"ساڵڕۆژی کیمیابارانی سەردەشت" 🥀


🕊
@KurdiSoraniWord
وشەی (جریمە) بە تێگەیشتنی باشووری و ڕۆژهەڵاتی:
لە زمانی عەرەبیدا وشەی (جریمە = تاوان)، ئەگەر کەسێک (جەریمە = تاوان) بکات "عقوبه = سزا" دەدرێت کە لە عەرەبی و باشووردا پێی دەوترێت (غەرامە).
***
لە زمانی فارسیدا وشەی (جریمە) وەک زۆر وشەی تری عەرەبی واتاکەی گۆڕاوە و بە واتای (غەرامە) بەکار دەهێنرێت.
واتە:
باشوورییەک کە وشەی (جەریمە) ببیستێک بیر لە (تاوان) دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر ڕۆژهەڵاتییەک وشەی (جەریمە) ببیستێت بیر لە (سزا) دەکاتەوە.
***
پوختە:
لە باشوور: (جەریمە) تاوانەکەیە و (غەرامە) سزای تاوانەکەیە.
لە ڕۆژهەڵات: بە (جریمە)ی عەرەبی دەڵێن (جرم = جۆرم)، بە سزاکەش دەڵێن (جەریمە).
***
بە کوردییەکی ڕەسەن:
جریمەی عەرەبی = تاوان
غەرامەی عەرەبی = تاوانانە
عقوبة = سزا
نموونە:
لێخوڕێک بە تاوانی خێرالێخوڕین ١٠٠ دۆلار تاوانانەی بەسەردا سەپێنرا.
***
@diyakohashemi
گوڵی باخی ئەوینم دایە _ وتنی مهران سنەیی_256k
تەنیا گوڵی باخی ئەوینم دایە.

پێشکەش بە هەموو دایکانی نیشتمان.
🟠هاوەڵناوی ڕەنگ و قەبارە

🟢هاوەڵناو + پاشگر = هاوەڵناوی ڕەنگ
1⃣.کاڵ
شین + کاڵ = شینکاڵ
سوور + کاڵ = سوورکاڵ

2⃣.کەڵە
سوور + کەڵە = سوورکەڵە

3⃣.کەلە
سوور + کەلە =سوورکەلە
ڕەش + کەلە = ڕەشکەلە
سپی + کەلە = سپیکەلە

4⃣.فل
سوور + فل = سوورفل

5⃣.تاڵە
ڕەش + تاڵە = ڕەشتاڵە

6⃣.واش
سپی + واش = سپیواش

7⃣.باو
شین + باو = شینباو
ڕەش + باو = ڕەشباو
سوور + باو = سوورباو
زەرد + باو = زەردباو

8⃣.ڵووکە
بۆرە + ڵووکە = بۆرەڵووکە
ــــــــــــــــــــــــــ
🟣هاوەڵناو + پاشگر = هاوەڵناوی قەبارە
1⃣.یلانە
ورد + یلانە = وردیلانە
خڕیلانە - خنجیلانە

2⃣.ەلانە
باریک + ەلانە = باریکەلانە
خڕکەڵانە

3⃣.خرت + ەڵە = خرتەڵە

4⃣.خڕ + یلە = خڕیلە
وردیلە

5⃣.کەلە
باریک + کەلە = باریکەلە

6⃣.کەڵە
پان + کەڵە = پانکەڵە
باریکەڵە

7⃣.کۆلە
درێژ + کۆلە = درێژکۆلە

ئەو عاشقی بێچارە، وا بێپەڕ و بێباڵە
یا ڕەببی! چلۆن بفڕێ؟ پێبەندی خەت و خاڵە
مەجنوونسفەتە و عاشق، بەو لەیلییە ڕەشتاڵە
یا بۆ شەکەری لێوی، عەینەن وەکوو منداڵە
"سەید کامیل ئیمامی"

مەلە جوانە خنجیلانە نەشمیلەکەم
ئێسکسووکە خوێنشیرینە وردیلەکەم
"عوسمان عوزێری"

🖊 ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
پرسیار و وەڵامی ڕێزمانی⁉️

🔳 کاری داخوازی، بۆ کەسی "دووەمی تاک"، لە چاوگی [پاڵکەوتنەوە] دەبێتە چی؟
🟢 دەبێتە: پاڵ بکەوەوە.
پاڵکەوتنەوە: پاڵ+بــ+ کەو+ ە+ ەوە= پاڵ بکەوەوە.
بزوێنی سەرەتای پاشگرەکە تێ دەچێت.

🟢 بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە بۆ کەسی دووەمی تاک، (ر)ی ناوبەند، زیاد بکرێت تا (ە)ی بزوێنی پاشگرەکە نەفەوتێت.
ئەو کاتە دەبێتە: (پاڵ بکەوەرەوە).
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(پاڵکەوتنەوە) جیاوازە لە (پاڵکەوتن).
پاڵکەوتن: پاڵ+ بــ+ کەو+ ە=پاڵ بکەوە.
========================
🖊 ئیدریس هاشمی

🌻 @renusisaratayi
ئەوین
ئاران
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ خۆشم دەوێی
لاوكبێژێكی خه‌مباره
كه سترانه‌كه‌ی له‌كیس چووه.

بریا ئه‌وین،
زمانی لێدوانی هه‌بایه

هه‌زار شوانەخەڵەتێنەی شاد
له چاوه‌كانی تۆدایه
هه‌زار قه‌ناریی بێده‌نگ
له گه‌رووی مندایه،
ئه‌وین!
خۆزگه زمانی لێدوانی هه‌بایه

ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ خۆشم دەوێی
دڵی خه‌مینی شه‌وێكه
كه به‌دووی مانگه‌شه‌وه‌كه‌یدایه
بریا ئه‌وین،
زمانی لێدوانی هه‌بایه

هه‌زار هه‌تاوی ده‌م‌بەپێكه‌نین له له‌نجه‌ی تۆدایه
هه‌زار ئه‌ستێره‌ی گریانە
له پاڕانه‌وه‌ی من.

ئه‌وین!
خۆزگه زمانی لێدوانی هه‌بایه.


وەرگێڕانی ڕێزدار: مامۆستا دیاکۆ هاشمی
لە هەڵبەستێکی ئەحمەد شاملوو



🌻@renusisaratayi
🟩 پاشگرەکانی ناوی یاریکردن و کایە:
ئه‌م پاشگرانه به ناوه‌وه ده‌لکێن و ناوێکی نوێ دادەڕێژن و واتای "کایە" به ناو ئه‌دەن.

🟠 تێبینی//
لە دونیای ئیمڕۆدا، ژیانی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا هاتووە و کۆمەڵێک ياریی نوێ، هاتوونەتە نێو دونیای منداڵان و گەورەساڵان، بەم هۆیەوە ئەم یارییانە چوونەتە ناو لاپەڕەی کتێبەکان و بوونەتە ياریی فۆلکلۆری.

🟣 گرنگترین پاشگرەکانی ناوی یاریکردن و کایە بریتین لە: (ێن، انێ، کێ).
1⃣. (ێن)
کەباب کەبابێن، تۆپقاڕێن، ڕاوڕاوێن، کەوشێن، شێلاقێن، هەلووکێن، مزراحێن، کڵاوێن، خەتێن، خەتخەتێن، ماتێن، میتێن، کەلایێن، فجووقێن، توولێن، بازەڵێن، کێلوبەردێن، خلیسکێن، ڕسکێن، نۆڕسکێن، سێڕسکێن، سێڕیزکێن، سێڕیزێن، پەتێن، پەتپەتێن، میرمیرێن، گورزێن، جریتێن، جلیتێن، چاڵێن، هەڵماتێن، مێشێن، مووشێن، مەڕمەڕێن، کرمێن، تیلێن، فنجانێن، میچێن، قاپێن، تۆڕێن، کاڵەمستێن، جۆجۆیێن، گول‌ گولێن، قاڕێن، چەڵەمەشکێن، خۆشاروکێن، جگێن، تۆپێن، شیرێن، تۆپەڕاکردێن، گوێزێن، سه‌وه‌تێن، سنجووقێن، مستێن/مشتێن، جغزێن، جۆرابێن، گۆیێن، شەقێن، تیرێن، بازبازێن...

2⃣. انێ
کەتیکانێ، قاچانێ، ساپساپانێ، پلیتانێ، جغزانێ، مووشانێ، کەلایانێ، قەبانێ، ماتانێ، جگانێ، قاپانێ، جۆلانێ، دیلانێ، تۆپانێ...

3⃣. کێ
چاوشارکێ، بازبازۆکێ، بەرامبەرکێ، حەمامۆکێ، خانخانەکێ، شوانشوانەکێ، قاچەشرمەکێ، قاچەخلیسکێ، میرگزیرکێ، مەڕمەڕۆکێ، هونگولیسکێ، گوریس کێشەکێ/گوریس کێشکێ، گوێچکەپچڕکێ...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟠 هەندێ ياریی تر بەبێ ئەو سێ پاشگرە:
هەلووکان، شەشخان، جریتان، هەڵماتان، تەشیلان، گوللان، پشکیلان، قولووجان/قولووچان، گوێزان، تۆپان، گورزان، قەمچان، ڕێخان...
تۆپێنە، کاڵەمستێنە، چەڵەمەشکێنە/چۆڵەمەشکێنە، خۆشاروکێنه/ چاوشاروکێنە...
مووشانە، جۆلانە...
کاڵەمستێ، قەلەمردارێ، قەرێ‌ قەرێ،
تۆپقاڕ/تۆپقاڕنی، پەتانی...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🌻@renusisaratayi
🟣 بەسەر - بە سەر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(بە)، لە بنەڕەتدا، "پێشبەندە"، ئەگەر لەگەڵ وشەیەک بۆ نموونە (سەر) بێت، و ئەرکی وشەسازی بەجێ بهێنێت، دەبێتە پێشگر و هاوەڵکاری داڕێژراو دروست دەکات:
(بەسەر) 👈🏿 بەسەر چاو
====================
بەڵام ئەگەر کار نەکاتە سەر وشەکەی دوای خۆی، واتە: یارمەتیی ڕۆنانی وشەی نوێ نەدات، ئەوە "پێشبەندە و سەربەخۆ" دێت. 👈🏿 (بە سەر)
👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇
بە سەری باوکت نانەکە دەخۆیت.

لە ناکەسکارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرم (مەحوی).
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە شیعرێکی تری مەحویدا هەردوو حاڵەتەکەی پێکەوە دەبینین:
بە پیر ئەو ماهەوە چووم و بە سەر چووم
پەری بوو، ئەو نەبوو، شەو بوو، بەسەر چووم

لە یەکەمیان مەبەستی مەحوی ئەوەیە کە دەڵێت: لە جیاتیی ئەوەی بە پێ بڕۆم، بە سەر چووم.
لە دووەمیان ئاماژە بە چاوگی لێکدراوی (بەسەرچوون) دەکات.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🌻@renusisaratayi
Afsous
keyvan saket/@BikalamMusics
(افسوس)
ناسراو بە "کاروانی شەهیدان"
شاکاری مامۆستا کەیوان ساکت



🌻 فێرگەی زمانی کوردی 🌻
پێشکەش بە هۆگرانی شیعر و هەڵبەست
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
وا نەزانی که بێدەنگم
ئیتر دڵم لای تۆ نییه
له هەرکوێ بم لێدانی دڵ
بۆ هەناسە و عەشقی تۆیه...

هەرکات وتم تۆم خۆش ناوێت
بزانه که درۆ ناکەم
من عاشقی چاوەکانتم
چی له خۆشویستنت بکەم...

من دڵێکی سادەم هەبوو
بەخشیم به تۆ تا هەتایه
تۆش باوەشێکم بدەرێ
گەورەتر بێت لەم دونیایه...

خەڵک چاوی من نابینێت
وا ئەزانێ لەخۆباییم
نازانێ تۆ لەناو ڕۆحما
بوویت به سۆما و به بیناییم..

کە ماچتەکەم لێوەکانم
پێکەنینی لێ ئەبارێت
ئاشکرایه لێوی عاشق
به ماچکردن جوانتر ئەبێت..

بۆ چی حەز ئەکەی بزانیت
شیعری من بۆ کێ نووسراوە
لەبیرت چوو که دڵی من
به تاپۆ به تۆ دراوه..

🖊️ دەریــا هەڵەبجەیی

🌻@renusisaratayi
🟥ئەرکی (ە) لە ڕێزمانی کوردیدا:
[بەشی یەکەم]:

ـــــــــــــــــ
🖊ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

بزوێنی (ە)، لە زمانی کوردیدا، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە ڕێزمانی کوردیدا ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت، چونکە ئەم بزوێنە، لە ڕووی ڕێزمانییەوە دەتوانێت لە شوێنی جیاواز، بۆ مەبەستی ڕێزمانیی جیاواز بەکار بێت.

🟪بەشی یەکەمی ئەرکەکانی (ە) لە ڕێزمانی کوردیدا، بریتین لە:

1⃣.(ە)، دەبێتە "کاری ناتەواو" بۆ کاتی ئێستا، ئەگەر هیچ کارێکی تر لە ڕستەدا نەبێت لە کاتێکدا تەواوکەرەکەی [ناو، جێناو، هاوەڵناو، هاوەڵکار و چاوگ] بێت.

ناو👈🏿 سانا خوێندکارە. [خوێندکار = ناوە. - (ە) = کاری ناتەواوە.]

جێناو👈🏿 سانا کێیــە؟ [ کێ = جێناوی پرسە - (ە) = کاری ناتەواوە.]

هاوەڵناو👈🏿 سانا بەهێزە. [بەهێز = هاوەڵناوی چۆنیەتییە. - (ە) = کاری ناتەواوە.]

هاوەڵکار👈🏿 سانا لێرەیــە. [لێرە = هاوەڵکاری شوێنییە. - (ە) = کاری ناتەواوە.

چاوگ👈🏿 ئامانجمان یارمەتیدانــە. - یارمەتیدان = چاوگە. - (ە) = کاری ناتەواوە.

🟣چۆن بزانین [ە]، کاری ناتەواوە؟
- ئەگەر توانیمان (ە) بگۆڕین بە (بوو) یان (دەبێت)، ئەوا کاری ناتەواوە.
- زیاتر لە کۆتاییی ڕستەدا دێت.
- بە (نی) نەرێ دەکرێت. [واتە: ئەگەر ئەو وشەیە کە (ە)ی پێوەیە، لە ڕستەدا بە (نی) نەرێ کرا، کاری ناتەواوە].

شیرەکە گەرمــە. (ە)ی گەرمە، کاری ناتەواوە. بۆ؟ چونکە بە (نی)، نەرێ دەکرێت. شیرەکە گەرم نییە.

چێشتەکە خۆشــە. (ە)، کاری ناتەواوە.
بە (نی) نەرێ دەکرێت. چێشتەکە خۆش نییە.

منداڵەکە زیرەکــە. (ە)، کاری ناتەواوە. بە (نی) نەرێ دەکرێت.
منداڵەکە زیرەک نییە.

جلەکە سەوزە. (ە)، کاری ناتەواوە.
بە (نی)، نەرێ دەکرێت: جلەکە سەوز نییە.

2⃣.(ە)، دەبێتە "جێناوی لکاو بۆ کەسی دووەمی تاک لە کاری داخوازیدا" و دەکەوێتە "کۆتاییی کارەکە و ئەرکی "بکەر" دەبینێت.
بخوێنــە تا سەرکەوتوو بیت.
وانەکە بنووســە.
پەیامەکە بنێرە.
[لە ڕستەکانی سەرەوە، "ە"، جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک، بکەرە.]

تێبینی// ئەگەر توانیمان (ە) بگۆڕین بە (ن)، ئەوە (ە) جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک.
جلەکە بکڕە. 👈🏿 جلەکە بکڕن.

تێبینی//
ئەگەر کاری داخوازی، "تاک" بوو، ئەوا (ە)، دوو حاڵەتی هەیە:
1. یان جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک، بکەرە. بخوێنــە تا سەرکەوتوو بیت.

2. یان بەشێکە لە ڕەگی کار.
کارەکە تەواو بکــە.

تێبینی// ئەگەر بزوێنی (ە) لە کۆتاییی ڕستەدا هات، یان کاری ناتەواوە یان جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک.
سێوەکە مزرە. ("ە"، کاری ناتەواوە.)
چیرۆکەکە بنووســە. ("ە"، جێناوی لکاوە بۆ کەسی دووەمی تاک.)

3⃣.(ە)، دەبێتە پێشبەند و پاش کاری "ڕابردوو، ڕانەبردوو و داخوازیی کۆ" دێت و پاشان ناوێک دێت.
🟠 ڕێسا: (کار + ە + ناو)
(ە)، بۆ ئەوەی پێشبەند بێت، دەبێت لە دوای (کار) بێت.
تێبینی// چۆن بزانین (ە)، پێشبەندە؟
بۆ ئەوەی بزانین (ە) پێشبەندە لای دەبەین و یەکێک لەمانە (بە، بۆ) لە شوێنی دادەنێین، ئەگەر یەکێکیانی وەرگرت، ئەوا (ە) دەبێتە پێشبەند. بۆ نموونە:

ڕابردوو:
لاڤین ڕۆیشتــە کرماشان. = لاڤین ڕۆیشت بۆ کرماشان.
ئەو هاتــە ماڵمان. = ئەو هات بۆ ماڵمان.

ڕانەبردوو:
سانا دەبێتــە پارێزەر. = سانا دەبێت بە پارێزەر.
ئەو دەچێتــە بازاڕ. = ئەو دەچێت بۆ بازاڕ.

داخوازی (دەبێت کۆ بێت.)
بچنــە دەرەوە. = بچن بۆ دەرەوە.
بڕۆنــە خوێندنگە. = بڕۆن بۆ خوێندنگە.

🟢تێبینییەکی گرنگ// ئەگەر (ە)، لە دوای کاری داخوازیی (تاک) هات دەبێتە (جێناوی لکاو)، بەڵام ئەگەر لە دوای کاری داخوازیی (کۆ) هات، دەبێتە (پێشبەند).
وانەکە بنووســە. ("ە"، جێناوی لکاوە.)
بڕۆنــە دەرەوە. ("ە"، پێشبەندە.)

4⃣.(ە)، دەبێتە پاشگر و لەگەڵ (ناو، هاوەڵناو یان ڕەگی کار) دێت بۆ دروستکردنی وشەی نوێ. (واتە: "ە"، لە کۆتاییی ناو، هاوەڵناو و ڕەگی کار) دێت و ئەو وشانە کە پاشگری (ە) وەردەگرن وشەیەکی نوێ بە واتایەکی نوێ دروست دەکەن.)
ناو + ە 👈🏿 دەست + ە = (دەستە)
بازنە، زستانە، هاوینە، شەکرە، نازە، سازە، شێرە، کارە...

هاوەڵناو + ە 👈🏿 چاک + ە = (چاکە)
سەوزە، باشە، تەختە، سوورە، سەدە، چلە، خراپە، حەفتە، شینە...

ڕەگی کار + ە 👈🏿 پرس + ە = (پرسە)
ناڵە، کۆکە، تەقە، پژمە، کۆخە، گریە، قیژە...

🟡 تێبینی// کاتێک کە دەڵێین بزوێنی (ە)، دەبێتە پاشگر بۆ دروستکردنی وشەی نوێ، واتە: مەرجە واتاکەی بگۆڕێت. بۆ نموونە:

کێش + ە 👈🏿 کێشە
کێش = (وزن)/ کێشە = (مشکل)

پرس + ە 👈🏿 پرسە
پرس = (پرسش) / پرسە = (عزاداری)

سەد + ە 👈🏿 سەدە
سەد = (عدد صد)/ سەدە = (قرن)

دەست + ە 👈🏿 دەستە
دەست = (دست، اندام بدن)/ دەستە = (گروه)

تەق + ە 👈🏿 تەقە
تەق = (صدای بهم خوردن)/ تەقە = (تیراندازی)

سەوز + ە 👈🏿 سەوزە
سەوز = (رنگ سبز)/ سەوزە = (سبزیجات)

چاک + ە 👈🏿 چاکە
چاک = (خوب)/ چاکە = (نیکی)

🟠چاکە ئەنجام بدە. (ە)ی چاکە، پاشگرە.
🟠مامۆستا چاکە. (ە)ی چاکە، کاری ناتەواوە.
ــــــــــــ
🌻@renusisaratayi