فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی
2.03K subscribers
309 photos
75 videos
64 files
102 links
ئەم کاناڵە بۆ فێرکردنی شێوەی زانستیی ڕێنووسی کوردی، بۆ گەلی کورد پێک هاتووە. تکایە بەستەری کاناڵەکە بڵاو بکەنەوە.

https://t.me/+SxW4Wvgw_SMQHdvI
Download Telegram
فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی pinned «🔴 وێنەی پیتەکانی زمانی کوردی بە شێوەی (فلاش کارت) یان کارتی پیشاندان بۆ منداڵانی کوردستان. زۆر سپاس بۆ پەڕەی کوردزمان و ستافی مامۆستایانی کوردی. بە هیوای سوودبینین. ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ 🌻 @renusisaratayi 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇»
🟪 [ەوانێ] و چەند پرسیارێکی گرنگ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔸ئەڕۆمەوە + (ەوانێ) = ئەڕۆمەوانێ
🔸هاتمەوە + (ەوانێ) = هاتمەوانێ
🔸نایەتەوە + (ەوانێ) = نایەتەوانێ
🔸چوومەوە + (ەوانێ) = چوومەوانێ
🔸خواردمەوە + (ەوانێ) = خواردمەوانێ
🔸ژێرەوە + (ەوانێ) = ژێرەوانێ
🔸سەرەوە + (ەوانێ) = سەرەوانێ
و... هتد

1. ئەو (ەوانێ)ی کۆتایییە چییە؟
وشۆکە یان تەکواژی بۆشە کە لە هەندێک ناوچەدا دەچێتە سەر پاشگری "ەوە" لە پاشگری دووپاتکردنەوەدا و سیمای یەکبوون هەڵدەگرێت. وەک:
سانا ڕۆیشتەوە. - سانا ڕۆیشتەوانێ.
سانا هاتەوە. - سانا هاتەوانێ.
من دەڕۆمەوە. - من دەڕۆمەوانێ.

2. بۆچی پێی دەڵێن: تەکواژی بۆش؟ چونکە دەنگی هەیە و ڕەنگی نییە؛ واتە: ڕوخساری ماددی هەیە بەڵام هیچ ڕۆڵ و واتایەکی نییە. بە واتایەکی تر، بەکارهێنانی وەک ئەوەیە کە وزە بەفیڕۆ بدەین و باشترە بەکاری نەهێنین. تەنیا پاشگری "ەوە" بەسە و (ەوانێ) زیادەیە:
من هاتمەوە. نەک من هاتمەوانێ.
نموونەی تەکواژی بۆشی وا لە شاری هەولێر و ناوچەکانی دەڤەری هەولێریش هەیە کە:
جێناوی (ێت) دەکەنە (ێتن) و
جێناوی (ات)یش دەکەنە (اتن) کە پێویست ناکات و [ات/ ێت] گونجاوترن.
ئەو دەچێت بۆ خوێندنگە. نەک دەچێتن.
ئەو نان دەخوات. نەک دەخواتن!

3. ئایا پێویستە (ەوانێ) بگاتە زمانی نووسین و بەتایبەت لە نووسینی پێوەر یان ستاندارد کەڵکی لێ وەربگیرێت؟ (نە).
چونکە بەهۆی بەکارهێنانی (ەوانێ)، چەند دەنگێکی لاوەکی دەخەینە سەر (ەوە) کە پاشگری تایبەتییە بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێکی بۆ بهێنینەوە؛ لە بەرژەوەندیی زمانی نووسیندایە کە ئەم وشۆکەیە لا ببرێت چونکە هیچ ڕۆڵ و واتایەکی نییە و بەکارهێنانی وزەبەفیڕۆدانە و باشترە هەر لە "ەوە" کەڵک وەربگیرێت.

4. ئایا لابردن و سڕینەوەی (ەوانێ) لەسەر وشەکان، ناڕێزمانییە؟ (نە).
لابردنی (ەوانێ)، نە ناڕێزمانییە و نە دەبێتە هۆی ناڕێکی و کلۆربوونی ڕوخساری پاشگری "ەوە". بە پێچەوانەوە (ەوانێ) ڕوخسارێکی بێواتایە کە لە هەر جێیەکدا پاشگری (ەوە) دێت پێیەوە دەلکێت و تەشەنەی کردووەتە نێو زمانەکەوە و پەرەی سەندووە.
ئەگەر (ەوانێ) بسڕینەوە، وشەکە واتای خۆی دەپارێزێت و هیچ کێشەیەکی نییە کەواتە بەکارهێنانی زیادەیە:
هاتمەوانێ - (ەوانێ) = هاتمەوە.


5. ئایا بەکاربردنی (ەوانێ)، تەنیا تایبەتە بە شاری سلێمانی؟ (نە).
جگە لە شاری سلێمانی، لە شاری بانە و دێهاتەکانی و هەروەها تا ڕادەیەکی زۆر کەمتر، لە هەندێ لە دێهاتەکانی دەڤەری بۆکان و مەهابادیش بیستراوە کە خەڵک لە قسەکانیاندا، (ەوانێ) بەکار دەهێنن.

6. ئایا (ەوانێ) تەنیا دەلکێت بە کارەوە؟ (نە).
(ەوانێ) دەلکێت بە هەموو کەرەستە ڕێزمانییەکان کە پاشگری "ەوە"یان پێوەیە. بۆ نموونە:
🔺لەگەڵ کار:
هاتمەوە + (ەوانێ) = هاتمەوانێ.
خواردمەوە + (ەوانێ) = خواردمەوانێ.

🔺لەگەڵ ئامراز:
لە + من(ەوە) لە منەوە(ەوانێ) = لە منەوانێ
تێیەوە + (ەوانێ) = تێیەوانێ
لێیەوە + (ەوانێ) = لێیەوانێ
بە + ئەو(ەوە)(ەوانێ) = بە ئەوەوانێ
دەچێت بە/دەچێتە/دەچێتەوە/دەچێتەوانێ
دەچێتە ناخەوە./ دەچێتە ناخەوانێ.
دەچێتە دڵەوە./ دەچێتە دڵەوانێ.
و...

🔺لەگەڵ هاوەڵکاری شوێن:
ژێرەوە + (ەوانێ) = ژێرەوانێ
سەرەوە + (ەوانێ) = سەرەوانێ
و...

🔺لەگەڵ کەرەستەکانی تر:
دیسانەوە + (ەوانێ) = دیسانەوانێ

🔴 تێبینی//
دەبێ ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم ئەویش ئەوەیە کە (ەوانێ)، هەرچەندە تەکواژێکی بۆشە بەڵام دەلکێت بە چەند کەرەستەیەکەوە کە ئەو کەرەستانە بە هیچ شێوەیەک "ەوە" وەر ناگرن؛ بەڵام (ەوانێ) وەردەگرن؛ بۆ نموونە:
ئەمەتا + ەوە
ئەمەتا + ەوانێ = ئەمەتانێ

ئەوەتا + ەوە
ئەوەتا + ەوانێ = ئەوەتانێ

کوا + ەوە
کوا + ەوانێ = کوانێ

کامەتا + ەوە
کامەتا + ەوانێ = کامەتانێ

ها + ەوە
ها + ەوانێ = هانێ
و...
ئەمەتا = ئەمەتانێ (یەک واتایان هەیە).
ئەوەتا = ئەوەتانێ (یەک واتایان هەیە).
کامەتا؟ = کامەتانێ؟ (یەک واتایان هەیە).
ها = هانێ (یەک واتایان هەیە).
کوا؟ = کوانێ؟ (یەک واتایان هەیە).

کوانێ ئەو پەنجە کە توندی دەگوشی مەمکی توند؟
کوانێ ئەو پێیە کە بۆ ژوانێ دەچوو گونداوگوند؟

کوانێ ئەو چاوە کە هەر جوانی دەبینی و چی دی؟
کوانێ ئەو بیرە کە هەڵدەفڕی بەرەو بەرزی و دوند؟
"مامۆستا هێمن"

🟩 دەرەنجام
ڕای زۆربەی زمانناسان، ڕێزماننووسان، پسپۆڕان و شارەزایانی زمانی کوردی ئەمەیە کە:
(ەوانێ) 👉 تەنیا لە شێوەزاری ئەو ناوچانەی کە قسەی پێ دەکەن کەڵکی لێ وەربگیرێت و بەکاربردنی لەو ناوچانە سەنگین و ڕەنگینترە.
لە بەرژەوەندیی زمانی نووسیندایە کە ئەم تەکواژە لە نووسینی فەرمی و ستاندارد لا ببرێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻
@renusisaratayi
🔴 زوان من تەنیا ماڵ ژینمە
هۆنراوەی "کاوە خوسرەوی" 2023
بە کوردیی خواروو

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە ئی دنیای بەرینه
زوان گشتێ شیرینە
کوردی یەکی لەوانە
لە ئی هەمکەی زوانە

زوان داڵگ ڕیشەمە
هاڵ و کار و پیشەمە
بێ ئەو ژیان مەهاڵە
ئاواتەیلم بەتاڵە

بێ ئەو ماڵ چووڵێکم
خەریو خەم‌ وە کووڵێکم
لەناو سەران سەر نەیرم
دارێکم و بەر نەیرم

بێ زوانم، بێبەشم
وێنەی ئەروای بێلەشم
کڕوکپە هاوارم
گومە، ماف و گوفتارم

زوان کوردی مانمە
شانازیی سەرشانمە
شادەمار بینمە
تەنیا ماڵ ژینمە
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🌻
@renusisaratayi
🔲 هاوەڵکاری (دیسان) و چەند پرسیارێکی گرنگ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. (دیسان) چ جۆرە هاوەڵکارێکە؟
هاوەڵکاری دووبارەکردنەوەیە و ئاماژە بە دووپاتبوونەوەی ڕوودانێک دەکات.
بەفری خەم دیسان وڵاتی گرتەوە.
کابرا دیسان وەڵامی دایەوە.

2. ڕوخسارە جیاوازەکانی "دیسان" کامانەن؟
دیسانەی، دیسانەوە، دیسانەوانێ، هەمدیس، هەمدیسان، هەمدیسانەوە، هەمدیسانەوانێ، هەمیس، هەمیسا، هەمیسان، هەمیسانەو، هەمیسانەوە

3. ئایا ئەو ڕوخسارانەی "دیسان"، وەک دیسانەوە، هەمدیسان، دیسانەوانێ و... هتد لە زمانی نووسین واتە: نووسینی ستاندارد و پێوەر پێویستن؟ (نە).
لەبەر ئەوەی خودی وشەی "دیسان" واتای دووبارەبوونەوەی ڕووداو دەگەیەنێت و پێویست بە تەکواژی بۆش ناکات؛ واتە: پێویست ناکات (هەم) و (ەوە) و (انێ)ی پێ زیاد بکەین؛ چونکە بە لابردنی "هەم" و "ەوە" و "انێ"، نە وشەکە واتاکەی دەگۆڕێت و نە ئەرکە ڕێزمانییەکەشی گۆڕانی بەسەردا دێت؛ بەڵام بەداخەوە دەبینین کە لە زمانەکەماندا، هاوەڵکاری "دیسان"، بەهۆی ئەو تەکواژە بۆشانە، لاواز بووە و دەوری گیراوە.

🔹 هەندێ لەو تەکواژە بۆشانە کە لەگەڵ "دیسان" دێن، ئەمانەن:

🔴 دیسان + ەوە = دیسانەوە
(بۆ نووسینی فەرمی "ەوە" زیادەیە و دیسان شیاوە).
دیسانەوە هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 هەم + دیسان = هەمدیسان
(بۆ نووسینی فەرمی "هەم" زیادەیە و دیسان شیاوە).
هەمدیسان هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 هەم + دیسان + ەوە = هەمدیسانەوە
(بۆ نووسینی فەرمی "هەم" و "ەوە" زیادەن و" دیسان" شیاوە).
هەمدیسانەوە هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 هەم + دیس = هەمدیس
(بۆ نووسینی فەرمی "هەم" زیادەیە و "دیس" دەمێنێتەوە کە لە بەکارهێناندا بێواتایە؛ کەواتە "دیسان" شیاوە).
هەمدیس هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 هەم + یسان = هەمیسان
(بۆ نووسینی فەرمی "هەم" زیادەیە و "یسان" دەمێنێتەوە و دەنگی (د) گۆ نەکراوە و پێویستە "د"ی پێ زیاد بکەین و "دیسان" شیاوە).
هەمیسان هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 دیسان + ەوە + انێ = دیسانەوانێ
(بۆ نووسینی فەرمی "ەوە" و "انێ" زیادەن و "دیسان" شیاوە).
دیسانەوانێ هاتمەوە.
دیسان هاتمەوە.

🔴 هەم + دیسان + ەوە + انێ = هەمدیسانەوانێ
سێ تەکواژی بۆشی هەڵگرتووە کە بریتین لە: (هەم، ەوە، انێ) کە زیادەن و تەنیا "دیسان" شیاوە.
هەمدیسانەوانێ سەرما دەستی پێ کرد.
دیسان سەرما دەستی پێ کرد.
و... هتد

🟧 دەرەنجام
هاوەڵکاری (دیسان):
١- خۆی واتای دووبارەبوونەوەی ڕووداو دەگەیەنێت.
٢- ڕەوا نییە تەکواژی بۆشی پێ زیاد بکەین.
٣- بەبێ تەکواژی بۆش واتاکەی ناگۆڕێت.
٤- بەبێ تەکواژی بۆش، ئەرکە ڕێزمانییەکەی لەدەست نادات.
٥- لە زمانی فەرمیی نووسیندا، پێویستمان بە ڕوخسارەکانی "دیسان" - کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد - نییە و خودی هاوەڵکاری "دیسان"، کۆیان دەکاتەوە و واتای دووبارەبوونەوەی ڕووداوی کار، بەجوانی دەبەخشێت.
٦- ئەو ڕوخسارانەی دیسان، وێ دەچێت کە لە ئاخاوتنی ناوچەکاندا کەڵکی لێ وەربگیرێت و لە نووسینی فەرمی، (دیسان) شیاو و لەبارە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻
@renusisaratayi
🟨 هاوەڵکاری (ئێستا) و چەند پرسیارێکی گرنگ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. هاوەڵکاری (ئێستا) لە چییەوە هاتووە؟
(ئێستا) لە سەرەتادا "ئیسا" بووە.
پێک هاتووە لە: جێناوی ئی + سا
"ئی" بە واتای: "ئەم"
"سا" بە واتای: "کات و وەخت"
ئێستا = ئەم کاتە

2. هاوەڵکاری "ئێستا" چ جۆرە هاوەڵکارێکە؟
هاوەڵکاری کاتە و کاتی بەجێهێنانی کارێک نیشان دەدات. وەک:
ئەوان "ئێستا" نانەکەیان دەخۆن.
من "ئێستا" کچێکی جوانم بينی.

3. ڕوخسارە جیاوازەکانی "ئێستا" کامانەن؟
ئێستاکێ، ئێستاکە، ئێستاکانێ، ئێستەکانێ، ئەمێستا، ئەمێستاکە، ئەمێستاکێ، ئەمێستاکانێ، ئێسا، ئێساکە، هێستاکینێ، ئێستاکونێ، ئێستاکینە، ئێستاکییە، ئیسا، ئیساکە، ئیساکی، ئیسە، ئیسەنە، ئیستە، ئایسە و... هتد

هەروەها چەند شێوازێکی تر هەن وەکوو: ئەلعان، ئەلعانەکە، ئەلعانەتی، ئەلعانێ، ئەلعانۆ، ئەلحان، ئەلئان، ئەلئانە، ئێرنگە و... هتد

4. ئایا ئەو ڕوخسارانەی "ئێستا"، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، وەک: ئێستاکێ، ئەمێستا، ئێستاکانێ و... هتد لە زمانی نووسین واتە: نووسینی ستاندارد و پێوەر پێویستن؟ (نە).
لەبەر ئەوەی لە ئاستی هاوەڵکاری "ئێستا"، چەند تەکواژی بۆش پەیدا بوون و ئەم وشەیە بەم تەکواژە بۆشانە دەوری گیراوە کە پێویست ناکات و خودی وشەی (ئێستا) بۆ نووسینی پێوەر شیاو و لەبارە.

🔵 هەندێ لەو تەکواژە بۆشانە ئەمانەن:
🔸 هەندێ جار نووسەران تەکواژی بۆشی (کێ)ی پێ زیاد دەکەن کە پێویست ناکات و "ئێستا" شیاوە. وەک:
ئێستا + "کێ" = ئێستاکێ
"ئێستاکێ" بۆ خوێندنگە دەچم.
"ئێستا" بۆ خوێندنگە دەچم.

🔸 هەندێ جار نووسەران تەکواژی بۆشی (ئەم)ی پێ زیاد دەکەن کە پێویست ناکات و "ئێستا" شیاوە. وەک:
"ئەم" + ئێستا = ئەمێستا
"ئەمێستا" نامەیەکم نووسی.
"ئێستا" نامەیەکم نووسی.
🔴 هەرچەندە لە شیعری شاعیرانی گەورەی گەلەکەمان و هەروەها نالیی مەزنیش وشەی "ئەمێستا" هاتووە و نکۆڵیی لێ ناکرێت بەڵام بۆ نووسینی پێوەر "ئێستا" لەبار و گونجاوە.
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ
"نالی"

🔸 هەندێ جار نووسەران، هاوکات دوو تەکواژی بۆشی (ئەم) و (کێ)ی پێ زیاد دەکەن کە پێویست ناکات و لە نووسینی پێوەر، "ئێستا" لەبار و شیاوە. وەک:
ئەم + ئێستا + کێ = ئەمێستاکێ
"ئەمێستاکێ" کێ دەزانێت تاوانبار کێیە؟
"ئێستا" کێ دەزانێت تاوانبار کێیە؟

🔴 هەندێ جار نووسەران، هاوکات دوو تەکواژی بۆشی (کێ) و (انێ)ی پێ زیاد دەکەن کە پێویست ناکات و لە نووسینی پێوەر "ئێستا" لەبار و شیاوە. وەک:
ئێستا + کێ + انێ = ئێستاکانێ
"ئێستاکانێ" خەڵکێکی زۆر، تامەزرۆی فێربوونی زمانی کوردین.
"ئێستا" خەڵکێکی زۆر، تامەزرۆی فێربوونی زمانی کوردین.

🟪 دەرەنجام/
ئەگەر کێشەی ئەم تەکواژە بۆشانە یەکلایی نەکرێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە داهاتوودا وشەیەکی نامۆی وا لە نووسینی نووسەرانی زمانی کوردی ببینین!
"ئەم" + ئێستا + "کێ" + "انێ" = ئەمێستاکانێ
لە حاڵێکدا پێویست بە وشەیەکی وا نییە و خودی وشەی "ئێستا" بۆ نووسینی فەرمی و پێوەر، لەبار و شیاوە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊ئیدریس هاشمی
🌻
@renusisaratayi
🔴 پرسیاریان لێمان کردووە پێکهاتەی وشەی "قرژاڵ" چۆنە؟ سادەیە؛ داڕێژراوە یان لێکدراو؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

🔸 "قرژاڵ"، لە دوو وشەی واتادار پێک هاتووە و وشەیەکی لێکدراوە.

دەکرێت بە سێ جۆر ئاماژە بە پێکهاتەکەی بکرێت:
1⃣. قرژ + ئاڵ
قرژ = پەنجەی وەک چنگ
ئاڵ = ڕەنگی سووری کاڵ
(ئـ)، تێ چووە و بووەتە: قرژاڵ.

2⃣. قر + ژاڵ
قر/کر = ماددەیەکە کە بۆ پێکهێنانی جەستە و ئەندامی گیاندار لە تەنە زیندووەکان دروست دەبێت کە هاوبەشە لەگەڵ بەشی یەکەمی وشە لاتینییەکەی (Crabus).
ژاڵ = چنگی ئاژەڵ

3⃣. قر + ژاڵ
قر/کر/کەر = گەورە
ژاڵ/ژانگ = چنگ
قرژاڵ/قرژانگ/قارژنگ/کرژانگ/کەرژانگ
قرژاڵ = چنگ گەورە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊ئیدریس هاشمی
🌻
@renusisaratayi