فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی
2.04K subscribers
268 photos
71 videos
64 files
97 links
ئەم کاناڵە بۆ فێرکردنی شێوەی زانستیی ڕێنووسی کوردی، بۆ گەلی کورد پێک هاتووە. تکایە بەستەری کاناڵەکە بڵاو بکەنەوە.

https://t.me/+SxW4Wvgw_SMQHdvI
Download Telegram
🟪 پوختەی ڕێژەکانی کار:
=============================

1⃣. ڕابردووی نزیکی ڕاگەیاندن (ماضی ساده)
🔵 چاوگ - ن = ڕابردووی نزیک
خواردن - ن = خوارد
خواردم، خواردت، خواردی/ خواردمان، خواردتان، خواردیان
چووم، چوویت، چوو/ چووین، چوون، چوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
2⃣. ڕابردووی دووری ڕاگەیاندن (ماضی بعيد)
🟢 قەد + بوو = ڕابردووی دوور
خوارد + بوو = خواردبوو
خواردبووم، خواردبووت، خواردبووی/ خواردبوومان، خواردبووتان، خواردبوویان
چووبووم، چووبوویت، چووبوو/ چووبووین، چووبوون، چووبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
3⃣. ڕابردووی بەردەوامی ڕاگەیاندن (ماضی استمراری)
🟡 دە/ئە + قەد = ڕابردووی بەردەوام
دە/ئە + چوو = دەچوو/ئەچوو
دەمخوارد، دەتخوارد، دەیخوارد/ دەمانخوارد، دەتانخوارد، دەیانخوارد
دەچووم، دەچوویت، دەچوو/ دەچووین، دەچوون، دەچوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
4⃣. ڕابردووی تەواوی ڕاگەیاندن (ماضی نقلی)
🟠 قەد + ووە/وە = ڕابردووی تەواو
مرد + ووە = مردووە
هێنا + وە = هێناوە
هاتووم، هاتوویت، هاتووە/ هاتووین، هاتوون، هاتوون
خواردوومە، خواردووتە، خواردوویە/ خواردوومانە، خواردووتانە، خواردوویانە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
5⃣. ڕانەبردووی ڕاگەیاندن (مضارع اخباری)
🔴 دە/ئە + ڕەگی کار + جێناوی کۆمەڵەی 3
دە/ئە + خۆ + م = دەخۆم/ئەخۆم
دەخۆم، دەخۆیت، دەخوات/ دەخۆین، دەخۆن، دەخۆن
ئەچم، ئەچیت، ئەچێت/ ئەچین، ئەچن، ئەچن
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
6⃣. کاری داهاتوو (آینده/ مستقبل)
🟤 هاوەڵکاری کاتی داهاتوو+ دە/ئە + ڕەگی کار + جێناوی کۆمەڵەی 3
بەیانی + دە + چــ + م = بەیانی دەچم
"بەیانی"👈🏿 دەچم، دەچیت، دەچێت/ دەچین، دەچن، دەچن
"بەیانی"👈🏿 دەخۆم، دەخۆیت، دەخوات/ دەخۆین، دەخۆن، دەخۆن
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
7⃣. ڕانەبردووی دانانی يا ئینشایی (مضارع التزامی)
⚫️ کار یان وشەی یاریدەدەر+ بــ + ڕەگی کار +جێناوی کۆمەڵەی 3
ڕەنگە بچم.
لەوانەیە بخۆم.
ڕەنگە👈🏿 بچم، بچیت، بچێت/ بچین، بچن، بچن
لەوانەیە👈🏿 بخۆم، بخۆیت، بخوات/ بخۆین، بخۆن، بخۆن
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
8⃣. ڕابردووی نزیکی دانانی
⚪️ وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد + با+جێناوی کۆمەڵەی 2 (تێنەپەڕ)
ڕەنگە چووبام.
⚪️ وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد + با + جێناوی کۆمەڵەی 1 (تێپەڕ)
بریا خواردبامان.
ڕەنگە👈🏿 چووبام، چووبایت، چووبا/ چووباین، چووبان، چووبان
بریا👈🏿 خواردبام، خواردبات، خواردبای/ خواردبامان، خواردباتان، خواردبایان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
9⃣. ڕابردووی دووری دانانی
🟢 وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد + بووبا + جێناوی کۆمەڵەی 2 (تێنەپەڕ)
ڕەنگە هاتبووباین.
🟢 وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد + بووبا + جێناوی کۆمەڵەی 1 (تێپەڕ)
بریا خواردبووبامان.
ڕەنگە👈🏿 چووبووبام، چووبووبایت، چووبووبا/ چووبووباین، چووبووبان، چووبووبان
بریا👈🏿خواردبووبام، خواردبووبات، خواردبووبای/ خواردبووبامان، خواردبووباتان، خواردبووبایان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔟. ڕابردووی بەردەوامی دانانی
🟠 (تێنەپەڕ):
بــ+قەد+جێناوی کۆمەڵەی 2+ایە

بــ + کەوت + م + ایە= (بکەوتمایە)
بــ+قەد +با+جێناوی کۆمەڵەی 2+ ایە
بــ+کەوت+با+م+ایە =(بکەوتبامایە)

🟠 (تێپەڕ):
بــ+جێناوی کۆمەڵەی 1+قەد+ایە

بــ + م + گرت + ایە = (بمگرتایە)
بــ+جێناوی کۆمەڵەی 1+قەد+با+ایە
بــ+م+گرت+با+ایە=(بمگرتبایە)

ڕەنگە👈🏿 بڕۆیشتمایە، بڕۆیشتیتایە، بڕۆیشتایە/ بڕۆیشتینایە، بڕۆیشتنایە، بڕۆیشتنایە
بریا👈🏿 بمخواردایە، بتخواردایە، بیخواردایە/ بمانخواردایە، بتانخواردایە، بیانخواردایە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
1⃣1⃣. ڕابردووی تەواوی دانانی
🔴 وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد+ بــ + جێناوی کۆمەڵەی 2 (تێنەپەڕ)
ڕەنگە هاتبیت.

🔴 وشە یان کاری یاریدەدەر + قەد + بێت + جێناوی کۆمەڵەی 1 (تێپەڕ)
خۆزگە خواردبێتم.
ڕەنگە👈🏿 هاتبم، هاتبیت، هاتبێت/ هاتبین، هاتبن، هاتبن
خۆزگە👈🏿 خواردبێتم، خواردبێتت، خواردبێتی/ خواردبێتمان، خواردبێتتان، خواردبێتیان
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
2⃣1⃣. کاری داخوازی (فعل امر)
🟣 بــ + ڕەگی کار + ە (تاک)
بفڕە، بکڕە، ببڕە، بدڕە...
🟣 بــ + ڕەگی کار + ن (کۆ)
بفڕن، بکڕن، ببڕن، بدڕن...

🟣 لەم نموونانەی خوارەوە، [ە] دەر ناکەوێت/ ئاوارتەن.
(بگەڕێ، بخۆ، بچۆ، بنوو، بڕۆ، بێ، وەرە...)
============================
🖊ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
🟠 ساتێک بۆ پشووی ڕۆژی هەینی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم فیلمە 218 مێگابایتە و کاتەکەی 42 خولەکە، بۆیە لەوانەیە کەمێک بخایێنێت تا ئامادە بێ بۆ چاولێکردن.
==========================
لە هەموو زمانەکان و لە زمانی کوردیشدا، نووسین وەک پرۆسەیەکە و کۆمەڵێ کەرەستەی تایبەتی هەیە و ئەم کەرەستانە، خەیاڵی مرۆڤ بە نووسین نیشان دەدەن و دەبنە پێکهێنەری ئەو نووسینە. بۆ نموونە: پیت، بڕگە، وشە، گرێ و ڕستە ڕۆڵیان هەیە لە وێناکردنی خەیاڵی مرۆڤ بە نووسین.

مرۆڤیش کاتێک کە خانوویەک دروست دەکات کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەت بە خۆی هەیە ئەم کەرەستانە دەبنە دروستکەری ئەو بینایە.

چاو لەم فیلمە بکەن کە بە سادەترین کەرەستەکانی ناو دارستان و لە ماوەی 25 ڕۆژدا، مەلەگە و (ڤیلا)یەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشیان دروست کرد.

🌻 @renusisaratayi
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
31ـی گوڵان، ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مامۆستا قالەمەڕە.

یادی بەرز و پیرۆز بێت
.
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عەباس کەمەندی.


1ی جۆزەردان ساڵڕۆژی کۆچی دواییی گەورە هونەرمەندی کورد
#عەباس_کەمەندی، ناسراو بە مامۆستای حەوت هونەر، ڕوحی شاد و ناو و یادیان هەرمان.
به‌ینی من و تۆ ـ عه‌باس که‌مه‌ندی
@abaskamandi <= telegram
بەینی من و تۆ
#عەباس_کەمەندی

1ی جۆزەردان ساڵڕۆژی کۆچی دواییی گەورە هونەرمەندی کورد #عەباس_کەمەندی، ناسراو بە مامۆستای حەوت هونەر، ڕوحی شاد و ناو و یادیان هەرمان.
هەندێ جار ئامرازی لێکدەر (بۆ نموونە: "بە")
لە "وشەی لێکدراو" وەک گیرەک بەکار دێت و دەلکێت و وشەیەکی نوێ، بە واتایەکی نوێ دروست دەکات:
بۆ نموونە:
قوڕ: گڵێکە بە ئاو شل بووبێتەوە.
سەر: سر، لە شان بەسەرەوەی بوونەوەر.
بە: ئامرازی لێکدەر
(قوڕبەسەر) = بێچارە.

(دەستبەسەر 👈🏿 دەست + بە + سەر)
گوڵبەدەم 👈🏿 گوڵ + بە + دەم)
لێوبەبار، نابەدڵ، سەربەسەر، دەربەدەر، کاربەدەست...
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەڵام لە (خۆش بە حاڵ) ناتوانین (بە) وەکوو ئامرازی لێکدەر هەژمار بکەین و بڵێین: (خۆشبەحاڵ)!! چونکە وشەی نوێ دروست ناکات. کەواتە جیا دەینووسینەوە. (خۆش بە حاڵ).

خۆش بە حاڵت کە ئاگات لە حاڵی من نییە!

خۆش بە حاڵی عاشقانت، دڵ لەسەر زەوق و کوئووس
پاک نەبوو هەتک و مەلامەت، قەت نەترسای مِن حُدوث
"ئەحمەدی کۆر"

خۆش بە حاڵی ئەوەی کە نەفسی کرد به‌ ئەسیر
بــەد بە حاڵی ئەوەی کـە نەفسی کرد به‌ ئەمیـر

============================
🖊ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
🟥 پەڕەیەک بۆ نوێترین بابەتەکانی ڕێزمانی کوردی.

🔴 ئامادەکردنی: مامۆستا ئیدریس هاشمی

ئەم بابەتە بۆ وانەوتنەوەی تێلێگرام ئامادە دەکرێت، بەڵام بەرە بەرە هەمووی لێرە کۆ دەکرێتەوە:

http://diyako.yageyziman.com/2021/03/27/%da%95%db%8e%d8%b2%d9%85%d8%a7%d9%86/

🟡 تێبینی:


🔆 خاڵی (٣٠)، بابەتی (دەمەکان و ڕێژەکانی کار)ی پێ زیاد کراوە.

🔆 ئەم پەڕەیە، ئەمڕۆ نوێ کراوەتەوە.

🟥
🖊 پرسیار ⁉️
ئایا (دەر) پێشگرە و وشەی داڕێژراو دروست دەکات یان وشەی سەربەخۆیە؟

وەڵام
بێگومان (دەر) وشەيەکی چالاکی سەربەخۆیە و پێشگر نییە.
هەموو ئەو چاوگانە یان وشانەی کە (دەر) بە پێشیانەوە دەلکێت، چاوگ یان وشەی لێکدراون نەک داڕێژراو! وەک:
(دەرهێنان، دەربڕین، دەرچوون، دەرکەوتن، دەربەست، دەربەند...)

بۆ ئەوەی دڵنیا بن و گومان نەمێنێت کە (دەر) پێشگر نییە، چاو لێرە بکەن:
👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇
ئەگەر پاشگری (گە، گا، ەکی) لە دوای (دەر)ەوە دابنێین، ئەوە وشەی
دەر + گە = دەرگە
دەر + گا = دەرگا
دەر + ەکی = دەرەکی دروست دەبێت. گومانی تێدا نییە کە (گە، گا، ەکی) پاشگرن. جا ئەگەر (دەر) پێشگر بێت، ئەوە دەبێت بڵێین (دەرگە، دەرگا، دەرەکی) لە (پێشگر + پاشگر) دروست بوون، کە لە زمانی کوردیدا ئەم جۆرە پێکهاتنە بوونی نییە.

🟢 کەواتە: 👈🏿 (دەر) پێشگر نییە.

============================
🖊ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
🟪 جۆرەکانی (دا):
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟠"دا" وەک "پێشگری سادە" بۆ دروستکردنی چاوگی داڕێژراو:
داماڵین، داشۆرین، دادڕین، داهێنان، داهێنانەوە، داکردن، داڕشتن، داڕزین، دابەزین، دامەزران، داخستن، دامرکان، داگرتن، دابڕان، دانیشتن، داکەوتن، داهاتن، داهێشتن، دانان، داگەڕان، داگەڕاندن، داپاڵین، داقورچاندن، دادان، داوەشاندن، داپەڕین، داپۆشین، دابەلاندن، دالقاندن و...

🟠"دا" وەک "پێشگری سادە" بۆ دروستکردنی "کاری داڕێژراو":
دات خست، دادەخەم، دانیشت، داڕووخا، داماڵی، دایان کەند، داڕزا، داپۆشی، داکەوت، دادەگرم، دامرکاند و...

🟠"دا" وەک پێشگر، لە "کاری داخوازی:
دابنیشە، دابنیشن، داخە، دامەخە، داکە، داگرە، داهێنە، داپۆشە و...
منداڵەکە جوان داپۆشە.
دەرگاکە توند دامەخە.

🟠"دا"، قەدی چاوگی (دان)ـە کە بۆ کاری ڕابردوو کەڵکی لێ وەردەگرین:
نامەکەم بە ئازاد دا.
ئەو نامەکەی دایە ئازاد.
ئەو دایە تۆ.=ئەو دای بە تۆ.
جلەکەم دا بە دروون.

🟠"پێشگری سادە"، لەگەڵ قەدی "دا"، "کاری داڕێژراو" دروست دەکات:

پێ+دا
پارەکەم پێ دا.

هەڵ+دا
پەردەکەی هەڵدا.

لێ+دا
لە منی دا.=لێمی دا.

🟠"پێشگری ناسادە"، لەگەڵ قەدی "دا"، "کاری داڕێژراو" دروست دەکات:
لێک+دا
تێک+دا
پێک+دا
جیلوێکی دا، هات لێکی دا، خۆش تێکی دا، ئارامی دڵ
"وەفایی"

🟠پێشگری ناسادەی (پێدا، تێدا) لەگەڵ (چاوگی سادە):
پێ+دا=پێــدا
پێــداهاتن، پێــدابردن، پێــداخستن، پێــداچوون، پێــداکەوتن، پێــداڕشتن

تێ+دا=تێدا
تێــداچوون، تێــدامان، تێــدابوون، تێــداکردن

🟠پێشگری ناسادەی (پێوە)، لەگەڵ چاوگی لێکدراو:
پێوەگرێــدان
ئەو ئەوینە بوو کە ئەو، هیوای خۆی پێوە گرێ دابوو.

🟠کاری "دا"، بۆ دروستکردنی "کاری لێکدراو":
بەر+دا
گڕت لە دڵی من بەر دا.

فڕێ+دا
🌹مووسا عاساکەی فڕێ دا.🌹 "قورئانی پیرۆز"

لا+دا
نیگارم دی کە سوار بووبوو لە لادا
ئومێدم وا بوو بۆ لای ئێمە لا دا
"عەلی عارف ئاغا"

پیشان+دا
شتی زۆری پیشان دام.

بەکوشتن+دا
بەکوشتن دا خەڵک ئۆردوو بە ئۆردوو
پەکی پێ ناکەوێ ویجدانی مردوو
"هێمن"

بەگرتن+دا
ئەو منی دا بەگرتن.
ئەو منی بەگرتن دا.
دزەکەم دا بەگرتن.

سەر+هەڵدا
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
"هێمن"

یارمەتی+دا
ئەو زۆر یارمەتیمی دا.

بەڵێن+دا
بەڵێنیشی دامێ، کەچی نەهات.

🟠(دا)، وەک "پاشبەند" دەکەوێتە پاش وشەوە:
لە سویددا دەژیم.
بەمەدا دەر دەکەوێت.
لە هاوینــدا سەرتان لێ دەدەم.
نامەکەم بە ئازاددا نارد.
نامەکە بە تۆدا دەنێرم.
بە هەولێردا ڕۆیشتم.
من لە بازاڕدا ئیش دەکەم.
ئەوان لەگەڵ تۆدا نایەن بۆ گەشت.
من ئەمەم لە وەرگرتنی پاداشتــدا پێ باشترە.
لەژێر دارەکەدا دانیشتم.
لەگەڵ تۆدا دەڕۆمەوە بۆ کوردستان.
دارەکە لە خانووەکەدایە.
باخەوانەکە بە بێستانەکەدا گەڕا.
چاوی بە کتێبەکەدا خشاند.
ئەم گوڵە بە بۆنەکەیــدا لە مێخەک دەچێت.
بە ڕۆشتنەکەیــدا لە سانا دەکات.
بە کۆڵوانەکەیــدا دیارە بڵباسە.
کاشکی لەگەڵ ئێوەدا بهاتایە.

🟠پاشبەندی (ە)، لەگەڵ کاری "دا":
ئێوە داتان بە ئەو.=ئێوە داتانە ئەو.

🟠پاشبەندی (ێ)، لەگەڵ کاری (دا):
ئەگەر ئەو ناوە یان جێناوە جودایەی دوای پێشبەندی (بە)، بە جێناوێکی لکاو جێگیر کرا، پێشبەندی (بە) دەبێتە پاشبەندی (ێ) و بە کاری (دا)، دەلکێت.
کتێبەکەم بە تۆ دا. = کتێبەکەم دایتێ.

🟠لەگەڵ کاری (دا)، ئەگەر ئەو ناوە یان جێناوەی دوای پێشبەندی (بە) دەر دەکەوێت، بە جێناوێکی لکاو دەربڕا، پێشبەندی (بە)، دەبێتە پاشبەندی فرمانی و قاڵبی (ێ) دەگرێتە خۆ:
کتێبەکەم بە ئەوان دا.
کتێبەکەم دانێ.

🟠پاشبەندی "دا" لەگەڵ چاوگ:
لە+چاوگ+دا+جێناوی لکاو
لە خوێندنــدام/یت/ین/ن

لە+چاوگ+دا+(بوو)+جێناوی لکاو
لە خوێندنــدا بووم/یت/ین/ن

لە+چاوگ +دا+(دە + بــ)+جێناوی لکاو
لە خوێندنــدا دەبم /یت/ێت/ین/ن

🟠پێشبەند+ناو+چاوگ +پاشگر:
لە+یەک+دان+ەوە=لێکــدانەوە

🟠"دا" وەک پارتیکل:
دا بچین. واتە: با بچین.

🟠"دا"، (وەک: بانگکراو) واتە: دایە🖤، (لە شێوەزار):
دا، قوربانت بم. 🖤
واتە: دایە، دایکە

🟠"دا" ئامرازە:
من هاتم دا ئەو بچێت. (با، بەڵکوو)
واتە: من هاتم، با/بەڵکوو ئەو بچێت.

🟠"دا" ئامرازی وریاکردنەوەیە:
دادەی، ئەو ئاگرەم بۆ بکوژێنەوە.
دا وەرە.
دا بێدەنگ بن.

🟠"دا" واتە: دەوا - چارەی نەخۆشین:
سەرقاڵی دا و دەرمانم.

🟠"دا" بە واتای (هەتا، تا):
خێرا بکەن، دا بڕۆین.

🟠"دا" بە واتای (دەبا، بڵا):
دا بزانم چییە.

🟠(دان > پێدان) بە واتای (بەخشینی شتێک):
دیاریی دا بە من.
دیاریی پێم دا.

🟠"دا" بە واتای (هەتا):
دا خۆم دێم، هیچ مەکە!

🟠"دا" بە واتای (مەکە):
دا دەنگ! با گوێمان لە هەواڵەکان بێت.

🟠"دا" بۆ هاندان:
دادەی، ڕامەوەستن.
دادەی ڕاکەن!

🟠"دا" بە واتای: (ئەی، هۆ):
دا کاکی خۆم، وەرە.

🟠"دا" بۆ هاوار و سکاڵا:
دا لە دەست دەسەڵاتداری ستەمکار!
ــــــــــــــــــــــــ
🖊ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
🟦 پرسیاری فێرخوازان ⁉️
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(دەست) یان (دەس)؟

(دەستت خۆش) یان (دەست خۆش)؟

(دەستپێک) یان (دەسپێک)؟

(دەستڕەس) یان (دەسڕەس)؟

(دەستکەوت) یان (دەسکەوت)؟

(دەستماڵ) یان (دەسماڵ)؟

(دەستنوێژ) یان (دەسنوێژ)؟

(دەستدرێژ) یان (دەسدرێژ)؟

(دەستکێش) یان (دەسکێش)؟

(دووردەست) یان (دووردەس)؟

(ئاودەست) یان (ئاودەس)؟

(باڵادەست) یان (باڵادەس)؟

(دەستەڵات) یان (دەسەڵات)؟

(کاربەدەست) یان (کاربەدەس)؟

(دەستەسڕ) یان (دەسەسڕ)؟

(مەبەست) یان (مەبەس)؟

(پاداشت) یان (پاداش)؟

(هەشت سەد) یان (هەشسەد)؟

(حەفت سەد) یان (حەفسەد)؟

(دەخوات) یان (دەخوا)؟

(دەکات) یان (دەکا)؟

(دەکڕێت) یان (دەکڕێ)؟

(دەچێت) یان (دەچێ)؟
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟩 وەڵام//
لە هەندێ حاڵەتدا، "دەنگی نەبزوێن" تێ دەچێت. هەندێ جار هۆکارەکە، پەیوەندیی بە "شێوەزار و زار"ەوە هەیە.

لە نموونەکانی سەرەوە، (تێچوونی دەنگی "ت") ڕووی داوە.
لە وشەی سادە و ناسادەدا، هەندێ جار، دەنگی (ت)، تێ دەچێت. تێچوونی دەنگ، بۆ مەبەستی "ئاسانکردنی دەربڕینە" و لە وشەکاندا ڕوو دەدات.

🟨 لە زمانی ستانداردی کوردیدا، باشتر وایە ئەو [[(ت)]]یە، تێ نەچێت و بینووسینەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟪 تێچوونی دەنگ تەنها تایبەت بە "ت" نییە و لە دەنگەکانی تریش ڕوو دەدات. بۆ نموونە:

🔴 تێچوونی دەنگی (د):
منداڵ ـــــــــــ مناڵ
چەند ـــــــــــ چەن
مەحموود ـــــــــــ مەحموو

🔴 تێچوونی دەنگی (هـ):
هۆشیار ـــــــــــ وشیار
شاهـ ـــــــــــ شا
هەڵهاتن ـــــــــــ هەڵاتن

🔴 تێچوونی دەنگی (ک):
کچێک ـــــــــــ کچێ
کوڕێک ـــــــــــ کوڕێ
کاک عەلی ـــــــــــ کاعەلی
کاک حەسەن ـــــــــــ کاحەسەن

🔴 تێچوونی (نەبزوێن و بزوێن) پێکەوە:
ئەمیر ـــــــــــ میر
ئەگەر ـــــــــــ گەر
ئەمن ـــــــــــ من
==========================
🖊 ئیدریس هاشمی

🌻 @renusisaratayi
🟥 پرسیاری فێرخوازان سەبارەت بە ناوبەند یان ئامرازی لێکدەری [[ بە ]]:
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
ناوبەند، (لە لێکدانی وشەدا) هاریکاری دەکات و وشەی سەربەخۆ پێکەوە دەلکێنێت و یەکەیەکی مانایی پێک دەهێنێت.
لە ڕووی چالاکییەوە، بۆ دروستکردنی "وشەی لێکدراو" زۆر چالاک و بەرهەمدارە.

لەم نموونانەی خوارەوە، ناوبەندی (بە)، دوو وشەی سادە لێک دەدات و "وشەیەکی لێکدراو بە واتایەکی نوێ" دروست دەکات. بۆ نموونە:

قوڕ: گڵێکە بە ئاو شل بووبێتەوە.
بە: ناوبەندە.
سەر: (سر)
وشەی (قوڕبەسەر) دروست بوو کە نە (قوڕ)ە و نە (سەر)! بەڵکوو وشەیەکی لێکدراوە بە واتایەکی نوێ.
🟢 قوڕبەسەر = بێچارە

نموونەی تر:
کار = ئیش، پیشە، کار
بە = ناوبەندە.
دەست = پەلی گیاندار لە شانیەوە تا پەنجەکانی، (دست)
وشەی (کاربەدەست) دروست بوو کە نە (کار)ە و نە (دەست)ـە بەڵکوو وشەیەکی لێکدراوە بە واتایەکی نوێ:
🟢 کاربەدەست = (مسئول)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟪لەم نموونانەش، هەمووی ئەم وشانە، بە یارمەتیی ناوبەندی (بە)، لێک دراون و وشەی (لێکدراو) دروست بووە.

⚫️دەر + بە + دەر = دەربەدەر
تاوانی منە دەربەدەری و دەردیسەریی من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ، هێلانە بڵێ چی؟
"هێدی"

⚫️ڕوو + بە + ڕوو = ڕووبەڕوو
موددەعی خۆی پێ نەگیرا ڕووبەڕووی مەیدانی کورد
چونکی زووتر چێشتبووی نووکی ڕمی شێرانی کورد
"قانع"

⚫️نیشتمان + بە + دەر = نیشتمانبەدەر
زۆربەی خەڵکی کوردستان، شار و نیشتمانبەدەر کران.

⚫️جێ + بە + جێ = جێبەجێ
وەرە ئەی دیدە با پێکۆ بەڕێ بین
لە کووچەی یاردا زوو جێبەجێ بین
"زاری"

⚫️دەست + بە + جێ = دەستبەجێ
ئاوەکەی سەرچنار
چاوگەکەی نیشتمان
لای منی دەردەدار
تۆی شیفابەخشی گیان
یەک دڵۆپ ئاوی تۆ
گەر بگاتە دەمم
لائەبا بێ درۆ
دەستبەجێ گشت غەمم
"فايق زێوەر"

⚫️نا + بە + جێ = نابەجێ
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
"فايق بێکەس"

⚫️دەست + بە + سەر = دەستبەسەر
هەموویان دەستبەسەر کران.

⚫️سەر + بە + سەر = سەربەسەر
مانوو نەبی ئەی ڕێبوار
خوا خۆشت کا ئەی جووتیار!
بارەکەت چییە؟ هەنار
چۆنی ئەدەی؟ یەک و چوار
سەربەسەر ئەیدەم بە تۆ
ئەویش لەبەر خاتری یار!
"عەلی شارەزووری"

⚫️کولێرە + بە + ڕۆن = کولێرەبەڕۆن
کولێرەبەڕۆنــی کۆیە، زۆر تامدارە.

⚫️گوڵ + بە + دەم = گوڵبەدەم
دڵێ، ئامادە بوو، تاری، هەزار ئاوازی لێ هەستێ
بە مەرجێ گوڵبەدەم جارێ بەمەستی لێی بدا، دەستێ
"ئەحمەد هەردی"

⚫️لێو + بە + بار = لێوبەبار
ڕەنگزەرد و لێوبەبار و ئەشکبار و بێقەرارە
زۆر پەرێشانە وەفایی، وەک لە یاران هەڵبڕا بێ!
" وەفایی"

⚫️نا + بە + دڵ = نابەدڵ
دابڕانی ئەو لە یارەکەی، دابڕانێکی نابەدڵ بوو.

⚫️شار + بە + دەر = شاربەدەر
نۆکەر و سەرمایەداری چاوچنۆک
شاربەدەر کەن، دەربەدەر کەن بێوچان
"قانع"


⚫️سەر + بە + خۆیی = سەربەخۆیی
گوڵەکەم! نەماوە دوێنێ
کە بژین بەڕەنجەڕۆیی
مەلی شادییە و دەخوێنێ
لە بەهاری سەربەخۆیی
"عەلی حەسەنیانی"

⚫️سەر بە + گێچەڵ = سەربەگێچەڵ
هەندێکی وا هەن خۆیان ناناسن
سەربەگێچەڵــن، کەوتە و کەساسن
"پیرەمێرد"

⚫️چاو + بە + کل = چاوبەکل
گەلی کچانی چاوبەکل فریشتەکانی ئاو و گڵ
دەمێ کە دەچنە گوڵچنین بە عەینی هی خەزاڵی سڵ
"حەقیقی"

⚫️دەست + بە + ئەژنۆ = دەستبەئەژنۆ
بەر پەنجەرە دەستبەئەژنۆ گوێم بۆ ئاھەنگی دیداری باران و خاک ڕاگرتووە.

⚫️کۆڵ + بە + شان = کۆڵبەشان
کۆڵی خـەمانی خۆم کەمە
کۆڵبەشانــم و کۆڵی خـەڵکیشـم لا جەمە

⚫️سەر + بە + گۆبەند = سەربەگۆبەند
⚫️سەر + بە + گۆبەنگ = سەربەگۆبەنگ
ئەو مرۆڤێکی سەربەگۆبەند/ سەربەگۆبەنگ و شەڕفرۆشە.

⚫️سەر + بە + هەش = سەربەهەش
⚫️هەش + بە + سەر = هەشبەسەر
⚫️مل + بە + کوێن = ملبەکوێن

«بەڵێ هەن و یەکجار زۆرن
بازرگانی فرمێسک و خوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن
بە سەربەهەش، بە ملبەکوێن
"هێمن"

جوان بێ کچ و کەس ئەوی نەخوازێ
ئەم هەشبەسەرە بە چی بنازێ
"هەژار"
=======
🟧 لەم نموونانەی خوارەوە، (بەجودا دەنووسرێت و نالکێت بە پێش و پاشی وشەکانەوە.
🟡ساڵ بە ساڵ
🟡ماڵ بە ماڵ
🟡شەو بە شەو
🟡ڕۆژ بە ڕۆژ
🟡یەک بە یەک
🟡دوو بە دوو
🟡چوار بە چوار
🟡شار بە شار
🟡چرکە بە چرکە
🟡ڕێ بە ڕێ
🟡کۆڵان بە کۆڵان
ـــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
(بە)
بەپێی بەکارهێنانی لە ڕستەدا دەر دەکەوێت و دەتوانێت واتای دۆخ، سوێندخواردن، بەستنەوەی چەمکی ڕستە و... بدات. بۆ نموونە:

بۆ بەستنەوەی چەمکی ڕستە:
بە من بێت، گەشتی کوردستان دەکەم.

بۆ سوێندخواردن:
بە سەری باوکت ناڕۆیت.
بە خوا دەبێ سەردانمان بکەی.
بە قەبری باوکت، بۆ خوێندن نەهاتووی!
بە سەری شێخ خۆشم دەوێیت.
بە غەوس لەگەڵم ناکۆکی.

بە قوربان/ بەقوربان
(بەقوربان) ئەگەر چاوگی لێکدراو دروست بکات، (بەقوربانکردن - بەقوربانبوون) لە گەردانکردندا دەلکێت:

(بەقوربانکردن)
گیانی شاعیرت دەکەم بەقوربان
وا هاتووی ئەوساڵ مانگی ڕێبەندان.
"مامۆستا هێمن"

(بەقوربانبوون)
دەک بەخێر هاتی قەدەمت پیرۆز
بەقوربانت بێ، جێژنەکەی نەورۆز
"مامۆستا هێمن"

جگە لەوە بە جودا دەینووسینەوە:
بە قوربان! ئێستە هیجرانت دەناسم
کە ناری فیرقەتت بۆتە لیباسم
"حەریق"

بە قوربان! چۆنی؟

بە باشیت (بە باشیی تۆ)

ـــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
🟧 پاشگرەکانی داڕشتنی ناو و هاوەڵناوی (پیشە و ئیش):
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔴 (ساز)
(دەرمانساز، ددانساز، فیلمساز، چەخماخساز، زاراوەساز، چەکساز...)

ساڵێ کابرایەک چەخماخسازێ چاک
ژیر و لەسەرخۆ دەس و دەساو پاک
لوولە کۆنێکت ببردایە بۆی
ئەیکرد بە تفەنگ وەک کارخانەی خۆی
"قانع"
=======================
🟣 (گەر)
(ڕۆژنامەگەر، کارگەر، ئاسنگەر، خومگەر، شیلانگەر، چیلانگەر، جادووگەر، مسگەر، زەڕەنگەر، زێڕینگەر...)

ئەی برادەر گوێت ببێ، بێگوێ مەبە هەروەک حەجەر
چون لە قورئانی کەریما خوا وەهای داوە خەبەر
گەر وەکوو مسگەر بە تاعەت، ژەنگی قەلبت لا نەدەیت
خۆت موهەییا کە لە ئێستاوە لەبۆ ناری سەقەر
"ویساڵی"

سووتام و برژام، بووم بە کۆی نوورە
بووم بە ئاسنگەر، دەرچووم لە کوورە
"عەلی شارەزووری"

لای گەوهەرفرۆش، گەوهەر گرانە
قەدری زێڕ لەکن زێڕینگەرانە
"مەلا غەفوور دەباغی"
=======================
🟡 (چی)
(کارەباچی، مەکینەچی، ئاڵتوونچی، سەعاتچی، لەحیمچی، ساختەچی، کڵاوچی، بۆیاخچی، تووتنچی، کەڵەکچی، پینەچی، چەخماخچی، پەنچەرچی، قومارچی، ماستاوچی، جامچی، تەنەکەچی، عەرەبانچی، خومخانەچی، سەوزەچی،
کێشکچی/ئێشکچی، چایچی، جاڕچی، خانچی، شووشەچی، بۆڕیچی، قۆڵچی، کەبابچی، ئاژاوەچی، فیتنەچی...)

چرای تاقمەی گشت مەکینەچی
خزمەتکارت بێ دوو سەد پینەچی
"مەلا حەسەنی دزڵی"

ئەڵێن: ببە قومارچی
گوێ مەدەرە چۆن و چی
ئەڵێم: من هەر دۆڕاوم
بردنەوەش بە تۆ چی؟
"عەلی عارف ئاغا"
=======================
🟢 (کەر)
(قسەکەر، نوێژکەر، گازیکەر، یاریکەر، سواڵکەر، کۆڵکەر/کوڵکەر، ڕاوکەر، سەماکەر، نانکەر، پەڕەکەر، دارکەر، ئیشکەر...)

ئەمەش پەندێکی جوان و دێرینە
نوێژکەر نوورینە کارکەر شیرینە
"مەلا غەفوور دەباغی"

لەسەر بەردی دەخوێنێ «کەو» بەدەستە
دەڵێ ڕاوکەر ئەگەر پیاوی دە هەستە
"هێمن"

من ڕەنجبەرێکم بە ڕەنجی بازوو
ئارەق ئەڕێژم ڕۆژ و شەو، ماندوو
زستان دارکەر و بەهار شوانم
پایز جووتیار و هاوین سەپانم
"هەژار"
=======================
⚫️ (دار)
(دەفتەردار، کلیلدار، خەزنەدار، مەڕدار، ئاژەڵدار، دووکاندار، چەکدار، قوماندار...)

کە پەرت بوو زولفەکەت، پەرت بوو خەیاڵم
بەرابەر نەقشی ئەبرۆت، وەک هیلالم
هەتا وەک نەی، نەگا لێوم بە لێوت
دەبێ هەر سینە، کون کون بێ و بناڵم
خەریکی دەوڵەتی عیشقم لە بۆیێ
لە دڵدا خەزنەدار و دەستبەتاڵم
"موخلیس"

تەلیعەی فەوجی ئەوج و یاوەری سوڵتان و سەرهەنگی
لە سەربازانی مومتازی، لەسەر عەسکەر قومانداری
"حەریق"
=======================
🔵 (ەوان) - (وان)
(باخەوان، فڕۆکەوان، ڕەزەوان، ئاشەوان، مەلەوان، دەریاوان، سیاسەتوان، ڕۆژنامەوان، پاسەوان، کەشتییەوان، گاوان، بەرغەلەوان، ڕەوکەوان، گۆلکەوان، پاکەوان،
چالاکوان/چالاکەوان، شاخەوان،
شارەوان، دەشتەوان، زمانەوان، باژێڕوان، کارەوان، دەرگاوان، قازەوان، دیدەوان، دارەوان، تووتنەوان، هەنگەوان...)

بە ڕۆژ کارکەر و پاسەوان بەشەو
باخەوان بێخەم چاوی ئەچوە خەو
"هەژار"

ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی
ئەڵێی ئاشەوان ئاشی بەتاڵی
جەوری زەمانە هەر بۆ تۆ نییە
سەبەبی چییە هەر تۆ ئەناڵی
"لوتفی"

تووتنەوانــێکی هەژارم
بێخانوو و بێزەوی و زارم
منداڵم ڕووت و برسییە
ژیانم پڕ مەترسییە
"مەلا ئاوارە"
=======================
🟤 (باز)
(قومارباز، مەکرباز، فێڵباز، کۆترباز، سەرباز، تەقلەباز، جامباز، هەتیوباز، مێباز، نێرباز...)

دوو جامباز تێکڕا چوونە سەر تەناف
لەگەڵ یەکتردا کەوتنە مەساف
بزانین کامیان بەر دەبێتەوە؟
تەنافی بەختی ئەلەرێتەوە
"پیرەمێرد"

ئەوی موحتاجی نان و پیوازە
یا هەتیوبازە یا نە مێبازە
"حاجی قادری کۆیی"
=======================
⚪️ (بەند)
(ناڵبەند...)

کچی بەستەزمان دەوری ژیانی،
سینەمایێکە ئەگەر بزانی!
نابێ بە دارتاش، نابێ بە توجار
نابێ بە ناڵبەند، نابێ بە عەتار
"قانع"
=======================
🟠 (مەند)
(هونەرمەند، خێرەومەند...)

کیژ کە جوان بێ، تەماشا ئەکرێ
گەر ناشرین بێ، لێی حاشا ئەکرێ
گەر هونەرمەند و سۆزی شیرین بێ
هەزاران گیانی بەفیدا ئەکرێ
"عەلی عارف ئاغا"

پیاوە خێرەومەند و هونەرپیشەکان
لازمە بۆ وان، هەبێ دوو جار ژیان
"عەونی"
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی

🌻 @renusisaratayi
لە نووسینی فەرمی بەپێی بڕیارەکانی ئەکادیمیای کوردی یان کۆڕی زانیاریی کورد، (هەمووان) دروستە.
👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇 👇

وشەی (هەمــوو)، بە بزوێن تەواو دەبێت.
ئەگەر (ان)ی بۆ زیاد بکەین، لەبەر ئەوەی لە کوردیدا دوو بزوێن بە دوای یەکدا نایەن، لەو نێوانەدا یەک دانە (و)نەبزوێنی بۆ زیاد دەکرێت.
هەموو+و+ان= هەموووان
لێرەدا لەبەر ئەوەی سێ دانە (و) بەدوای یەکدا هاتوون یەک دانەیان لا دەبرێت، ئەمە ئەکادیمیای کوردی یان کۆڕی زانیاریی کورد ڕێککەوتنی لەسەر کردووە.

ئەگەر بە یەک دانە (و) بنووسرێت ئەو کاتە ناتوانیت وشەکە بکەیتە بڕگە، وشەکە خۆی سێبڕگەییە: هە/موو/وان
بزوێنی(وو)ی درێژ کورت دەکرێتەوە و یەک دانەی دەمێنێت: هە/مو/وان

ئەگەر ناوێک بە بزوێنی (وو) کۆتاییی هاتبوو، ئەوە لەنێوان ناوەکە و نیشانەی "ان"،
نیمچەبزوێنی "و - w" دێتە کایەوە، هەروەها بزوێنی (وو)ی کۆتاییی وشەکە کەمێک لە باری ئاسایی کورتتر دەوترێت.
خانوو + و + ان = خانووان
هەموو+ و + ان = هەمووان
بازوو + و + ان = بازووان
بەڕوو + و + ان = بەڕووان
مووروو + و + ان = موورووان

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
پەڕەیەک بۆ نوێترین بابەتەکانی ڕێزمانی کوردی.

ئامادەکردنی: مامۆستا ئیدریس هاشمی

ئەم بابەتە بۆ وانەوتنەوەی تێلێگرام ئامادە دەکرێت، بەڵام بەرە بەرە هەمووی لێرە کۆ دەکرێتەوە:


http://diyako.yageyziman.com/2021/03/27/%da%95%db%8e%d8%b2%d9%85%d8%a7%d9%86/
🟩 فەرهەنگی باڵندە 🟩

فەرهەنگێکی وێنەداری باڵندانە بە کوردی، فارسی، عەڕەبی، تورکی و ئینگلیزی لەگەڵ ناوی زانستیان؛ بە پشت‌بەستن بە باشترین فەرهەنگەکان. هەوڵ دەدرێ بۆ هەر باڵندەیەک نموونەیەک لە شێعری شاعیرانی کورد بهێنرێتەوە.
@farhangibalnda
__
🕊
@KurdiSoraniWord
🔲 کێشەی لکاندن یان نەلکاندنی (بێ)، بە وشەکەی پاشی خۆیەوە:

🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🔴 (بێ)، دەتوانێت هەم "پێشگر" بێت و هەم "پێشبەند".
کاتێک "پێشگرە" 👈🏿 دەلکێت. 👈🏿 (بێـ...)
کاتێک "پێشبەندە" 👈🏿 نالکێت. 👈🏿 (بێ = بەبێ)

پێنج چالاکی کورد، بێ تاوان سزای پێنج ساڵ زندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
بێتاوان لەتاو بێتاوانــییەکەی خۆیدا، تاوانبارە!

ئەو کەسێکی بێدەسەڵات و بێهێز و دۆڕاوە.
ئێمە، بێ دەسەڵات و توانای خوای گەورە، هیچ نییەین.

ساتێک بێ خەم، سەرم نەنایەوە.
میللەتێكی چاوەڕوان و دەسەڵاتێكی بێخەم!

🟪 ڕاڤـــــــە:
1⃣. (بێ)، ئەگەر "پێشگر" بێت، بە وشەی پاش خۆیەوە دەلکێت، چونکە کار دەکاتە سەر وشەی پاش خۆیەوە، ئەرکی وشەسازی بەجێ دەهێنێت، وشەی داڕێژراو (هاوەڵناو یان هاوەڵکار) دروست دەکات و واتای نەرێکردن، دژ و پێچەوانە دەداتە دەستەوە و بەرانبەر (بە) دەوەستێت. [بێ # بە]
بۆ نموونە:
بەنرخ # بێــنرخ
بەڕەوشت # بێــڕەوشت
[[بێخەم، بێشەرم، بێشەرمانە، بێئارام، بێئاگا، بێئاگایانە، بێهێز، بێهۆش، بێکەس، بێنرخ، بێڕەوشت، بێتام، بێگوناح، بێکەڵک، بێڕەنگ، بێتاوان، بێناز، بێنازی، بێسوود، بێکار، بێکەڵک، بێدین، بێوەی، بێباک، بێباکانە، بێناو، بێناوی، بێبەری، بێبەش، بێگومان، بێوچان، بێشک، بێچارە، بێئابڕوو، بێئاهەنگ، بێئەمان، بێعار، بێئاو، بێئایین، بێئازار، بێبەهرە، بێبەخت، بێبەزەیی، بێبنیاد، بێچریکە، بێداد، بێدەنگ، بێدوایی، بێئەمان، بێپێوانە، بێفەڕ، بێگەرد، بێهاوتا، بێهیوا، بێشومار، بێکەیف، بێلەکە، بێمانا، بێمەزە، بێمێشک، بێپەلە، بێپەروا، بێقەرار...]]

ئیمشەو دیارەن بانگم بێشەرمــەن
زایەڵەی سەمتوور کەلـلەم وە گەرمەن
" مەولەوی"

گرفتارم، بریندارم، بێئارامــم
بەڵام چونکە بێئاگای لێم دڵناکامم
"عوسمان عوزێری"

2⃣ . (بێ) + جگە = بێجگە [[ دەلکێت]].
بێجگە لە تۆ، کەس نەهات.
بێجگە لە تۆ، هەموو هاتن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
3⃣. (بێ)، ئەگەر "پێشبەند" بێت، سەربەخۆ دێت و بە وشەی پاش خۆیەوە "نالکێت"، چونکە کار ناکاتە سەر وشەی دوای خۆیەوە، بە واتایەکی تر، یارمەتیی ڕۆنانی وشەی نوێ نادات. لەم نموونانەی خوارەوە، (بێ = بەبێ)یە.

بێ تۆ هەڵناکەم.

بێ شەڕ، وڵاتی گرت.

بێ شەڕ، گەڕانەوە.

بێ پارە، لە بازاڕدا دەسووڕێتەوە.

بێ ئێوە، هیچ ناکەم.

هەڵپەڕکێ، بێ مۆسیقا نابێت.

چێشتەکەم بێ نان خوارد.

بێ براکەم، بۆ هیچ کوێ ناچم.

بێ ئەو، ناچمە سەفەر.

بێ دایک، دنیا کاولە! 🖤

بێ من، کتێبەکە مەکڕە.

بێ تۆ، ژیانم تاڵە.

هیچ کارێک، بێ ئاگاداریی من ناکات.

برا زۆر سەیرە زوو نەمناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم
کە تۆ پێنج شەش کەڕەت گۆڕاوی، من بێ سێ و دوو کوردم
"هەژار"

وەک چۆن ئاسمان بێ ئەستێرە، یان بەهار بێ گوڵ
ئەم کوێر ئەبێ و ئەو جوانەمەرگ، ئەچێتە ژێر گڵ!
بێ چاوی تۆش، چاوی شیعرم، کوێرە و ڕێنەبین
بێ لێوی تۆ، ئازیزەکەم، بەهار و گوڵ، چین؟!
"شێرکۆ بێکەس"

🟩 دەرەنجام//
ئەگەر واتای (بێـ…)مان دەست بکەوێ، واتە [بێ]، "پێشگر" بێت، "بێـ"، دەلکێنین چونکە خاوەندارێتیی لێ دەسێنینەوە بۆ نموونە: کەسێک کە ڕەوشتی هەیە، خاوەندارێتیی ڕەوشتەکەی لێ بسێنینەوە دەبێتە: بێڕەوشت یان کەسێک کە نرخی هەیە خاوەندارێتییەکەی لێ بسێنینەوە و دەبێتە: بێنرخ.

بەڵام ئەگەر واتای (بەبێ)مان دەست بکەوێ، واتە: [بێ]، "پێشبەند" بێت، ئەو کاتە، (بێ) نالکێنین چونکە یارمەتیی ڕۆنانی وشەی نوێ نادات.
بێ تۆ هەڵناکەم. = بەبێ تۆ هەڵناکەم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🌻 @renusisaratayi