فێرگەی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی
2.05K subscribers
268 photos
70 videos
64 files
96 links
ئەم کاناڵە بۆ فێرکردنی شێوەی زانستیی ڕێنووسی کوردی، بۆ گەلی کورد پێک هاتووە. تکایە بەستەری کاناڵەکە بڵاو بکەنەوە.

https://t.me/+SxW4Wvgw_SMQHdvI
Download Telegram
🔲 بابەتێکی گرنگی ڕێزمانی
ـــــــــــــــــــــــــ
لەم دوو ڕستەیە:
1. تۆ بەهێزی.
2. ئەوان جوانن.
🔴 چۆن بزانین کاری ڕستەکان چین؟

🟢 وەڵام//
لە هەردوو ڕستەکە کارەکان، کاری ناتەواون بۆ کاتی ئێستا و دەر نەکەوتوون.

🔳 ڕوونکردنەوەی زیاتر
کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستا، (ە/ـە)یە.
لە چەند حاڵەت (ە/ـە)، واتە: کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستا دەر ناکەوێت کە ئاماژەی پێ دەکەم:
1⃣. ئەگەر نیهادی ڕستەکە، کۆ بێت. وەک:
🔴 گوڵەکان جوانن. [(ە) دەر نەکەوت.]

2⃣. ئەگەر نیهادی ڕستەکە، جێناوێکی سەربەخۆ بوو، لەم دۆخەش (ە) دەر ناکەوێت. [جگە لە "ئەو"]
من کوردØم.
تۆ کوردØیت.

ئێمە کوردØین.
ئێوە کوردØن.
ئەوان کوردØن.

⚠️ بەڵام ئەگەر نیهادی ڕستەکە، (ئەو) بوو، کاری ناتەواو دەر دەکەوێت؛ بۆ نموونە:
(ئەو) کوردە.
(ئەو) زیـرەکــە.
(ئەو) ئازایــە.
(ئەو) مامۆستایــە.
لەو نموونانە، کاری ڕستەکان دەر کەوتوون و کاری ناتەواوی (ە)ن.

🟧 پرسیارێک دێتە ئاراوە ⁉️
بۆچی کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستا [تەنیا لە کەسی سێیەمی تاک] دەر دەکەوێت؟
چونکە جێناوی لکاوی کەسی سێیەمی تاک سفرە.Ø واتە: کۆمەڵەی بەتاڵە و چونکە هیچ جێناوێکی لکاومان نییە، کەواتە (ە) دەر دەکەوێت.

3⃣. لە هەندێ پەندی کوردیدا، کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستا، دەر ناکەوێت وەک:

🔴 نان بۆ نانەوا، گۆشت بۆ قەساب.
🔴 ساڵ بە ساڵ خۆزگە بە پار.

🟧 پرسیارێکی تر
🔳 بە چەند ڕێگا دەتوانین بزانین کە لەناو ڕستەکاندا، کاری ناتەواو بۆ کاتی ئێستا (ە/ــە)، دەر نەکەوتووە؟

1⃣. ئەگەر هیچ کارێکی تر لە ڕستەکەدا نەبێت:
مامۆستایانی فێرگە شارەزان. "جگە لە کاری ناتەواو هیچ کارێکی تر لە ڕستەکەدا نییە."

2⃣. ئەگەر توانیمان ڕستەکە بە نیشانەی (نی) نەرێ بکەین:
کچەکان ژیرن. ـــ کچەکان ژیر نین.

3⃣. ئەگەر توانیمان لە ڕستەکە (بوو) دابنێین:
کوردەکان بوێرن. ــــ کوردەکان بوێر (بوو)ن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی

🌻 @renusisaratayi
  کاناڵی "پرسبڕکێی زمانەوانی"، ئارشێڤێک بۆ پرسبڕکێی زمانەوانی.

@pirsbirkeyzmanewani
🟪 (شۆڕ) کام لەمانەیە؟
پێشگر؟ پاشگر؟ یان وشە؟

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🟩 (شۆڕ)، نە پێشگرە و نە پاشگر؛ بەڵکوو "وشەیە" و هاوەڵناوێکە کە وشەی داڕێژراو و لێکدراوی لێ دروست دەکرێت.

🔸 شۆڕ، وشەیەکی سادەیە بە واتای: داڕۆچکە، داهێشتن، بەرەو خوار شۆڕکردنەوە، درێژ و...

ڕووت وەک پەلکی گوڵ وا سوور بووەتەوە
زولفت داو بە داو وا شۆڕ بووەتەوە
"سامی عەوداڵ"

خۆی لەلا عاقڵە یا پسپۆڕە
بۆیە وا چاکی کەواکەی شۆڕە
"نافیع مەزهەر"

🔸 لە زمانی کوردی، دەتوانین لە وشەی سادەی (شۆڕ)، وشەی داڕێژراو دروست بکەین بۆ نموونە:
شۆڕگە، شۆڕاوگە، شۆڕش، شۆڕە، شۆڕی، شۆڕک و...

🔸 هەروەها لە زمانی کوردی، لە وشەی سادەی "شۆڕ"، زۆر وشەی لێکدراو دروست کراون کە واتای جۆربەجۆریان هەیە؛ بۆ نموونە:
🔴 شۆڕ + ە + سوار = شۆڕەسوار
🔹 (شۆڕ)، لە وشەی لێکدراوی (شۆڕەسوار) واتای کارامە، لێزان و لێهاتوو و چالاک دەدات.

🔴 شۆڕ + ە + ژن = شۆڕەژن
🔴 شۆڕ + ە + لاو = شۆڕەلاو
🔹 (شۆڕ)، لە وشەی لێکدراوی (شۆڕەژن و شۆڕەلاو) واتای ڕێکوپێک و شۆخوشەنگ و جوان دەدات.

🔴 سەر + شۆڕ = سەرشۆڕ
🔴 چاو/چەم + شۆڕ = چاوشۆڕ/ چەمشۆڕ
🔴 لووت + شۆڕ = لووتشۆڕ
🔹 لە هەندێ وشەی لێکدراو واتای شەرمەزاری و خەجاڵەت و نەنگ و بەدناوی دەدات؛ بۆ نموونە: (سەرشۆڕ، چاوشۆڕ/چەمشۆڕ، ملشۆڕ)

🔴 سلاح + شۆڕ = سلاحشۆڕ
🔹 لە وشەی لێکدراوی (سلاحشۆڕ) واتای هەڵکشاو دەدات؛ واتە: کەسێک کە شارەزایە لە چەکهەڵکێشان و بەکارهێنانی؛ واتە: چەکدار و شەڕکەری بەشدار لە شەڕدا - جەنگاوەر.

چەند جار هەستاون بەرانبەر دوژمن
شەڕیان کردووە تێکڕا پیاو و ژن
لە شەڕا پسپۆڕ
کوردی سلاحشۆڕ
دوژمنیان چاوشۆڕ
کۆڵیان نەداوە بۆ ڕێی سەرکەوتن
"بەختیار زیوەر"

🔴 بەژن + شۆڕ = بەژنشۆڕ
🔴 کەزی + شۆڕ = کەزیشۆڕ
🔴 خەزێم + شۆڕ = خەزێمشۆڕ
🔴 سەر + ەو + شۆڕ = سەرەوشۆڕ
🔴 سەر + شۆڕ = سەرشۆڕ
بەژنشۆڕ و کەزیشۆڕ و خەزێمشۆڕ
سەرەوشۆڕم دەکەن سەرشۆڕ بەرەو گۆڕ
هەژار و خوار و لەش بیمار و دڵدار
دەبا وام لێ بێ، مافی خۆمە هەی گۆڕ!
"مامۆستا هەژار"

🔲 نموونەی زیاتر
شۆڕبوون
شۆڕبوونەوە
شۆڕکردنەوە
شۆڕەبەیبوون
شۆڕەبی
شۆڕەکابان
شۆڕەلاس
شۆڕەسەر
شۆڕەمێزەرە
شۆڕەنان
شۆڕەکات
شۆڕناخ
شۆڕئاو/شۆڕاو


پەلکەشۆڕ/ پەلکــشۆڕ
لەچکــشۆڕ
پرچــشۆڕ
زولفــشۆڕ
موژانــشۆڕ
شاقەڵــشۆڕ
کەواشۆڕ
فەقیانەشۆڕ
جبەشۆڕ
دامەنــشۆڕ
کراســشۆڕ
جلــشۆڕ
لاسەشۆڕ
لچــشۆڕ - لەوســشۆڕ - لێوشۆڕ
لووتــشۆڕ
گونشۆڕ
مەمکشۆڕ

سەرگوێــشۆڕ
شەپوشۆڕ
شەڕوشۆڕ
لفکەشۆڕ
دەمــشۆڕ
کلکــشۆڕ
و...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
🖊 ئیدریس هاشمی
🌻 @renusisaratayi
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
بەژنشۆڕ و کەزیشۆڕ و خەزێمشۆڕ
سەرەوشۆڕم دەکەن سەرشۆڕ بەرەو گۆڕ

هەژار و خوار و لەش بیمار و دڵدار
دەبا وام لێ بێ، مافی خۆمە هەی گۆڕ!
"مامۆستا هەژار"
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
گرتەکە وەرگیراوە لە: پەڕەی ئینستاگرامی
@KURD._CLIP_
مەقامی: مامۆستا حەسەن زیرەک

🌻 @renusisaratayi