Kaboudvand.M.S / محەمەد سدێق کەبوودوەند/ محمد صدیق کبودوند /
58 subscribers
464 photos
45 videos
23 links
Download Telegram
پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤی #کورد لە لایەن حکومەتەکانەوە وەکوو ئازاری برینی جەستەیە بۆ کورد، بەڵام ئەنجامێکی وەها لە سەر دەسەڵاتی کوردی لە #باشووری_کوردستان و #ڕۆژئاوا ئازاری برینی دڵ و دەرونە بۆ #نەتەوەی_کورد.
با بۆ داکۆکیکردن لە #مافەکانی_مرۆڤ هێڵ و سنوور دانەنین.
٭٭٭
هەر وا کە هەمووان ئاگا دارن، دۆخی مافی مرۆڤ لە #ئێران، ئەوەندە شپرز و نالەبار و ئەوەندە لە بەرترسی پێشێکاریدایە کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی #نەتەوە_یەکگرتووەکان نوێنەر و چاودێری تایبەتی بۆ دیاری دەکرێت.
بۆ هەمووان و بۆ ئێمەی کورد ڕوون و ئاشکرایە کە ئێران بە هیچ شێوازێک ڕێگا بە هیچ جۆڵانەوەیکی #مەدەنی و سیاسیی مافخوازانەی کوردی لەو وڵاتە نادات. تەنانەت داکۆکی کردن لە مافەکانی مرۆڤیش بە کردەوەیەکی تێکدەرانە و دژ بە ئاسایشی خۆی پێناسە دەکات. گرتن و دەسبەسەرکردنی خەڵک، زیندانی کردنی چالاکانی مەدەنی و سیاسی و لە سێدارەدان و دەستڕێژی کردن و کوشتنی کۆڵبەرانی سەر سنوورەکان تەنیا بەشێکە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە #ڕۆژهەڵاتی_کوردستان.
٭٭٭
لە باکووریش، دەوڵەتی #تورکیا تا ئێستا هەزاران بەڵای دژە مرۆیی بە سەر کورد هێناوە و بە هزاران چالاکی مەدەنی و سیاسی کوردی زیندانی کردوە. کورد لە وڵاتێکی وەکوو تورکیا، نەک هەر لە سەرەتایی ترین مافەکان بێ بەش کراوە بەڵکوو تووشی جێنوسایدی زمانی و فەرهەنگی-یش کراوە. #باکووری_کوردستان و کورد لەو بەشە هەر ئێستا له ژێر سەرکوتکارییەکی چڕوپڕدایە و لایەنگرانی مافی مرۆڤی ڕوژاوایی و دەوڵەتە بەرژەوەند پارێزەکانی ئەورووپا و ئەمریکایش بە بێ دەنگییەکی تەواو، ڕەوایی دەبەخشن بەکردوە دژە مرۆییەکانی تورکیای هاوبەش و هاوپەێمانیان.
٭٭٭
بێ گومان کورد بە گشتی لە پێکهاتنی کیانێکی کوردی یانخود سەروەری کورد بە سەر خۆیەوە، خۆشحاڵ دەبێت، بەڵام پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە باشوور و ڕۆژئاوا هیچ جێگایەک بۆ پاساودانەوە ناهێڵێتەوە.
بۆ هەر ویژدانێکی بەهۆشی کورد، پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن حکومەتەکانەوە وەکوو ئازاری برینی جەستەی کورد دەمێنێتەوە، بەڵام ئەنجامێکی وەها لە سەر دەسەڵاتی کوردی، بە تایبەت لە باشووری کوردستان و ڕۆژئاوا، نەک هەر بریندار کردنی جەستەیە، بەڵکوو ئازاری برینی دڵ و دەرونی نەتەوەی کوردە.
٭٭٭
ئێستا هەر دوو دەسەڵاتی کوردی باشوور و ڕۆژئاوا تومەتبارن بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ.
لە زۆنی سەوز و زەردی باشوور، دو لایەنی دەسەڵاتدار بە سەر خەڵکەوە حاکمن. هەواڵ هەیە کە ئەو دوو لایەنە خەڵکانی ناڕازی و مامۆستایان دەستگیر و زیندانی دەکەن، ڕەخنەگران ڕاپێچی دادگاکان دەکەن، ڕۆژنامەوانان دەسبەسەر دەکەن و حوکمی زیندانیان بۆ دەردەکەن و خۆپیشاندەران ئەدەنە بەر دەستڕێژی گولە و دەیانکوژن.
لە همان کاتدا زۆرێک لە سەرکردەکان و کەسانێک لە سەروی حکومەت و حیزبەکان کە دەگوترێت تا ناق تێوەگلاوی گەندەڵین، بە دزی و تاڵانی سامانی خەڵک، بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان پاڵاوگا و کومپانیا و زانکو و نەخۆشخانە و... و قەسر و ڤیلایان پێک هێناوە و نەوت و گاز و کانگا و سرۆشت و سامانی گشتی، بە حیسابی خۆیان دەفرۆشن و بە تاڵانی دەبەن، ئەوە لە کاتێکدا خەڵکی هەژار و برسی بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانەی خۆیان و یان بۆ ئاۆ و کارەبا و گاز و سووتەمەنی ناچار دەبن خۆپیشاندان بکەن و گیانی خۆیان بخەنە بەرترسی کوژران، یانخود دەسبەسەر و زنیدانی دەکرێن.
هەر وەها لە ڕۆژئاوایش هەواڵ دێت کە مافەکانی مرۆڤ لەو بەشەیش قوربانی دەکرێت. بێجگە لە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لایەن سپای #تورک و گروپە #ئێسلامیە_توندئاژۆەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان،
دەگوترێت لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبرایەتی خۆسەر، لە خۆپیشاندانەکانی ئەو دوایانە، چەند کەس کوژراون و یا کەسانێک ئەشکەنجە کراون و یان زیندایێک لە زیندان کوژراوە.
ئەمانە ئەگەر ڕاست بێت هەمووی دەستدرێژی به مافەکانی مرۆڤ و پێشێل کردنی مافە ئێنسانیەکانە و هەمووی هەر تاوانە.
گەندەڵی و دزی و تاڵانی سامانی گشتی وڵات، تێکدانی ئاسایشی مرۆییە، واتە لە ناو بردنی ئەمنییەتی ئینسانی و شیانی ژیانی کۆمەڵگا و خەڵک و بن بڕ کردنی سامان و داهاتووی #نەتەوەی_کورد-ە، کە ئەوەش هەر تاوانە.
٭٭٭
بە بڕوای من، نابێت هیچ سنوورێک بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی مرۆڤ دابنین و تەنیا هێڵی سوور، هەر مافی مرۆڤە و هەر داکۆکی کردنە لەو مافانە.
هەر بۆیە بێ دەنگ بوونی چالاکان و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ، بە واتاێک هاوبەش بوونە لە تاوانەکان، یان تاوانبار بوونە بە ڕەوایی دانەوە بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ کە هەر ئەوە غەدرێکی گەورەیە دەر هەق بە کورد و کوردستان و مرۆڤ و مرۆڤایەتی.
٭٭٭
ئەم کچە، کوردی #باکووری_کوردستان-ە کە شەش مانگ پێش، بە تاوانی کورد بوون کەوتە بەر هێرش و دەستڕێژی تیرۆڕیستێکی ڕەگەز پەرەستی تورک و گیانی لە دەستدا.
ڕەنگە بۆچوونی زۆر کەس، هەر ئەمە بێت کە #دەنیز_پۆیراز و گەنجان و کچانێک وەک دەنیز، ئەگەر بە تاوانی کورد بوون دەدرێنە بەر دەستڕێژی گولە و دەکوژرێن، یان ئەگەر بە تاوانی داکۆکی لە #زمان و #شۆناس و پێناسیان دەستبەسەر و لە بند و شار بەدەر دەکرێن، ئەوە هەبوونی کوردە کە دەکرێتە ئامانج، ئەوە پێناس و شۆناسی کوردە کە هێرش کراوەتە سەری و کەوتووەتە بەر دەستڕێژی و پەلامارەوە.
بەڵام هەندێ کەس وەک بازرگانی سیاسی، بە پێچەوانە سەیری ئەو مژارە و ئەو کێشە دەکەن و یان گرینگی پێنادەن،
بۆ وێنە هاوکات لە گەل کوژرانی کچە بێ تاوانی کورد "دەنیز پۆیراز" هەندێ لە باشور هەشتەکیان دەکردەوە و دەیانگوت؛ قودس و غەزە کێشەی ئێمەیە !
جا ئەگەر ئێمەی کورد لە بەری کەسانی دیکە دەمرین، دەبا لانیکەم یاوێکیش بۆ خۆمان بکەین !
لێرە بۆ وەبیر هێنانەوەی بێدەنگی بازرگانە سیاسییەکان سەبارەت بە کوژرانی کچە بێ تاوانی کورد" دەنیز پۆیراز"، ئەو پۆستەم کە لە سەر فەیسبووک دانابوو، بە وردە چاکسازییەک دیسانەوە دادەنمەوە.
کورد بە گشتی دەزانن؛ #عەبدوڵا_ئوجەلان، لە #باکووری_کوردستان دژبەری دەوڵەتی تورکیایە و ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا بە هاریکاری چەند دەوڵەتێک، دەستبەسەر و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کراوە و تا ئێستاش لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی لە بەندایە.
جیا لە بیروکە و ئایدۆلۆژیای ڕەوت و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئوجەلان، جیا لە سیاسەتەکان و بەرنامەکانیان، جیا لە کردەوە و هەڵوێستی لایەنگرانیان و جیا لە کێبڕکێی ڕابەرایەتی کوردی و کێبڕکێیەکانی ئەو ڕەوتانە کە خۆیان بە پێشەنگی مافخوازی و ڕزگاری #نەتەوەی_کورد دەزانن، داوای ئازادی بۆ ئەوجەلان، وەک ئەرکێکی ئاکاری، کوردی و مرۆییە.
ئەگەر ئەوجەلانیش بە سەرۆکی کوردانی دەژبەری #تورکیا نەزانین، دەی خۆ ئەو بەند کراوێکی کوردە. هەر کوردێک، هەر مرۆڤێک و هەر ویژدانێکی بەهوش، مافی ئەوەی هەیە و دەتوانێ لانیکەم داوای ڕزگاری و #ئازادی_ئەوجەلان بکاتن.