گەنجینەی حەکیمانی کوردەواری
419 subscribers
1.66K photos
51 videos
26 files
54 links
گەنج و گەوهەری نایاب لە پێشینیانی حەکیم و دانای وڵاتی کوردەواری ...

بەشێکی وەک بژاردە جارجارە لێرە دادەنرێت

👇👇
@irajmoradi
Download Telegram
|دەرمانگەریی شەفای کوردستان|

جوانترین دەسودیاری بۆ من پەرتووکی بەپێز و بەهێزە. سپاس بۆ مامۆستای هێژا و هەرمان‌ڕەنگین کاکە بورهان حوسەینی. دیارییەکەیان گەیشتە دەستم بەو بەیانییە ساردەی دەشتی کەڵوێ دڵم بووە کوورەی کڵی گەرمیان.

سپاس و پێزانینی بێ‌بڕانەوە. هیوای خەرمانی‌تر بە جەزی سوورترەوە بۆ بەرگەکانی دیکەی ئەم پەرتووکە.
بەدڵنیاییەوە ئەم پەرتووکە گەوهەرێکە بۆ گەنجینەی پزیشکی حەکیمانی کوردەواری.

بڵاوکراوەی وەشانخانەی کانی‌شەفا و ناوەندی گیادەرمانی شەفای کوردستان‌ـ‌سنە.

ئیرەج مورادی
۲۹ی خەزەڵوەری ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|کوردناسی فەڕانسەوی Juice Blaw: یەکێ لە دامەزرێنەرانی ئەنستیتۆی کورد لە پاریس و مامۆستای زمانی کوردی زانکۆی سۆربۆن ئەوڕۆ کۆچی دوایی کرد.|

دکتۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە پەڕەی فەیسبووکی لە زمانی مارتین ڤان برۆیین نووسیبووی: جۆیس بلەو دایەگەورەی توێژینەوەی زمان و ژیاری کورد لە ئەورووپا.

ساڵی ۲۰۱۳ لە ڕێی واتساپ چەند جار لەگەڵ دکتۆر قەدری ـ مامۆستای زمانی کوردی لە مێردین‌ـ پێوەندیم گرت بۆ دەستنووسی کتێبیی کوردی پزیشکی مەلا موحەمەدی ئەرڤاسی. بەوپەڕی دڵاوایی فایلی دەستنووس و چاپکراوەکەی بۆم نارد. وتی نوسخەی لای دکتۆر جۆیس هەیە لە پاریس کە کۆنترین نوسخەیە لەو کتێبە. بەڵێنی دا جاری دی سەردانی پاریس بکا، وێنەیەکم بۆ بهێنێتەوە. بەداخەوە پاش سێ مانگ هەواڵم دی کە دکتۆر قەدری کۆچی دوایی کردووە.
کاتی خۆی پاش ئەوەی جۆیس لای لازار لەسەر کورد دکتۆرا دەگرێ، دەڕواتە لای مامۆستا کامەران بەدرخان فێری کرمانجی دەبێ. ئەو دەستنووسەی لای مامۆستاکەی بەدیاری وەرگرتووە. پارەکە هاوڕێیەک وتی دکتۆر جۆیس دەناسم، وتی سەردانم کرد دەستنووسەکەت بۆ وەردەگرم...

ڕۆحی شاد و ئاسوودە بێ.

ئیرەج مورادی
۵ی ڕەزبەری ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|شیلەی مۆمنا و شیری مالوان|

ڕاز و چیرۆک و پەندی پێشینیانی کوردی پڕە لە وانەی پڕ ئامۆژگاری و نەسێحەتی حەکیمانە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەموو ئەوانە کۆ بکرێنەوە و ڕێکوپێک بنووسرێنەوە، ئێمە خاوەنی کۆبەرهەمێ چەند بەرگی لەو گەنجینە دەوڵەمەندەین.

هاوڕێیەک بۆ مۆمنای خاوێ پرسی کە بۆ نەخۆشێکی گەرەک، ڕێزڵەی پشتی پساوە و پەکی کەوتووە.
هەندێ تایبەتمەندی مۆمنای کێوی (مۆمیایی) بۆی باس کرد کە لە کۆنەوە لای حەکیمانی کوردەواری باو بووە. بەتایبەت مۆمنای چیای خاوێ‌ـ‌قەرەداغ، شەمێران لای هەڵەبجە، بێستوون لە کرماشان و ...
کەوتمەوە بیری ڕازە کوردییەکان کە ئەوسا دایکەکان لە کاتی خەودا بۆ مناڵیان دەگێڕایەوە و لە کۆتاییەوە، دەیانگوت:
ڕۆڵە گیان پشتت بە شیلەی مۆمنا و دەمت بە شیری مالوان.
چەپکێ گوڵ و چەپکێ نەرگز، مەرگت نەوینم هەرگزاوهەرگز

مالوان: گوندێکە لە دەشتی شارەزوور. هەر لە کۆنەوە بەردێ مالوان وەک دەشتێ پڕ پیت و ڕسق، چەمی مالوان وەک مەرەزەجاڕێ ناسراو و مانگا زەردی مالوان وەک جنسێ مانگای ڕەشۆکی ڕەسەن ناسراو بووە. (مانگازەردی مالوان، شیر ئەپەڕێنێ بانەوبان)

ئیرەج مورادی
٦ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|پڕۆژەی ئیتنۆبۆتانی کوردەواری، دەفتەری ۳۳، بابەتی ٦٤۳۰: شڤنی کوردی|

هەتاکوو ئیستە لە زنجیرە نووسینەکانم لەسەر ئیتنۆبۆتانی کوردەواری پرژوبڵاو چەند بابەتم لەسەر ئەو ئاژەڵە کێوییە نووسیوە:
ــ لە کۆنترین کتێبە پزیشکیەکان وەکوو (الصیدنە و الحاوی) باسی (حجرالتیس) ناوچەکانی کوێستان/ جبال کراوە. هەتا ئیستەش کاتێ پیرەکان باسی بەردی کیمیا بۆ شەفای زۆر نەخۆشیی بێچارە دەکەن ناوی کەڤرا شڤن (دەڤەری بارزان و ڕووبارۆک)، بەردەکەڵ (ناوچەی کەڵاتەرزان) و تەوەنەموور (ناوچەی ژاوەرۆ) دێتە بەرگوێ. هەموو ئەمانە واتا ئەو بەردەی لە گورچیلە و میزڵدانی بزنەکێوی و گاکێوی دەر ئەکەوێ.

ــ لە بەری کۆمەڵان (ئاواییەکانی بناری کێو لە ناوچەی گەورکی سەردەشت) زوو ئیسابەگێ بووە دەسەڵاتداری ناوچەکە بووە. لە ئاوایی شێخ عیسێ و هەمران دەشت و مەزاری ئیسابەگ هەیە. بۆخۆم وێنەی قەباڵەیەکم سەبارەت بە خانەقای شەمۆڵە لایە کە ساڵی ۹٨۷ کۆچی نووسراوە و لەوێ باسی مڵکی خانەقا دەکا کە هاوسنوورە لەتەک مڵکی ئیسابەگ. ئەم ئیسابەگە ئێژن یازدە دیوەخانی بووە لە ئاواییەکانی کۆمەڵان (گۆڵێ، سیسێر، نستان، زمزیران و ...). هەر شەوێ لە یەکێ لەو گوندانە بووە و هەر جارێ کەڵێکی بردووەتەوە. بەهار کە هەموو بنەماڵەکەی چوونەتە هەواری تۆرێ و مەیدان چۆغە، یازدە ژنەکەی سەیری یەکیان کردووە هەموویان ملوانکەی مووروەکەڵیان لە ملدا بووە. ئیستەش بەساڵاچووەکانی ئەم ناوە کاتێ باسی ژنی دووەم و سێهەم دەکرێ، دەڵێن خۆ کەس وەک ئیسابەگ دارا و ئیماندار نییە فەرقی نەخاتە نێوان ژنەکانی.

ــ لە ئاوایی خانەقای حەسەن‌گاوگیر (سنە، ناوچەی کەڵاتەرزان) مەزاری سەید حەسەن هەیە. ئێمە جاران کە هێشتا لە دێ جووتیاریمان بە گا و هەوجاڕ بوو، باوکم بەهاران دەچووە خانەقای حەسەن گاوگیر کەڵەمی دار بناوچی ئەهێنا. لای ئێمە باوڕ وایە هەر گایەک لەو بناوچەی لە مل بکرێ وەک گاکێویەکان کە هاتوونەتە ژێر نێڵەی سەید حەسەن و هەتا ئێوارە بێ کێشە جووتی پێ کردوون، ئاوا جووت دەکەن.

ــ لای کوێستانی چلچەمە هەتا ئیستەش ئەو ماڵانەی بە تەرزی کۆن ماوە شاخی گاکێفی لەسەر درگا و دەروازەی ماڵەکانیان دەبیندرێت. ئێژن هەر ماڵێ ئەو شاخەی پێوە بێ، دڵخۆشی لەو ماڵە نابڕێت. گاکێفی پاییزانە شاخەکەی دەخات و پێشینان دەڵێن شنەی نەورۆز هەڵیکرد دیسان شاخەکەی چرۆ دەکاتەوە و تا کۆتایی هاوین کامڵ دەبێ. بۆیە دەڵێن گاکێفی هەر ساڵێ بەقەد بزن و گای ماڵی دەژی کە ئەوان لە تەمەنیان یەکجار شاخیان دەڕوێ.

ــ مام سیداد خەڵکی شارۆچکەی ڕووبارۆک کە سۆفی خانەقای لۆلان لە ناوچەی برادۆست بووە، ساڵەکانی ۱۹٨۰ گێڕاویەتیەوە کە ئەوان وەچەی شێرەخان فەرماندەی درگای شمشیرخان لە قەڵای دمدم بوون. کاتێ قزڵباشەکان هاتوونەتە ناو قەڵای دمدم، یەکەم ژنێ کە لە قەڵاکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە ژنی شێرەخان بووە. ئیستەش ئەو بەشە لە قەڵای دمدم کە زۆر ئاسێ و دژوارە بە دەرکی شمشیرخان دەناسرێ. مام سیداد وتوویە توورەکەی خوێدانکم لە ئەستۆ کردووە و چوومەتە چیاکانی ئاڤاشین چەند ڕۆژ گەڕاوم. شڤن و پەزەکووڤی هاتوون خوێم پێ داون و شیریانم دۆشیوە و ئەوە نان و زادی من بووە لەو کێوانە. هەتا ئەوەی جارێ چەقۆی لە گیرفانیدا دەبێ. دوو ڕۆژ بەو کێوانەوە دەسووڕێتەوە یەکێ لەو ئاژەڵانە لێی نزیک نابێتەوە. ئاخری دێتەوە و سەری خۆی هەڵدەگرێ بۆ خانەقای لۆلان.

ــ لە فەرهەنگە کوردییەکان ئەو ئاژەڵە لە بادینان بە (شڤن)، چۆمان و خانێ (شوور)، قەرەداغ و دەربەندیخان (فیلەگێژە) و کەڵاتەرزان (گاکێفی) دەناسرێتەوە.

ــ لە فەرهەنگی فارسی ئەو ئاژەڵە بە (گوزن زرد ایرانی)، عەرەبی (ٲیّل العراقی)، تورکی (Iran Alageyiği)، ئینگلیزی (Persian fallow Deer) و لاتین (Dama mesopotamica) ناوی هاتووە. بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر لە ڕووی هەمان ناوی زانستی (لاتین ـ جیهانی) دروست‌ترین ناو بۆ ئەو ئاژەڵە (کوردستانی ـ مێزۆپۆتامیا)ـیە.
بەداخەوە ژمارەی ئەو ئاژەڵە لە کوردستان لە تەواوبووندایە و دەڵێن تەنیا لە چەند شوێنی بادینان چەند سەری ماوە.

تێبینی: تکایە ئەگەر شوێنەناوێ (ناوی ئاوایی، کێو، کانی و ...) شک دەبەن بەناوی ئەو ئاژەڵەوە بفەرموون تا وەک بەڵگە دایبنین.

ئیرەج مورادی
٨ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|شڤن، شڤر، شوور، فیلەگێژە، گاکێفی یا گاکێوی|

ئیرەج مورادی
٨ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
تەشقی ئاسمان و کەشی کەڵمەسان

جاران پێوەری جووتیار و شوانکاران بۆ پێوەندی لەگەڵ سروشت ئەو پاشحانە ئەزموونە بووە کە سینەبەسینە پێیان گەیشتبوو. ئەوان لەسەر پێوەری ژینگەیی‌ـ‌سروشتیی کاری ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانەی کشتوکاڵی خۆیان دەکرد.
باوەڕی ئەوان وا بووە ئاسمان تەشقی وەک تۆژاڵێکی بەستووە. ئەو تەشقە بە تین و تاوی خۆر توند دەبێتەوە، ئیدی سەرمای لێ نابارێ. کاتێ تینی هەتاو کز دەبێ توێژەکە خاو دەبێتەوە و زوقم و زم دەبارێ. بۆیە لە کوردەواری دوو زاراوەی تەشق کەوتن و تەشق شکان هەیە.
پاییزانە دەبێ تەشقی ئاسمان بەرەو کەوتن و شکیان بڕوات هەتا زەوی کەشی بگۆڕێ و جووتیار ئاوەنیا بکا و گوڵەجووتێرە (کەڵمەس) شین ببێت.
هەر بەڕاستی زەوی لە کۆتایی خەرمانان هەناسەی فێنک هەڵدەمژێ و فێنک دەبێتەوە و ڕەگ و تۆوی بن زەوی وەک زافەران، کەڵمەس، گوڵاڵەپاییزە، هاز، کلچێوک (مێڵەگوریانە)، چیمەن، گەنم و ... چەکەرە دەکەن. گەڵا یا گوڵیان دەرئەکەوێت. هەر بۆیە شاکەوخامەسۊری ئەیوانی فەرموویانە:

شوکرانەم پێد بۊ هەر وەخت مەیلت هەس
وەبێ نم سەونز کەید گوڵان کەڵمەس

یا مامۆستا پیرەمێرد سەبارەت بە تەشق فەرموویەتی:
هەوا بە تینی ئەو تەشقی شکا
پەنجەی لە گۆ چوو پێکەوە لکا

ئیرەج مورادی
۹ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|وێنەی یەکەم گوڵی زافەران لە مووچە و مەزرای کاک طیب قادرمەرزی لە ئاوایی قادرمەرز‌ـ‌دێولان، کە ئەوساڵ بەهۆی کەشی هاوینەی سەرەتای پاییز، وەرزی پشکوتنی گەیشتووەتە گەڵاڕێزان.|

سەردانی کاناڵی کارگەی چیا بە سەرپەرستی کاک طیب بکەن:
@chia_herb

ئیرەج مورادی
۹ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|هونەر و جوانی بەشێکە لە شارستانیەتی هەر نەتەوەیەک|

ئەو خاکەی بە جوغرافیای کوردستان دەناسرێت، هەر کۆڵان و شار و شیوێکی هۆز و تیرە و ماڵباتێکی کوردی تێدایە. پێوەندی ئەو کوردە لەگەڵ سروشتەکەی هێند پڕوپتەوە هەر چوار ماکی (ئاو، هەوا، خاک و گیا) کردووەتە پەسای پێکهاتەی شارستانیەتی.

لە دوورترین خاڵی خاکی نیشتمان، عەفرینی زەیتوون و سۆرگوڵان، نەریتی (ستڤانکا کنێر) هەیە بۆ بەرۆک و بێهن‌خۆشی دایک و کیژان.
ملوانکە لەناو کرمانجان بە (گەردەنی، ئستڤانک، ستڤانک، ڕستە، ڕستک) دەناسرێ. بەری داری کنێر وشک دەکرێ و کون دەکرێ و دەیهۆننەوە. یا دەیهاڕنەوە و بە ئاردەوە دەیکەنە موورووی ڕەنگاوڕەنگ لە بەینی سمڵ و مێخەکی دەکەن.
جاران کە عەفرین هێشتا خەڵکە ڕەسەنەکەی دەرنەکرابوون، ئستڤانکی کنێری بەناوی (تەوکی کوردی/ کرمانجی) چووەتە بازاڕەکانی شام و حەڵەب. [تەوک دیارە هەمان طوقی عەرەبیە.]

داری کنێر (کەنێر، مەڵهەم، مێڵەو: محلب، آلبالو تلخە Cerasus mahaleb)

وتووێژ لەگەڵ ئەندازیار مەمدووح تۆپاڵ و دکتۆر فەخری عەبدۆ (خەڵکی دەڤەری عەفرین)

ئیرەج مورادی
۱۱ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|گیای شلێر یا شلێل|

شوێنەناوەکان هەمیشە بەڵگەی پتەون بۆ دۆزینەوە و سەرەداوی وشە ڕەسەنەکانی کوردی.
ــ باخ و هانەو شلێرانی: نێوان هەورامان تەخت و دەرەوکێ
ــ جاڕی شلێلی بەبان: شوێنی ئیستەی گومرکی باشماخ
ــ شیوی شلێل: مەودای نێوان ڕێگای مەریوان و کانی‌بای قەڵای هەڵۆخان

پەند: برا ناونجی تامی براگەورە و برابووچکی بردییە. [واتا پڵاوی شلێرە هەم تامی پڵاوی برنجی هەیە و هەم پەڕشت.]
یا جووتێر بە گۆخڵی (مەرەزەوان) وتووە: ئێمە دەستەبرای جفت و گاین. من شلێل و گەنم ئەچێنم و تۆ مەرەزەی چەڵتووکجاڕ.

لە فەرهەنگی خاڵ، گیو و هەنبانەبۆرینە بۆ وشەی (شلێر) هاتووە: ۱ـ گوڵی هەڵاڵەبرمە کە سەلکێ پیازی و گوڵێ سووری شۆڕی هەیە. ۲ـ خەلەیەکە نە گەنمە و نە جۆ.

لە سەفەری ئەمجارە بۆ دیاریکردنی مەزاری یۆسف یاسکە لە ئاوایی تفڵی، ڕێنیشاندەری گەشتەکەمان کاک ئەحمەدی موحەمەدی بوو. بەڕێکەوت لەناو قسەکانی باسی پڵاوی شلێری گێڕایەوە کە جاران گیاکەی لە شامیان و کەمەرە کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانە دەرکەوت شلێر و شلێل هەمان (یولاف: Avena sativa)ـیە.
ناوی دیکەی کوردی: کاڕان و چەپەترووکە.

ئیرەج مورادی
۲۲ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|سرنچک و سەونچک|

لای ئێمە ـ دێی باقلاوای کەڵاتەرزان، سنە ـ پەندێ هەیە: "خوای سرینچک و سەونچک یەکێکە". واتە: خوای گشتمان (خاس و خراو، ڕەش و چەرموو، کورد و عەرەب، و ...) یەکێکە و جیاوازیمان نییە.

جارێ پیاوێکی دانا و حاڵزان دەیگێڕایەوە کە ئەگەر لای موسڵمان قورئان و فەرموودە سەرچاوەیە، دەبێ هەر نەتەوەیەک کە بۆ نموونە ئیسلامی وەرگرت، پەند و قسەی نەستەقی پێشینیانی وەکوو سەرچاوەی سێهەم (حیکمەت) قەبووڵ بکات. هەرچی بێ حیکمەت گەنجی ڕەسەن و سەربەمۆری پێشینیانە کە لە دەراوی زانایی ژیرمەندان و بیرمەندانی ئەو نەتەوە سەرچاوە دەگرێ و نرخی دەکەوێتە لای قورئان و فەرموودەوە.

ــ سرینچک، سرنچک، سنجوو، سنجی (سنجد: Elaeagnus angustifolia)

ــ سەونچک، سەونچە، سەرپنج (خارکو، ناخن عروس: Noaea mucronata)

سرنچک بەری داری لاسە. یەکێ لە میوە خۆش و شیرین و دەرمانیەکانە. بەرامەی گوڵەکەی خۆشترین بۆنی لێ بەرهەم دێنن. جنسی دارەکەی لە پتەویدا دەکەوێتە ڕیزی وزم، کێکف، ئاسندار و ئاونووس.
سەونچک دەوەنێ کورتەباڵا و قژن و دڕکاوییە. بۆنی دووکەڵەکەی لە مەشکە ئەدرێ، تامی دۆ خۆش دەکا.

ئیرەج مورادی
۲۳ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|گِن، گون، ئەنگوتک|

وشەکان ڕەسەنایەتی زمان دەرئەخەن. سەیری ئەم ڕیزبەندییە بکەین چ پێوەندییەکی زمانی بۆ کوردی نیشان ئەدەن:

ــ ئاردگِن: لە کەڵهوڕی بە سرینچک ئێژن.
ــ گون: تەنی هێلکەیی ئەندامی نێرینە. (گیای دووگونە: بەرەکەی وەک دوو هێلکەی ئەندامی نێرینەیە.)
ــ گونک (سنەییانە) و ئەنگوتک (موکریانیانە) بۆ مستێ هەویری ئامادەکراو بۆ بەر وەردێنە.
ــ جُندبیداستر: لە سەرچاوەکانی پزیشکی کۆن بۆ هێلکەگونی سەگڵاوک ئێژن کە دەرمانێکە بۆ هێزی جنسی پیاوان. (دیارە جُند هەمان گوندە. چووەتە ناو عەرەبی و گۆڕاوە.)

ڕاستی پێوەندی نێوان گوند (دێ، ئاوایی) لە کوردی و گوند لە پەهلەوی چییە. سەردەمی ساسانیەکان گەورە زانکۆی گوندی‌شاپوور لە خووزستان بووە. تا ئیستە لە جوغرافیای موکریان و سۆران و بادینان گوند بۆ ناوی دێ ماوە. یا وەک ناوی گوند هەیە (گوندەژۆر: گوندێکە لە ناوچەی باڵەکایەتی).

ئەوەیش بزانین بە هەڵە پان‌ئێرانی و پان‌فارسەکان پەهلەوی بە قۆناغێ لە زمانی دادەنن. پەهلەوی، فارسی نییە و نەبووە. فارسی زمانێکە لە بەڵخ و بوخارا و خۆراسانەوە هات و پەهلەوی هی ناوچەی زاگرۆسە.

ئیرەج مورادی
۲۴ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
|میرنەورۆز لوڕ یەکێ لە شاعێری کۆنی نیشتمان و چیرۆکی قەرەقاج و زمهەریر|

مەلا عەوەزعەلی سیاپووشی ئەلشتەری بەم شێوە باسی کۆنە شاعیرانی [کوردی] لەکی کردووە:

تا پەریت باچم شاعران لەک
شیرین‌سوخەنان تەڕوەشان یەک‌یەک
تورکە و خان‌مەسۊر شاکە بایندوڕ
سەفی سەرکوهی، میرنەورۆز لوڕ...
زەیدعەلی وە جاف نەجەف وە کەڵهوڕ
یوسف یاسکە جە کۆی کەماڵ پوڕ
خانە و خانەبێگ مەعریفەت کەسیر
تورابخان زندە تا وە شێخ‌ئەمیر


[سەرچاوە: سرود بادیە، محی‌الدین ساڵحی، لاپەڕەی ٢٠]

یەکەم جار بەڕێز ئێسفەندیار غەزەنفەری ساڵی ۱۳٤٦ هەتاوی لە ژێر ناوی (کلیات دیوان میرنوروز) بە پاڵپشتی و چاپی (کتابفروشی رشنو ـ خوڕەماوا) دیوانی ئەو شاعیرەی چاپ کردووە. دواتر ساڵی ۱۳۹۵ بەڕێز کەریم مەنسووری بە پێداچوونەوەی تازە لە ژێر ناوی (میر دیاری: دیوان میرنوروز، سخن‌سرای بزرگ لرستان و ایلام) لە وەشانخانەی (شاپورخواست ـ خوڕەماوا) چاپی کردووەتەوە. لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی ناوچەی ئیلامدا، میرنەورووز یەکێ لە شاعیرانی کۆنی ئەو ناوچەیە دێتە ئەژمار.

بۆ باسی تایبەتمەندی پشکوتنی داری قەرەقاج لە وەرزی زستان لەگەڵ هاوڕێیەک لە گێەڵان کەوتمە وتووێژ. وتی چلە گەورە و بۊچگی زستان، خوشکێ پیریان بوو بە ناوی زمهەریر. هەتا هاتنی بای سیامانگ [ڕەشەمە] ڕووبەندی دەپۆشا و دەهاتە ژوانی قەرەقاج. وتی لەگەڵ گوڵانی بەهار دەیکەین بە چۆپی و هەڵپەڕکێ. چلەبووچک تەواو بوو و بەفری بەرەو توانەوە چوو، زمهەریر کردیە زیڕەزیڕ و پرچی ئاڵۆز کرد و ڕووبەندی لابرد بەرەو دارستان و مەکۆی قەرەقاج هات. ئەوە یەکەم دیداری ئەو دوو دڵدارە بوو کە عاشق، چاوی بە لێو و برۆ و کوڵم و چاوی یاری بکەوێ. جاران تەنیا بەدزییەوە چاوی ڕشتووی دەبینی. بە ڕووبەندەوە و بە حەمزە و نازێ پەچەی دەگرت و لە بنەوە ماچێکی پێ ئەدا. زمهەریر لەگەڵ شین و پەپوقژ ڕوومەتی هەڵماڵی و باوەشێ بە قەرەقاجا کرد. ئینجا قەرەقاج زانی پشکوتنی ناوادە و خۆڕازاندنەوە لە چلەی زستان، پیرەبووکی پێ ئەدا...

ئێژن میرنەورووز لوڕ شاعیری گەورەی سەردەمی سەفەویەکان و میرنشنی لوڕستان، شا سلێمانی سەفەوی بانگێشتی کردە ئەسفەهان و وتی: دەتکەم بە میری لوڕستان (پشتکۆ و پێشکۆ) و خوشکە گەورەی خۆمت لێ مارە دەکەم. بڕیار بوو لە جێی میرئەحمەدی باوکی دایبنێ و حوکمی میری و مارەیی‌نامەی پێکەوە بۆ بنێرێت. میر ئەحمەد کوڕی شاهوەردیخان کۆتا میری ئەتابەکانی لوڕ بووە.
ماوەی پیرەخوشک ڕووبەندی دەپۆشا و لە ئەسفەهان بەدزییەوە چاوی بە میرنەورووز دەکەوت. هەتا ئەوەی سەرەتای هێرشی نادری ئەفشار هات. میرنەورووز بەرەو دێلوڕان گەڕایەوە. پیرەخوشک دوای کەوت، کاتێ یەکتریان بینی و هاوئامێز بوون، میرنەورووز بینی شازادەی چی، پیرەژنێ دەموچاو چرچەڵ و پیرەکچ. میرنەورووز پێشتر دەنگۆی بڵاو ببووەوە کە لەگەڵ شای سەفەویە دەبێتە خزم و خوشکی شا دەخوازێ. ئینجا ناچار بوو، پیرەکچ بباتە باخەکەی لە سەرگەڕاو و جادووگەری بۆ بانگ بکات و بیڕازێنێتەوە و ڕوومەتی بکاتە کچێ چواردە ساڵان. بەو شێوە میرنەرووزیش وەک قەرەقاجی لێ قەوما...

مەزاری میرنەورووز دەکەوێتە لای گڵکۆی میرشەرەفەدین لە سەرگەڕاوی داوێنی سیاکۊ و تەنگەتاپووی نزیک شاری دێلوڕان.
میرنەورووز هەتا ۱۱۳۳ کۆچی لە ژیاندا بووە. لە ئەسڵدا خەڵکی چول جایدری پول‌دوختەر و سەر بە تیرەی دریکەوەندی لەکەکانە.

تێبینی: قەرەقاج (کەژۆک، بزنکوژە، هولێرەخیو: Anagaris foetida) جیاواز لە دارەکانی دیکەی هاوژینگەی لە دارستانەکانی کوردەواری لە ناوەڕاستی زستاندا گوڵی دەپشکوێ.

ئیرەج مورادی
۲۶ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
|سەیرانگای سەرگەڕاو ـ داوێنی چیای سیاکۊ لە دێلوڕان|

سپاس بۆ نووسەر و توێژەری کورد لە دێلوڕان کاک نامدار جابری بۆ ناردنی ئەو ڤیدیۆیە.

ئیرەج مورادی
۲۶ی گەڵاڕێزانی ۱٤۰۳

@dastnoosxane
@kelaterzankon