jineftin
768 subscribers
890 photos
79 videos
155 files
1.08K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
📚هۆمۆفۆبیا
ناکۆک به عه‌قڵ و مۆراڵ

ماردین ئیبراهیم

  «گوتاره‌کان که زاڵ ده‌بن، جا هه‌ر گوتارێک بێت، کولتووری، سیاسی، ئاینی، یان ته‌نانه‌ت هونه‌ری و ئیستاتیکیش، زاڵبوونه‌که‌یان مه‌رج نییه وابه‌سته‌ی ڕه‌وابوونه‌که‌یان بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی که‌می ڕه‌وابوونیان هه‌بێت، ده‌بێت ڕێگه خۆش بکرێت و زه‌مینه‌سازی بکرێت به‌وه‌ی گوتاره دژه‌کانیان خۆیان نمایش بکه‌ن. له سه‌رده‌می نوێدا بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێک ڕه‌وایه‌تی وه‌ربگرێت ده‌بێت له فه‌زای گشتیدا دیبه‌یتی له‌سه‌ر کرابێت، به فیلته‌ری ئه‌رگومێنت و وتووێژی عه‌قڵانیی هاوسه‌نگ و دادپه‌روه‌رانه‌دا ڕۆیشتبێت که هه‌موو لایه‌نه‌کان بۆچوون و ئه‌رگومێنت و دژه‌ئه‌رگومێنته‌کانیان له‌ناو ده‌رفه‌تێکی یه‌کساندا خستبێته ڕوو. گوتاری هێترۆسێکسوالیتی- مه‌یلی سێکسوالیتی بۆ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر-  که هه‌زاران ساڵه زاڵ بووه، زاڵبوونه‌که‌ی مانیفێستی جۆرێکی دیاریکراوه له په‌یوه‌ندییه‌کانی هێز و ده‌سه‌ڵات، بۆیه زاڵبوونه‌که‌ی هه‌رگیز مانای ئه‌وه نییه هێترۆسێکسواڵیتی ڕه‌سه‌ن و راسته و هۆمۆسێکسوالیتی و بایۆسێکسوالیتی ناڕه‌سه‌ن و هه‌ڵه‌ و یان به زمانی هه‌ندێک به حیساب خوێنده‌وار 'له‌گه‌ڵ سروشت و فیتره‌تی مرۆڤ ناکۆکه'»

«ئازادی پرۆژه‌یه‌کی ته‌واونه‌کراوه، به‌رده‌وام تازه ده‌بێته‌وه و فراوان ده‌بێت، ئه‌و پرۆژه‌یه له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا جووڵه‌یه‌کی پڕواتای کردووه که مافی مرۆڤ به ئه‌ندازه‌یه‌ک فراوان بکرێت که مافه‌کانی گروپی په‌لکه‌زێڕینه‌ش بگرێته‌وه، ئه‌و بازدانه‌ی خۆرئاوا نیشانه‌ی زیندوویی و گرنگی ئه‌و شارستانێتییه‌یه، به‌ڵام تۆ که به‌هۆی جیهانبینییه ته‌نگ و مێنتالیتییه تاریکه‌که‌ت، به‌هۆی تێڕوانینه که‌موکورته‌که‌ت بۆ ئازادی، به‌هۆی بڕوانه‌بوونت به مافه‌کانی مرۆڤ، له‌وه تێناگه‌یت، یان تێده‌گه‌یت و خۆت که‌سێکی هۆمۆفۆبیت، ڕه‌گه‌زپه‌رست و ده‌غه‌زاریت، دیسان ده‌مه‌وێت بیرت بهێنمه‌وه؛ ده‌زانیت هۆمۆفۆبیا ڕه‌گێکی ده‌چێته‌وه سه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستی؟ ده‌زانیت هۆمۆفۆبیا جۆرێکه له هه‌ڵاواردنی ئینسان؟ ڕۆشنبیرییه ته‌سک و تاریکه‌که‌ت بایی ئه‌وه هه‌یه له‌و شته تێبگه‌یت؟ ده‌زانیت ناسنامه‌ی سێکسوالیتی ناسنامه‌یه‌کی فره‌ڕه‌نگه؟ ده‌زانیت دنیا هه‌ر له هێترۆسێکسواڵه‌کان پێک نه‌هاتووه؟ ده‌زانیت هۆمۆسێکسوه‌ڵ و بایسێکسوه‌ڵیش هه‌ن و مرۆڤن و چالاکن و پڕۆفیسۆری زانکۆن و زانان و ده‌چن بۆ سه‌ر مانگ و ئه‌ده‌بی گرنگ به‌رهه‌م دێنن و هونه‌رمه‌ندی به‌هره‌مه‌ندن و به‌رگریکاری مافه‌کانی مرۆڤن و ته‌نانه‌ت ئینسانی ئاینی پله‌دارن؟ سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تن؟ تۆش هه‌لپه‌رستانه و به‌سوودوه‌رگرتن له گۆمی لیخنی هۆشیاریی کۆمه‌ڵگاکه‌ت په‌نا بۆ زمان و ڕه‌وانبێژییه‌ک ده‌به‌یت که پڕه له توندوتیژیی ڕه‌مزی تاکوو ئه‌و گروپه‌ی پێ بکه‌یت به ‌شه‌یتان و زه‌مینه بۆ قه‌ڵاچۆکردنیان خۆش بکه‌یت، یان ناوێریت، به‌ڵێ ترسنۆکیت ناوێریت به‌رگرییان لێ بکه‌یت، چونکه ده‌ترسیت پێت بڵێن هۆمۆ، چونکه هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاینده‌ییت نییه بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ت، ده‌ترسیت خه‌ڵکی فڵان شاره‌دێ و فیسار گه‌ڕه‌ک  لێت زیز ببن و ئیتر پێت نه‌ڵێن ئه‌دیب و ڕۆشنبیری گه‌وره‌.»



درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2qsnru3t
jineftin
Photo
💫 قژی

شارل بۆدلێر
وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین
📝پاژێک لە شیعرەکە

ئاهـ قژی، بە گەردندا هاتووە خوار!
ئاهـ چین چین! ئاهـ عەتری پڕ ئەفسوون و ئاسوودەیی!
چ تاقانەیییەکە! چ نەشئەیەك!
بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ژوورە تاریکە بەو یادەوەرییە کپ و بێدەنگانەی لەنێو ئەم قژەدان،
ئەمشەو چەشنی ئاڵایەک لە سروەدا دەیشەکێنمەوە!

ئاسیای هێور و ئەفریقای سووتێنەر،
جیهانی بێشوومار دوور، ون، تەنانەت لەناوچوو، لە قووڵایییەکانی تۆدا دەژین، باغی بەرامەخۆش!
ئەو دەمەی ڕۆحی ئەوانی تر لەسەر ئاوازی مۆسیقا سەوڵ لێ دەدەن،
ڕۆحی من، ئەی دڵدارم! لەنێو گوڵاوی تۆدا مەلە دەکات.

دەچمە ئەوێ، دەڕۆمە ئەو جێیەی کە درەخت و مرۆڤ، پڕن لە تەڕی،
لەژێر تینی هەوا و کەشدا مەست مەست دەبن بەقووڵی؛
قژی بەهێز، ببە ئەو شەپۆلەی کە بەرەو دوور ڕاپێچمەکا
لە تۆدایە، زەریای ڕەش، خەونی بەرشەوارەکەوتووی چارۆکەکان، کەشتیوانان، بڵێسە و ستوونگەی پاپۆڕان:

درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://jineftin.krd/2022/12/09/%d9%82%d9%80%da%98%db%8c/
jineftin
Photo
💫 «خاکی شەوان»

دی. ئێچ. لاورێنس

لە ئینگلیزییەوە: ئاشتی ساڵح

📝پاژێک لە شیعرەکە

ئەی ئەمریکا، تۆ ڕۆحی میلیۆنان کەست فریو دا!
بۆچی ڕۆحی منت فریو نەدا؟
خۆزگە وات کردبا!

دانی پێدا دەنێم؛ لێت دەترسم!

کارەساتی خۆشەویستییە گەورەکەت،
تۆ کە ھەرگیز خۆتت لە خۆشەویستیدا نەبینیوە،
کەچی زیاتر خۆت ون دەکەیت و شی دەبیتەوە.
تۆ ئەوەی کە ھەرگیز پاک نابیتەوە بۆ خۆشەویستییەک کە خاڵی بێت لە ئۆرگازم.

چەندین ساڵ لەمەوبەر،
تۆ پاکیزەییت لەدەست دا و لە پەیوەندییەکانت دابڕایت،
تۆ تەنھایت لەم جیھانە!

تۆ کە لە خۆشەویستیدا تێکشاویت، زیاتر تێک دەشکێیت و زیاتر دەڕووخێیت،
تۆ سنوورەکانی دابڕانیت،
بەڵام تۆ ئەی ئەمریکا!
ھەرگیز ھەڵناسیتەوە و زیندوو نابیتەوە
لەناو ئەم قەبرە ئاڵۆزەدا،
لەناو ئەم خۆبەزلزانییەدا!

بەخشندەییی تۆ لە ئەوروپییە ئایدیالیستەکان ناچێت، بەڵکوو زیاتر وەکوو پەیکەرێکیت کە لەناو قەفەسێکدا بە نوور دەورە دراوە و دەخولێتەوە.

تۆ تاکە ھیوای زیندوومانەوەت
لەناو ئامێری دەستکردی مرۆڤە ژیرەکاندایە.

تەنانەت پەیکەرە باڵدارە سپییەکەیشت،
ھێندەی ئەو دەرکەوتنە خودکارانەی خۆت ترسناک نییە؛
مەکینەی ئەمریکی.
دەتەوێت بزانی ئایا من دەترسم بێم و
وەڵامی پرسیارەکانی پیاوە ئاسنینەکەت بدەمەوە کە لەلایەن مەکینەکانتەوە خەفە دەکرێت؟
وا دەزانیت یەکەم سەنت دەخەمە ناو دەستە ئاسنەکانی ئەفسەرەکانتەوە و لەتەنیشت قۆڵە ئیستیلەکانی ژنە دادپەروەرە ئەمریکییەکانەوە دادەنیشم؟

ڕەنگە ئەوروپا وەکوو دارێکی سیس بێت،
لێرە تەنانەت ئەفسەری گومرکەکانیش لاوازن.

من زۆر ترساوم ئەمریکا،
لە لەمسی ئاسنینی پەیوەندییە مرۆییانەکانت،
وە دوای ئەمەیش،
کفنی خۆشەویستییە نموونەیییەکەت،
خۆشەویستییەکی بێسنوور؛
وەکوو گازێکی ژەھراوی!

ئەرێ کەس تێ نەگەییشت کە خۆشەویستی دەبێت:
خەست بێت، کەسی بێت، بێسنوور نەبێت؟
ئەم خۆشەویستییە بێسنوورە وەکوو بۆنی ناخۆشی
شتێکە، کە لە ڕێڕەوێکی ھەڵەوە بە خێرایی بڵاو بووبێتەوە.
ھەموو ئەم دڵ و دەروونە چاکە لەلایەن خەڵکانی ترەوە؛
بۆنێکی ناخۆشە!

ئەمریکا، ھێشتا خۆپەرستیت!
ئینگلاندێکی نوێی تۆقێنەریت،
دڕندەیەکی خەیاڵیی خۆرئاواییت!

رۆحی من نیوەی خەڵەتاوە خەڵەتاو.
شتێک لە تۆدایە کە منی لەدواوە ھەڵگرتووە،
یانکییە، یانکی
وا بە خەڵکەکەی دەڵێن
ھەڵیگرتم کاتێک پێویست بوو ھەڵمگرێت؟
یاخود کەس نەبوو!

درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://is.gd/XDd1uZ
jineftin
Photo
📚شۆڕشی ژینا و ڕۆڵی ژنان
 
سولماز دوروودی
شۆڕشی ژینا و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ناڕەزاییی دەربڕین بەرانبەر بە کوژرانی ژینا بە دەستی پارێزەرانی یاسای دژە ژن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پشت بەستن بە ئەزموونی ساڵها خەبات بەرانبەر بە سەرکوت و بێمافکردنی ژنان بە دەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کرد. ژنان لە جوگرافیای ئێران ساڵهایە لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن. ژنان لە کوردستان تەنها لەبەر ڕەگەزیان تووشی هەڵاواردن نەبوون و بەڵکوو بەردەوام تووشی ستەمی نەتەوەییش بوون. ژنانی کورد تەنها وەکوو ژن مافیان نەخوراوە و فاکتۆری دیکەش کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژندا هەیە، دەوری بەرچاویان لەسەر دۆخی ژیان و خەباتی ژنان هەیە. بۆ نموونە لە نەتەوەی ژێردەست بوون، لە چینی هەژار یان دەوڵەمەند بوون، تەمەن، دۆخی تەندروستی، خاوەنی ئایینێکی دیاریکراو بوون یان بێ ئایین بوون، ئەندامی کۆمەڵگەیەکی کەمینە بوون (بۆ نموونە کۆمەڵی پەلکەزێڕینە) و زۆر شتی دیکە هەموویان شوێندانەرن و پێکەوە دۆخی کەسەکە دیاری دەکەن.
بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو خەباتە هەمیشەیییە بەرانبەر بە هەموو ئەو زوڵمانە و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ژنان و ئاشنابوونی زیاتریان بە مافەکانیان، هەر رۆژی ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی ژنان هاتنە ڕیزی پێشەوەی خەباتەوە و بێدەنگیان شکاند و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لەچکەکانیان فڕێ دا و هەر ئەو بێدەنگی شکاندنە بووە بە چەخماخەیەک بۆ تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی هەموو چین و توێژەکان و هەموو ستەملێکراوەکان. لە ڕاستیدا ژنان و بزاڤەکەیان بوونە چرای ڕێنوێنی ئەم شۆڕشە بە هەموو پێکهاتە و داخوازی و چین و توێژەکانییەوە کە بۆ مافخوازی هاتوونەتە مەیدان. بوونی ژنان بە ویستی پێشکەوتووەوە کاریگەری لەسەر ڕادیکاڵیزەبوونی ناوەرۆکی شۆڕشەکە و دروشمەکانی و داواکارییەکانی دانا، بۆیە زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە ڕاپەڕینی ئەم جارە شۆڕشێکی فێمینیستییە.

درێژەی ئەم یاداشتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2gwtkrmk
jineftin
Photo
📚ئازادیی کورد

جەیسۆن دۆکستادەر و، ڕۆژین موکریان
لە ئینگلیزییەوە: لەیلا سەمەدی
پوختە:
زۆربەی کوردە بیرمەندە سیاسییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە گەلەکەیان پێویستی بە ئازادی هەیە. جگە لەوەش، هاوڕان کە پێویستیان بە ڕزگاربوون لەو هەژموونی(باڵادەستی)یە  هەیە کە بە دەست ئەو چوار دەوڵەتەوە تووشی بوون و لە نێوانیاندا دابەش کراون واتە، تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران. ئەوەی کەمتر ڕوونە، سروشتی سەرڕاستی ئەم ئازادییەیە. مشتومڕی سەرەکی کە تایبەتمەندیی گوتاری سیاسیی کوردییە، لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەو ئازادییەی کە بەدوایدا دەگەڕێن پێویستی بە بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆی کوردی هەیە؟ عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردەی ڕۆشنبیری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان"پەکەکە"، باس لەوە دەکات کە ئازادیی کورد تەنیا لە ڕێگەی ڕزگاربوون لە خودی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە(nation-state model) بە دەست دێت. ئۆجەلان لەبری دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، ئۆتۆنۆمیی ناوچەیی بۆ کوردەکان لە ڕێگەی کۆنفیدرالیزمێکی تەواو یەکسانیخوازانە و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ پێشنیار دەکات کە مۆرای بووکچین (Murray Bookchin)، بە ئیلهامی ئانارشیستییەوە کە خوازیاری ئۆتۆنۆمیی شارەوانی بوو، بیر دەخاتەوە. ئێمە لە وەڵامی ڕێبازی ئۆجەلان دەڵێین کە بەکارهێنانی ڕەتکردنەوەی ئەنارشیستی دەوڵەت تا ڕادەیەکی زۆر هەڵەیە. ئێمە هەندێک کێشەی مێژوویی و چەمکی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەنارشیستی لە دەوڵەتدا دەستنیشان دەکەین و بە پەڕینەوە بەسەر هەندێک ئەنارشیستەوە، و لەوانەش ئۆجەلان، پەرە دەدەین بەو دانپێدانانە کە ئازادیی ئەنارشیستی تەنیا دوای ماوەیەکی درێژخایەن لە بوونی دەوڵەتگەرانەوە(statist existence) بە دەست دێت. ئێمە بە پێچەوانەی مۆدێلی ئەنارشیستیی ناهەژموون(non-domination)، زۆرتر مۆدێلێکی کۆماریخوازانە لە ئازادی و ڕزگاری پێشنیار دەکەین، هەروەها وەک مۆدێلی ناهەژموون، کە پێویستی بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لانی کەم لەم قۆناغە مێژووییەدا هەیە، بۆ کورد و هەروەها هەر گەلێکی بندەست، تا وەک ئازادیی ڕاستەقینە هەژمار بکرێن. لە کۆتاییدا هەوڵ دەدەین هەندێک توخمە چەمکییەکانی ئەنارشیستی و کۆماریخوازانە تێکەڵ بکەین و ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتیی لێکدراو ئاراستە بکەین، کە بتوانێت وەک بناغەیەکی باشتر بۆ ئاواتەکانی کورد بۆ ئازادی خزمەت بکات.
سەروشەکان: کورد، ئازادی، ئەنارشیزم، کۆماریخوازی، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، دەوڵەت.
  ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2022/12/18/%d8%a6%d8%a7%d8%b2%d8%a7%d8%af%db%8c%db%8c-%da%a9%d9%88%d8%b1%d8%af/
jineftin
Photo
📚فێمینیزم و دەوڵەت؛
هاوکاری یان بەرامبەرکێ؟ کارامەیی یان ناکارامەیی؟

چنوور فەتحی
پوختە:
پێوەندیی فێمینیستەکان لەگەڵ دەوڵەت و حکوومەتەکان دەبێ چۆن بێت؟ ئایا دەبێ یارمەتییان لێ وەربگرن؟ یان لە دەوڵەتەکان دوور بکەونەوە و کار لە سەر کۆمەڵگای مەدەنی بکەن؟ ئایا دەبێ هەوڵی چوونە ناو دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی کاروباری سیاسی و سیاسەتدانان بدەن یان ئێنێرژیی خۆیان بۆ تواناسازیی ژنان تەرخان بکەن؟ یان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئەم دەوڵەت و حکوومەتانە – کە هەر هەموویان درێژکراوەی ئۆتۆریتیی باوک‌سالارین – ببنەوە؟ ئایا کارکردن لەگەڵ دەوڵەتەکان بە مانای ئەوەیە کە چوویتەتە خزمەتی دەوڵەتەوە یان دەبێ وەک جۆرێک لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی خواست و داوا فێمینستییەکان نیشانی بدەی؟ و لە کۆتاییدا ئایا مەگەر دۆخی ژنان لە هەموو کات و شوێنێکدا هاوشێوەیە کە بکرێت وەڵامی هاوشێوەش بەم پرسیارانە بدرێتەوە و وەڵامەکان لە هەموو دۆخ و حاڵەتێکدا وەک یەک بن؟لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لەگەڵ پێناسەکردن و ناساندنی سەرجەم بوارەکانی ئەم تەوەرە نوێباوە و باسکردن لە پێشینە و شوێنگەی سەرهەڵدان و زاراوە و دەستەوشە پێوەندیدارەکان، ئاماژە بە هەندێ لەو بەربەستانەش بدەین لە کە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەمەدا بەرەوڕووی ئەم ڕێبازە فیکری و پراکتیکییە دەبنەوە. هەم لەبەر ئەوەی کە تەوەرەکەمان بابەتێکی تازە و کەمتر باسکراوە و هەم لەبەر ئەوەی کە دەتوانێ وەک زانستێکی نێوان لقەکان ئەو کەپاسیتییەی هەبێت کە کۆمەڵێک توێژینەوەی مەیدانی و لۆکاڵی بە دوای خۆیدا بێنێت،ئەم وتارە بە ئامانجی ناساندنی ئەم ڕووکردە هاتۆتە نووسین و بەهیوایە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕێگایەکی پڕ بەرهەمی توێژینەوەی هاوشێوە و بەسوود.

  ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2022/12/19/%d9%81%db%8e%d9%85%db%8c%d9%86%db%8c%d8%b2%d9%85-%d9%88-%d8%af%db%95%d9%88%da%b5%db%95%d8%aa%d8%9b/
jineftin
Photo
📚لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی


کاروان عومەر کاکەسوور

  «ئەو فیلۆسۆفی عەقڵە، بگرە بە یەکێک لە فیلۆسۆفە دیارەکانی عەقڵ دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، کە (٩٢) ساڵی تێدا ژییا، بەڵام لەو بوارەیشدا ڕێگەیەکی تایبەت دەگرێتە بەر و فەلسەفەیەکی تایبەتیش دادەمەزرێنێت، بە ڕادەیەک لە هیچ کۆمەڵناسێکی دیکە ناچێت. (پۆپەر) نەک هەر مەبەستی نییە لە ڕێی توێژینەوەی زانستییەوە بە حەقیقەتی ڕەها بگات، بەڵکوو دەیەوێت ئەوەیش دەربخات، کە هەر عەقڵانیەتێکی زانستی بەرهەمی مێژوویەکی دیاریکراوە، بۆیە ناکرێت لە سەردەمێکی دیکەدا پەنای بۆ ببرێت، بەوەی زانین لە پەرەسەندنی بەردەوام و خێرادایە، کە ئەو گۆڕانکارییانە وامان لێ دەکەن گومان بە پێشڕۆی خۆمان بزانین و هەمیشە تیۆرییەکان بخەینە بەردەم تاقیکردنەوەی سەختەوە، ئاخۆ دەردەچن، یان دەکەون؟  ئەوە هەر تاقیکردنەوەکانن پەرە بە تیۆرییەکان دەدەن و دەیانخەنە ئاستی بەرزترەوە، بێ ئەوەی بهێڵن بگەنە خاڵی کۆتایی، تا خۆیان بە حەقیقەتی ڕەها دابنێن. بەم شێوەیە تیۆرییەکان کاتێ دەتوانن درێژە بە خۆیان بدەن، کە لە تاقیکردنەوە بەردەوامەکان دەردەچن، دەنا لە کەڵک دەکەون و بە هیچ پاساوێک ناتوانرێت ژیانیان بە بەردا بکرێتەوە. ئەم پرۆسێسە ناوی پووچەڵکردنەوە، یان ڕەتکردنەوە، یان بەدرۆخستنەوە (Falsifiability)ـەیە، کە ڕاستییەکەی مەبەست لە بوونی توانای بەدرۆخستنەوەیە و پێوەرە بۆ ئەوەی چی زانستی و چی نازانستییە»
«لە لای (پۆپەر) مێتۆدی زانستی بە پلەی یەکەم پشت بە گریمان دەبەستێت، نەوەک بە سەرنج و ئەزموون، چونکە ئەوەی ڕێمان دەدات ڕاستی و چەوتیی شتەکان دەربخەین، گریمانەیە، بەوەی هەر تیۆرییەک کاتێ وەک زانست دەناسرێت، کە توانای هەبێت بخرێتە بەر تاقیکردنەوەوە، بێ ئەوەی خۆی لە دەست بدات. ساتێ دەگوترێت گریمانە، واتە ئێمە بۆ سەلماندنی ڕاستیی تیۆرییەک ڕێگەیەکی دیاریکراومان نییە، بەڵکوو لە دۆخی دۆزینەوەی ڕێی گونجاوداین، کە دەشێ زیاتر لە تیۆرییەک بدۆزینەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی پشت بە ئیندەکشن دەبەستن، پێیان وایە تیۆریی زانستی، ئەوەیە، لە ڕووی ئەزموونەوە دەرکەوتووە، زانستییە، کە بە بڕوای (پۆپەر) ئەوانە دەرگە لە بەردەم کرانەوەی زانست دادەخەن و ڕێ نادەن قسەی دیکەی لێوە بکرێت. ئەزموون دەتوانێت لایەکی ئەو شتەمان پێشان بدات، بەڵام لاکانی دیکە دەشارێتەوە. واتە ئەگەر بێژمار بەڵگەمان دەست کەوت و سەلمێنرا لایەکی ئەم تیۆرییە دروستە، هێشتا لاکانی دیکە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەسەلمێنراون. وەک لە سەرەتای کتێبی (لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی)دا نموونە بە مەلی قوڵینگ (swan) دێنێتەوە، کە دەگوترێت هەموویان سپین، بەڵام کاتێک ڕەنگێکی دیکەمان دەست دەکەوێت، ئەوە تێکڕای ئەو بەڵگانەی بۆ ئەوە دەهێنرانەوە، گۆیە تەنیا قوڵینگی سپی هەیە، بەو دانەیە پووچ دەبێتەوە. بەکورتی هەزار قوڵینگی سپی ناتوانن بیسەلمێنن سەرجەم قوڵینگەکان سپین، بەڵام یەک قوڵینگی ڕەش دەتوانێت (یاسای گشت قوڵینگەکان سپین) بە درۆ بخاتەوە»



درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://is.gd/VodnQr
jineftin
Photo
💫 "بێ تۆ نەبوون، نییە" و
دوو شیعری تر


حەمەی مەلا

📝پاژێک لە شیعری یەکەم


تۆ چرپەیەکیت
بە نوتفەیی بانگهێشتت کردم بۆ ژیان
تۆ دەنگێکیت
لە شەوی لە دایکبوونمەوە دەتبیستم
هاوارێکیت ساڵەهایە بۆ سەرچاوەکەت دەگەڕێم
لە خۆمدا، تا ژێر هەنسکەکانی منداڵیم بۆت گەڕام و نەمبینیت
بە ناو کوچە تاریکەکانی دڵمدا شوێنت کەوتم،
بەڵام تەنیا ئەو تریفانەم بینی لە هەنگاوت هەڵوەریبوون!
لە بنی خەرەندەکانی ڕۆحمەوە بە جۆرێک بانگم لێ کردیت،
عەرشی خوا کەوتە لەرزین و بورجی بابل بە شکۆی ناوەکەت ڕووخا
لەسەر زایەڵەی ناوی تۆ نەتەوەکان کەوتنە گۆ و زمانیان پژا!
پەڕە پەڕە مێژووی شارستانییەتەکانم بە شوێنتا هەڵدایەوە
لە "وەرکا" بۆ دۆزینەوەت نووسراوی سەر تاتەکانم خوێندەوە
ناوی تۆم لەسەر دەروازەکانی نەینەوا بینی و سۆراغم کردیت
لە میسڕ شوێن پێکانتم لەسەر کەناری نیل هەڵگرت
لە لوتکەی هەڕەمەکانەوە بۆ تۆم ڕوانی و ئەفسوس هەر نەمدۆزیتەوە!
هەتا چین بەدواتا هاتم، عەتارەکان لە هەناسەت میسک و عەتریان دەگرتەوە
لە هندستان بۆ سەلماندنی تەناسوخ، بە باخچەدا ڕۆحی تۆیان دەناسییەوە!
لە گریک چوومە سەر ئەکرۆپۆلی و بانگم کردی
بێ ناوی تۆ؛ لە ئەکادیمیای ئەفڵاتون نەیانهێشت بچمەژوورەوە!
تۆ چرپەیەکیت لە ئەزەلەوە گوێم لێتە
لە ئەفسانەکاندا بۆت گەڕام و دەستەکانتم نەدۆزییەوە
کە هۆمیرۆس ئیلیادەی نووسی تۆ حیبرت بۆ دەگرتەوە
هەندێک دەڵێن؛ نەخشەڕێگای هەڵهاتنت بۆ ئەنتیگۆنا داناوە
بەهۆی تۆوە ئۆرفیۆس پشتی کردووەتە خوداکان
لەبەر تۆ بوو کە ئۆردیکای لەدەست داوە!
بەپێی گێڕانەوەی تەوڕات
سەردەمانێک لە بەهەشتدا باغت ئاوپرژێن کردووە
ئەو کاتەی ئادەم دەرکرا، لە عەدەن مامانی گوڵ بوویت
لە دوای تۆفانی نوحەوە
لە ڕەزەکانی ئۆرشەلیم ترێت کردووە بە شەراب
سەردەستەی ئەو کچانە بوویت، سڵێمان غەزەلی بۆ وتوون!
سەبەئییەکان ئەو کاتەی تۆیان بینیوە، وازیان لە بەلقیس هێناوە
شیوەنەکانی یەرمیاش بۆ بێمەیلی تۆ نووسراوە!

ئەم شیعرانە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://is.gd/Lu3BsA
jineftin
Photo
💫قومێ کانی
دلاوەر ڕەحیمی
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
هەندێک لەو دیمەنانە ڕاستی بوون و خەو نەبوون، هەندێکیان ڕووداوی زەینی بوون، لەو ڕووداوانە بوون کە لە سێ تا پێنج چرکە لە زەیندا ڕوو دەدەن و کە بەئاگا دێیتەوە ناتوانی باوەڕ بهێنی کە ئەو هەموو ڕووداوانە لە سێ چوار پێنج چرکەدا لە زەیندا ڕوویان داوە و، هەم بە ڕاستی ڕوویان داوە و هەم ڕوویان نەداوە، ڕوویان داوە و ڕوویان نەداوە، ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو خوێنە، ئەو هەموو جارە خۆکوشتنە، خۆفڕێدانە، حەب خواردنە، تەق گوللەیەک بە کەللەی خۆتەوە نانە، بە قورگتدا نانە، خۆهەڵدانە بەر لۆری و خۆخستنە خوارەوەیە، ئەو هەموو خوێنە، فرمێسکە، ئەو هەموو هەستە تێکەڵوپێکەڵە، لە یەک کاتدا ترس و بێباکییە، ئەو هەموو چی و چییە، ئەو هەموو خەون و خەوە، ئەو هەموو چی و چییە پێکەوە لە سێ چوار پێنج، تۆ بڵێ شەش چرکەدا ڕوویان داوە، ئەو هەموو خزم و کەس و هاوڕێ و هاوسێ، ناسراو و نەناسراوە، ئەو هەموو هاوخوێن، هاووڵاتی، هاوکۆڵان، هاوشەقام، هاوخەون و هاوخەوەی لەسەر گۆڕەکەتن. چۆن دەکرێ ئەو هەمووە لە سێ چوار پێنج شەش، ئێوە بڵێن حەوت چرکەدا ڕوو دەدەن. ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو دیمەنە، ئەو هەموو سیمایە، ئەو هەموو گۆشەنیگایە، خەوە، خەونە، ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەرچی هەیە و نییەیە، لەنێوان خەوەکان و ڕاستییەکان و خەیاڵ و داڵغەکان و ئەو هەموو هەمووەدا، ئەو هەموو حاڵەتە زەینییانەدا و نووسینی چیرۆکێک لەبارەی ئەودا پەشۆکاو و سەرگەردان بووم. بیرم کردەوە چۆن خۆم دەرباز بکەم، چۆن خۆم لەم تاریکستانەی بە دەستی خۆم، بە زەین و خەیاڵی خۆم، بە ویستی خۆم بۆ خۆمم دروست کردووە، دەرباز بکەم. بیرم کردەوە زمان چ کەتنێک بە مرۆڤ ناکات، بیرم کەوتەوە خەیاڵ مرۆڤ بەرەو کوێ نابات. 
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2023/01/02/%d9%82%d9%88%d9%85%db%8e-%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c/
jineftin
Photo
📚داکەوتنی شۆڕشگێڕ
لە پەراوێزی مەیلە ئێرانییەکانی کاک عەبدوڵڵا موهتەدیدا



عەدنان حەسەنپوور

  تاکە شتێک خەڵکێکی زۆری لە کوردستاندا بێتاقەت کردووە، لێدوان و نزیکبوونەوەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدییە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەم نەفەسە ئێرانییەی خۆیەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نزیکبوونەوە لە ناسیاسەتوان و سێلێبێریتییە بێناوەرۆکەکانی ئێران کە بەشی هەرەزۆریان لە بەرەی ڕاستی کۆنەپارێز، پان و نادیمۆکراتدان، ئەمەیش لەژێر ناوی «دیپلۆماسی و سیاسەت»دا بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوە، وەک چۆن سەردەمانێک ڕادەستکردنی کۆمەڵە بە مەنسوور حێکمەت لەژێر ناوی «شۆڕشی سەرانسەریی کرێکاران»دا بە خەڵک دەفرۆشرایەوە! کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لێدوانێکی لەسەر ئەم پەیامە دا کە پوختەی قسەکانی هەمان ئەو ڕستەیەی سەرەوە بوو و پێشوازی لە دەسپێشخەرییەکە کرد. کە وایە، با هەر لەو ڕستەیەوە دەست پێ بکەینەوە:
«بە گشتی، من هەموو هەوڵێک بۆ لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانیی ناوخۆیی ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی بە کارێکی گونجاو و ئەرێنی و بەکەڵک دەزانم.»
سەرتاپای ئەم ڕستەیە لێوانلێوە لە دژوازی و پارادۆکس، لەو ڕستەیەدا هەندێ وشە و چەمک وەک «پێشمەرجی سەلمێنراو» بەکار هێنراوە کە بچووکترین بەڵگە بۆ سەلماندنیان لە بەردەستدا نییە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت «بەبێ مەرج» پێشوازی لە «هەموو هەوڵێک» بکات؟ ڕەنگە ئەو هەوڵە مەبەستێکی شاراوەی لە پشتەوە بێت کە لە ڕوانینی یەکەمدا خۆی دەرنەخات، کە وایە، پێشوازیی بێمەرج بە تەواوی بێمانایە. ئەڵبەت لەم نموونە تایبەتەدا هەر بە گشتی بابەتەکە پێچەوانەیشە، چونکوو لایەنێکی فاشیستی ڕاستگەرا هەیە کە نیوەئاشکرا و نیوەشاراوە هەم دژایەتیی نەتەوە بندەستەکان دەکات و هەم دژایەتیی خەڵکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، هەر بۆیە لە بنەڕەتەوە هاوپەیمانبوون لەگەڵیدا هەم ناڕەوایە و هەم نامومکین. کەچی تاکە سەرنجی کاک عەبدوڵڵا کە زۆر بە نەرمونیان و موحیبەتیشەوە دەیدرکێنێت (تەنانەت نەیکردە ڕەخنەیش)، ئەوە بوو کە لە پەیامەکەدا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نەنووسراوە، ئەمەشی بە هەڵەیەکی بچووک دەزانی، نەک کارێکی بەئەنقەست بۆ لەخشتەبردنی ناوەرۆکی حەقیقیی بزووتنەوەکە و گۆڕینی بۆ بزاڤێکی «نیشتمانیی ناوەندتەوەرانەی پیاوسالارانەی ڕاستڕەوانە». ئینجا وتی ئەگەر واتان کردبا و دروشمەکەشتان نووسیبا ئەوە بۆ کوردیش باشتر دەبوو و دڵی پێ خۆش دەبوو!!! کاک عەبدوڵڵا هێشتا کوردی پێ ئۆبژە و بندەستە کە ناوەند ئەگەر هەر تەنها دڵی خۆش بکات، کافییە و بەسمانە، وەک بڵێی خەریکن خێرمان پێ دەکەن! ئاشکرایە ئەم نەفەس و هەوایە بە تەواوی هیی مرۆڤی خۆبەکۆیلەزانی بندەستی پەراوێزکەوتەیە کە خۆیشی لە ناهۆشیار و بگرە لە هۆشیاریدا قبووڵی کردووە کە قەدەری ئەو بندەستبوون و ئۆبژەبوونە و دەشێت گەورەکان لە ڕێی خودادا خێرێکی پێ بکەن یان نەیکەن!



درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2ehpbxns