jineftin
766 subscribers
890 photos
79 videos
155 files
1.08K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
💫 تەقینەوەیەک لە ناوەڕاستی نۆڤێمبەر



ژیار ئەسوەد

🔅پاژێک لە شیعرەکە

ئێمەش ئاژەڵێک نین
دەمانەوێ پەی بە نهێییەکان ببەین؟

چونکە منیش
لەو ڕۆژانەم هەبوو

مەتەڵێکم هەڵێنا و گوتیان
قسە لە شێت یان مناڵ.

*

شەوە. نۆڤێمبەرە.

گڵۆپی ماڵ، هۆتێل و یانەکان مرۆڤ کێش دەکەن. شەقام ملهوڕ دەست دەدەنە یەک. دوندی ستوونەکان ونن، سەریان بەتەمە. تەنانەت بێلانەکان شوێن هەورەکان دەچن- کەس نابینرێ لە دەر چاوەڕوانی گۆدۆیەک بێ
دوو قۆچی ئاگرین نەبێ داگیرساوە و لە ئاسماندا لێدەخوڕێ
فریشتەیەکە بڵێسە تینوویەتیی دادەمرکێنێ
فریشتەیەکە بەرکوڵی دۆزەخی لایە
خاڵی نیشانکراوی ئەمجارەی نەخشەکەی
ماڵێکە لە کازیوەی سلێمانی
لیستێکی درێژ ناوی قوربانی.
دەنیشێتەوە، ساتێ کە دکاری مانای نەمان لەمس بکەی؛
دەنگ خۆی کپ دەکا، وێنە خۆی دەسڕێتەوە…
یەک خێزان نەبێ، کۆ بوونەتەوە
وەک ئەوەی دوایین بن لەسەر هەسارە
دوایین هاتوچوون، دوایین خوان، دوایین دوایین.
بەلووعەیەک دەکرێتەوە، تانکییەک گڕ دەگرێ.

*

چەند منداڵێکن و پلەیستەیشنەکەیان
چاوەڕوانن کەمێکی دی، لووت
بۆنی کێکی تازه دەرهێنراو لە فڕن بگرێ
ئینجا هاپی بێرزدەی و کوژانەوەی مۆم، ڕەشبەڵەک و قاشکردن.


🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە  
https://bit.ly/419y5la
jineftin
Photo
💫 هەزارەی هەیدێ لە پیرۆزکراوان





ساماڵ ئەحمەدی

🔅پاژێک لە شیعرەکە

لافاوی ''ئەو سیلسیلە وا خەم بە خەمۆ''
پێلی دەخستە ڕەشاییی ڕەها
نیشتەوە بەسەر پیلی زاگرۆسدا
شۆقی دا دووهەمین دەستپێکی جیهان
/ هەزارەی هەیدێ لە پیرۆزکراوان /
نیشان بەو نیشانەی هەڵۆی سەقز
بە شەقامی شاراندا دەفڕێ
چنگ لە عەمامەی کەویری کاهینان دەگرێ

..

بڕیاری ''ئەو سیلسیلە وا خەم بە خەمۆ''
پرسیاری ئاڵۆزە لە خاو
/ نە نەوتی ئێستا و
نە خەیاڵی کەونی کاهینی /
کە هەر لە بسک جوانە و
خەیاتەش ئەگەر
''زوانەکەم قەڵەم بیهێرم پیا'' و
هانکەی گیان کە وەبەر خڕکەبەرد /سێو/ و
ساچمە /مێخەک/ دێتەوە ئاواڵم
لەسەر شەقام گوڵی سەنگەر /سێپەڕە/ دەچێنێت
دەستەویەخەی ڕەوەدێوی ''ئاتەش بە ئیختیار''
لە گەروویدا گۆرانی دەپێکێت فیشەکی فێدار
ئیدی بە ڕیتمی تاهەتایدا
هەر شەقامە و
''گێژ دەخوات''
''پێچی دەدات'' و
دەگێڕێتەوە
ڕۆژێک بوو
ڕۆژێک نەبوو
لە پشتی گاشە و
داوێنی کانی
لەدایک بوو

🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە  
https://bit.ly/3Kvyx7r
jineftin
Photo
📚کتێبی ژنەفتن ١٩ (ئەلیکترۆنی)📚
📘گیانبازی

عەبوو ڕاوەند

وتەیەک:
شێعر لای من بگرە زیاتر لە ڕۆمان پێویستی بە ئێمە یا هەموومان یا تەواوەتی کۆمەڵگا و ڕووداوەکانی هەیە، شێعر هیچ کات بە تەنیا بەرهەمی یەک کەس یا شاعیر بە تەنیا نییه. شێعر لای من نە تەنیا ئیلهام نییه تەنانەت لە زەمیری ناوشیاری مرۆڤیشەوە سەرچاوە ناگرێ، ئێمە لە دنیا و سەردەمێکدا ئەژین کە هەموو شتێکمان ئەزموون کردووە، بۆیە هەوڵم ئەوە بووە تەنیا ئەو ئەزموونانە لە ناو زمان و نووسیندا ئەزموون بکەم و کەشێکی هونەری پێ بدەم و قووڵتریان بکەمۆ. ئەم شێعرە ئێمەین کاتێک یەکتر ئەناسین، پێکەوە ئەخەوین، قسە ئەکەین، شۆڕش ئەکەین، ئەمرێن، خەیانەت ئەکەین، سیخوڕی ئەکەین، بێتاقەت ئەبین ...، شێعر ئێمە یا هەموومانە بەڵام ئەو هیچ ئەزموون و بیرەوەرییەکی خۆی بیرنەچۆتەوە، شێعر ئێمەین، بەڵام خۆمان ناناسینەوە تێیدا، هەست بە خۆمان ئەکەین لە توێی وشەکاندا وەک ڕۆح و تارمایییەک. ئەم شێعرە تارمایییەکە لە گشتمان، لە ژیانێک کە بیرمان چۆتەوە.
عەبوو ڕاوەند
پاژێک لە شیعرەکە:
جگە لە چەن ناو و ڕووداوێک هیچ شتێکی ئەم نووسراوە کوردی نییە و ئەگەر ئەتوانی لە زمانی ڕووسییەوە بیخوێنەوە.
گەر شەڕیشت کرد ئەتوانی بە چەکی ڕووسییەوە بیکەی
هیدایەتی عەبدووڵڵاپوور پیش ئەوەی چەکدار بکرێ بە چەکی ئامریکایی و دواتر بە چەکی عەرەبستانی و نێوی عەرەبستانییەوە شەڕی کرد و کوژرا
ڕامینی حسەین پەنایی بە چەکی بریتانی و ناوی فارسییەوە شەڕی کرد و کوژرا
بەڵام هاوخەمەکانی حەزیان ئەکرد و ئەیانویست بێژن ڕامین چەکی ڕووسی پێ بووە و شەڕی پێ نەکردووە و کوژراوە
ڕامین کە مرد ناوە فارسییەکەشی کردە ناوێکی مردووی کوردی
تکایە کردت بە چەکی ڕووسییەوە بیکە، بە ناوی ڕووسییەوە بیکە
ئەگەر مردی بە چەکی ڕووسییەوە بمری سەربەرزترە، بە ناوی ڕووسییەوە بمری نەمرترە
وەک من مەبە کە هەر وڵاتێکی بەخشەندە چەکی دامێ شەڕی پێوە ئەکەم. شەڕێکی بەخشەندە، چەکێکی بەخشەندە
وەک من مەبە کە هەر شاعیرێکی بەخشەندە شێعرێکی دایتێ بیخوێنیەوە
خوێن کە ئامیانی شێعرە و لە هەر زمانێکدا بگرسێ ئەیکاتە زمانی کوردی
فیشەک کە لە هەر جەستەیەک بدات ئەیکاتە جەستەیەکی کوژراوی کوردی
ماڵپەڕی نەفتن ئەم دەقەی وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) بڵاو کردووەتەوە.
🔻 لەم بەستەرەی ماڵپەڕی ژنەفتن ئەم کتێبە دابگرن.
https://bit.ly/3KJGDtf
jineftin
Photo
💫مەیموونی شینگاوا



چیرۆک
هاڕوکی موڕاکامی
وەرگێڕانی: دینۆ
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
بەم دوایییانە بە زۆر ناوی خۆی بیر دەهاتەوە. بە زۆری کاتێک کەسێک لە ناکاو لە ناوەکەی دەپرسی، ئەوەی بەسەردا دەهات. بۆ نموونە کاتێک بۆ کورتکردنەوەی قۆڵی کراسەکەی دەچووە دوکانێک و بەرگدرووەکە  دەیپرسی: خاتوون ناوتان چییە؟ یەکسەر تووشی لەبیرچوونەوە دەبووەوە. تەنیا ڕێگەی بیرهاتنەوەی ناوی ئەوە بوو بڕوانامەی لێخوڕینەکەی بێنێتە دەرەوە و لەسەر ئەودا ناوەکەی خۆی بخوێنیتەوە. ئەمە لە لای ئەو کەسانە زۆر سەیر دیاربوو. ئەگەر لە کاتی قسەکردن لە تەلەفۆندا ئەوەی بەسەردا بهاتبایە، ناچار بووایە لەناو جانتاکەیدا بگەڕێت، بێدەنگییەک دروست دەبوو، کەسەکەی بەرانبەری سەری لەوە سووڕ دەما و نەیدەزانی خەریکە چ شتێک ڕوو بدات. هەر کاتێک ئەو دەستپێشخەریی دەکرد و خۆی ناوی خۆی دەگوت، لە بیرهاتنەوەی ناوەکەی کێشەیەکی نەبوو. هەتا کاتێک بیری دەهاتەوە کە ڕەنگە ئەوەی بیر نەیەتەوە کە یادگەی بە باشی کاری دەکرد، بەڵام کاتێک پەلەی بوو، یان کەسێک لە ناکاو ناوی لێ دەپرسی، یادگەی وەک گڵۆپێک بڵاچەیەکی لێ دەدا و دەکوژایەوە؛ ناوی خۆی بەتەواوی لە بیردەکرد. هەرچەندەی هەوڵی دەدا زیاتر لەوە تێدەگەیشت ئەو ناوەی کە تەمەنێک لەگەڵیدا ژیاوە، بیری ناکەوێتەوە.
جگە لە ناوی خۆی هیچ شتێکی دیکەی بیر نەدەچووەوە؛ ناوی ئەو مرۆڤانەی دەوروبەری، ناوونیشان، ژمارەی تەلەفۆن، بەرواری لەدایکبوون، ژمارەی ناسنامەی خۆیشی لە بیر بوو. تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنی هاوڕێکان و کڕیارە گرنگەکانیشی لە بیر بوو. یادگەی هەمیشە باش بووە، تەنیا لە بیرهاتنەوەی ناوی خۆیدا کێشەی هەبوو. ئەو ئاریشە نزیکەی ساڵێک پێشێ دەستی پێ کردبوو، پێش ئەوکاتە هەرگیز شتی وای بەسەردا نەهاتبوو.
ناوی دوای هاوسەرگیریی، میزوکی ئاندو بوو، ناوی کچێنییشی ئاوزاوا بوو..
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەرستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3IW9c5b
https://instagram.com/kewnaraa?igshid=OTJlNzQ0NWM=

ئەنیستاگرامی کەونارا فاڵۆ بکەن.

چاوەڕوان بن
jineftin
Photo
💫سۆکراتی بریندار



چیرۆک

بێرتۆلت برێشت

لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
سۆکرات، کوڕی مامانەکە، کە لە گفتوگۆکانیدا توانای بەسەر ئەوەدا دەشکا باشترین بیرۆکەکان بە چاکی و بە سانایی و بە دونیایەک نوکتە و پێڕابواردن و گاڵتەئامێزییەوە بە هاوڕێکانی بگەیەنێت، پاشان ئەوانیش هەمان ئەو شتانە بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە، نەک وەک ئەو مامۆستایانەی دیکە، سەگەزۆڵیان بۆ بەرهەم بهێنن، وا دەبینرا نەک تەنها زیرەکترینی ناو هەموو یۆناییەکان بێت، بەڵکوو وەک بەجەرگترین و ئازاترینی نێویشیان دەهاتە ئەژمار. ناوبانگی بۆ ئازایەتی، وامان لێ دەکات تەواو بە ڕەوای بزانین ئاوڕی لێ بدەینەوە کاتێک لای ئەفلاتوون ئەوە دەخوێنینەوە چەندە خۆشحاڵ و چەندەش بێباکانە دوادڵۆپی پەرداخە ژەهرەکە هەڵدەقوڕێنێت کە دەسەڵاتداران لە کۆتاییدا لەپای ئەمەک و خزمەتەکانی بەرانبەر بە هاووڵاتییان، پێشنیاری بۆ دەکەن بیخواتەوە. بەڵام هەندێک لە هەوادارانی، هەستیان بەوە کردووە کە لەسەریانە باسی ئازایەتیی ئەو لە مەیدانی جەنگیشدا بکەن. ڕاستییەکەی ئەو لە مەیدانی دێلیوم جەنگاوە و ئەمەش لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی پیادەڕەوی چەکبەدەستی ئاسایی، چونکە نە پێگە چینایەتییەکەی وەک پینەدۆزێک و چ وەک فەیلەسووفێکی بێدەرامەتیش، توانای ئەوەی پێ نەدەبەخشی چەکی قوڕس بکڕێت و پێیان بجەنگێت. هەرچۆنێک بێت، کە دەتوانن بیری لێ بکەنەوە، ئازایەتییەکەی جۆرێکی تایبەت بوو؛ نەک لەو جۆرە ئازایەتییانەی باون. وەرن با حیکایەتی ئازایەتیی ئەو بخوێنینەوە.

🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەرستەرەدا بخوێنەرەوە:

https://bit.ly/3ymbDId
jineftin
Photo
💫 تیرۆژ


نەوا ئەمین

🔅

عەوداڵی جێیەکە پێی بگات

دوگمەیەک دایبگرێت

وەک داگرتنی گڵۆپی حەمامەکە

یان وێنەیەک بیچرکێنێت؛

وێنەی هێڵ و زاویەکانی جەستەی

لە تاریکیدا

.

جەستە دەیەوێت بەرزبێتەوە 

بەرەو بۆشایییەک کە تێیدا؛ ئاوێنەی گوناهەکان

بە شکاوی

پرشنگی جوانتر دەخەنە سەر دیوار

ئەوکاتەی خۆر دەکەوێتە سەریان

.

من لە دووانەی جەستە و ڕۆح تێنەگەیشتم

تا کاتێک ئازاری ڕووشانی پێستم

لەژێر لفکەی کەفاویدا ڕایچڵەکاندم.

.

ئەمجارە نەک ئاوێنە

بەڵکوو تیرۆژە کە دەبێت پارچەپارچە بکرێت…

🔻 ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە  
https://jineftin.krd/2023/03/12/%d8%aa%db%8c%d8%b1%db%86%da%98/
jineftin
Photo
  💫پشیلە ڕەشەکە







چیرۆک
ئێدگار ئالان پۆ
لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد کاوە
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
سبەینێ دەمرم، بەڵێ سبەینێ دەمرم، هەر بۆیە ئەمڕۆ دەمەوێت بە جیهان بڵێم کە چی ڕووی داوە، بەڵکوو بەم وتنە، ئەم ڕۆحەی من لەو شتگەلە ترسناکە درێژبووانەی ناویدا ڕزگاری ببێت.
بەڵام گوێ بگرە! گوێ بگرە، پێویستە گوێبیستی ئەوە ببیت کە چلۆن من ڕووخاوم، کاتێک منداڵ بووم سروشتێکی باشی لە ڕۆحمدا بوونی هەبوو کە وای لێ دەکردم هەموو ئاژەڵێکم خۆشبوێت - هەموو جۆرە ئاژەڵێک، بەڵام بە تایبەت ئەو ئاژەڵانەی کە پێیان دەڵێین ئاژەڵی ماڵی؛ ئاژەڵگەلێک کە فێربوونە چۆن لەگەڵ مرۆڤدا بژین و ماڵەکانیان لەگەڵ یەکتریدا هاوبەش بکەن. شتێک لە خۆشەویستیی ئەم جۆرە ئاژەڵانەدا هەیە، وەک بڵێی ڕاستەوخۆ بۆ دڵی مرۆڤ قسە بکەن، کە پێ دەچێت لە ئەزموونەوە فێری ئەوە بووبێتن. چەندە ناتەواو و ناجێگیرە خۆشەویستیی مرۆڤەکانی دیکە. کاتێک هاوسەرگیریم کرد زۆر گەنج بووم. دەبێت درک بەو خۆشییە بکەیت کە هەستم دەکرد خێزانەکەم هاوشێوەی من خۆشەویستیی خۆی لەگەڵ ئاژەڵەکاندا بەش دەکرد. ماوەیەکی زۆری نەبرد خێزانەکەم چەند جۆرێک لە ئاژەڵی ماڵیی هێنا بۆ ماڵ کە لە خۆشەویستترین جۆریان بوون. باڵندەمان هەبوو، چەند جۆرێکیش لە ماسی، سەگێکی باش و پشیلەیەک. پشیلەکە ئاژەڵێکی جوان بوو، خاوەن قەبارەییەکی گەورەی ناباو بوو و بە تەواوی ڕەش بوو، ناوی "پلوتۆ"م لە پشیلەکە نا - ئەمەیان ئەم ئاژەڵە بوو کە لە سەرجەمیان زیاتر خۆشم دەویست.
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3mOTT5T
jineftin
Photo
💫دۆنایدۆن









چیرۆک
ئەژین فەهمی

🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
(بە ماریا و ماریاکان پێشکەش)
له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ تاریكییه‌كی ئه‌نگوسته‌چاو باڵی به‌سه‌ر ژووره‌ سارده‌كه‌دا كێشاوه.‌ له‌نێو پێخه‌فه‌كه‌ له‌سه‌ر‌ گازه‌را‌ی پشت ڕاكشاوه‌ و لێفه‌ بۆره ئه‌ستووره‌كه‌یشی تا ژێر چه‌ناگه‌ی هێناوه‌، ده‌ستێكی له‌ژێر سه‌ریه‌وه‌ و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌یشی تا سینه‌ی بردووه‌. هه‌ناسه‌سوار و دڵیشی خێرا لێ ده‌دات. ڕه‌شه‌با به‌هێزه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌له‌رزێنێت، به‌ گڤه‌ سامناكه‌كه‌ی گوێچكه‌كانی پڕ کردوون، هه‌راسان ده‌بێت و حه‌جمێنی نامێنێ. له‌ناو جێگه‌كه‌یه‌وه‌ تل ده‌دات و خه‌وی لێ تاڵ بووه‌. “ئاخر چۆن خه‌و بكه‌وێته‌ چاوانمه‌وه‌، خۆ ده‌زانم ئه‌مشه‌ویش وه‌ك دوێنێ شه‌و مۆته‌كه‌ئاسا خۆی به‌ ژوورەکەدا ده‌كات و ده‌ست ده‌نێته‌ ئه‌وكمه‌وه‌.” جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی ئاره‌قكردن ده‌بێت.
هێنده‌ نابات تارمایییه‌كه‌ به‌ ڕوخسارێكی شێواو و جووتباڵی سپییه‌وه وه‌ ده‌ر ده‌كه‌وێ. له‌گه‌ڵ بینینی تارمایییه‌كه‌دا به‌ ڕاده‌یه‌ك بێزاری دایده‌پۆشێ، یه‌كڕاست ڕوخساره‌ ئاوڵاوییه‌كه‌ی وه‌ك كلووه‌به‌فر، سپی هه‌ڵده‌گه‌ڕێت. لە ترساندا، هه‌ر زوو لێفه‌كه‌ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دات. تارمایییه‌كه هێواش هێواش لێی نێزیك ده‌بێته‌وه و خوێن له‌ قاچه‌ بێهێزه‌كانی ده‌تكێن؛ نێو ژووره‌كه هه‌ر له‌ گۆمێكی پڕخوێن ده‌كات. وه‌ك بڵێی بایه‌ك بێت و به‌ر لێفه‌كه‌ بكه‌وێت، لێفه‌كه‌ له‌سه‌ری ده‌خزێت، هه‌ردووك ده‌ستی توند له‌ لێفه‌كه‌ گیر كردووه، چونكه‌ ده‌زانێت، كه‌ هه‌مدیسان تارمایییه‌كه‌ خه‌وی لێ ده‌زڕێنێت. زات ناكات سه‌یری تارمایییه‌كه‌ بكات، له‌ حه‌ژمه‌تدا گاز له‌ لێفه‌كه‌ ده‌گرێت، له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: “هه‌ر چۆنێك بووه‌ ناهێڵم سیمام ببینێت، بۆچی بیبینێت؟” هه‌رچه‌نده‌ هێشتا بوێریی ئه‌وه‌ی نییه سه‌ر له‌ژێر لێفه‌كه‌وه‌ ده‌ربهێنێت، به‌ڵام د‌ەرك به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تارمایییه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا ده‌جووڵێته‌وه. بۆ تاوێك دێته‌ ژوورسه‌ری، له‌ ته‌ك ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كانی پاڵ دیواره‌كه ڕاده‌وه‌ستێت و ده‌ست بۆ كتێبه كۆنه‌ سه‌وزه‌ ئایینییه‌كان ده‌بات، په‌ڕه‌ زه‌رد و بۆره‌كانی هه‌ڵاودیو ده‌كات و له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت: “هه‌ندێ جار، هه‌ندێ كات، ئه‌وه‌ی، كه‌ هه‌ته‌ نایبینی...”
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2023/03/12/%d8%af%db%86%d9%86%d8%a7%db%8c%d8%af%db%86%d9%86/
jineftin
Photo
💫دایکی هەموومان هەمینە



چیرۆک
فریا یوونسی

🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
نابێ بزانین لە درەنگانی کام شەوەوە بۆ پەتێک دەگەڕام تا بۆشایییەک، کونێکی پێ بڕەخسێنم لە نێوان دوو بارستای لێکنراودا. لێک نرابووم، لەمێژ بوو، نەمدەزانی لەگەڵ چی، لەگەڵ کوێی جیهان لێکنراوم. سەرم دەکردە هەر پانتایییەک، لە شتێک، لە بارستایەک دەدرام کە بیناییی تێدا نەدەهێشتم، کوێراییم دادەهات، نەدەبووم. نەدەبوو بزانم بۆ لە درەنگانی ئەو شەوەوە، ئاوا بۆ پەتێک دەگەڕام، بۆ لە درەنگانی هەموو شەوانەوە، ئاوا قامکە گەورەم دەکردە ئەردێک بۆ سەمای قامکی ئاماژەم، بە شوێن پەتێکدا لە پەراوێزم.
سەرەتا هیچمان ناویمان نەدەزانی و تەنانەت بە مێشکیشماندا نەدەهات، بە جۆرێک دایکی هەموومان بێت؛ دایکی هەموو ئەو سکاڵاکەر و سکاڵالێکراوانەی لە ژووری ڕائیدی پۆلیسی شار کاتیان بۆ دانرابوو تا هەریەکەو دۆسیەی خۆی لەگەڵ پێشمەرگەیەک ببات بۆ دادگای هەولێر. بە منداڵێکەوە هاتە ژووری ڕائید و دوایی زانیمان تەمەنی خۆی چل ساڵە و تەمەنی منداڵەکەی نێو باوەشیشی چل ڕۆژە. لای خوارووی ژوورەکە و لەبەر پەنجەرەکەدا، ڕێک لە بەر دیمەنی دووری قەڵادا کە تا ئەوکات کەس سەرنجەی نەدابوو، ڕاوەستا و بە قوڕگێکی گریاوەوە، سڵاوی کرد، ئەوسا ڕائید، لەبەری قنجەپێ هەستا.


درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3Fr9Vcr
jineftin
Photo
📚ژیان، گەڕان بە دوای گێڕانەوەدا
                                           

                                   
پۆل ڕیکۆر

لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی

هەمیشە زانراوە و زۆر جار دووبارە دەبێتەوە کە ژیان شتێکە لە چەشنی گێڕانەوە، لێرەدا باسی چیرۆکی ژیانێک دەکەین وەک تایبەتمەندیی مەودای نێوان لەدایکبوون و مردن، لەگەڵ ئەوەشدا تێگەیشتنی چیرۆکی ژیان بەم ڕێگەیە هێندە ڕوون و سانا نییە، بۆیە شتێکی باو و ئاسایییە کە دەبێت سەرەتا ملکەچی گومانی ڕەخنەیی بین. ئەم گومانەش بەرهەمی هەموو ئەو مەعریفەیەیە، کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە گێڕانەوە بە دەست هاتووە، مەعریفەیەک کە وا دەردەکەوێت گێڕانەوە لە ڕەوتی ژیانی ئەزموونی دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ناوچەی خەیاڵدا قەتیسی دەکات. بۆیە سەرەتا لە هەوڵێکدا بەناو ئەو گێڵگە ڕەخنەیییەدا ڕەت دەبین بۆ ئەوەی دووبارە بە جۆرێکی دیکە بیر لەو پەیوەندییە زۆر ڕاستەوخۆ و سادەیەی نێوان مێژوو و ژیان بکەینەوە، بە شێوەیەک ئەندێشە بەشدار بێت لە دروستکردنی ژیاندا. بۆیە دەمەوێت بۆ پەیوەندیی نێوان گێڕانەوە و ژیان، ڕاستینەکەی سۆکرات بە کار بێنم کە دەڵێت: «ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە، شایانی ژین نییە». وەک خاڵی دەستپێک بۆ ئەوەی ئەو ناوچە ڕەخنەیییە تێپەڕێنم، سەرنجێکی شرۆڤەکارییانە دەخەمە ڕوو: «چیرۆکەکان دەگێڕدرێنەوە و ناژین، ژیان مانەوەیە و ناگێڕدرێتەوە» بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییەی نێوان ژیان و گێڕانەوە، سەرەتا لە کردەی گێڕانەوە خۆی دەکۆڵینەوە.
ئەو تیۆرییە گێڕانەوەیییەی ئێستا دەیخەینە ڕوو، لە یەک کاتدا زۆر تازەیە بەو پێیەی لە فۆڕمی گەشەسەندوودا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فۆڕمالیستە ڕووس و چیکییەکانی دەیەی بیست و سییەکان، بونیادگەرە فڕەنسییەکانی شێست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە هەمان کاتدا تیۆرییەکی تەواو کۆنیشە بەو پێیەی دەتوانین وێنایەکی پێشوەختەی لە "پۆیەتیکا – هونەری شیعر"ی ئەرستۆدا ببینین. ڕاستە ئەرستۆ تەنیا سێ ژانری ئەدەبیی ناسیوە و خستوونیەتە ڕوو، کە ئەوانیش «داستان، تراژیدیا و کۆمیدیا»ن، بەڵام شیکارییەکەی ئەوەندە گشتگیر و ڕوواڵەتی بووە کە مەودای بۆ گواستنەوەی مۆدێرنە جێ هێشتووە. لێرەوە من چەمکی ناوەندی "ئیمپلۆتمێنت – بونیادنان" دەپارێزم، کە بە زمانی یۆنانی «مووثۆس»ە هەم  ئەفسانە «بە مانای چیرۆکێکی خایاڵی» و هەمیش پڵۆت «بە مانای چیرۆکێکی باش بونیادنراو» دەگەیەنێت. هەر ئەم لایەنە دووهەمەی مووثۆسی ئەرستۆیە کە وەک ڕێبەرێک لێرەدا وەریدەگرم، لە دەرەوەی چەمکی پڵۆت کە هیواخوازم هەموو ئەو توخمانەی دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ دووبارەداڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان ژیان و گێڕانەوە، بکێشم.
  درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:

https://bit.ly/42jmlNy