jineftin
766 subscribers
897 photos
79 videos
155 files
1.09K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
💫قومێ کانی
دلاوەر ڕەحیمی
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
هەندێک لەو دیمەنانە ڕاستی بوون و خەو نەبوون، هەندێکیان ڕووداوی زەینی بوون، لەو ڕووداوانە بوون کە لە سێ تا پێنج چرکە لە زەیندا ڕوو دەدەن و کە بەئاگا دێیتەوە ناتوانی باوەڕ بهێنی کە ئەو هەموو ڕووداوانە لە سێ چوار پێنج چرکەدا لە زەیندا ڕوویان داوە و، هەم بە ڕاستی ڕوویان داوە و هەم ڕوویان نەداوە، ڕوویان داوە و ڕوویان نەداوە، ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو خوێنە، ئەو هەموو جارە خۆکوشتنە، خۆفڕێدانە، حەب خواردنە، تەق گوللەیەک بە کەللەی خۆتەوە نانە، بە قورگتدا نانە، خۆهەڵدانە بەر لۆری و خۆخستنە خوارەوەیە، ئەو هەموو خوێنە، فرمێسکە، ئەو هەموو هەستە تێکەڵوپێکەڵە، لە یەک کاتدا ترس و بێباکییە، ئەو هەموو چی و چییە، ئەو هەموو خەون و خەوە، ئەو هەموو چی و چییە پێکەوە لە سێ چوار پێنج، تۆ بڵێ شەش چرکەدا ڕوویان داوە، ئەو هەموو خزم و کەس و هاوڕێ و هاوسێ، ناسراو و نەناسراوە، ئەو هەموو هاوخوێن، هاووڵاتی، هاوکۆڵان، هاوشەقام، هاوخەون و هاوخەوەی لەسەر گۆڕەکەتن. چۆن دەکرێ ئەو هەمووە لە سێ چوار پێنج شەش، ئێوە بڵێن حەوت چرکەدا ڕوو دەدەن. ئەو هەموو ڕووداوە، ئەو هەموو دیمەنە، ئەو هەموو سیمایە، ئەو هەموو گۆشەنیگایە، خەوە، خەونە، ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەمووە. ئەو هەموو هەرچی هەیە و نییەیە، لەنێوان خەوەکان و ڕاستییەکان و خەیاڵ و داڵغەکان و ئەو هەموو هەمووەدا، ئەو هەموو حاڵەتە زەینییانەدا و نووسینی چیرۆکێک لەبارەی ئەودا پەشۆکاو و سەرگەردان بووم. بیرم کردەوە چۆن خۆم دەرباز بکەم، چۆن خۆم لەم تاریکستانەی بە دەستی خۆم، بە زەین و خەیاڵی خۆم، بە ویستی خۆم بۆ خۆمم دروست کردووە، دەرباز بکەم. بیرم کردەوە زمان چ کەتنێک بە مرۆڤ ناکات، بیرم کەوتەوە خەیاڵ مرۆڤ بەرەو کوێ نابات. 
🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://jineftin.krd/2023/01/02/%d9%82%d9%88%d9%85%db%8e-%da%a9%d8%a7%d9%86%db%8c/
jineftin
Photo
📚داکەوتنی شۆڕشگێڕ
لە پەراوێزی مەیلە ئێرانییەکانی کاک عەبدوڵڵا موهتەدیدا



عەدنان حەسەنپوور

  تاکە شتێک خەڵکێکی زۆری لە کوردستاندا بێتاقەت کردووە، لێدوان و نزیکبوونەوەی کاک عەبدوڵڵا موهتەدییە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەم نەفەسە ئێرانییەی خۆیەوە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ نزیکبوونەوە لە ناسیاسەتوان و سێلێبێریتییە بێناوەرۆکەکانی ئێران کە بەشی هەرەزۆریان لە بەرەی ڕاستی کۆنەپارێز، پان و نادیمۆکراتدان، ئەمەیش لەژێر ناوی «دیپلۆماسی و سیاسەت»دا بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشرێتەوە، وەک چۆن سەردەمانێک ڕادەستکردنی کۆمەڵە بە مەنسوور حێکمەت لەژێر ناوی «شۆڕشی سەرانسەریی کرێکاران»دا بە خەڵک دەفرۆشرایەوە! کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا لێدوانێکی لەسەر ئەم پەیامە دا کە پوختەی قسەکانی هەمان ئەو ڕستەیەی سەرەوە بوو و پێشوازی لە دەسپێشخەرییەکە کرد. کە وایە، با هەر لەو ڕستەیەوە دەست پێ بکەینەوە:
«بە گشتی، من هەموو هەوڵێک بۆ لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن و هاوپەیمانیی ناوخۆیی ئۆپۆزیسیۆنی دیمۆکراسیخوازی ئێرانی بە کارێکی گونجاو و ئەرێنی و بەکەڵک دەزانم.»
سەرتاپای ئەم ڕستەیە لێوانلێوە لە دژوازی و پارادۆکس، لەو ڕستەیەدا هەندێ وشە و چەمک وەک «پێشمەرجی سەلمێنراو» بەکار هێنراوە کە بچووکترین بەڵگە بۆ سەلماندنیان لە بەردەستدا نییە. مرۆڤ چۆن دەتوانێت «بەبێ مەرج» پێشوازی لە «هەموو هەوڵێک» بکات؟ ڕەنگە ئەو هەوڵە مەبەستێکی شاراوەی لە پشتەوە بێت کە لە ڕوانینی یەکەمدا خۆی دەرنەخات، کە وایە، پێشوازیی بێمەرج بە تەواوی بێمانایە. ئەڵبەت لەم نموونە تایبەتەدا هەر بە گشتی بابەتەکە پێچەوانەیشە، چونکوو لایەنێکی فاشیستی ڕاستگەرا هەیە کە نیوەئاشکرا و نیوەشاراوە هەم دژایەتیی نەتەوە بندەستەکان دەکات و هەم دژایەتیی خەڵکانی چەپ و پێشکەوتنخواز، هەر بۆیە لە بنەڕەتەوە هاوپەیمانبوون لەگەڵیدا هەم ناڕەوایە و هەم نامومکین. کەچی تاکە سەرنجی کاک عەبدوڵڵا کە زۆر بە نەرمونیان و موحیبەتیشەوە دەیدرکێنێت (تەنانەت نەیکردە ڕەخنەیش)، ئەوە بوو کە لە پەیامەکەدا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نەنووسراوە، ئەمەشی بە هەڵەیەکی بچووک دەزانی، نەک کارێکی بەئەنقەست بۆ لەخشتەبردنی ناوەرۆکی حەقیقیی بزووتنەوەکە و گۆڕینی بۆ بزاڤێکی «نیشتمانیی ناوەندتەوەرانەی پیاوسالارانەی ڕاستڕەوانە». ئینجا وتی ئەگەر واتان کردبا و دروشمەکەشتان نووسیبا ئەوە بۆ کوردیش باشتر دەبوو و دڵی پێ خۆش دەبوو!!! کاک عەبدوڵڵا هێشتا کوردی پێ ئۆبژە و بندەستە کە ناوەند ئەگەر هەر تەنها دڵی خۆش بکات، کافییە و بەسمانە، وەک بڵێی خەریکن خێرمان پێ دەکەن! ئاشکرایە ئەم نەفەس و هەوایە بە تەواوی هیی مرۆڤی خۆبەکۆیلەزانی بندەستی پەراوێزکەوتەیە کە خۆیشی لە ناهۆشیار و بگرە لە هۆشیاریدا قبووڵی کردووە کە قەدەری ئەو بندەستبوون و ئۆبژەبوونە و دەشێت گەورەکان لە ڕێی خودادا خێرێکی پێ بکەن یان نەیکەن!



درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2ehpbxns
jineftin
Photo
📚نەرێت و زانست



ڕێبوار سیوەیلی

  پوختە:
ئەم توێژینەوەیە باس لە گرنگیی نەرێت و زانست لە پنتێكی هاوبەشدا دەكات، ئەمەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆچوونانەی نەرێت وەك دژی زانست پێناسە دەكەن. باسەكە لە سێ بەشدا دەخرێتە ڕوو: یەكەم ڕوانگەی باوی كورد بۆ زانست و نەرێت، كە هیشتاكەش ڕوانگەیەكی كۆڵۆنیاڵیستانەیە و تیایدا زانست وەك چالاكییەكی پێشكەوتوو و نەرێت وەك سێمبوولی دواكەوتوویی دەخرێتە ڕوو. لە بەشی دووەمدا بە نموونەهێنانەوە لە شارستانییەت كورد و پەیوەندیی كورد و سرووشت، باس لە گرنگیی نەرێتی ئەو پەیوەندییە دەكرێت، كە پڕە لە بنەمای بیركردنەوەی زانستییانە و چەند نموونەیەك دەهینرێتەوە. لە بەشی سێیەمیشدا باس لە پێویستی و هاوبەشی نەرێت و زانست دەكەین و لەمەشدا دەگەڕێینەوە ئەو گفتوگۆیانەی زانایان و فەیلەسووفەكان هێناویانەتە پێش و باس لە گرنگیی نەرێت بۆ زانستی ئەمڕۆ دەكەن.
وشە كلیلییەكان: زانست، نەرێت، شارستانییەت، كولتووی دیارگەرا، گفتوگۆ، لیكترفێربوون...

ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://jineftin.krd/2023/01/04/%d9%86%db%95%d8%b1%db%8e%d8%aa-%d9%88-%d8%b2%d8%a7%d9%86%d8%b3%d8%aa/
jineftin
Photo
🎨ڕەنگ و یادەوەریی شوێن
چەند یادداشتێک دەربارەی دواپێشانگەی مەدحەت کاکەیی


 

بەختیار حەمەسوور


🎨 لە دوایین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ڕێک (٣٠ی ١٢)، لە سلێمانی، گەڕەکی شێخان، لە کۆڵانێکی پێچاوپێچ و تەنگ، لە خانوویەکی کۆنینە و داڕووخاودا، هونەرمەندی شێوەکار مەدحەت کاکەیی پێشانگەیەکی "یەک‌ڕۆژەیی" کردەوە. هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بۆ کارێکی هونەری، دەکرێت بۆخۆی ببێتە مایەی لەسەروەستان و لێوردبوونەوە، ئەو خانووەی مەدحەت کاکەیی کارەکانی تێدا نمایش کردبوون، وێڕای فەرامۆشی و لەبیرکردن، هاوکات جێیەک بوو پڕ لە پیسایی، پاشەڕۆک، خاشاک، جلی ژێرەوەی ژنان، پێڵاوی تاکەوتاک و ڕەنگاوڕەنگ، جانتای کاڵبووە و دڕاوی چەرمین، چڵوچێوی پرژوبڵاو، درەختی قەد سووتاو و نیوەوشک، قوتووی بیرە و شووشەی شەربەت و ئۆزۆ، هاوکات هاتوچۆی بەردەوامی سێ پشیلەی مێینەی برسی و کزۆڵەش. مەدحەت لە ناوەندی ئەو گەورەزبڵخانەیەدا و بە دیوارە گڵین و درزبردووەکانیەوە تابلۆکانی هەڵواسیبوون، ئەمە وێڕای بیرخەرەوەی هەندی نموونەی جیهانی سەر بەم چەشنە لە نمایش، هاوتەک یادهێنانەوەیەکە لە ڕۆژانێکیش کە ژیان و کەسانێک لێرەدا بوون و لەگەڵ تاریکداهاتنی دواترووسکە لەم شوێنەشدا، دنیایەک خەون و ئارەزووی ون و فەوتاویش ئاوەوئاو چوون. کاکەیی لەخۆڕا و هەروا ئەم شوێنەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکوو سەرەتا وەک بیرۆکە و دواتریش وەک ئایدیا لێی ڕاماوە و پاشتریش وەک جێیەک بۆ نمایش، هەڵیبژاردووە. هەر بینین و قسەکردنێکی من دەربارەی ئەو پێشانگەیەی مەدحەت کاکەیی شتێکە تەنیا لەناو کایەی ئەدەبیات و یادەوەریدا دەردەبڕدرێت و دەتوانم کۆی پڕۆژەکە لە بازنەی ئەدەبیات و یادەوەریدا وێنا بکەم و لێی بدوێم، وەک تر، نووسینێکی پسپۆڕانە دەربارەی هونەری شێوەکاری و تایبەت ئەو کارانەی مەدحەت کاکەیی لەو پێشانگەیەدا، لە توانای ئەم نووسینە و خودی نووسەرەکەشیدا نییە.

🎨درێژەی ئەم یاداشتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە

https://is.gd/ZY8pTP
jineftin
Photo
📚کاتێک نووسەر جڵەوی کارەکتەرەکانی لەدەست دەدات



یاد شێرزاد

  پەیوەندیی نێوان لیۆ تۆڵستۆی نووسەری ڕوسی و یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکتەرە خەیاڵییەکانی ناو ڕۆمانەکانی (ئانا کارێنینا) دەکرێت وەک نموونەیەکی زۆرباشی جڵەولەدەستدانی نووسەر تەماشا بکرێت. چیرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە باس لە چەند خێزانێکی ئەرستۆکراتی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم دەکات لە سەینت پیتەرسبۆرگی پایتەختی ئەو کاتەی ڕوسیا. ئانا کارێنینای کەسی یەکەمی چیرۆکەکە ژیانێکی ئاسایی بەسەر دەبات لەگەڵ منداڵەکەی و کاونت ئالێکسیی هاوسەری، کە یەکێکە لە ناسراوترین و ڕێزلێگیراوترین پیاوانی ئەو سەردەمەی وڵاتەکە. پاش ناسینی ئەفسەرێکی سوارچاکیی گەنج بە ناوی کاونت ڤرۆنسکی و دروستبوونی پەیوەندی لەگەڵی، ژیانی ئانا سەرلەبەر دەگۆڕێت. خیانەتەکە دەبێتە بابەتێکی گەرمی قسەڵۆکی ناو خێزانە پایەبەرزەکانی شارەکە، بە جۆرێک ئیدی هیچ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی نامێنێت کە تیایدا بە چاوێکی کەم و پڕ لە گومان تەماشای ئانا نەکرێت. پاش ئەوەی ئالێکسیی هاوسەری ئانا بە پەیوەندییەکە دەزانێت، چونکە جیابوونەوە بە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی کولتووری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای ڕوسی دادەنرا، بۆیە لە جیاتی ئەوە چیدیکە ڕێگا نادات ئانا چاوی بە کوڕەکەیان بکەوێت و داوای لێ دەکات لەگەڵ ڤرۆنسکی بڕۆن و وڵاتەکە بەجێ بهێڵن، تاکوو ئیدی ئەم پەیوەندییە نەبێتە هەڕەشە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئالێکسی. تەنگژەکان زیاتر دەبن کاتێک دەردەکەوێ ئانا لە ڤرۆنسکی سکپڕە و دواتریش کچێکیان دەبێت لە کاتێکدا ئانا هێشتا بە فەڕمی هاوسەری ئالێکسییە. بەتێپەڕبوونی کات ڤرۆنسکی لە پەیوەندییەکە سارد دەبێتەوە بەتایبەت کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر پیشە و کارکردنی دەکەوێت و ناوبانگی بەرەو خراپبوون دەچێت. لەلایەکی دیکەوە ئانا هەست بە گوناحێکی زۆر گەورە دەکات بەرامبەر خێزانەکەی و خودا، ئەمەش بە هێواشی تووشی کۆمەڵێک تەنگژەی دەروونی دەکات و پاڵی پێوە دەنێت بەرەو کۆتایییە خەمناکەکەی چیرۆکەکە.

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://is.gd/jHfQhl
jineftin
Photo
📚گێڕانەوەی کرۆکی مرۆڤ، بۆ مرۆڤ،
لەژێر ڕۆشناییی "پێداگۆگیی ستەملێکراوان"




ئەفسانە مستەفا

  سەرەتا کاتێک باس لە دۆخی پەروەردە دەکەین، واقیعێک دەخەینە ڕوو کە ڕەخنە لەخۆیدا هەڵدەگرێت، ئەو دۆخەیە شایستەی گۆڕانکارییە، دۆخێکی بێگیان نییە کە نەتوانرێت دەستکاری بکرێت.
پاولۆ فرێری، ڕەخنەی زۆر ئاڕاستەی پەروەردەی باو دەکات، بەو پەروەردەیە ناوی دەبات کە هۆکارە بۆ لەمرۆڤخستنی مرۆڤەکان، داماڵینی بەها مرۆیییەکان لە مرۆڤ. کاری لەسەر ئەوە کردووە، کە چۆن ئەو مرۆڤە لە مرۆڤخراوە ببێتەوە بە مرۆڤ و بەرەو ڕزگاری هەنگاو بنێت.
سیستەمی پەروەردە لە کوردستان، هەمان ئەو سیستەمەیە کە فرێری ناوی لێ ناوە “پەروەردەی بانکی” ئەم پەروەردەیەش بەدەرە لە هۆشیاریی ڕەخنەیی، میتۆدێکە لەسەر شێوازی تەڵقین کار دەکات، تیایدا هەر بیرکردنەوەیەکی جیاواز، هەر چالاکییەک و خودی مەعریفە خەفە دەکرێت. لەم میتۆدەدا پەروەردە لەسەر ئاستی پەیوەندییە ستوونییەکان بەڕێوە دەچێت.
ئەوەی کە فرێری کردوویەتی هەوڵێک بووە لەپێناو شووناسی مرۆڤدا، مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی مێژوویی و سەیرکردنی وەکوو پڕۆژەیەک بە ئامانجی گۆڕانکاری. پرۆسێسی درووستکردنی تاک (لێرەدا مەبەستم لە دروستکردنی تاک، پیشەسازیی مرۆڤ نییە، بەڵکوو ڕزگارکردنیەتی لەو بیرۆکەیەی مرۆڤ بە پیشەسازی بکرێت، دروستکردنی تاک واتە خۆی بەشدار بێت لە پێگەیاندنی خۆیدا) پرۆسەیەکی درێژمەودایە، گرنگیی ئەم پرۆسەیە لەوەدایە بیرکردنەوە دەبێتە سەنتەر، تاک لەوێوە درک دەکات و پەی بە ژیان دەبات بە ویستێکی ئازادانە. بە بڕوای من ئەم پرۆسەیە کارکردن نییە لەسەر ئەوەی “مرۆڤی چاک” دروست بکرێت، ئەم مرۆڤە گۆڕانکاری ناهێنێتە دی، چونکە چەمکی چاکبوون بەپێی کۆمەڵێک بنەمایە کە “گشت” لەسەری ڕێک کەوتوون و دەیسەپێنن بەسەر تاکێکدا بەبێ ڕەچاوکردنی واقیع. لێرەوە تاک دەبێتە ڕەنگدانەوەی گشت و تاکبوونی خۆی لەبیر دەکات. ئەمەش بەشێکە لە میتۆدی بانکی.
ٮ
درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2qggodad
jineftin
Photo
📚 سەرەتایەک بۆ چەمکە بنەڕەتییەکانی جێندەر و ڕەگەز (Sex)




ئامادەکردن و نووسینی: زانۆ

  چەمکەکان بریتین لەو زاراوانەی کە زانایان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی وەک پۆلی شیکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگا و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بەکاری دەهێنن. لە توێژینەوە جێندەرەکاندا چەندین چەمکی لەو جۆرە هەن کە چوارچێوەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەفتارەکان دیاری دەکەن. مێژووی چەمکی جێندەر درێژ نییە بە پێچەوانەی چەمکی چینایەتی. چەمکی جێندەر بۆ یەکەمجار لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن جۆن مۆنی لە گوتارێکدا بەکار هێنرا کە مەبەست لێی شەرعیەتدان بە گۆڕینی ڕەگەزی بوو، و لە کۆتایییەکانی شەستەکانەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەکار دەهێنرێت. لەو قۆناخەوە، پرسی جێندەر بووەتە ناوەندی باسەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. سەرهەڵدانی ڕاستەقینەی جێندەر وەک چەمکێک تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە شەپۆلی دووەمی فێمینیزم کە سەرنجی بۆ دابەشبوونە ڕەگەزییەکان لە کۆمەڵگادا ڕاکێشا و بۆ ئەو شێوازانەی جیاوازی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دروست کردووە. توێژەرانی فێمینیست دەستیان کرد بە پەرەپێدانی تیۆریی جیاواز سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی «ژن» و هەروەها بەکارهێنانی جێندەر، نەک ڕەگەز، وەک ڕێگەی سەرەکیی باسکردن لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو. هەندێک لە فێمینیستەکان پێیان وایە ژن جگە لە 'ئۆبژەیەک(بابەتێک)ی سێکسی بۆ پیاوان' هیچی تر نییە و لەم ڕێگەی بەشتبوونەوە دەبێتە ژن. بۆیە ئامانج بۆ زۆرێک لە چالاکوانان و توێژەران ئازادکردنی ژن بوو لەناو ئەم کاتیگۆرییانە. توێژەرانی فێمینیست پێشنیازی ئەوە دەکەن کە پێویستە لە گوتار و نووسینە ئەکادیمییەکاندا لەنێوان دوو زاراوەی «جێندەر» و «ڕەگەز» تێ بگەین و جیا بکرێتەوە. پێ دەچێت مشتومڕ لەسەر ئەوەی کامیان گرنگترە، ڕەگەز یان جێندەر، یان باسکردن لەوەی کە چۆن مرۆڤەکان تێ بگەن ڕەگەز چییە، باسکردنی جیندەر زۆر گرنگ بێت.

درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://tinyurl.com/2ee5parn
jineftin
Photo
ده‌رباره‌ی ئیلحاد له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا
ئه‌وانه‌ی باسی جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی ده‌که‌ن؛ باسی چی ده‌که‌ن؟

ماردین ئیبراهیم

«مرۆڤی ناخوداباوه‌ڕ که‌سێکه که بڕوای به بوونی هێزێکی میتافیزیکی پیرۆز نییه، واته مرۆڤی مولحید جیاوازه له مرۆڤی عیلمانی، چونکه ئیلحاد هه‌ڵوێست و شوێنگه‌یه‌کی فیکری و وجودییه، به‌ڵام عیلمانییه‌ت دۆکترینێکی سیاسییه، به‌و مانایه که‌سێکی عیلمانی ده‌کرێت بڕوای به خوا هه‌بێت، بڕوای به هێزێکی میتافیزیکی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و ده‌ره‌وه‌ی گه‌ردوون هه‌بێت، به‌ڵام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و ئابووری و سیاسه‌ت، عیلمانی بێت و بڕوای به پێوه‌ری ئایینی نه‌بێت. واته په‌روه‌ردگارێکی هه‌مه‌توانای پیرۆز، مه‌رجه‌عی کۆزمۆلۆجی و میتافیزیکی که‌سی خوداباوه‌ڕه، به‌ڵام ده‌کرێت هه‌ر هه‌مان که‌س، مه‌رجه‌عه سیاسی و دۆکترینه‌که‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا، ئایین نه‌بێت و خودی هه‌ڵسوکه‌وت و جیهانبینییه‌که‌ی ئایین ئاراسته‌ی نه‌کات. کارل پۆپه‌ر یه‌کێکه له بیرمه‌نده دیاره‌کان که عیلمانییه و لایه‌نگری سه‌رسه‌ختی کۆمه‌ڵگای کراوه‌یه و خۆیشی به مه‌سیحی زانیوه و کۆزمۆلۆجیاکه‌ی کۆزمۆلۆجیای ئینسانی ئیمانداری مه‌سیحی بووه. له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا مه‌سیحی و وه‌ک دۆکترینێکیش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا مرۆڤێکی عیلمانی و کراوه. بۆیه له ڕووی تیۆرییه‌وه هیچ کێشه‌یه‌ک له‌وه‌دا نییه مرۆڤ موسوڵمان بێت و له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا پراکتیزه‌ی بکات، هاوکات له ژیانی گشتیدا به‌رگری له عیلمانیه‌ت بکات. مۆرکردنی هه‌ر که‌سێکی عیلمانی به مولحید و ناخوداباوه‌ڕ ستراتیجێکی ده‌ستئه‌نقه‌سته که هه‌ندێک فیگه‌ر و ته‌وژمی دینی په‌نای بۆ ده‌به‌ن که خواستی ئایدیۆلۆجیای دینی ئاراسته‌یان ده‌کات ئامانجه‌که‌شیان لێدانه له هه‌ر ڕه‌وتێکی ده‌ره‌وه‌ی نه‌خشه ئایدیۆلۆجییه‌که‌ی خۆیان. به‌شی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی له مێژووی ئیسلامدا وه‌ک مولحید ناسێنراون و ئازار دراون و هه‌ندێکیان کوژراون له ڕاستیدا مولحید نه‌بوون، به‌ڵکوو هه‌ڵگری دید و تێڕوانینێک بوون که له‌گه‌ڵ هێڵی سه‌ره‌کیی ڕوانینی بکوژه‌کاندا یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه.»

«جیاوازی هه‌ر ئه‌وه‌ نییه هه‌بێت به‌ڵکوو ده‌بێت به ماف و که‌رامه‌ته‌وه هه‌بێت، دیار بێت، ببینرێت، ببیسترێت، پێگه ‌و ئیعتیباری وه‌کوو مرۆڤی یه‌کسان پارێزراو بێت، مافی هه‌بێت گوزارشت له خۆی و جیهانبینییه‌که‌ی بکات و ئه‌و گوزارشتکردنه نه‌بێته هۆی له‌که‌داربوون و فه‌وتانی چانسی پێگه‌یشتن و سه‌رکه‌وتنی.
جیاوازی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی و تۆلێرانس به ساده‌یی، مانای ئه‌وه‌یه ئێمه هه‌موومان وه‌ک مرۆڤ، ته‌نیا له‌به‌ر مرۆڤبوونه‌که‌مان یه‌کسان بین، خاوه‌ن ماف بین، ده‌رفه‌تی یه‌کسانمان پێ بدرێت، وه‌کوو یه‌ک بۆمان هه‌بێت گوزارشت له ئایدیا و جیهانبینییه‌کانمان بکه‌ین. یه‌کسان بین له ئه‌رک و مافدا به چاوپۆشین له‌وه‌ی موسوڵمانین یان نا-موسوڵمان، ئیماندارین یان بێئیمان، خوداباوه‌ڕین یان ناخوداباوه‌ڕ یان ئه‌گنۆستیک "که‌سێک که گومانداره و دڵنیا نییه خوداباوه‌ڕ بێت یان ناخوداباوه‌ڕ و پێی وایه هیچ لایه‌کیان ناتوانن بیسه‌لمێنن شوێنگه‌ی کامیان ڕاستتره"، یه‌کسان بین به چاوپۆشین له‌وه‌ی مه‌یلی سێکسوالیتیمان چییه، جێنده‌رمان چییه، ژنین یان پیاو یان ناوه‌ندڕه‌گه‌ز، ئینتیمای ئیتنی و کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیمان چییه، ئینجا به چاوپۆشین له‌وه‌ی ئینتیمای سیاسی و گرووپیمان چییه.»

درێژەی ئەم بابەتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:

https://tinyurl.com/2engnkk2
jineftin
Photo
بە ناوی ئەخلاقەوە و لە خزمەتی دەسەڵاتدا
پرسی جێندەر لە تەلەڤیزیۆنەکانی باشووردا؛ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا




یارا

«لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێ لە تەلەڤیزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی شێلگیر و بەردەوام دەستیان داوەتە ورووژاندنی پرسی جێندەر و لەوێشەوە پرسی کۆمەڵگەی «ئێڵ‌جی‌بی‌تی»یەکان لە کوردستاندا و بە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک ئەکادیمیسیەن و مامۆستای زانکۆ، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە «تێڕامانی زانستی» بۆ ئەم پرس و بابەتە هەستیارانە دەکەن. بەڵام بە پێچەوانەی ئەم ئیدیعا و بانگەشانەوە، بەرنامەکانیان هەڵگری هیچ ڕاستییەکی زانستی و تەنانەت تێگەیشتنێکی بەرهەست و قووڵ نین و «ئەکادیمیسیەن و مامۆستا و زانست» زیاتر بۆ «جوانسازی و ڕازاندنەوە» بەکار دەهێنن تا بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتێک کە تا ئێستە شاراوە بووە یاخود سەرکوت کراوە. بە واتایەکی تر، لەو بەرنامانەدا هەندێ زانیاریی کاڵوکرچ و ناتەواو و شرۆڤەنەکراو وەک مەعریفەی زانستیی سەلمێنراو لە قەڵەم دەدرێن و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای دەستکاریکردنی هەستەکانی جەماورەوە وەک پرسی هەرەگەورە و مەترسیدار وێنا بکرێن. لێرەدا دوو بەرنامە  کە هەردووکیان لە تەلەڤیزیۆنی «سپێدە»وە بڵاو کراونەتەوە، وەک نموونە وەرگیراون و هەوڵ دەدرێت لە سۆنگەی ئەو دووانەوە بە شێوەیەکی زۆر سەرپێیی ئاوڕێک بدرێتەوە لە بەرچاوترین کێشەکانی ئەم چەشنە نزیکبوونەوانە لە پرسێکی گرنگی وەک جێندەر و کۆی بزاڤی مافەکانی ژنان و کەمینە جێندەرییەکان لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی هەنووکەی کۆمەڵگای کوردستاندا.»

«جان مینارد کینز، ئابووریزانی ناسراوی سەدەی بیست، ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە، ئەو دەڵێت: «ئەگەر دەتانەوێ نەتەوەیەک لەناو ببەن، باشترین و شاراوەترین کەرەستە بریتییە لە هەڵئاوسان. هەڵئاوسانێکی درێژخایەن دروست بکەن، چونکوو وردەوردە هەرهەموو بنەما ئەخلاقی و ئابوورییەکانی ئەو نەتەوەیە دادەڕووخێت.» ڕەنگە بتوانین هەندێ دیاردە و بەڵای دیکەی وەک درزی چینایەتی و ئیستیبداد و گەندەڵیی ئابووری و سیاسییش هەر لەم ڕیزەدا دابنێین. لە ڕاستیدا ئەوەی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگایەک دادەڕووخێنێ، بە هیچ شێوەیەک کردار یان حەزێکی سێکسیی دوور لە عورفی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە تاکێکی کەمهەژمار و تەنانەت پڕهەژماریش نییە، بەڵکوو بڵاوکردنەوەی هەژاری، هەڵاواردن، گەندەڵی و گرانییە، زەوتکردنی مافی خەڵکە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەشداریکردن لە سیاسەتدا، کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگایە لە لایەن مافیا ئابووری و سیاسییەکانەوە، نەمانی هەستی ئارامی و جێگیربوونە و... . ئەم چەشنە بەرنامانە کە لەژێر ناوی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و بەها ئایینییەکاندا دروست دەکرێن، خۆیان یەکێکن لە هۆکارەکانی کوێرکردنی چاوەکان و کەڕکردنی گوێیەکانی جەماوەرێکی ستەملێکراو و لە هەمان کاتدا میکانیزمێکی زۆر کاریگەرن لە کۆمەڵە میکانیزمەکانی دەسەڵاتە نادیمۆکراتەکان بۆ شاردنەوەی کێشە حەقیقی و سەرەکییەکان و قوتکردنەوەی دیاردەی ساختە و دەستکرد.»

درێژەی ئەم بابەتە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3H1BYjM
jineftin
Photo
  💫پیاوی سەهۆڵین


هاڕوکی مۆڕاکامی
لە ئینگلیزییەوە: دینۆ
🔅پاژێک لە چیرۆکەکە
 
یەکەمجار لە هۆتێلی پەناگەی خلیسکانێ بینیم، سەختە وێنای بینینی پیاوێکی سەهۆڵین بکرێت لە جێگەیەکی تر. لە هۆڵی هۆتێلەکە بوو، لە کاتێکدا جمەی دەهات لە ئاپۆڕای کۆمەڵە گەنجێک، ئەو لە گۆشەیەکی دوور لە ئاگردانەکە دانیشتبوو، بە قووڵی نغرۆی خوێندنەوە بووبوو. نزیکەی نیوەڕۆ بوو، بەڵام وا دیار بوو تیشکی پاک و ساردی بەیانیان تەنیا لەسەر ڕووی ئەو دەدرەوشایەوە. هاوڕێکەم چرپاندی: ئەوە پیاوی سەهۆڵینە!
لەوکاتەدا هیچ بیرۆکەیەکم دەربارەی ئەوە نەبوو کە پیاوی بەستەڵەک دەبێت چۆن بێت، هاوڕێکەشم لەو بارەیەوە نەیتوانی کۆمەکیم بکات، هەموو ئەوەی دەربارەی دەیزانی ئەوە بوو کە پیاوێکە بە ناوی پیاوی سەهۆڵین. دواتر درێژەی پێ دا: لەوانەیە لە سەهۆڵ دروست بووبیت بۆیە وای پێ دەڵێن، بە شێوەیەک بوو، وەک ئەوەی لەبارەی پیاوێکی سەهۆڵین نەدوێت، بەڵکوو لەبارەی تارماییییەک یان پەتایەکەوە بدوێت.
پیاوی سەهۆڵین گەنج دیار بوو، هێڵی سپی وەک پاشماوەی بەفر بەدی دەکرا کە بە بەهێزی بە تاڵە مووە لوولەکانی سەریەوە بەسترابووە. باڵای بەرز بوو، چەنەگەی نووکتیژ بوو، وەک کریستاڵی شەختە. پەنجەکانی بە شەختە داپۆشرابوو وەک ئەوە بوو هەرگیز نەتوێتەوە، جگە لەم شتانە بەتەواوی ئاسایی دەهاتە پێشچاو. ئەو زۆر جوان نەبوو، بەڵام بەلای هەندێک کەسەوە سەرنجڕاکێش بوو. شتێک لەودا هەبوو کە دەیتوانی کونەودەرت بکات. بەتایبەتی چاوەکانی و ئەو تەماشاکردنە ڕوون و بێدەنگانەی وەک بەستەڵەکی دەمەوبەیانیانی زستان، وەک کازیوەی بەرەبەیان لەسەر جەستەیدا بریقەی دەدا. بۆ ساتێک لەوێ وەستام و تەماشای پیاوی سەهۆڵینم کرد لەوبەری هۆڵەکەوە لە کتێبەکەی ڕۆ چووبوو. جووڵەی لە خۆی بڕیبوو، وەک ئەوەی بیەوێت باوەڕ بە خۆی بهێنێت کە بەتەواوی تەنیایە. دوانیوەڕۆی دواتر لە هەمان جێی پێشووی دانیشتبوو، کتێبەکەی دەخوێندەوە. کاتێک ڕۆیشتمە ناندێن بۆ ئەوەی نانی نیوەڕۆ بخۆم، تەنانەت هەتا لای ئێوارێ کاتێک لەگەڵ هاوڕێیانم لە خلیسکانێی سەر بەفر گەڕامەوە، هەر لەوێ بوو، لەسەر هەمان چەرپا دانیشتبوو، هەمان کتێبی بە هەمان جۆر چاو پێدا دەخشاند. ڕۆژی دواتریش هەمان شت بوو، نزیکی نیوەڕۆ بوو لە ژوورەکەم دابەزیمە خوارەوە، بەتەنیا دانیشتبوو، بە هێمنی دەیخوێندەوە وەک ئەوە وابوو تەواوی گەردوونی دەوری بەشێک بن لە دیمەنێکی بەستوو.

🔻 درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3XeD01x
💫 دوو بەژن

ئۆکتاڤیۆ پاز

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
🔅
دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم دوو شەپۆلن
شەویش زەریایە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم دوو بەردن
شەویش سارایە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم بنجن
بە شەودا داکوتراون.

دوو بەژنی ئاوێزان
دەماودەم تیغن
شەویش برووسکەیە.

دوو بەژنی ئاوێزان
دوو ئەستێرەن دەکشێن
لە بۆشاییی ئاسمان.


🔻 بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەتەکان سەردانی ماڵپەڕی ژنەفتن بکەن.
https://jineftin.krd/