jineftin
766 subscribers
890 photos
79 videos
155 files
1.08K links
ماڵپەڕێکی هزری و کولتووریی سەربەخۆیە
jineftin.krd


ژنەفتن لە فەیس بووک
https://www.facebook.com/jineftin

ژنەفتن لە ئینستاگرام
https://www.instagram.com/jineftin/


ژنەفتن لە یوتیوب

jinetin jineftin
پێوەندی:
jineftin@jineftin.krd
Download Telegram
jineftin
Photo
📚سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی یەکەم: سروشتی مرۆڤ
(١-٣)

ئاندرۆ هایوود

لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی

  «ڕەنگە بنەڕەتیترین ئارگیومێنت سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ ئەوە بێت، کە چی هۆکارێک یان هێزێک لە قاڵبی دەدات، ئایا کڕۆکی ئەم سروشتە جێگیرە یاخود پێدراوە، ئایا لەلایەن "سروشت"ەوە مۆدێرن کراوە، یاخود بە کاریگەریی ئەزموونی کۆمەڵایەتی یان "پەروەردە" پێکهاتە کراوە؟ لەم دۆخەدا "سروشت" بە واتای هۆکارە بایۆلۆژی یان بۆماوەیییەکان دێت. ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە کڕۆکی مرۆڤ سروشتێکی نەگۆڕ و دامەزراوە، ئەم بیروباوەڕانە گرنگییەکی زۆری لە تیۆری ساسیدا هەیە، لە پلەی یەکەمدا ئەوە دەگەیەنێت، کە پێویستە تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای چەمکێکی پێشوەختە بنیات بنرێن ئەویش سروشتی مرۆڤە، واتا بەسادەیی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی سروشتی مرۆڤە.
دووەم؛ ئەوە پیشان دەدات، کە ڕەگ و ڕیشەی تێگەیشتنی سیاسی بەگشتی لە زانستە سروشتییەکان و بەتایبەتی لە زانستی بایۆلۆژیدایە، بۆیە دەبێت ئارگیومێنتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای تیۆرییە بایۆلۆژییەکان بنیات بنرێن، کە سیمایەکی زانستی بەو ئارگیومێنتانە ببەخشن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی تیۆرییە بایۆلۆژییەکانی سیاسەت لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان سەندووە.‌»
«کاتێک سروشتی مرۆڤ نەگۆڕ و جێگیر بێت، ئەگەری پێشکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی سنووردار دەبێت، بەڵام ئەگەر گۆڕاو و شێوەگیری بیت ئەوا دەرفەتەکان فراوان و ناکۆتا دەبن، خراپەکارییەکانی وەک، ململانیی کۆمەڵایەتی، ستەمکاری سیاسی و نایەکسانیی جێندەری، دەتوانین بە تەواوەتی بە سەریاندا زاڵ بین، چونکە لە بنەڕەتدا هۆکارەکەیان کۆمەڵایەتییە و بایۆلۆژی نییە.
بیرۆکەی ئەوەی کە سروشتی مرۆڤ شێوەگیرییە و لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە لە قاڵب دراوە، ناوەندی زۆرێک لە تیۆرییە سۆسیالیستەکانە، بۆ نموونە لە کتێبی (ڕوانگەیەکی نوێی کۆمەڵگا–A New View of Society) (١٨١٦) سۆسیالیستی بەریتانی ڕۆبێرت ئۆوین (١٧٧١-١٨٥٨) بنەمایەکی سادەی پێشخست، کە "هەر کارەکتەرێکی گشتی لە باشترینەوە بۆ خراپترین، لە دواکەوتووترینەوە بۆ ڕۆشنبیرترین جۆر، دەشێت لە کۆمەڵگایەکدا هەبێت"، لە نووسینەکانی کاڕڵ مارکسدا، ئەم بنەمایە لە ڕێگەی هەوڵێکەوە پەرەی سەندووە، کە ژینگەی کۆمەڵایەتی چۆن و بۆچی ڕەفتارەکانی مرۆڤ مەرجدار دەکات. مارکس پێی وایە "ئەمە هۆشیاری مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکانیان هۆشیارییان دیاری دەکات".»


درێژەی بەشی یەکەمی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3CQjTmG
jineftin
Photo
بۆچی ژنان لەچکەکانیان فڕێ دەدەن؟

کوردۆ شابان

 
📝 لە ماوەی ئەزموونی دەیەکانی ڕابردوودا سەلماوە، ئەو هەوڵانەی دەگیرێنە بەر بۆ ئەوەی پیاوانی ئایینی تێ بگەیەنرێن کە باڵاپۆشی بنەمایەکی بنەڕەتیی ئایین نییە و داهێنراوە، سوودی نییە، هەروەها ئەوەش سەلماوە، ڕەوتە ئیسلامییەکان، میانڕۆ بن یان توندڕۆ، لەمەر بابەتەیلی ژناندا وەک یەک بیر دەکەنەوە؛ لە تێگەیشتنی هەمووشیاندا، ژن ئامێرێکە بۆ سێکس و بەخشینی چێژ بە پیاو، هەروەها هەموویان کۆکن کە پیاو دەبێت بەسەر ژندا زاڵ ببێت، پیاو وەلی ئەمری ژن، بەخێوکەر، پەروەردەکەر و چەتری سەری بێت و هەموو بڕیارێکش لای ئەوە. وێڕای ئەوەی دەشبینن، چەندان وڵات ژن بەڕێوەیان دەبات و زۆریش سەرکەوتوون. هەروەها ئەوەش سەلماوە، هەڵوێستی داعش، ئیخوان موسلیمین، ئەزهەر، ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران، لە بابەتەکانی مامەڵە لەگەڵ ژناندا، کتومت وەک یەکن، ئەگەرچی لە شێوازەکانی ئەو مامەڵەیە گۆڕانیش هەبێت. بۆ نموونە، لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی زۆر سەرەتایی ئەو چەوسانەوانە دەکەن، لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پەستانێکی جڤاکیی چڕ و فرەجۆر، لە میسریش بە شێوەی فەتوا و جۆری دیکە.
هەموو ڕەوتە ئیسلامییەکان لە چوارچێوەی شەریعەتەوە دەڕواننە ژن و هیچیان ددان بەوەدا نانێن کە ئەو شەریعەتەی پێبەندین، لە گشت ڕوویەکەوە ستەم لە ژن دەکات. فرەژنی و نایەکسانی لە میرات و دوو شایەتی ژن بە پیاوێک، تەنیا چەند نموونەیەکی بچووکی ئەم ستەمەن. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری بکەین، دەزانین کە لەچک، تەنیا پارچە قوماشێک نییە بۆ سەر و داپۆشینی قژ، بەڵکوو قاوغی ئەو کولتوورە پڕاوپڕەیە لە بەکەمتر سەیرکردنی ژن لە هەموو ڕوویەکەوە.
هیچ ڕێگەیەک نییە ژنان بتوانن خۆیان لەم ستەمە پێ ڕزگار بکەن و ئازادی بگەڕێننەوە، جگە لە کاری پێکەوەیی و یەکگرتوویییان لە هەڵمەت و پرۆژەی ڕێکخراودا، هەر بۆیە نابێت پێمان سەیر بێت کە یەکەم هەنگاو دەیگرنە بەر، بریتی بێت لە داماڵینی لەچکەکەیان و سووتاندنی، ئاخر سەرەتا دەبێت ڕووکەشی ستەمەکە لەناو ببەیت، وەک چۆن ئێستە ژنانی ئێران لەژێر دروشمی ژن ژیان ئازادی، دەیگرنە بەر.
ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3Tcm9Ku
jineftin
Photo
📚سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی دووەم: تاک
(٢-٣)

ئاندرۆ هایوود
لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی
  «تاکگەرایی هەر تەنیا واتای باوەڕبوون بە بوونی تاکەکان نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بیرێک وەک سەروەریی تاک بەسەر هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتی یان دەستەجەمعیدا، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە تاک ناوەندی هەر تیۆرێکی سیاسی یان لێکدانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە. بەڵام تاکگەرایی سیمایەکی سیاسیی ڕوونی نییە، هەرچەندە زۆر جار بەستراوەتەوە بە نەریتی لیبڕاڵی کلاسیکی و بیرۆکەکانی وەک حکوومەتی سنووردار و بازاری ئازاد. بەڵام بۆ پاساوی دەستیوەردانی دەوڵەتیش بەکارهاتووە و لە هەمان کاتدا مایەی ڕەزامەندی سۆسیالیستەکانیش بووە. بۆ نموونە هەندێک لە بیرمەندان تاکگەرایی و کۆڵێکتیڤیزم وەک دژە جەمسەری دەبینن، کە نوێنەرایەتی هێڵە شەڕە تەقلیدییەکانی نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزم دەکەن، بەڵام هەندێکی دیکە پێیان وایە ئەم دووانە تەواوکەری یەکن و تەنانەت لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، ئامانجە تاکە کەسییەکان تەنیا لە ڕێگەی کردەوەی بەکۆمەڵەوە دەتوانرێت بەدی بهێنرێن. کێشەکە ئەوەیە، کە هیچ هاوئاهەنگییەک و ڕێککەوتنێک لەسەر سروشتی تاک نییە، هەموو رێبازە تاکگەرایییەکان کار لەسەر بەهای ناوەکی تاک دەکەن، جەخت لەسەر شکۆ و بەهای کەسی و تەنانەت پیرۆزی هەر تاکێک/مرۆڤێک دەکەنەوە، لێ ئەوەی لەسەری ناکۆکن ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت ئەم سیفەتانە بە باشترین شێوە درک بکرێت.‌»
«بیرۆکە لیبڕاڵییەکان لە ئەنجامی داڕمانی فیوداڵیزم لە ئەورووپادا سەریان هەڵدا، لە شوێنی ئەودا کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری بازاڕ هاتە ئاراوە. لیبڕالیزم لە سەرەتاییترین فۆڕمی خۆیدا ڕێبازێکی سیاسی بوو دژ بە ڕەهاگەرایی و شانازیی دەرەبەگایەتی، لە بری ئەوە بانگەشەی بۆ حکوومەتێکی دەستووری و نوێنەرایەتی دەکرد. تا سەدەی نۆزدەهەم بیری سیاسیی لیبڕاڵ جیاواز پەرەی سەندبوو، کە لایەنگری فەزیلەتی سەرمایەداریی "لایسێز-فەیر"ی دەکرد و هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەلایەن حکوومەتەوە شەرمەزار دەکرد. ئەمەش بوو بە ناوەندی لیبڕالیزمی کلاسیکی، یان سەدەی نۆزدەهەم. بەڵام لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە فۆڕمێک لە لیبڕالیزمی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا، کە بە شیوەیەکی لەبارتر تەماشای چاکسازی خۆشگوزەرانی و بەڕێوەبردنی ئابووری دەکرد. ئەمەش بوو بە تەوەری تایبەتمەندیی مۆدێرن، یان لیبڕالیزمی سەدەی بیستەم.»


درێژەی بەشی دووەمی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3SZhQm6
jineftin
Photo
📚سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا
بەشی سێیەم: کۆمەڵگا
(٣-٣)

ئاندرۆ هایوود
لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی
  «کەم زاراوەی سیاسی هەیە هێندەی کۆڵێکتیڤیزم ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی دروست کردبێت، یان هێندە واتایەکی فراوانی لەخۆ گرتبێت. بۆ هەندێک کۆڵێکتیڤیزم ئاماژەیە بە کردارەکانی دەوڵەت و بەرزترین فۆڕمی گەشەسندنی خۆشی لە ناوەندی ئابووریی دەوڵەتە کۆمۆنیستە ئۆرتۆدۆکسەکاندا بەخۆوە بینی، کە پیی دەگوترێت "کۆڵێکتیڤیزمی دەوڵەت". بەڵام هەندێکی دیکە بە کۆمەڵگەرایی بەکاری دەهێنن وەک ئاماژەیەک بۆ کۆمۆنیتاریزم، کە پەسنی کردارێکی کۆمەڵایەتییە نەک خەباتی و هەوڵدانێکی کەسی، بیرۆکەیەکی لەم شێوەیە کاریگەرییەکی ئازادیخوازانە و تەنانەت ئەناکیزمیشی هەبوو، وەک لە "ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی"ی میخائیل باکونین(١٨١٤-١٨٧٦)دا خرایە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا زاراوەی کۆمەڵخوازی هەندێ جار وەک هاوواتای سۆسیالیزم بەکار دەهێنرێت، هەرچەندە زیاتر بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکەیە، کە لەلایەن ڕەخنەگرانی سۆسیالیزمەوە ئاڕاستە دەکرا، بۆ ئەوەی زیاتر وەک داکۆکیکارێک دەرکەوێت کە دەوڵەت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان خۆیان ئەو زاراوەیە بۆ پابەندبوون بە بەرژەوەندییە بەکۆمەڵەکانی مرۆڤایەتی بەکار دێنن. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت ئاماژە بە ناوەڕۆکێکی هاوبەشی بیرە کۆمەڵخوازەکان بکرێت و کۆمەڵێک لێکدانەوە و نەریتی ململانێکان دەستنیشان بکرێن.»
«گرنگی تیۆریی کۆمەڵگا بۆ شیکاری سیاسی، هیچ لە چەمکی سروشتی مرۆڤ بۆ سیاسەت کەمتر نییە. ژیانی سیاسیی پەیوەندییەکی نزیک و بەهێزی بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، ئاخر سیاسەت کەمێک زیاترە لە ڕەنگدانەوەی ئەو گرژی و ململانێیانەی کە کۆمەڵگا دروستی دەکات. بەڵام کارلێکی نێوان سیاسەت و کۆمەڵگا و تاک بابەتی ناکۆکی تووند و مشتومڕی قووڵی ئایدۆلۆژییە. ململانێکانی ناو کۆمەڵگا چین؟ ئەم ململانێیانە لەنێوان کێ دان؟ ئایا دەتوانن بەسەر ئەم ململانێیانەدا زاڵ ببن، یان تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی ژیانی سیاسیین؟ مەودای یەکەمی تیۆرییەکان لەسەر بنەمای چەمکی سەربەخۆییی تاک لە کۆمەڵگادا دامەزراوە. ئەم ڕەوتە پێیان وایە، کە کۆمەڵگا شوێنەوارێکی مرۆیییە و لە لایەن تاکەکانەوە بنیات نراوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مەبەست و بەرژەوەندییەکانیان.»


درێژەی بەشی سێیەمی ئەم توێژینەوەیە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3EMZq3T
jineftin
Photo
📚کورتکردنەوەی ڕۆمان

کاروان عومەر کاکەسوور


  «دەکرێت بگوترێت زمان زیندانێکە و تێیدا ماناکان بەپێی یاساکانی خۆی هەڵدەسووڕێنێت، لە کاتێکدا بە شکاندنی زیندانەکە، ماناکان ئازاد دەبن و لێکدانەوەی جیاوازجیاواز هەڵدەگرن. ئەو تێگەیشتنە هێزێکی گەورە بە ئەدەب و هونەر دەبەخشێت و تەقینەوەی گەورەیان تێدا بەرپا دەکات، وەک چۆن خودی فەلسەفە وزەیەکی لەبننەهاتوو لە ئەدەب و هونەر وەردەگرێت، بە ڕادەیەک سنووری نێوانیان کاڵ بووەتەوە. ئەمڕۆ هەر ڕۆماننووسێکی داهێنەر فیلۆسۆفێک و هەر فیلۆسۆفێکیش ڕۆماننووسێکی فرەدەنگە. (کامۆ)، (ئایرێس مەردۆک)، (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)، (مێلان کۆندێرا) و زۆری دیکە بەو ئەندازەیەی ڕۆماننووسن، فیلۆسۆفیشن..»
«زمانی ڕۆمانی تاکدەنگ زمانێکی ناسراوی ڕۆژانەیە و ڕاستەوخۆ حەقیقەتی زانراوی شتەکان دەردەبڕێت، کە پێشتر جەماوەر ناسیویەتی. ڕۆمانی تاکدەنگ بابەتە زەقەکانی وەک شۆڕش، زیندان، ڕاونان، کۆچ و شتی دیکەی لەم بابەتە دەورووژێنێت و بە هەمان زمانی جەماوەر دەیانگوازێتەوە، لە کاتێکدا ڕۆمانی فرەدەنگ ئەو بابەتانە کاڵ دەکاتەوە، تا ڕووناکی بخاتە سەر وردەکارییە بەلاوەنراوەکانیان. واتە دیوە شاراوەکانیان دەردەخات و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە کۆمەڵێک وێنەی جیاوازدا پێشانیان دەداتەوە، بۆیە ڕۆماننووسی تاکدەنگ ڕاستەوخۆ ڕووی لە جەماوەرە و هیی فرەدەنگ گفتوگۆ لەگەڵ خوێنەری جیاواز دادەمەزرێنێت. ئەوەی لە لای (فۆکۆ) بینیمان، کە پێی وایە پێوەری بەهاکان لە ڕێی دەستەڵاتە وردەکانەوە خراوەتە گەڕ و وەک شێوەیەکی چاودێری خۆی سەپاندووە، تا جەستە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ڕووبەڕووی سزای بکاتەوە، ئەوە لە ڕۆمانی فرەدەنگدا دەردەکەوێت، بەوەی شتە زەقەکان بە لاوە دەنێت و شتە وردەکان لێک دەداتەوە. لەمەوە ڕۆ دەچێتە ناو کەناڵەکانی پەروەردەی کۆمەڵایەتی (socialization) لە چەشنی خێزان، فێرگە، حیزب، پەرستگە، بنکەی کەلتووری و ئەوانەی دیکە، تا نهێنییەکانیان دەربخات. ئەوە پێوەری بەهاکانە، کە دەستەڵاتەکان پاڵپشتین، ئەو بابەتانەی زەق کردوونەتەوە و ڕۆماننووسی سادەنووسیان پێ فریو دەدات، تا وێنەی دەرەوەیان بگرێت و لە ڕێی وەسفەوە چینی دیکەیان بخاتە سەر. ڕۆماننووسی فرەدەنگ پێچەوانەی ڕۆماننووسی تاکدەنگ وا لە دەستەڵات ناڕوانێت، لە شوێنی دیاریکراودا هەیە و بە زەقی دەردەکەوێت، بەڵکوو وەک (فۆکۆ) و (دولووز) لە گفتوگۆی (ڕۆشنبیر و دەستەڵات)دا پێی لەسەر دادەگرن لە هەموو شوێنێکدا بەرجەستەیە.»


درێژەی ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3D0dPbt
jineftin
Photo
«بێزارم لە ئۆنێتی»


خوان تایۆن
لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر
 
📝کەس چاوی لێم نەبوو و چووم لەسەر پێخەفەکەی خوان کارلۆس ئۆنێتی دانیشتم، هەر دەتگوت هێشتا بە دنیایەک خەوزڕانی تر ئاوسە. نەختێک لەسەری تلامەوە و قرچەی بێدەنگییەکی لەمێژینەی دایەوە؛ زانیم هێشتا وێژەکەی شاردراوەتەوە لەو پێخەفەی حەوت حەفتەیە لە کاسا دێ ئەمریکا نمایش کراوە. هەموو ئەوەی ئۆنێتی پێویستی بووە، تەنانەت ئەوەیشی لێی زیاد بووە، ژوورەکەی تێیدا بووە؛ ئەو ژوورەی مەگەر چۆنها لە پەنجەرەکەیەوە هەڵیڕوانیوە. خوان کارلۆس بایەخی بە ڕوواڵەت نەداوە. بێوەژنەکەی، دۆلی ئۆنێتی، تازەکی گێڕایەوە: «هەر لە منداڵییەوە خۆی دابڕاندبوو». سا دوای گەیشتنیشی بە مەدرید لە ساڵی ١٩٧٥ و نیشتەجێبوونی لە شەقامی ئەمریکا ٣١، باڵاخانەی ٣، نهۆمی ٨، ماڵنشینییەکەی هەر ئاسوودەیی و ناوبانگی بۆ هێناوە. خودی نووسەر چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە، «بۆ ئەوەی بیڵێم، بێدەنگیم بەسە، بۆ ئەوەی بیزانم، پێخەفم بەسە.»
وەک بڵێی سڵی لە تەوژمی هەوا کردبێتەوە، هەموو شتێکی پڕبایەخی ئاخنیوەتە ناخەوە. وەگێڕی ڕۆمانی بیر (١٩٣٩) پێشبینیی ڕووداوێکی داهاتوو دەگێڕێتەوە، هاوشێوەی ساردوسڕیی بەرهەمە ئۆنێتییەکانی دواترە: «با هەر کەسێک لە ناخی خۆیدا بگەڕێت، تەنیاوتەنیا لەوێدا حەقیقەت و سەرلەبەری ئەو شاخە شتەی بە دوایدا وێڵە دەدۆزێتەوە. گلان هەمیشە بەرهەمی هونەریی لێ دەکەوێتەوە. هیچی تر لە دەرەوەی خۆمان نییە». هەر بۆیە ڕۆمانەکانی ئێجگار گرێدراوی ڕوواڵەت نین.
خودی ئۆنێتی و ڕووداوی ناو کتێبەکانی ئێجگار هاوشێوەن. بەرهەمەکانی نوقمی دنیای بچکۆلانەن، پەڕاوێزخراوی شوێنی قەتیسن، وەگێڕەکانیشی گۆشەگیر و ئێسکقورس و دوورەپەرێزن. دنیابینییەکی جیاوازی هەبووە کە حوکمڕانیی شێوازی گێڕانەوە و ژینی ئابڵووقەدراوی بە دیوار و دوکەڵی جگەرە کردووە. ڕۆمانەکانی ئاسۆیان نییە، وەک هەڵقوڕاندنی پێکێکی و چاوخوراندنێکی و جگەرەداگیرساندنێکی ئاماژەیان لێ دەچۆڕێتەوە. ئەوە بە هەڵکەوت نییە ئۆنێتی جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێت و کەسایەتییەکانیشی پەستاپەستا دەیکێشن. گاری هاڵدێمان دەڵێت: «ڕۆمانی کورتەژیان (١٩٥٠) سیونۆ جار جگەرەی تێدا کێشراوە، بۆ ئەمشەو (١٩٤٣) سیسوشەش جار، خاکی هیچکەس (١٩٤١)ـیش چلوپێنج جار».
ئەم وتارە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3sik3xr
💫«ئاسمانێک کە ناتوانم تەماشایکەم»

نەوا ئەمین


🔅پاژێک لە شیعرەکە
 
گوڵە سپییەکانی لێرەواڕەکە بە ڕیز گەشەیان کردبوو
من هەنگاوم دەنا لە هەوا
 
گەر سەر بەرەڵاییەک
لە پەڕە سپییەکانیانەوە مەنهۆڵی
جەنگەکانی هەڵبدایەتەوە؛
ئاسەواری ڕاستەقینە
وەک پڕکردنەوەی چاڵیی ڕوومەتێک
کە زلەیەک خستوویەتی؛
بازنەیەکەی بۆش و
سەماکردنێکی پارێزەر.
 
وەک ئەوانەی کەلوپەلی نێو کۆڵەکانیان هەڵڕژا و
کەوتنە نێوانی خەڵکەوە
تیشکی لەدەستچوویان قومات کردە دەمیانەوە و
هەوڵیاندا بدوێن
 
ساماڵ،
هەر ئەوەیشە چاوی ڕوو لە خوارە و 
ئامڕازەکانی قولاپن
 
 
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3CyCsKW
jineftin
Photo
💫 میهربان

ئەژین فەهمی
📝 پاژێک لە چیرۆکەکە
هه‌ر زوو به‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ به‌هێز و زبره‌كانی، تووند یه‌خه‌ی كراسه شینه‌ قۆڵكورته‌كه‌می گرت و به‌ره‌و خۆی په‌لكێشی كردم. هه‌وڵی خۆڕاپسكاندنم هه‌بوو، به‌ڵام نه‌ هێزی ئه‌وه‌م هه‌بوو پاڵێكی پێوه ‌بنێم، نه‌ له‌بیری ئه‌وه‌شدا بووم گاز له ‌ده‌ستوپه‌نجه‌ ناشیرین و زبره‌كانی بگرم. ئه‌و هه‌ر ڕایده‌كێشام و ڕایده‌كێشام. نینۆكه درێژه‌كانی پشته‌مل و گه‌ردنمی زامدار كردبوو. نه‌مده‌زانی به‌ ئازاری قۆڵ و باسكم ڕابگه‌م، یا‌خود له ‌هه‌وڵی گرتنی بیجامه‌كه‌مدا بم، كه‌ خه‌ریك بوو له ‌پێم داده‌كه‌ندرا. بۆ ئه‌وه‌ی لاستیقه‌كه‌ی له‌ كه‌مه‌رم نه‌ترازێت، هه‌ردوو ده‌ستم تووند به‌ بیجامه‌كه‌وه‌‌‌ گرتبوو، كه‌ هه‌ر سپێده‌ی ئه‌و ڕۆژه‌، پووره‌ میهره‌بانم لاستیقه‌كه‌ی به‌ دانه‌یه‌كی تووند و تۆڵتر بۆ نه‌گۆڕیبووم، به‌ڵكوو به‌ مه‌به‌ستی تووندكردنەوەی یه‌ك دوو گرێی لێدابوو.
تا ده‌هات جێگه‌ی ئازاری لاستیقه‌كه‌ له‌نێو قه‌دمدا زیاتر ده‌بوو، منیش زیاتر بڕستم لێ ده‌بڕا. پێڵاوه‌ ڕه‌قه چه‌رمه‌كانی، له‌سه‌ر قاچم دانا و پاڵێكی پێوه‌نام، ئیدی ده‌ستم له‌ كه‌مه‌ری بیجامه‌كه‌م پچڕا و له ‌پێم داكه‌ندرا.
دیسانه‌وه‌ ویستم ڕابكه‌م، ئه‌‌و جاره‌ تووند گرتمی و ده‌ستی به‌ لاستیقه‌كه‌مه‌وه‌ گرت، شه‌رواڵه‌كه‌ی هێنایه‌ خواره‌وه‌، ڕوو له‌ دره‌خته‌كه‌ پاڵێكی پێوه‌نام و تووند خۆی پێوه‌ نووساندم. خێرا خێرا تفی له‌ ده‌ستی ده‌دا و تێنه‌ده‌گه‌یشتم و بێهووده‌ هه‌ر خۆمم ڕاده‌پسكاند، به‌ڵام هێزی منداڵێك له ‌كوێ و ئی مرۆڤێكی پێگه‌یشتوو له‌ كوێ، چ جای ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ ئەژدیهایه‌ك بێت بۆ خۆی.
چه‌ند خووله‌كێك ڕه‌تی دابوو ئاده‌م ‌تووند خۆی پێوه‌ نووساندبووم، كه‌ ده‌نگه‌ده‌نگی هاوڕێكانم هاته‌ به‌ر گوێ، دیار بوو منداڵه‌كان به‌ره‌و لامان دەهاتن. هیوا به‌ده‌م هاویشتنی به‌ردێكه‌وه‌ نزیك بووه‌وه‌ ‌و هاواری كرد: "ده‌ی با به‌ردبارانی بكه‌ین، به‌رد له‌و شێته بگرن". ئیدی من نازانم چۆن بوو بیجامه‌كه‌مم هه‌ڵكێشایه‌وه‌ و ‌هه‌ر یه‌كێكمان به‌لایه‌كدا ڕامان كرد. ئاده‌میش تا نێزیك ماڵه‌وه‌ ‌دوامان كه‌وت، به‌ڵام ئه‌و جاره‌ هیچ كه‌سێکمانی بۆ نه‌گیرا.
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3D5FfNj
jineftin
Photo
💫شەوار
ڕەها ئەبوبەکر
🔅پاژێک لە شیعرەکە
 
دیوارەکان دووکەڵ دەمژن و
ڕایەخەکان موو دەخۆنەوە و
کۆلاش کحول دەردەدا.
لە هەوای شەوی تەماویدا
خۆر خۆی دەسوێتەوە.
مانگ و ئەستێران دەلاوێنەوە
بۆ دوورییەک
کە پێوانە ناکرێ.
هەرچی هەیە ڕووتە.
هەرچی هەیە خۆیەتی و
هەرچی هەیە ناڵەیەتی.
ئاوێنە ڕووبەرێک لە خۆی
لە ئەوانی تر کە بێدەنگ
خەریکی ئازارچەشتنن
دەداتەوە.
لەپێناو دروستکردنی سبێنێیەکی زوودا
درەنگنووستن دەشێ
ڕێگەیەکی خراپ نەبێ.
بۆ هەڵهاتنی خۆر
خۆخواردنەوە
وزەی زێڕینی ڕووناکایی
دەبەخشێتەوە.
ئەو تاریکییەی کە پێوانە ناکرێ
ئەو دوورییە
لە هەناوی سەرینێکی لاکێشەی بۆنخنکدا
دەتلێتەوە. 
 
🔻 درێژەی ئەم شیعرە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە:
https://bit.ly/3TMTZ9p
jineftin
Photo
💫 فراگمێنت

کامۆ ئاراز
📝 پاژێک لە چیرۆکەکە

١
بووکەڵە و پارچە میکانۆکان، یارییەکانی دیکەش، ژوورەکەیان تەنیوە. شێوانشێوییەکە بۆ خۆی. تەلەڤزیۆنەکە داگیرساوە، کەناڵەکە پەخشی فیلمێکە، بەڵام سەرنجی منداڵە بچووکەکە لەسەر بووکەڵەکانە وەک لە هەر شتێکی دیکەی ناو ژوورەکە. پارچە میکانۆکان چ لەسەر شێوەی نێر یان مێ دروست کرا بن، بە یەکیاندا دەکێشێت. لاساییی ئەو دیمەنانە دەکاتەوە کە ئەندامانی خێزانەکەی و خزمانیان لەبەر چاوی کردوویانە: ماچ، شەق، زللە، دەستبردن بۆ جەستە، ڕشتنی شیرێکی ڕەنگ سوور لە جەستەی هەندێکیان، هی سپی لە هەندێکی دیکەیان. لەپڕێکدا سەری دوو لە بووکەشووشە پلاستیکییەکان دەردەهێنێت.
٢
لە پۆلدا دانیشتووە. سەرنجی لە هەموو سووچ و قوژبنەکانی ژوورەکەیە، هەموو ڕەفتار و دەربڕینەکانی سیما و وردەکارییەکانی مامۆستا و هاوپۆلەکانی دەپشکنێت، هەموو شتێک دەبینێت و بیریان لێ دەکاتەوە، تەنها وانەکە نەبێت. ئەو دارەی دوێنێ مامۆستاکەی وای لێ کرد ئەزموونی بکات لەسەر مێزەکە دانراوە، جاروبار مامۆستا دارەکە هەڵدەگرێت و پێی ئاماژە بۆ خەتخەتۆکەکانی سەر تەختەڕەشەکە دەکات. تا دوو هەفتە پێش ئێستا وای دەزانی داری دەستی مامۆستاکان تەنها بۆ پیاکێشانی دەستەکان و تەختەڕەش بەکار دێت، بەڵام دیارە کە وا نییە و جاروبار بە هەندێک شوێنی جەستەشماندا دەچن. دەنگی هاوارێک لەو کەشی بیرکردنەوانەدا دەری دەهێنێت و ڕایدەچڵەکێنێت: چەماوەی داخراو؛ دال؛ دار.
درێژەی ئەم چیرۆکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.
https://bit.ly/3CR5xRN
jineftin
Photo
📸 فۆتۆگرافەری و وێنەی شەقام


نووسین و فۆتۆی: عومەر کەریم
 
📝وێنەی شەقام، وێنەگرتنی خەڵکی سەر شەقامە. ئەگەر چی لە هەموو کاتدا مەرج و پێویست نییە خەڵک تێیدا  نیشان بدرێت. قەتیسکردنی چرکەساتی شوێنێک، دەرخستنی شوێنە قەرەباڵغەکان لە کاتی چۆڵدا، شێوەی بازاڕ و شەقامەکان لە درەنگانی شەو، یان بەرەبەیان، بێ بوونی هیچ فیگەر و سەبجێکتێکی دیاریکراو و زەق، هەر دەچێتە قاڵبی وێنەی شەقام.
ئەم شێوازی وێنە، جیاوازی لەگەڵ وێنەی ئاساییدا ئەوەیە؛ فۆتۆگرافەر چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێتەوە. یان حاڵەتی دەگمەن و نامۆ دەگوازێتەوە. هەڵبەت ئەوانە وا دەکەن ببن بە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بۆ بینەر و فۆتۆیەکی ڕاگوزەر نەبێ بۆیان. وێنە واتا ئەو بوونەی کە بەپێی سروشتی خۆی، خۆی نیشان دەدات و دەردەکەوێ. چیەتیی وێنە، حەتمەن هەر لەناو دەرکەوتنەکاندایە. ئەم قسەیە تەنیا بۆ وێنە فیزیکییەکان ڕاست نییە، بەڵکوو بۆ هەموو وێنە خەیاڵییەکانیش دروستە. ئەو وێنانەی کە لە ئەندێشە و هزرمان وێنایان دەکەین، لە پرۆسێسێکی خەیاڵئامێزانەدا، دەیخەینە نێو فرێمێک لە خەیاڵدانمان و ئەمەیش ئۆتۆماتیکی دەبێتە وێنەیەکی زهنی.
پێچەوانەی ئەوانە، ناکرێ هەر وێنەیەک لە شەقامدا بگیرێت، بخرێتە ژێر ڕۆشناییی ئەو ستایلە. دەبێ جووڵەیەک، پەیامێک، مەبەستێک و هۆکارێک هەبێ. ئەوانە وا دەکەن بە وێنەیەک بڵێین؛ وێنەی هونەری. فۆتۆگرافی وەک چۆن زانستە، ئاواش هونەرە. دەشبێ تێیدا بەرجەستە بێت و ببینرێ. هونەر لە وێنەدا، ئەرکی ئەوەیە مامەڵەیەکی جۆرایەتی لەگەڵ خودی وێنەکە بکات، بە چۆنیەتیی دەرخستنی وردەکارییەکانی ناوی.
وێنەگرتنی ڕۆژانەی خەڵک لە ژینگەکەیان، کارێکی ئاسان نییە. پێویستی بە خۆڕاگری و ماندووبوون و زۆر جاریش ئازایەتی هەیە. چونکە لە هەندێک وێنەدا، پێویستە فۆتۆگرافەر تەواو نزیک بێتەوە لە خەڵک، تا گۆشەیەکی جیاواز و پەیامدار بگرێت.

درێژەی ئەم بابەتە و لەگەڵ نموونەی کۆمەڵێ فۆتۆی عومەر کەریم لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە
https://bit.ly/3eZ0tmG