Jeqnemût/ ژەقنەمووت
1.76K subscribers
5.99K photos
2.76K videos
1.18K files
2.58K links
ژەقنەمووت وشەیەکی لێکدراوە؛ ژەقنە بە واتای فرە تاڵ دێت کە بە عەرەبی و فارسی پێی دەوترێت زەقوم/زقوم واتە مێوەی دۆزەخییان. بەری دارێکی هیندیە کە هەرە تاڵ و تۆخ و ڕەشە!
مووت واتە تام و بۆن کردنی خۆراک. هەر دوو وشەکە پێکەوە واتە تام و بۆنی زۆر تاڵ

@jeqnemut
Download Telegram
#تویتخوێن

بۆچی ئەم ڕەخنانە لە باشوور و ڕۆژئاوا بێمانان؟

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران و پەیامی سەرکردایەتیی باشوور و ڕۆژئاوا بۆ مردنی ڕەییسی شەپۆلێکی سەیری قسەڵۆکی شێوەڕەخنەی لە ناو سۆشیاڵ میدیای ڕۆژهەڵاتدا لێ کەوتووەتەوە. بەڵام زۆرینەی ڕەهای ئەم قسانە بێمانا و دابڕاو لە واقیعن.
با پێشەکی ئەوە بڵێم کە بۆ خۆم چەندین جار بابەتی ڕەخنەییم لەسەر حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی باشوور نووسیوە، نەک هەر تەنها ئێستە بەڵکوو نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێشیش، هەروەها بە شێوەی زارەکی و لە بەردەم خۆیاندا ڕەخنەی توندم لە خۆسەریی ڕۆژئاوا گرتووە. لە ڕووی تیۆر و باوەڕیشەوە دژ بە تێرمێک بە ناوی ڕیال پۆلەتیکم، کە وایە ئەم قسانەی من بە واتای ڕەتکردنەوەی ڕەخنە نییە بەڵکوو ڕەتکردنەوەی قسەی بێبنەما و دابەزاندنی سیاسەتە بۆ کردەیەکی بە ڕواڵەت «ئەخلاقی» کە ئەویش تەنها بۆ کوردە نەک بۆ باقیی جیهان!
لەو ناوچەیەی ئێمەدا کۆمەڵێک دەوڵەت و یاریچی و هاوکێشە هەن کە تەنانەت سۆفی و عارفەکانی ناو خەڵوەتگەیش ناتوانن خۆیانی لێ بپارێزن چ بگا بە دەسەڵات یان حیزبێکی سیاسی. لەم هاوکێشانەدا ئێران وڵاتێکی کاریگەرە کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەیەکی گەورەدا بڵاو کردووەتەوە، بە چەشنێک کە لە ئێراقدا زیاتر لە خودی ئێراقییەکان دەسەڵاتی هەیە و لە سووریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و چەند وڵاتی دیکەیش دەورێکی دیاریکەری لە هەموو شتێکدا هەیە. هەر ئێستە لە پرسی مووچە و بوودجەی خەڵکی باشووردا یەکێکە لە سەرەکیترین بڕیاردەرەکان، وەک چۆن بە ئاسانی مووشەک بە هەولێرەوە ئەنێت و هیچ شتێکیشی ڕووبەڕوو نابێتەوە. یان کاتێک کە دەوڵەتی سووریا ئامادە بوو خۆسەریی ڕۆژئاوا قبووڵ بکات ئەوە ئێران بوو کە ڕێگریی لێ کرد، پرۆکسییەکانیشی سەدان جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵ و حاڵی خەڵکی ڕۆژئاوا. لە نەبوونی هاوسەنگیی هێزدا، ئاخۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم دوژمنە داگیرکەرە کارێکی ئەقڵانییە یان نائەقڵانی؟ لای من نەفسی ئەم هەوڵەی دەسەڵاتی باشوور و ڕۆژئاوا نەتەنها جێی ڕەخنە نییە بەڵکوو کردەیەکی ئەقڵانیشە. بێگومان دەتوانین ڕەخنە لەوە بگرین کە زێدەڕۆییان کردووە و هەندێ لە قسەکان لە بازنەی دیپلۆماسی چوونەتە دەرەوە، بەڵام ئەوەی کە لە سۆنگەیەکی پاکژخوازانەوە (تنزەطلبی) هەڵکوتینە سەریان، وەک ئەوەی لە هەموو ئەم جیهانە پیس و گڵاوەدا تەنها کوردە کە دەبێ پیس نەبێت، هەڵگری هیچ واتایەکی ئەقڵانی نییە. ئەوە ڕێک ئەو پێگە و دەورەیە کە هەموو فاشیستانی دەوروبەریش ئەیانەوێ بیسەپێنن بە سەرماندا، وێنەیەکی خێڵەکییانەیان لە ئێمە دروست کردووە و پێمان دەڵێن ئێوە دەبێ لە ناو لیتاوێکی قوڕەوە تێپەڕن بەبێ ئەوەی تۆسقاڵێکیش پیس بن، ئەگەر هات و پیس بوون ئەوە ئیتر مافی ژیانیشتان نامێنێت. ئەمە لە کاتێکدا کە خۆیان یەک جووڵەی بچووکیش چییە بە ئاڕاستەی گۆڕینی نەزمی نادادپەروەرانەی جیهاندا ناکەن و دوودەستی لکاون بە بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە. هەروەها چەپەکانی دونیایش پێمان دەڵێن ئێوە نابێ بە هیچ شێوەیەک تێکەڵ بە ڕیال پۆلەتیک بن و ئەگەر بوون ئەوە ئیتر خەتێکی سوورتان بەسەردا دەهێنین. کەچی خودی مارکس لە مەیدانی سیاسەتدا نەتەنها تێکەڵ بە ڕیال پۆلەتیک بوو بەڵکوو لەگەڵ لیبراڵەکانیشدا بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران بوو بە هاوپەیمان. ئەوان دەیانەوێ ئێمە هێندە بەو پاکژخوازییە مەحاڵەوە بگلێین کە بە کردەوە هیچمان بۆ نەکرێت و بۆ ئەبەد هەر بندەست بمێنینەوە، ئێمەش وەک منداڵێکی ساوا بەم وێنە جوان و ڕازاوەیە سەرخۆش و یەکسەر تەسلیمی ئەبین.
زۆربەی ئەو بۆچوونانەی لەم چەن حەفتەیەدا لە لایەن هەندێ دەستەبژێر و چالاکی کورد و هەروەها سۆشیاڵ میدیای ڕۆژهەڵاتەوە بەرانبەر بەم ڕووداوانە خراوەتە بەردەست، ڕەخنە نییە بەڵکوو کێبەرکێیەکە بۆ خۆجوانکردن؛ هەرکەس زیاتر وەفاداریی خۆی بەو وێنە پاکژ و رازاوەیە نیشان بدات، ئینسانێکی ئەخلاقیتر و شایانی ستایشە!