میزان - کـوردستان
1.65K subscribers
201 photos
164 videos
69 files
898 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
🔹عاشقی کوێر

🔹عاشق چاو لە حەق و باتڵ ناکات.

🔹عەشق هێزێکی غەریب لە ناخدا درووس ئەکات کە دەس ئەنێت بە بیناقاقەت.

🔹عاشق دەمرێ،مردنێکی وەهمی لە پێناو مەعشووق.

🔹عەشق مەترسیدارترین شتە لە هەمان کاتیشدا ئەتوانێ بەستێنێکی ئارامی بێ بۆ مرۆڤ لە پێناو چاکەبووندا.

🎙عێرفان مستەفا

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟥 ڕازێک لە ژیانی ئەدەبیم!

من؛ وەکوو نووسەرێکی ناوداری ئەم وڵاتە، خاوەنی چەندین ئاسەواری ئەدەبیم. چەندین جار لایەنگرانم ڕێزیان گرتووە لە چالاکی ئەدەبی و کەلتووری "من". بەڵام ئەمڕۆ پێویستە ڕازێکتان لەلا بدرکێنم کە سی ساڵە لە دڵی خۆمدا ڕامگرتووە و خۆمیش نازانم چۆن هەتا ئێستا نەمهێشتووە ژن و منداڵ و دۆستانی نزیکم پێی بزانن.

ڕازەکە ئەوەیە کە سی ساڵ بەرلە ئێستا، بووم بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارەی کە ئەمڕۆ ئێوە خاوەنین. زۆر حەزم دەکرد ببم بە کەسێک وەکوو نووسەرە مەزنەکان کە خەڵک هەمیشە بە حورمەتەوە ناویان دێنن. بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە من پیاوی ئەو ڕێگا نیم. ئەو کارە، خوێندەواری دەوێ، شەونخوونی دەوێ، هەستی جوان و بوێری و ئامانجی بەرزی دەوێ. دەبێ قازانجی خەڵک لە بەرچاو بگریت... بۆیە تەنیا، کارم بوو بە نووسینی هەواڵ سەبارەت بە گەندەڵەدزی و ڕووداوی هاتوچوو و چەن شتی کەم بایەخ.
بە هۆی کار لە گۆڤار لە گەڵ کابرایەک بووین بە ناسیار. ڕۆژێک ئەو کابرا پێشنیارێکی سەیری هێنا ئاراوە! دەیگوت من تەنیا حەزم لە پارەو ماڵی دنیایە. زانیومە ئەتۆش زۆر بێزووی(مەگیرانی) شۆرەت و ناوبانگ دەکەی. من بابەتت بۆ دەنووسم، تۆش لە گۆڤارەکەتان بە ناو و وێنەی خۆتەوە بڵاوی بکەرەوە. لە سەدا هەشتای داهاتی ئەو نووسراوانە بۆ من بێت، ناوبانگ و دانیشتن لە ڕیزی پێشەوەی کونفرانس و کۆبوونەوەکانیش بۆ تۆ.
وتم جا ئەگەر خەڵک بەو کەینوبەینە بزانن دەمانکەن بە پەندی عاڵەم. وتی خەڵک زۆر لەوە شوورەییتریان دی و هیچ نەقەوما. وتم ئەی باری ئەخلاقیەکەی؟ وتی:کام ئەخلاق؟  ئەمڕۆ کەس ناوێرێ بەرهەمی خۆی بداتە دەستی فڵانە مامۆستای ناودار، خێرا بە ناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. فیسارە مامۆستا بە دەستی قوتابیان و فێرخوازان بابەتی زۆر کۆ دەکاتەوە و دواییش دەیکاتە موڵکی خۆی. بە هیچ شێوازێک نایەڵن کەس سەر دەربێنێ نەوەک لە خۆیان سەرتر بێت و لەوەش ناشیرینتر... دەی خۆ من و تۆ نە بەرهەمی ڕەنجی خەڵک دەدزین، نە بەر بە پێشکەوتنی خاوەن بەهرەکان دەگرین ونە... من تەنیا قەڵەمی خۆمم بە تۆ فرۆشتووە و نرخەکەشی دیارە. ڕاستیەکەت دەوێت، من نامەوێ وەکوو ئەوانە بم کە وتیان هونەرو قەڵەم بۆ فرۆش نابێت. کەچی لە دوایی، بۆ خەرجی ماڵەوە بە ناچاری وڵک و گورچیلەی خۆیان دەفرۆشت.

ئاخری ڕێکەوتین. خودا حەقە، جگە لە من قەت بۆ کەسی دیکەی نەنووسی. کارمان لە برەودا بوو. وای لێهاتبوو دەمگوت فڵانە شت وا بنووسە، خەڵک وایان پێخۆشە. چاوەڕوان بووین، با لە کام لاوە دێت بەو بارەدا شەنمان دەکرد. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، کوڕان و کچانی ساکار و دڵپاک، شانی منیان ماچ دەکرد و مامۆستا، مامۆستا دەکەوتنە شوێنم کە پشتی وێنەیەکی خۆمیان بۆ واژۆ بکەم. لەو لاش کابرای نووسەر پارە لە سەر پارە، وای لێهاتبوو، شای بە گاوان نەدەگرت. سی ساڵمان بەو شێوە ڕابوارد. تووشی کێشەی وا نەهاتم. چەند جارێک بیستم کە خەڵک دەڵێن ئەم کابرایە هەر پارە کۆ دەکاتەوە و دەیشارێتەوە. بۆیە خۆم کرد بە خێرخواز و بەو شێوە ئەوەشم پینە کرد. لە هەر شوێنێک پێویست بە قسەکردن بوو، لە باتی قسەی بەڵگەمەندو ئاکادمیک، دەمکرد بە بەزمی درووشمدان، هاوڕێ لەگەڵ چەند وەشەی بێگانە کە خۆمیش ماناکەیانم نەدەزانی. دەمگوت ئێمەش وەکوو ئەدەبی ڕووس و فەرانسە پێویستمان بە ڕەوتێکی ئەدەبیە و من هەوڵی بنەڕەتی دەدەم کە گەورەیی زمان و هونەری ڕەسەنی خۆمان بە دنیا بسەلمێنم و... بەڵام دیارە کەسێک کە کەلتوور و هونەر و زمانی خۆی ناکاتە بناغەی کار و لە پێش چاوی سووکە، هیچ قسەشی بۆ دنیا نیە...

بەڵام ئێستا تووشی کێشەیەکی ڕاستەقینە هاتووم. کابرای نووسەر دەڵێ من سێ بووکم لە ماڵە، خەرجمان زۆرە. ئیستەرەم، پارەی زۆرتر. هیچ هەڕەشەو گوڕەشەش ناکات. تەنیا شاخی کردووە و هیچ نانووسێت. بەو مانگرتنەی، ناوبانگی من تووشی مەترسی هاتووە. منیش تەنیا تاریفی خەڵکم بۆ ماوەتەوە، جا ئەگەر با لەم کونەوە بێت ئەوەش نامێنێت.

ئێستا بەڕێزتان کە خاوەنی ئەو گۆڤارەن، ئاگادار بوون کە من چۆن نووسەرێکم. بەڵام ئەوەش بزانن کە ئەو نووسراوانە، ئامیان(هەوێن) و ئامێژەنی گۆڤارەکەتانە. جا قسە هەزارە، یەکی بەکارە. تکایە پارەیێک بە ناوی قەرز و فەرز یان خەڵات و بەرات یان هەرناوێک پێتان خۆشە دابین بفەرموون. هەم ناوەکەی من با نایبا و هەم فرۆشی ئێوەش بەردەوامە.

دینۆ بۆتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)

خوێنەری بەڕێز؛
قەڵەمی بەرز و هونەری ڕاستەقینە ناوبانگیش دێنێ. نە دەبێت و نە دەکرێت بەری پێبگرین. ئەگەر وابکەین لە ڕاستیدا بەهرەکان دەفەوتێنین. بەڵام ئامانجی ئەدەب و هونەر، بەرزی بیری ئینسانیە، نەک پارە و ناوبانگ.
زۆر پێویستمان بە سیستمەکی پەروەردە هەیە هەم بەر بە فەوتانی بەهرەکان بگرێت و هەم شارەزامان بکات کە ڕێگا نەدەین هەرکە بێت و بە درۆ و دەلەسە یان خۆ ڕووتکردنەوە، یان.. ببێت بە خاوەنی ئەدەب و هونەری وڵاتەکەمان...

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٣/٢١
هەڵسەنگاندنێکی_ڕەخنەیی_بۆ_کتێبی_سفری_لە_ماڵ_مانەوە_.pdf
135.6 KB
کتێبی "سفری لە ماڵ مانەوە: چوونەدەر لە ماڵی نائۆمێدی" بە قەڵەمی مەنسوور تەیفووری لە لایەن وەشانخانەی 49کتێب، چاپی یەکەم، سوێد 2024، بڵاو کراوەتەوە. لەم یادداشتەدا "بەڕێز خاکپوور" هەوڵ دەدات زۆر بە کورتی پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی لەسەر ئەو کتێبە بێنێتە ئاراوە و ڕەنگوڕواڵەتی زانستیی و هەروەها ئایدیۆلۆژیکەکانی  ئەو کتێبە شەنوکەو بکرێت.

🔹گێڕانەوەی پێچەوانەی نووسەر لە سەر شووڕای بەڕیوبەری ئەو دەمی شاری سنە.

🔹نووسەر بە ڕوونی لە تەپوتۆزی شیکاریی ئایدیۆلۆژیکدا نووقم بووە، بە جۆرێک کە ئاراستەیەکی پڕاوپڕ لایەنگیرانەی تاکڕەهەندی ئایدیۆلۆژیک دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

🔹جۆرێک باسی نوێخوازی و سیکولاریسمی سیاسی لای مامۆستا شێخ عێزەدین دەکات کە گوایە تەنیا ڕۆشنگەری لە کوردستان ئەوان بوون.

🔹بە بۆچوونی من تەیفووری بە ئەنقەست و بە مەیلی خۆی بە جێگەی تەفسیر، شێواندنی کاریکاتۆری دەخاتە بەردەستی خوێنەر

🔹چەمکاندنی  چەپەوانە و ئیدۆلۆژیک لە ڕووداوە مێژوویەکان،خۆ بە پێغەمبەر زانین و ڕزگار بەخش لە قەڵەمدان لە لایەن هەر تاک و گروپێک شتێکی نازانستی و لۆژیکیە،بە جۆرێک ئەویتر تاوانبارکردن و خۆ دەربازکردنە.


http://T.me/Mizankurdi
قوربان، قوربانان قوربانی دەکرا..
بەشی قوربانی بۆ ماڵان دەبـرا..

ئێستا بڕێ کەس قوربانی دەکەن..
بەشە جوانەکەی بۆ ماڵ خۆ دەبەن..

ئەمجار هەر بەوە خۆ ڕازی نابێ..
ڕان و پشت مازە، لە بۆ کەبابێ.

ئیتر هەژاران تۆزێ پێشە و پڵان،..
دەبووە نەسیبیان لە ڕۆژی قوربان..

قوربان، قوربانی کەڵە پیاوی ئەوێ،..
پیاوێ زۆر چاک و دڵ‌هەتاوی ئەوێ..

قوربان، قوربان بوو کردت قوربانی..
بە دڵێکی خاوێن بۆ خوای ڕەبانی..

لووتت بەرز نەبێ لەوەیکە دەتوانی..
مەڕێ یان گایەک بکەیتە قوربانی..

خووی دەمارگژی بکەرە قوربانی..
ڕووخۆش بە لەل خەڵک به مێهرەبانی..

دڵ ساف کە لە ڕق و کینەی بێ سەمەر..
تێهەڵدە لە خراپە و لە دڵ بیکە دەر..

ئەمجار خوای گەورە قوربانی ئاوا..
قەبوولی دەکات و نادرێ بە ئاوا..


🌹🌹🌹جەژنی قوربان لە هەموو موسڵمانان و بەتایبەتی خەڵکی کوردستانی ئازیز پیرۆز بێ


هەرمان ۹۷/٥/۲۹


👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟥 بیری ئازادی

لە ڕێگا، یەکێک لە سەربازەکان بە پێکەنینەوە وتی: بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە کە دەچین، دەرفەتێکی باشیان بۆت ڕەخساندووە.

لە قسەکەی تێ نەگەیشتم! کام دەرفەت؟ جا کارەسات لەوەش تاڵتر دەبێت؟ لە وڵاتی غەریب حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بە سەرتا بسەپێنن!؟

ئەو زیندانە تەنیا تایبەت بەوانە بوو کە سزایان، زیندانی هەتاهەتایی بوو. بۆیە کەس باسی ئازادی نەدەکرد. جۆرێک لە ژیان بوو کە هەر ساتێک مەرگێکی تێدا تاقی دەکرایەوە.

پاش چەند ڕۆژ تازە زانیم مەبەست لە دەرفەت چییە. لەو شارەدا نەریتێک هەبوو کە شێوەی یاسای بە خۆیەوە گرتبوو. هەرچەند مانگ جارێک، بەپێی پشکخستنی بەرپرسانی زیندان، یەکێکیان هەڵدەبژارد. دیانبردە سەربانی بەندیخانە. خەڵکی شاریش کە پێشتر ئاگادار کرابوون، بە گەورە و بچووک، ژن و پیاو، ڕووناکبیر و ڕەمەکی... هەموو دەهاتن. ئەو کەسە نیوکاتژمێر مەودای هەبوو کە وتارێک پێشکەش بەو خەڵکە بکات. جا ئەگەر خەڵک وتارەکەیان وەبەر دڵ کەوتبا، دەیانکرد بە چەپڵەڕێزان. واتە لە لایەن کۆمەڵگاوە بەخشراویت و ئازادی. دەنا ئەو تەنیا دەرفەتەش بۆ هەتاهەتایە دەبوو بە هیچ. تۆ کە جارێک لە لایەن دەستەڵاتەوە سزا دراوێت، ئەگەر جاری دووهەم لە لایەن خەڵکیشەوە تاوانبار بکریت، واتە دەردەکەت لێ دەبێت بە دوو.
ڕۆژانی هەوەڵ لەچەند کەسێک کە ساڵانی ڕابردوو، دەست لە گۆچان درێژتر لە سەربان گەڕابوونەوە، پرسیارم کرد، بەڵام تەنیا زەردەخەنەیەکی تاڵیان پێشکەشم کرد! ئاخۆ باسی چییان کردووە؟ چۆنیان باس کردووە؟ گریاون؟ پاڕاونەتەوە؟ هاواریان کردووە؟ ئەو خەڵکە بە چی ڕازی دەبن کە ئەو ئازادیەت پێ ببەخشن؟؟؟

دەیانگۆت لە ڕابردوودا چەند کەسێک توانیویانە ئازاد بن. بەڵام وەکوو ئەفسانە دەهاتە بەر گوێ. لانیکەم هەتا نۆ ساڵ، ئازادی وەکوو پڵاوی خانەقا هەر ناوەکەی بوو. کەس تامخوای نەکرد. ئەو نۆ ساڵە بە شەو و بە ڕوژ بیرم لێ دەکردەوە. ئاخۆ ئەوە ناوی دەرفەتە یان ئەشکەنجە؟ چاوەڕێ بوون، خۆی ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ تۆ یەکجار مافی قسەکردنت هەیە ئەویش کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ کابرا بە لاوی هاتۆتە زیندان، ئێستا پیر و کوێر، بە لێو قەبرەوە دەلەرزێ، تازە ئازادی بۆچییە؟ ئاخۆ ئەوە ئەشکەنجە نییە کە کابرا هاودەنگ و هاودەردی تۆیە و لەلات دانیشتووە بەڵام حەز بە ئازادی تۆ ناکات؟ ئەشکەنجە نییە کە هەرکەس وادەزانێت ڕازی ئازادی تەنیا لای خۆیە و باقی سەرلێشێواون و ئازادیەکەشی تەنیا بۆ خۆی دەوێت؟ ئاخۆ خەڵکی شار بۆ قسە و هاواری تۆ، وەکوو بەزمێک بۆ ڕابواردن ناڕوانن؟ ئازادی تۆ ئەسیری چەپڵەی ئەوانەوە؟ بۆ دەبێ کارت بکەوێتە لای کەسانێک کە باسی ئازادی و گوێزژماردن بەلایانەوە یەکێکە؟ سواڵی ئازادی مانای هەیە؟

ڕۆژێک وتیان دوو کاتژمێری دیکە حازر بە. تۆ هەڵبژاردەی ئەمجارەی. خەڵک چاوەڕوانن.
هیچ دڵەڕاوکەم نەبوو. حازر و ئامادە بووم.  لە پاش نۆ ساڵ بیرکردنەوە لەخۆم، لە کۆمەڵگا، لە ئازادی، من وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەم دەزانی. 

دوو سەرباز منیان بردە سەربان و تەنیا لەبەرانبەر بەو خەڵکە بەجێیان هێشتم. قنج و قیت ڕاوێستا بووم و سەیری ئەو خەڵکەم دەکرد. یەکێک هاواری کرد: دا دوو قسەی خۆشمان بۆ بگێڕەوە، با تۆزێ پێبکەنین. یەکێکی دیکە بە قاقاوە وتی برا بێتاوانەکەم، دەزانم دایکی پیرت چاوەڕێتە، ئەگەر هەتا ئێستا نەمردبێت! ئەوی دیکە وتی: جا ژن و منداڵت تاوانیان چییە؟ تۆ ئەوانیشت بەدبەخت کردووە. ژنێکی زەردئەسمەری،  سینگ و بەرۆکی خۆی ئاوەڵا کردبوو. هاواری دەکرد: بۆ ئێرە بڕوانە....
بەڵام من بێدەنگ لە بێستنی ئەو هەموو قسانە کە هیچیان بۆم گرینگ نەبوو، تەنیا بۆ ئەو خەڵکەم دەڕوانی. زۆریان ڕست و کەمم بیست. ئاخرەکەی یەکێک وتی براگیان بۆ هیچ قسەیەکمان بۆ ناکەی؟ خۆ تۆ تازە هاتوویت... جەماوەر بێدەنگ بوون. زۆر لەسەرەخۆ ڕووم کردە خەڵکەکەو وتم: من لەسەر داخوازی خۆم لێرە نیم. بەرپرسانی زیندان بۆ خۆیان منیان هەڵبژاردووە. دەنا من قسەیەکم نییە کە ئێوە پێی کەیفخۆش بن. من لەم زیندانەدا ڕازی بەختەوەریم دەستخستووە. من لە ئێوە ئازادترم. ئێستاش کە منیان هێناوە، تەنیا تکام ئەوەیە، مەرد بن و ئەو بەختەوەریەم لێ تێک مەدەن. من لێرەدا بە ئاواتی خۆم گەیشتووم...
پاش چەند چرکە، لەو بێدەنگیەدا، دەنگی چەپڵەیەک و دوان و دە و سەدان چەپلە بەرزەوەبوو. من هەر دەمڕوانی...
کە هاتمە خوارەوە، وتیان: لە ئێستا بەولاوە تۆ ئازادی....

دینۆ بوتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)

خوێنەری خاوەنبیر؛
ئەو پیاوە بە هۆی بیڕکردنەوەی قووڵ، لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی تێ گەیشت. زانی کە ئازادی لە پێشدا لە دەروونەوە چەکەرە دێنێت. کاتێک کە تۆ زاڵ دەبی بە سەر دەروونی خۆتدا. نە گاڵتە و نە چەپڵەی خەڵک کار ناکاتە سەر ویست و ئیرادەت. بە پێچەوانەی ئەو چەند کەسەی پاڵ دیوار، کە ئازادییان بە قاقای بڵحانە و قسەی سووک دەزانی، یان ئەو ژنە کە ئازادی لە ڕووت بوونەوەدا دەدیت...

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٤/٠٢
🔴 دەردی ئێمە نەزانینە؟

ئاخرو ئۆخری مانگی گەلاوێژ، من و هاوڕێیەک لە کوێستان شەومان بەسەردا هات.

ئەو ڕۆژە، چەک لەشان، شوێنی نچیرێکمان هەڵگرتبوو. ئێوارە بە هاوڕێکەم گوت: بێخەم بە، لەو دیوی ئەو ملە و سەریاڵە دێهاتێک هەیە. خانەخوێیەک شک دەبەم.

بۆ شەو بووین بە میوانیان. بەپێی نەریتی لادێ زۆر ڕێزیان نواند. لەسەر داخوازی من بۆ خەوتن لە سەربان جێگەوبانمان بۆ ڕاخرا. هەروا کە ڕاکشابووم و چاوم لە ئەستێران بڕیبوو، وتم هاوڕێ، ساڵەهای ساڵە من ئەم بنەماڵە دەناسم. ژنی ئەم ماڵە ئەگەر کاوێژی بکردبا گۆشتی بۆ خواردن حەڵاڵ بوو. خۆ هەر چاوی بە شار نەکەوتووە. هەموو ژیانی لە پەنای ئەو تەنوور و کوانووەدا تێپەڕاندووە. تەنیا شەوان دەچێتە بەر دەرکە و لای ژنانی دراوسێ دادەنیشێت. هاوڕێکەم گوتی ئەو ژیانە هی سەردەمی ئەشکەوتنشینانە نەک سەردەمی خوێندەواران! بەپێی یاسایەکی نەنووسراوی دواکەوتووانە، دەجووڵێتەوە. مرۆڤ نابێت وەکوو ڕەقە و کیسەڵ بچێتە نێو قاپیلکەوە (قاپوورە، قاوغ، لاک).
وتم براکەم، زۆرێک لە خەڵک خوێندەوارن و لە شاریش دەژین بەڵام قاپووڕەیان زۆر زۆر لە هی کیسەڵ ڕەقترە. سەردەمانێک من لە شارۆچکەیەک مامۆستای قوتابخانە بووم. دەوڵەت کۆمەڵێک قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی بۆ کوڕان و کچانی ئەو دەوروبەرە دامەزراندبوو. ئێمەش چینێک مامۆستای پیاو و ژن، دەرسمان بە منداڵان دەگوت. یەک لەوانە کابرایەک بوو، ئێستاش هەر نەمزانی سەر بە کام ئایین بوو، بێدەنگ هەر دەیڕوانی. نەماندەوێرا کارێک بکەین، خێرا هاواری بەرز دەبووەوە کە وامەکەن، نەوەک لەگەڵ دەستوور یەک نەگرێتەوە. فڵانە کار مەکەن نەوەک بەرپرسی ناحیە تووڕە بێت. لە ترسی خۆی ڕاپۆرتی لەسەر هەموو مامۆستایان دەنووسی. خۆزگا تەنیا لەسەر ئێمە بوایا. جارێک ڕاپورتی لەسەر مەلاش نووسیبوو کە بە چاوی خۆم دیومە شەوێک لەگەڵ پیاوانی گەڕەک جۆرابێنی کردووە.

ئەو کابرا تەنیا قاپیلکەی بۆ خۆی دروست نەکردبوو، هەموومانی هاویشتبووە قاپیلکەوە.

ڕۆژێک وتیان لە سەر داخوازی بەرپرسی قوتابخانە دوو مامۆستامان لێ زیاد دەبێت. کە هاتن، دیتمان خۆشک و برایەک بوون خەڵکی شارێکی دوور. خۆشکەکە تەمەنی لەسەرەوە بوو. لە نێو خۆمان ڕاوێژمان کرد ئەگەر ئەو کابرا هان بدەین ئەو قەیرەکچە مارە بکات، ملی دەبێت بە پەتەوە و سەرقاڵی ژیان دەبێت، ئێمەش ئاسوودە دەبین. وردە وردە باسەکەمان هێنا ئاراوە. دیار بوو ئەو لە داماوی، ئەم لە جێماوی، بە کەڵکی یەکتر دەهاتن. بەڵام هەر بیانووی دەهێناوە کە ئاخۆ کێشەمان بۆ دروست نابێت؟بەرپرسان ڕازین؟ لەگەڵ یاسای پەروەردە دەگونجێت؟.. لەباتی حەز و خۆشویستن هەر پرسیاری یاسای دەکرد.

ڕۆژێک سەرلەبەیانی لە دیوی پشووی مامۆستایان دانشتبووین.کچە بە سواری بایسیکڵ(دووچەرخە)خۆی کرد بە نێو حەوشەدا. کابرا زۆر تووڕە بوو. ڕووی کردە برای کچە و وتی ئەو کارەی خۆشکت باش نییە. نابێ ژنان فێری ئەو بەزمە بن و زۆری لەو بارەوە قسە کرد کە نەوەک لەگەڵ یاسا یەک نەگرێتەوە. برای کچە خۆی بۆ ڕانەگیرا و وتی: خۆ لاڕەشەت نییە، ڕاپورتێکی لەسەر بنووسە! کابرا وتی وادەزانی ناینووسم؟ بەڵێ، من نابێ لەبەر کەس تووشی کێشە بم. برای کچە وتی: دەی چیمان لێ دەکەن؟ "ئێمە نین و گەدایی؟ ئێرەش نەبوو، کولیایی". هەستا لەپێش چاوی هەمووان، ملی کابرای گرت و فڕی دایە دەرێ. لە پلیکانان بە چەند سەرمەقولانج چووە خوارەوە، جا وەرە سەیری پێکەنینی ئێمە و منداڵان.کابرا هەتا ئەو ڕۆژە وای بەسەر نەهاتبوو. بە پەلە گەڕایەوە بۆ ماڵ.

لای ئێوارە چوومە سەردانی. کزۆڵکە دانیشتبوو. بریندار نەبوو، بەڵام کێشە دەروونییەکە پەرەی ئەستاندبوو. هەر دەیگوت، ئەگەر بەرپرسانی پەروەردە بزانن، ئابڕووم دەچێ.من لەلایان خاوەن ناوم. منداڵان چیدی بە قسەم ناکەن، بارم لار بوو..

پاش چەند ڕۆژ درواسێکان وتیان کابرا مرد.
لە سەرقەبران کەسم نەدیت بۆی خەمبار بێت. لەشی ئەو پیاوە چووە چاڵێکی کپەوە. هەروا کە لە ژیانیدا لە چاڵێکی ڕەشدا دەژیا. بەڵام ڕۆحی دزەی کردبووە دەروونی خەڵکەوە.ئەوە لە ئاکار و ڕەفتاری زۆریکدا دیار بوو..

هاوڕێ؛ دەردی ئێمە قاپووڕەی نەزانین نییە، دەردی ئێمە دەم پانەوکردنی زانایە لە بەردەم زاڵم. گرینگ نەبوونی حاڵی هەژارانە لای ڕووناکبیر. دەم قووچاندن و چاونوقاندنە لە ناحەقی. ژینی سەرشۆڕیە لەبەر پلە و نان. ڕاهاتنمانە لەگەڵ گەندەڵی... 

لەو سەربانەوە دەمڕوانییە ناو دێ. مانگ خەرمانەی دابوو. لەو نیوەشەوە گوێم لە دەنگی لاوێکی خەرمانخەف بوو.دەنگی هەڵێنا:
ئەوا مانگ هەڵات دەربەند بوو خاڵی
دەبێ بیپۆشین بەرگی عەبداڵی..

ژیان بەو دەردەشەوە هەر بەردەوامە.

ئانتوان چێخوف١٨٩٨/سروژ استپانیان

خوێنەری هێژا،
ئەو ژنە هەژارە لەو کوێرە دێهاتە، هەر ئەوەندەی لە ژیان دەزانی و ئاگای لە دنیای دەرەوە نەبوو. بەڵام کێشەی دنیای ئەمڕۆ نەزانین نییە، ڕێگای سەخڵەتی نێوان زانینە تا فامین.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٤/٣٠



http://T.me/Mizankurdi
ناسیونالیسم گەورەترین ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتورییەتەکان و بنیاتنانی جیهانی مودێڕن و سیستەمی دەوڵەت-تەوەر لە دوو سەدەی ڕابردوودا گێڕا، بەڵام کۆتایی نەهاتووە. هێشتاش بەهێزترین، سەرەکیترین و بەڕەونەقترین ئایدۆلۆژیای سیاسییە لە هەموو جیهاندا کە قووڵترین کاریگەری لەسەر ڕووداو و دیاردە سیاسییەکان دادەنێت. چەقی ناسیونالیزم نەتەوەیە و دەوڵەتخوازی وەک گونجاوترین مودێلی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەرکەوتەی سەرەکی ناسیونالیزمە. لەڕاستیدا لە ئێستای جیهاندا هەموو نەتەوەیەک پێی خۆشە سنووری جیاواز و دەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەبێت و کاروباری خۆی بە بێ دەستێوەردانی "ئەوانی تر" بەڕێوە ببات. هیچ نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت ئامادە نییە دەست لەو ڕێکخراوە مەزنە سیاسییەی تایبەت بە خۆی هەڵبگرێت. هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش خوازیاری دەوڵەتن، گەرچی هەموویان ناتوانن بەو ئاواتەیان بگەن. بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و خاوەن دەوڵەتەکان هێشتا ئامادەن لەپێناو نەتەوە و خاک و نیشتمانی خۆیاندا خەبات بکەن و گیانیان بەخت بکەن.  ناسیونالیزم ئایینی هاوبەشی هەموو نەتەوەکانە.

ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیای ڕزگاری و سەربەستییە و پەیوەندی بە مانەوەی نەتەوەکانەوە هەیە. باقی ئایدۆلۆژییەکان وەک لیبرالیزم و سۆسیالیزم و هتد مۆدیل و بەرنامەی ژیانن. ناسیونالیزم بنەماییتر و پێویستترە چونکە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بیر لە چۆنێتی و شێوازەکانی ژیانی بکاتەوە پێش ئەوەی مانەوەی فیزیکی و ناسنامەیی خۆی مسۆگەر بکات. لۆژیکی ئەم باسە ئاسانە:  "بمێنەوە و پاشان چۆنت پێ خۆش بوو بژی!". بۆیە ناسیونالیزم بەبەراورد لەگەڵ باقی ئایدۆلۆژییەکان پلەیەک سەرتر و سەروگەردنێک بەرزتر و نزیک لە هەمیشە براوەیە. ئەمە سەبارەت بە هەموو کۆمەڵگەکان ڕاستە. لەڕاستیدا هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا نییە ناسیونالیست نەبێ. نەتەوەیەک ڕەنگە لیبراڵ بێت یا سۆسیال یا ئیسلام یا بڕوامەند بە هەر ئایدیایەکی تر، بەڵام لیبراڵەکان، موسڵمانەکان و سۆسیالیستەکان لەوەدا هاوبەشن کە ناسیونالیستن. گەردوون تەنراوە بە ناسیونالیزم. هۆکارەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزم توانای جووتگیری زۆر و فراوانە: ناسیونالیزمی ئیسلامی، ناسیونالیزمی چەپ، ناسیونالیزمی لیبرال.

چەپەکان، ئیسلامییەکان و لیبرالەکان لە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر سەرناکەون مەگەر ئەوەی هەوڵ بدەن ناسیونالیزمێکی پتەو و نەتەوەیەکی فراوانخواز لە کۆمەڵگەی خۆیاندا بەرهەم بێنن. فراوانخواز لانیکەم بەو مانایە کە پێیان وابێت ئەوان شایستەیی ئەوەیان هەیە ڕێنما و ڕێنوێنی باقی گەلان و نەتەوەکان بن! هەر لەم چوارچێوەیەدا ئیسلامییەکان و مارکسیستەکان ناتوانن ئۆمەت و کۆمۆن پێک بهێنن و سنوورەکان بسڕنەوە مەگەر ئەوەی پێشتر دەوڵەت (دەرکەوتەی ناسیونالیستی) لە مەزنترین فۆرمی خۆیدا بنیات بنێن! تا ئێستا وڵاتانی موسڵمان گەلێک جار پێکەوە جەنگاون و لەوبەر چەم و کێو و سنوورەکانەوە بەمەبەستی بنیاتنانی خەلافەتی ئۆمەت تەوەر کۆمەڵکوژییان ڕێک خستووە. زۆرینەی کرێکارانی جیهان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی وڵات و نیشتمانی خۆیان خەباتیان کردووە و کوژراون نەک لە پێناو بەرژەوەندی کرێکارانی وڵاتانی تر! لەوە گەڕێین هەر ئێستاکە ترامپ و پۆتین و خامنەیی و ئەسەد و ئەردۆغان و نەتانیاهۆ و ئیسماعیل هەنیە و کیم جونگ ئون و زلێنسکی خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە لەژێر ناوی "نەتەوە" کار دەکەن. هیچ ڕکابەرێکی دێموکرات و نادێموکرات ناتوانێ جێی ئەوانە بگرێتەوە ئەگەر بە ناوی "نەتەوە" و بە "ناسیونالیزم"ێکی بەهێزتر و خەستتر بەرەنگاریان نەبێتەوە. ئەمە بە ڕوونی پێمان دەڵێ ناسیونالیزم هێزی بزوێنەری سیاسەتە؟

مزگێنی زۆر دراوە بەڵام چاوەڕوانی هیچ تیۆری، هزر و قوتابخانەیەک سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ناسیونالیزم هەتا ئەم ساتەوەختە وەڕاست نەگەڕاوە. دەستەواژەگەلێکی وەک ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ و ناسیونالیزمی ڕەش و ناسیونالیزمی نەفرەتی تەنیا ئەدەبیاتی  پەراوێزخراوەکان و لاوازەکانە. ڕەنگە ئێستا وەک زۆرینەی قۆناغەکانی پێشووی مێژووی سیاسی کورد زۆرێک هەوڵی چڕ بدەن بۆ جێخستنی تێزی "جارێ زووە"، بەڵام لەکۆتاییدا هەر تاکێکی کورد لەوە تێدەگات کە چارەیەکی نییە و مەحکوومە بەوەی ناسیونالیست/ دەوڵەتخواز بێت. ئەزموونەکانی سەراپای عالەم پێمان دەڵێن ئەوە ئەگەر نا تاقە فاکتەر، لانیکەم گرینگترین توخمی ڕزگاریی و گونجاوترین میکانیزمی دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە لە بەرزترین ئاستدا. ڕزگاری نیشتمانی لە ناسیونالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ "ئیزم"ێکی تر سوودمەند نابێت مەگەر ئەوەی لە گێڕانەوەکانیدا گرینگی بە هەست و بیری نەتەوەیی و جێگە و پێگەی ناسیونالیزم بدات و لەگەڵی جووت بێت. ناسیونالیزمی کوردی شۆڕشی ڕاستەقینەیە دژ بە داگیرکەران. ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون؛ بێ هۆ نییە زیاترین پەلامارەکان دژ بە ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە.


محەمەد حوسێنزادە
نیشتمان ئێحسانی تۆیە خوێنی باوباپیری من
هێزی شان و نووری دیدە و قودرەتی تەدبیری من


#کاکە ئەحمەد موفتیزادە
🟥 ئێوە کێن؟؟؟؟ خێڵی درۆ!

‌سێ ڕۆژ لەمەوپێش، لای ئێوارە چوومە جێژوان. له خۆشیان، تا شوێنی ژوانگە هەر ئاسمانم گەز دەکرد. کچێکی لەبار، سەر بە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند، لەنێو باخ و دارستانی خۆیان چاوەڕێم بوو.

لە سرتە سرتی نێو جێژوان، پێمگوت: لەو ڕۆژەوە کە عەشقی تۆ لە ناخمدا پەڵەی دا، هەتا ئەمڕۆ، بە دزیەوە خۆشم ویستوویی و بە پەنامەکی خەونم پێوە دیوی، نەوەک نەیار بەو عەشقە بێگەردەمان بزانێت. بەڵام ئێستا کە دڵم کەلەوڕێژی خۆشەویستییە، دەبا عالەم بزانێت کە من بەبێ سێبەری بەژنی عەشقت، پێدەشتێکی بێ ئاو و باڵندەیەکی باڵشکاوم. باوەشی تۆ مەرهەمێکە بۆ هەزاران زامی بێ سامانی دڵ.

بەڵام.... بەڵام ئاخۆ تۆ دەتوانی ببی بە هاوڕێی ڕێبوارێکی ڕێگای عەشق و ئازادی کە لە دنیادا تەنیا دەفتەرێک پڕ لە بەرامەی شعری جوان و دڵێک بە نووری عەشق چراخان و سازێک پڕ لە نەغمەی خۆشەویستی شک دەبات؟ کچە وتی: من زۆر شەیدای ئەو شێوە قسەکردنەی تۆم. بەڵام دڵنیابە ژیانی تۆش وانامێنێت. من تاقانە کچی ئەم بنەماڵە خوداپێداوەم. هەموو سەروەت و سامانی باوکم بۆ ئێمەیە.

(هەر نازانم لەو کاتەدا چۆن شەیتان ڕەشمە و هەوساری زمانی منی گرتە دەست) وتم: نا نا، لای هەڵۆی بەرزەفڕ، کە چۆنیەتی ژیانی بۆ گرینگە نە درێژایی تەمەن؛ قەت باسی پارە مەکە!!

تۆ دەبێ هاوڕێی من بێت کاتێک دەروونی من وەکوو بورکانێکی ئاورین دژ بە گیانی زاڵمان هەڵدەقوڵێ. (لە دڵی خۆمدا وتم: من نە هەڵۆی بەرزەفڕم نە بورکانی ئاورین. من بای فەنام، هاتووم بکەومە ژێر ماڵ و دارایی باوکت. من داڵم، لەسەر کەلاکی سەرمایەی لە ژماردن نەهاتووتان).

تۆ دەبێ هاوڕێی من بیت کاتێک وەکوو پڵنگی چنگ بە خوێن هێرش دەبەم بۆ گیانی خوێنمژان. (لە دڵی خۆمدا دەمگوت: هێرش دەبەم بەڵام وەکوو پشیلە بۆ پارووی چەور، مەگەر هەر تەنیا ئێوە دەزانن بە خۆشی ڕایبوێرن؟).

هاوڕێم بە، هەتا ئەو ڕۆژەی خوێنم دەبێ بە خەنە، بۆ دەست و پێی بووکی ئازادی و بە دەستی خۆت جەستەی خەستەم  لە جاڕە گوڵێکدا دەنێژی. (سەبرت هەبێ هەتا مارەت دەکەم، جا دەزانی مەنێک چەند کیلۆیە).....

بەزمێکی سەیر بوو. بە زمان، کۆرپەی ئەوینم دەلاواند و بە دڵ، پیلانی تاڵانکردنی سامانی ئەو بنەماڵەم دادەڕشت. هەم سەرخۆشی وتار و فەرمایشتی خۆم بووم و هەم سەرمستی لە داوخستنی نێچیرێکی ساویلکە.

کەچی بۆ قوڕبەسەری، لەو کاتەدا کچە دەستی کرد بە گریان. دەیگوت من شایانی تۆ نیم. ئەگەرچی ئەو قسانەت زۆر پیاوانەیە بەڵام بە دەستی خۆم نییە، من لە ماڵێکی چەندقاتی و لەسەر سفرەی ڕەنگین و له نێو نوێنی نەرم پەروەردە کراوم. دەترسم بەرگەی ئەو ڕێگا پیرۆزە و ئەو ئاواتە بەرزانە نەگرم. بە قوڵپەی گریانەوە بەرەو ماڵی خۆیان هەڵات. منیش دەمم بوو بە تەڵەی تەقیاو.

کە ئەو کچە ڕۆیشت، دام بە سەر خۆمدا، حەک مار بدات بە زمانتەوە چەنەوەری دەمشڕ. چەشنی ورچ کە لە ئەشکەوت دەنەڕێنێت، ئەوەندە دەمی خۆتت لێ بەڕەڵا کرد، تا ئەو کچەت تۆقاند. یەکێک نەبوو لەو کاتەدا چوار سیخورمەم تێ بسرەوێنێ کە ئاخر، ڕێویە گەڕۆڵ؛ تۆ شێعری چەندین شاعیری خاوەن هەستت دزی و لکاندت بەیەکەوە تا ئەو کچەت شەوارە کرد. ئیتر کارت چییە بەسەر شێعری پیرەهەڵۆ و بەندیخانە؟

بەرهەمی چەندین مانگ چالاکی من لە "ڕاوگەی ئەدەبی و هونەری ورگستان" بوو بە ئەم بێچووە دەوڵەمەندە. بەڵام ئاکامەکەی بوو بە چی؟  هێلکەوڕۆنیان نایە بەر کەر، هەردوو گوێی خۆی تێخست. تازە بەم هاسانییە شتی وام دەست ناکەوێتەوە. ئەویش بەو هەموو گورگەوە کە لە پیرەژنی دەوڵەمەندی هەشتا ساڵەش لانادەن. جا چییان پاشماوە دەمێنێ بۆ پشیلەی چڵێس؟

لە بەر کەم ئەزموونی، شارەزای تەواوی کارەکە نەبووم بۆیە نێچیرم له داو بەربوو. ئەوا پاش سێ ڕۆژ، تازە خەریکم دێمەوە سەرخۆم.
بۆ هەڵبژاردەکانی دوایی، جگە لە شاگردی کۆنە ڕاوچیانی ئەم بوارە ، زمانی چەورتر و شەفرەی تیژتر و داوی پانتر پێویستە. دز خێرا بێت، تاریکەشەو زۆرە.

ئانتوان چێخوف١٨٨٢/سروژ استپانیان.

خوێنەری بەڕێز،
زۆر حەیفە کە ئەدەبی بەنرخ و هونەری ڕەسەن ببێتە ئامرازێک بۆ فریودانی خەڵکی. هەن کەسانێک بە قسەی جوان کڵاو لە سەر خەڵکی دەنێن. بەڵام ئەوەی کە بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگا دەکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە مەبەستی ناڕەوا، تاوانەکەی زۆر قورسترە. چوونکا خەڵک کاتێ ئەو کارانە دەبینن، سەرەڕای ئەوەی کە متمانەیان بە هیچ ڕووناکبیرێک نامێنێت، بێ ڕێزیشە بە ئاسەواری بەنرخی گەورەپیاوان و سەرە ژنان.

هەروەها دەبێ بیسەریش وریا بێت. قسە و درووشم هەموو کاتێک ئاسانترە لە کردەوە. سەیری قسەی دڵی ئەو کوڕە بکەن، کە چەندە لەگەڵ ئەو قسانەی دەهاتە سەر زاری جیاواز بوو!

(لەم بابەتەدا ئاماژەم بە شێعری حەزرەتی قانع و هێمن و سوارە و بێکەس و پەشێو و پیرباڵ و دڵۆپ و... کردووە).

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٥/١٧


http://T.me/Mizankurdi
ئەمرۆ پرۆسەیەكی خۆجیاكردنەوەی بەردەوام و نەوەستاو ھەیە، ھەموو مرۆڤێك دەیەوێت بە جۆرێك لە جۆرەكان جیاواز بێت لەوانی تر، تا وادەرنەكەوێت لە وێنە گشتییەكەی كۆمەڵگای گەندەڵدا تواوەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییەش پیادەبكات چەكی مەعریفەت و داھێنان ناخاتە كار، بەڵكو زنجیرەیەك میكانیزمی تر دەخاتە گەڕ كە لە توندوتیژی زارەكییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە خۆجیاكردنەوەی توندڕەوانە لە ڕێگای جلوبەرگی دینی، خۆ بە بەئەخلاق نیشاندان، خۆ بەشێڕشگێڕ دەرخستن، گاڵتەكردن بە خەڵك و بە سیستم... ھتد.
ھەر مرۆڤێك دەیەوێت لە كەسانی تر نەچێت، بۆ ئەمەش ناچارە ھەموو چەكەكانی خۆجیاكردنەوە بەكاربھێنێت، لە لاقرتی و سوكایەتییەوە تا دەگاتە خائینكردن و تەكفیركردن. ئەم خۆجیاكردنەوەیە بەرھەمی گەشەی فەردانییەت نییە، بەرھەمی جیابوونەوەی «من» نییە لە «تۆ». بەڵكو بەرھەمی ھەوڵی جیاكردنەوەی «پاكە» لە «پیس»... دابەزینی میكانیزمەكانی تەقدیسە بۆ ناو مرۆڤە سادەكان.
پرۆسەی خۆجیاكردنەوە لە كۆمەڵگای ئێمەدا سروشتێكی شەڕانگێزی وەرگرتووە، ئەم پرۆسەیە بە جۆرێكی كوشندەش تا سەر ئێسقانەكانمان ڕۆیشتووە و چۆتە نەستمانەوە.
ئەم دۆخەی كە ئێستا كۆمەڵگای كوردی لە باشور تیادەژی، كە تێیدا ھەموو تاكێك ڕقی لەوی ترە، كۆمەڵگای ئێمە بووە بە حەوزێك پڕ لە «تاكی شەڕانگێز» كە ھەر یەك بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆی وەك یەكەیەكی موبارەك دەبینێت، كە بەردەوام ڕكابەرەكەی خۆی جارێك بە نوكتە و جارێك بە سووكایەتی و جارێك بە تۆمەت بچوكدەكاتەوە... ئەم دۆخە، دۆخێكە تێیدا كۆمەڵگا دابەشدەبێتە سەر دوو بەرە، بەرەی «منی پاك» و «كۆمەڵگای پیس» یان «ئێمەی پاك» و «ئەوانی پیس».
بەڵام ئەم پرۆسەی خۆجیاكردنەوە و تەقدیسكردنە زادەی چییە؟. جگە لەو ھۆیانەی سەرەوە باسمكردن، ھۆیەكی گرنگتر ھەیە:
گەر كۆمەڵگا نەتوانێت شوناسێكی وەھا بەھێز بە فەردەكانی بدات شانازی پێوەبكەن، تاكەكان خۆیان لە ئاستی بچوكتردا، لە ئاستی گروپی نوێدا، لە ئاستی تاكە كەسیدا، وەك میكانیزمێكی بەرگری، ئەو شوناسە دروستدەكەن.

"بەختیار عەلی"
لە كتێبی "دوا خەندەی دیكتاتۆر"

👇👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
240123_0849
My Recording
🔵هەر نەتەوەیێک جیهان بە زمانی خۆی واژۆ دەکات.

🔘بۆچی نەخوێندن بە زمانی دایکی،ئەبێتە هۆی ئەوە کۆمەڵگا لە ڕەوتی سرووشتیی گەشەسەندنی تووشی لادان بێت.

🔘ئەم بابەتە لە چەند ڕەهەندەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە:

🔹ڕەهەندی یاسایی_سیاسی
🔹ڕەهەندی شووناسی_کەلتووری
🔹ڕەهەندی دەرونناسی یا پەروەردەکردن

🎙شۆڕش سەعیدپوور

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 حەوت شۆڕەسوار

بیرم لەوە دەکردەوە، کاتێ دەستەڵاتی ئەم وڵاتە بگرمە دەست، بۆ خاوەنداریەتی و پێشکەوتن، زۆر پێویستە کە خەڵک و نیشتمانەکەم بناسم.

بۆ ئەم مەبەستە ڕێگایەکی دوور و درێژم  گرتە بەر. حەوت پیاوی ئازای سوارچاکم لەگەڵ خۆم خست و بەرەو ڕۆژاوا وەڕێ کەوتم. سەفەرێکی مەترسیدار بوو. پێویست بوو نەناسراو بمێنمەوە. شاربەشار و دێ‌بەدێ دەگەڕام، بە سەرمای شەختەبەندی زستان، قوڕ و لیتەی بەهاران، گەرمای سووتێنەری هاوینان، پەڕینەوە لە ڕووباران، لە ملە و سەریاڵان، خۆپاراستن لە دێو و درنجی ڕێگەوبان، خۆدزینەوە لە دز و جەردە، چەندین جار ڕۆییشتن هەتا هەرێمی مەرگ و نەمان و..... لەبەر مەبەست، بە ناچاری وەکوو مانگای ئاوس هەر خۆم دەپاراست.

ئەو حەوت شۆڕەسوارەم بۆیە تەڵچن کردبوو کە نە من لە نیشتمان بێخەبەر بم و نە نیشتمانیش لە من بێ‌ئاگا بێت. چەند ڕۆژ پاش دەستپێکی سەفەر، یەکم شۆڕەسوارم لەگەڵ نامەیێک بەرەو کۆشکی حکوومەت ناردەوە. ڕامسپارد کە دەنگوباسی وڵاتم بە نامەیێکدا بۆم بێنێتەوە. لە هەر شارێک و دێهاتێک چەند ڕۆژێک گێچکەم دەکرد. ناوە ناوەش سوارێک بە نامەیێکەوە دەهاتەوە. بەو شێوازە هەر حەوتیان هەموو کاتێ بەڕێوە بوون. بەڵام هەتا لە زێد و نیشتمانی خۆم دوورتر دەکەوتمەوە، مەودای هاتنەوەی سوارەکانیش دوورتر دەبوونەوە. وای لێدەهات ئەگەر یەکێکیان دەگەڕاوە، لە نامەیەکی زەرد هەڵگەڕاودا هەواڵی پاری دەهێنا. لەم دوایانەدا وای لێهاتبوو بە بێزەوە سەری نامەکانم هەڵدەپچڕی. هەر هەواڵی کۆن بوون کە لە نامەی شڕ و کۆنەوە، دەهاتن.

بەو شێوەیە هەشت ساڵ و شەش مانگ ڕابرد.

شەوێک لە کاتی گیاڕەشی بەهار، لە بان هەوار، بە دەم سروەی شەماڵ و لەژێر تریفەی مانگەشەو، بیرم لە ڕێگای دوور ودرێژی پشت سەری خۆم دەکردەوە:
هەی یاران! پاش ئەو هەموو ئاوارەییە، دەستکەوتی من بۆ وڵاتم دەبێ چی بێت؟! پاش ئەو هەموو ڕەنج و ئازاری ڕێگایە، بۆ وڵاتم قسەم چی بێت؟! هەتا کەنگێ حەوت شۆڕەسوار ئەسپی غیرەت تاو بدەن و لەخۆبووردوانە هاتوچوو کەن؟

تازە تێگەییم کە ئەم شێوازە ڕوانینە، زین لە بزن کردنە. من دەبوو دوو یان  سێ سوارم هەڵبژاردبایە بۆ ئەوەی کە سەردانی نیشتمان بکەن و هەواڵی کۆنم بۆ بێننەوە. باقی سواران پێویست بوو، وەپێش کەون، هەواڵی ڕێگای نادیاری، پێشی خۆمم بۆ بێنن. لە کەند و کۆسپی ڕێگا ئاگادارم بکەن. هەر تەنیا چاو لە ڕابردوو کەڵکی نییە.
بەوەیکە ئاگام لە سبەی بێت، ئەرکی ئەمڕۆم لێ ڕوونتر دەبێت.

ئەم تێگەیشتنە، بۆ نیشتمان دیاریێکی بەنرخ بوو. دەبێ کۆمەڵگا لە دۆڵی کپی ڕابردوو، بەرەو کەژی سەرکەشی داهاتوو پەلکێش بکەین.

دینۆ بوتزاتی، ئیتالیا/محسن ابراهیم

خوێنەری خاوەنبیر!

ئەو شازادەیە لەو سەفەرەدا بۆی دەرکەوت کە دەبێت پلانی دواڕۆژ داڕێژێت، نەک هەر چاوی لە دوێنێ بێت.
"کاروانی ڕابردوو ناتگەیەنێتە هیچ شوێنێک"

بەڵێ ئێمە پێویستمان بە ئاگاداری لە مێژوو هەیە. بۆوەیکە مارێک لە کونێکەوە دووجار پێمانەوە نەدات، بەڵام داهاتوو لە ڕابردوو گرینگترە.

بەناشوکری نەبێت ئێمە خۆ ئاگاداری مێژوویش نین. مێژووی بۆژوومان وا چەواشە کراوە کە هەر نازانین ئێمە کێین؟ بۆیە خەریکن ناودارانمان، هونەرمان و تەنانەت وشەکانیشمان دەدزن.

لە هەموو بوارێکدا ڕوو لە ڕابردووین. بۆ وێنە زۆر بە دەگمەن گۆرانیبێژمان هەیە گۆرانی کوردی هەبێت بۆ ئەمڕۆ. لەگەڵ ڕیزم بۆ ڕۆحی زیرەکی مەزن، ئەوەندە گۆرانیبێژی ئەمڕۆ،  "ئەی وەی زارا گیان دیدەم زارا"یان دووپات کردۆتەوە، ڕەنگە لە کونسرتە ئەوروپایییەکاندا وابزانن ئەوە سروودی نەتەوایەتیمانە. کام کچی لادێی ئەمڕۆ گۆزە لەسەرشان دەچێتە کانی؟ تازە کێ لەسەر بەردە بێری دادەنیشێ؟ گۆرانیبێژی ئێمە پێویستە  لاوک و حەیران و هۆرە و سیاچەمانە و گۆرانییە ڕەسەنەکان بە دنیا بناسێنن و هاوکات بیکەن بە بەردی بناغە بۆ داهێنانی نوێ.

ئەگەر حەزرەتی نالی باسی دەردی بێتۆیی دەکات،‌ ئەو بە تەواوی لە کورەی هیجردا سووتاوە. تازە زۆر ئەستەمە کەس وەکوو ئەو بتوانێت دەردی بێتۆیی بێنێتەوە. هەروەها لووتکە بەرزەکانی ئەشق و ئەوین وەکوو مەولەوی و مەحوی و وەفایی و... دووپاتکردنەوەی ئەو باسانە، ئەگەر هیچی لێ زیاد نەکەیت، بە کاری چ دێت؟ دەبێ بە شێوازی ئەمڕۆ ئەو باسانە بکرێت

ئەمڕۆ دەبێت سەدان بەیت و ئەفسانەی کوردی، ببێتە فیلم. تازە دیوەخان و بەیتبێژان نەماون. لە دنیای مودێڕن پێویستمان بە سینەما و شانۆی کوردییە. بۆ هەموو بوارەکانی دیکەش هەروا دەبێت مودێڕن بیر بکەینەوە.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٦/١٤

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵#شێعر_و_وەرگێڕان

کوردێ شڕ و شۆڵ وێڵ و ئاوارە 
کۆیلەی ئازادی تا پێی سێدارە
هەمانەی هیوای بە سەرشانەوە
سووتاو بە عیشقی کوردستانەوە
کاڵەی ئاسنین لە پێدا دڕاو
چێوی عەوداڵی بە دستۆ شکاو
بە جەرگی سووتا و سۆمای چاو نەماو
بەرەو ئازادی ڕا دەکا بە تاو
پێیەک لە جودی یەک لە زاگرۆس
دەروێشی خۆشە لە پێی گەل و هۆز


مامۆستا ئیمامی


👇👇👇👇👇
http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵ئاکامی دووبەرەکی

شەو، باڵی ڕەشی خۆی بە سەر شاردا کێشابوو. جاربەجار مانگ لە پشتی هەوران، دەرفەتی دەهێنا و بە تریفەی خۆی بۆ چەند چرکە ساتێک شاری ڕووناک دەکردەوە.

تەنیا دەنگی تەقە و شریخەی تفەنگ، بێدەنگی شاری دەشکاند. هەردوو لایەنی شەڕ هەوڵی ڕاونانی ئەوی دیکەی دەدا. خەڵکیش وەکوو بەرخی بێ دایک کە سەر بە ژێر سکی گەماڵیشدا دەکات، هەر جارە ڕوویان لە لایەنێک دەکرد...

لە سەربان بەبێ چرپە ڕاکشابوو. تفەنگەکەی و دووربێنێک لەپاڵ دەستیدا بوون. هەروا کە ورتکەنانی لە زاری نێزیک دەکردەوە، بە ملەتاتکێ چاویشی لە شەقام بوو. لە بەیانی هەتا ئێستا هیچی بۆ نەخورابوو. لەم شەڕە هەوسار پچڕاوەدا نانیش دەبێت بە ژار. تەنیا دڵخۆشی ئەوە بوو کە فەرماندەکان بەڵێنیان دابوو، بە تێکچوونی دەستەی لادەر، نیشتمان کێشەی نامێنێت و بە یەکجاری ڕزگار دەبین.

بۆ چەن خولەکێک بیری لە ماڵی خۆیان کردەوە. شێوە و ڕوخساری دایکی هاتە پێش چاوی. بۆخۆی نەوبەرەو و کوڕەگەورەی ماڵ بوو. لەگەڵ دایکی و تەنیابراکەی بە سێ کەسی لە دێهات پێکەوە دەژیان. پاش تێکەڵبوونی بە شۆڕش، لێیان دابڕا. کە شەڕی ناوخۆیی بڵێسەی سەند بە تەواوی لێیان بێخەبەرما.

پێی سەیر بوو کە چۆن تینی ئاگری شەڕ دەتوانێ بە کرژی و بە گشتی ڕواڵەتی ژیان بگۆڕی. پێش لەو شەڕە، سەردەمی ژیانی لادێ، لە ئاوەها شەوانێکدا دەچووە سەربان. بۆ خۆی گۆرانی دەگوت:
"جارجار هەوریەکەت بیده بە لاوە، وەک مانگ لە گۆشەی هەوری سیاوە... ". یان لە لای خوارووی ئاوایی لەگەڵ کوڕانی ناودێ دادەنیشت و بەرەو لای ماڵی یار دەیچریکاند: "زەنجیری زوڵفت سەرەوخوار مەکە، هەژارێ چۆن من گرفتار مەکە...".
کەچی ئێستا لەبەرەی شەڕ لە هەموو ئەمانە دابڕاوە. ئەو شتانە وەکوو خەیاڵێکی دوور دەهاتنە پێش چاوی. لێرە تەنیا لوورەی بێ وچانی مەرگەو و لاشەی سارد وسڕ.
هەر باشە کە لە ماڵەوە برایەکی هەیە. جا ئەگەر ئەمیش بکوژرێ، ئەو برایە هەیە کە فرمێسکی دایکە لەخۆشی بێبەشەکەی بسڕێتەوە.

لەم خەیاڵانەدا بوو کە چاوی بە ماشێنێکی سەربازی کەوت. زانی سەر بە ئەمان نییە. هاوکات ژنێکیش هاتە سەر کۆڵانێک و ڕاوێستا. دیار بوو ژنە سەر بە دەستەی لادەرە و هەر خەڵکی ئەو گەڕەکەیە، ماشێنەکەش ڕاوێستا. زەلامێک سەری لە ماشێن دەرێنا و  ڕووی لە ژنە کرد. دیار بوو کە ژنە ڕاپۆرتی ئەو دەوروبەرانەی پێدەدا. لەو سەربانەوە توانی هەر بە یەکەم گولـلە مێشکی زەلامەکە بڕژێنێتە سەر شەقامەکە. ژنە قیژاندی و هەڵات. گولـلەی دووەمیش بوو بە بەشی ژنە و لەناو جۆگەی قەراخی ڕێ سەرەوخوار بوو.
لەپڕ دەنگی تەقەیەک بەرزەوە بوو. چەکەکەی لە دەستی بەربوو. لە سەربانی ماڵی بەرانبەری، سەربازێکی دوژمن خۆی حەشار دابوو. کاتێ ئەم تەقەی لە زەلام و ژنە کردبوو، ئەویش لەو دەرفەتەدا ئەمی ئەنگاوت. باڵی چەپی خەڵتانی خوێن بوو. خۆی دایە پەنای دیوار. هەر چۆنێک بوو، بە ددان و ئەو دەستی دیکەی، باڵی بە دەسرەکە بەست. بەڵام ئێش، ئامان و ئارامی لێ هەڵگرتبوو. خۆ ناشکرێ تا بەیانی لەو بانە ڕاوەستێ. دنیا ڕوون ببێتەوە، هەر پەلێکی دەکەوێتە دەستی عیزراییلێک. دەشیزانی کابرا لەو بەرەوە باشتر لە جاری پێشوو چاوەڕوانە. لەو کاتەدا نەخشەیەکی داڕشت. لە پێش خۆیەوە وتی، هەر ئێستا چارەنووست دەنووسمەوە.
کڵاوەکەی خۆی لەسەر لوولەی تفەنگەکەی دانا و وردەوردە بەرەو لێوارەی بانەکەی برد. لە پڕدا گولـلەیەک ناوەڕاستی کڵاوەکەی کون کرد. ئەمیش وەکوو کەسێک کە پێکرا بێت، دەستی لەگەڵ تفەنگەکە بەرەو خوار شۆڕ کردەوە و پاش چەندین چرکە تفەنگەکەشی بەڕداوە خوارێ. تفەنگ بە دەنگێکی بەرز کەوتە سەر شەقام. کابرای بەرانبەری وایزانی کە کار تەواو بوو. لە سەربانەکە هەستایە سەر پێ و سەیری خوارێی دەکرد. پشتی لەمانگ بوو، زۆر ئاشکرا لە بەرچاو بوو. لەو کاتەدا ئەم کە پێشتر دەمانچەکەی بەو دەستی تری حازر کردبوو، تەقەی لێ کرد. کابرا هەتا کەوتە سەر عەرز، بە حەواوە چەند جار خولی خوارد.

دەبوو بە زووترین کات ئەو شوێنە جێ بێڵێت و هەواڵی ئەو شەوە بباتەوە دەرەوەی شار، لای فەرماندەکانی شۆڕش. خۆی گەیاندە سەر شەقام. لەپڕ ڕەهێڵەی گولـلە بوو کە دادەباری. بە دوو باز خۆی فڕێدایە ئەو بەری شەقام و لەسەر عەرزی خەوت. زانی لە دوورەوە تەقە دەکەن. کاتێ ویستی بڕوات، تازە زانی کە لەپاڵی سەربازە کوژراوەکەدا، خۆی بە عەرزدا داوە. خوێن جۆگەی بەستبوو. سەیری ناوچاوانی کرد، بە تەواوی تاسا؛ براکەی خۆی بوو.

لیام فلاهێرتی/ئیرلەند١٩٢٢/سمیە آمارلویی

خوێنەری خاوەنبیر!
لێرەدا نامەوێ گۆماوی مێژووی پڕ لە شوورەیی براکوژی کورد هەڵشڵەقێنم. کە ئەوە خاڵی هاوبەشی کوردانە.
ئێمە دەبێ بەو باوەڕ و قەناعەتە بگەین کە بە ڕاونان و تیابردنی بەرانبەرەکەمان کە وەکوو ئێمە بیر ناکاتەوە، سەرکەوتوو و بەختەوەر نابین. میللەتێک برایەتی نەزانێت، هەتا قیامەت تاریکەشەوی نابێتە مانگەشەو.

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٨/٠٢

👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍 Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan
🌍
مافی هــــەژاران

هێمنی و ئارامی بازاڕ، بە هاواری پیاوێک تێکچوو. خەڵک و پۆلیس بە دوای هەرای کابرا کەوتن. پیاوێکی دارتاش بە دەستی خوێناوی خۆی ئاماژەی بە سەگێک دەکرد کە گوایا دەستی گەستووم، چاوی هیواشی بڕیبووە پۆلیس.

پۆلیس وتی: دەبێ هەر ئێستا ئەو گەماڵە پەت بکرێت، نەوەک نەخۆشی هاری پێوەبێ. خاوەنەکەشی پەتپەتێن بکرێت، تا بزانێ مەنێ چەند کیلۆیە و دنیا بەری بە کوێوەیە؟

ڕێبوارێک وتی قوربان، من ئەو گەماڵەم لەبەر دەرکی جەنابی فەرماندەی لەشکەر دیوە.
پۆلیس وتی بەڕاستە؟ ئەرێ کابرای دارتاش بۆ هار بوویت؟ وا هاوارت کرد وامزانی مار پێوەی داوی. ئەو بەستەزمانە چۆن زاری دەگاتە دەستی ئەتۆی تەژەی حۆل؟  عەیب نییە وەکوو مریشکی هێلکەکەر بەناو ئەو بازاڕەدا کردووتە گاڕەگاڕ؟ دەبێ بزانم مەبەستت لەو کارە چ بووە؟

ڕێبوارێکی دیکە وتی گەورەم؛ جەنابی فەرماندە، تاژی ڕەسەن ڕادەگرێ، نەک سەگی خوێڕی. ئەم سەگە هێ بەڕێزیان نییە؟
پۆلیس وتی: یاسا هەر بە چاوێک بۆ هەمووان دەڕوانێ. ئەو دارتاشە هەژارە بە دەستی زامدار چۆن بۆ ژن و منداڵی نان پەیدا بکات؟ خێرا خاوەنی ئەو گەماڵەم بۆ بێنن هەتا ڕۆژی گەشی لێ ڕەش کەم. دارتاشیش نابێ دەس لە سکاڵای خۆی هەڵبگرێ، خۆ دنیا سەری بە پووش نەگیراوە.

ڕێبواری یەکم وتی قوربان ئەو کابرایەی کە لە سەردا دێت، پاکاری ماڵی جەنابی فەرماندەیە. بۆ خۆتان لێی بپرسن.
پاکار وتی گەورەم؛ ئەوە گەماڵی جەنابی وەزیرە کە بە خێزانی بۆ چەن ڕۆژێک تەشریفی پیرۆزیان میوانی جەنابی فەرماندەیە.

پولیس وتی: کەوابوو خێرا ئەو بەستەزمانە بەرەوە. ڕەنگە لەبەر هەرای ئەم کابرایە ترسابێت. هەر وەها ڕاسپاردەی ڕێز و سڵاوی من بە لە خزمەتی ئەو دوو بەڕێزە. تکایە لە بیرتان نەچێت کە پێیان بفەرموون من ئەو شانازییە بووە بە بەشم  کە ئەو سەگە جوانەیان بدۆزمەوە.

دارتاش:  ؟؟؟ !!!

ئانتوان چێخوف ١٨٨٤/ سروژ استپانیان

ساڵەهایە کورد جەستەی خوێناوی نیشتمانی لە حەڵەبجە و کۆبانی و عەفرین و... پیشانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤی وڵاتانی ڕۆژاوایی دەدا، کەچی کوردی هەژار هەموو جارێک دەیکەن بە چیرۆکی کابرای دارتاش. هیچکات زلهێزانی عاڵەم جەستەی زامداری کورد لە کارەساتەکانی ئەنفال و زیلان و دەرسیم و... لە هەڕاجە بازاڕی مافی مرۆڤ بۆیان گرنگ نەبووە. لە جانتای هیچیان ئاشتی و برایەتی و دڵسۆزی بۆ چەوساوەکان دەس ناکەوێ. چوونکا سەددامەکان و ئاتاتورکەکان گەماڵی خودی زلهێزانن. ئەوەی کە لەم دنیایەدا زۆر هاسان دەخورێ، مافی هەژارانە. چەساوەکان نابێ چاوەڕوانی زلهێزان بن چوونکا ئەوان قازانجی خۆیان دەکەن بە پێوەر، نەک مرۆڤایەتی.
تەنیا گەلی یەکدەنگ براوەیە، مخابن ئێمە و باسی یەکدەنگی! هەر بەلای جاریشیدا نەچووین. کوردی هەژار تەنیا لێکترازان و لەبەر یەک هەڵاتن چاک دەزانێ. ناتوانێ پاڵ وە پاڵی برای خۆی بدات. 
تا ئەوە حاڵمانە، ئەوەش ماڵمانە.

عیسا ئەحمەدی
١٤٠٣/٠٨/١٠


http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran