پەندی پێشینیان
3.31K subscribers
17 photos
3 videos
186 files
91 links
هەوڵێکە بۆ کۆ کردنەوەی ئەو پەندانەی دە ناو دیوانی شاعیران دان؛ تەقەللایەکە بۆ نووسینەوە پەندەکانی پیرەمێردی نەمر و مەلا غەفووری دەبباغی.

ئەدمین👈

@Kamalrahman
@Taher
http://@taherghasemy7.gmail.com
لینکی کاناڵ👇
Download Telegram
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

بچیە سەر لقێ و لە بن‌دا بیبڕی
دیارە مل‌شکان بۆخۆت ئەکڕی

دێیتەوە دیمان کە لەو سەرەوە
وەک ڕێبوار، زرکی کاڵ مەکەرەوه

کە تۆ ئەتەوێ لەگەڵمان بژیت
نابێ ناڕەوا پیاومان بکوژیت

بۆ مەعاش حەقی میللەت ئەفرۆشی
لێ‌کەوتی لامان ناژیت بەخۆشی

باوکت لە بەهەشت دەرچوو بۆ گەنم
تۆ شلە ئەخۆی ئەچیە جەهەنم

کە گەل بۆ ئیشی خۆی تۆی هەڵبژارد
تۆزاوی مەبە بۆ تۆزکاڵێ ئارد

چونکو چاو بە چاو ئەکەوێتەوە
ناوی بەدناویت لێ نابێتەوە

کە دێینە مەیدان خۆ هەڵدەکێشین
لە هەموو قەومێ زیاتر بە کێشین

کەچی بە هیچە هەموو مل‌کەچین
بۆ سواخی قەسری ئاغا وەک گەچین

جاران "بایع" بوو "عەیب" قەلبی "بیع" بوو
ئێستا حەفسەمان لە فەحس دەرچوو

ئەمانە هەمووی بۆ وەزنی شیعرە
واتەی پڕوپووچ لە شاعیر مەگرە

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۲، لاپەڕە ٤۷۲، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰۲.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. زرک: کاڵەکی نەگەیو.
۲. باوکت: مەبەستی حەزرەتی ئادەمە.
۳. شلە: چێشتی شل.
٤. تۆزکاڵ: تۆزقاڵ، کەمێک لە شتێک.
٥. بەکێش: مەردووم یا گیاندارێکە کە لە ئیش‌وکاردا بە پشوو بێ.
٦. بایع: فرۆشیار؛ فرۆشه‌ر، "بایع" مەبەست لە بایعەکانی زەمانی تەموینە (سەردەمێ کە دەوڵەت خۆراکی بە کۆپین دەدا بە خەڵک). واتە ئەوکەسانەی دەبوونە فرۆشیاری ئەم خۆراک و کەل‌وپەلانەی دەوڵەت دەیدانێ بۆ ئەوەی بە بیتاقە (کۆپین، بڵیت) بە خەڵکەکەی بفرۆشن.
۷. قەلب: هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌؛ ئاوه‌ژووكردنه‌وه؛ پێچه‌وانه‌کردنه‌وه؛ شێواندن‌؛ گۆڕین.
۸. فەحس: کار و ڕە‌وتی پشكنین؛ گه‌ڕان؛ لێكۆڵینه‌وه‌؛ توێژینه‌وه‌.
۹. حەفسە: حَفْصَة. [ ح َ ص َ ] (ع اِ) کەمتیار، کفتار. ضبع. (اقرب الموارد). || شێر، اسد. شیر. (مهذب الاسماء).
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

دوو لا بە حەقی خۆیان بوون ڕازی
ئیش ناکەوێتە لای حاکم و قازی

ئەوسا مەواشیر ئاش بەتاڵ ئەکا
یا خەرمان لۆغەی هەرزن و گاڵ ئەکا

مەگەر ئیعلامی ژن هێنان دەرکەن
کڵاوی سووری سپی لەسەر کەن

خۆزگە ئەو پیاوەی ژن و ماڵ‌دارە
نەدەبوو کە ژن بێنێ دووبارە

ئەم دووبەرەکیە لە دوو بەرەیە
باوەژن ئاگری شەڕ خۆشکەرەیە

دوو برا ئەگەر لە دایکێ نەبن
ڕەگی یەکتری دەردێنن لە بن

با بیشڵێین دایک دایکی خۆمانە
ئێستا سیاسەت باوەژنمانە

باوەژنێکی جادوومان هەیە
هیچ کەس تێ‌ناگا کە چەند بەوەیە

باوکمان لێ بووە بە باوە پیارە
دادمانە لە دەست کوێخای بێکارە

کاتێکمان زانی خەمشەمان بڕا
شەڕەدندووکە لە "کۆڵانەشڕا"

"کەیفی" شاعیرمان ئەمەندە حوڕە
تێڕمان لە جاوی گازری پڕە

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۳، لاپەڕە ٤۷۳، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰۳.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. مەواشیر (مباشر): ئەو کەسەی کە لە بەردەمی حاکم‌دا خەڵکی بانگ دەکرد.
۲. خەرمان لۆغە: خەرمان لۆخە، دانەوێڵەیەکە لە سەر خەرمان بدرێ بە ھەژاران.
۳. گاڵ: ھەرزن.
٤. ئیعلام: کار یان ره‌وتی راگه‌یاندن؛ ئاگادار کردنه‌وه‌‌؛ وه‌ئاگا هێنان؛ دانه‌ زانین؛ جاڕ هێشتن؛ جاڕ دان.
٥. بەرە: منداڵی بەرەی دوو دایکان.
٦. باوەژن: زڕدایک.
۷. وەی: زیان. ـ بەوەی: بە زیان.
۸. باوەپیار: زڕباوک.
۹. خەمشەی بڕێ: دوایی بڕێ.
هەر چیمان هەیە بە "نۆت" ئەبرێ
کە خواردن نەما، "نۆت" خەمشەی بڕێ
"پەندەکانی پیرەمێرد، لاپەڕە ۳۱٤."
۱۰. کەیفی: (١٨١٤-١٨٨٣) ناوی فەتحوڵڵایە، هەروەها بە کەیفی جوانڕۆیی ناوبانگی دەرکردووە. لە کوێرەدێی جوانڕۆ لە دایک بووە، زانیاری لە بارەی ژیانییەوە زۆر کەمە. لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوایی کردووە و تا ئێستا گۆڕی نەدۆزراوەتەوە.
حاجی قادری کۆیی دەڵێت:
لەکوێرە دێیێ کە کەیفی تیا بی فیردەوسە
جەھەننەمە کە نەما (کەیفی) شاری قوستەنتین
۱۱. حوڕ: ئازاد، سه‌ربه‌ست. جوامێر، مێرخاس. بژارده‌، پوخته‌.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

شانس بە کوردی "تالعی" ناوە
لە تەبیعەتی چێڕگ خولقاوە

پیاوێ پیاوی دی گورج هەڵدەفڕێ
کەچی لە دەوری کەرێ ئەگەڕێ

زۆری وا هەیە کەر لەو چاکترە
بە مستەجۆیێ بارەبەرترە

ئەو باریش نابا و لەقەیش لێ‌ئەدا
ڕەخنە ناگیرێ لە کاری خودا

دنیا کە ناوی پایەی گەورەیە
سیاسەتەکەی هەموو تەفرەیە

لەهیچە یەکێ بەرز ئەکاتەوە
ئەیباتە ئەوجی ژوور وڵاتەوە

نازانێ کەوا ئەم سەرخستنە
لەو بەرزییەوە لەپڕ خستنە

هەتا لە بەرزتر بکەوێتە خوارێ
دیارە کە ئەستۆی ئەشکێ بەجارێ۴

هەندێ چشت هەیە چاکە لە لامان
دوایی لە دەستی دێینە ئەلئەمان

زۆر چشت لە پێشدا خراپ دیارە
کەچی لەپاشا بۆ دیار، یارە۷

بزانین ئەمجار چۆن ئەبێ بۆمان
ئەوە گۆر ئەویش مەیدانێکی پان

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦٤، لاپەڕە ٤۷٤، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰٤.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. چێرگ: چرگ، مێشەسی، باڵندەیەکی گەورەی قاچ و مل درێژە لە قەلەموون دەچی و گۆشتی دەخورێ.
۲. لەقە: لێدان لە شت بە لاقێک.
۳. تەفرە: فریو.
٤. مولوی، مثنوی دفتر ٤، بیت ۲۷٦٤و۲۷٦٥:
نردبانِ خلق، این ما و منی‌است
عاقبت زین نردبان افتادنی‌است
هرکه بالاتر رود ابله‌تر است
کاستخوان او بتر خواهد شکست
[خۆپێ‌زۆری مە وەک نەردیوانە
ئەم نەردیوانە دەڕزێ و لە شکانە
تا لەسەرتر بی و بکەویە خوارێ
ئێسکەکانی تۆ چاکتر دەهاڕێ
"کەماڵ ڕەحمانی"]
٥. ئەلئەمان: ئامان، ئه‌مان، دەغیلە‌، دە‌خیلە‌.
٦. دیار: بەرچاو، خویا، پەیدا، ئاشکرا. خاک، وڵات، نیشتمان، مەڵبەند. لا، کن، پێش، تەنیشت. دیدار، ڕوخسار، شێوە، دیم.
۷. وَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ ۖ وَعَسَىٰ أَن تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ ۗ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ. [سورة البقرة/۲۱٦، وەرگێڕاوی؛ مامۆستا هەژار]: ڕەنگە لە شتێک حەزنەکەن بەڵام بۆتان وەخێرگەڕێ، ڕەنگیش هەیە ئاوات بۆ شتێ وا بخوازن کە ئاکامەکەی باش نەبێ؛ خوا دەزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

عیلمی حوقووقمان کە سەردەفتەره
بۆ وەزیفەی بەرز یەکە ڕەهبەرە

لکێکی زۆری لێ ئەبووەوە
من خوێندم بەڵام بیرم چوەوە

حوقووقی دووەل قورس‌تر بوو باسی
چونکو پێویست بوو بۆ دیبلۆماسی

ئێستا ئەو دەرسە باوی نەماوە
کە زۆر کەوتە ناو ئەو کەوتە لاوە

عیلمی فیقهیشمان وای لێ بەسەرهات
مۆدەیێکی وا لە ناوا داهات

حەرام حەڵاڵی وەها ڕاو ناوە
حەڵاڵ سەربڕا نوتقی نەماوە

عەرز و ماڵی خەڵک شەرعەن حەرامە
نەوەک ماڵ عەرزیش بۆ زۆردار ڕامە

هەرای حوڕڕییەت کەوتە ناوەوە
لە پڕ هەردوو پێی کەوتە داوەوە

ئێستا بەبێ قۆرت ئیستیبداد حوڕە
وەک کوردە دەڵێ چرا هەڵبڕە

ئەویش کە ئەمڕۆ کەوتوەتە هاوار
هەر بۆ ئەوەیە خۆی بێتە ڕووی کار

ئەمانە ئێمە زوو تێیگەیشتین
نووسیمان جڕتیان بۆ ڕادەهێشتین

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦٥، لاپەڕە ٤۷٥، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰٥.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. عیلمی حقوق: مافناسی؛ زانستی مافناسی؛ زانستێک که‌ باس له‌ رێسای زاڵ به‌ سه‌ر پێوه‌ندیی تاکه‌کان، رێکخراوه‌کان، کۆمه‌ڵگه‌ و وڵاته‌کان ده‌کا؛ زانستی ناسین و تاوتوێی یاساکان.
۲. حوقووقی دووەل: مافه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌‌یه‌كان؛ به‌شێک له‌ زانستی مافناسی که‌ ده‌پڕژێته‌ سه‌ر پێوه‌ندیی ده‌وڵه‌ته‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر یان له‌ گه‌ڵ رێکخراوه‌ نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان یان خود هاووڵاتی وڵاتانی جۆراوجۆر.
۳. دیبلۆماسی: ڕامیاری‌؛ زانستی‌ ڕامیاری‌؛ سیاسه‌تمه‌داری‌؛ كاری‌ ڕامیاری‌؛ هونه‌ری‌ پێوه‌ندی‌ ده‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دیكه.
٤. فیقه: زانستێکی ئیسلامییه‌ که‌ بابه‌ته‌که‌ی ناسینی لق‌وپۆی حوکمه‌ شه‌رعییه‌كان‌ و گونجاندنیان ده‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌كانی ڕۆژانه‌ی ژیانه‌؛ شەرع‌زانی.
٥. مۆدە: ڕەویە. عادەت. داب. نزام. قانوون. قاعیدە. سلوک.
٦. نوتق: ئاخێوە‌ری، وتاربێژی، دوان، لێدوان‌. وتە‌، گوتە‌، پەیڤ، قسە‌.
۷. عەرز (عِرض): ئابڕوو؛ نامووس.
۸. حوڕڕییەت: ئازادی‌، سه‌ربه‌ستی‌.
۹. قۆرت: چەوتی و گێڕی لە ھەموو شتێکدا. چەپاڵە (چەپۆک، زللە)ی ڕۆژگار. چاڵ.
۱۰. ئیستیبداد: سه‌ره‌ڕۆیی، ملهوڕی، دیکتاتۆری، زۆرداری‌، ستەمکاری‌، زۆرەملێ‌یی، کەڵەگایی‌.
۱۱. جڕت: تڕکەندن بە دەم. ـ جڕ داھێشتن: جڕتکێشان.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

دوو عادەت هەیە وەک مەتەڵ وایە
یەکێکیان ترسە و یەکێ هیوایە

ترس بۆ ئەوەیە کە لە سەر کارە
عەکسی ئەو مەفسوول کە هیوادارە

حەق وابوو ئەوەی کەوا مەئموورە
بەو بڵێن لەسەر کارە و مەسروورە

کەچی ئەوانەی بە ئیش سەربەرزن
لە ترسی فەسڵی "فەسڵ" ئەلەرزن

کەوابێ مەعزوول ئاسوودەترە
هیوای تەعیینی ئاتی لەبەرە

ئەمەندەیان ڕست هەی دیموقراتی
ئەم عالەمەیان خستە نەهاتی

وەک ڕشانەوە و مەرگی موفاجات
زەیل و فەسڵیان خستە ناو وڵات

مەتەڵەکەی تر ڕاستەقینەیە
بۆیە هەمیشە خەرجی پینەیە

بزنیان سواری گامێش کردووە
تۆیش سواری ئەبی کەچی مردووە

لە بەرەوژوورە، کە هەموو ئەسپێ
قوشقونی شلە و بەرەی ئەچەسپێ

ئەو بە عەکسەوە دێتە گەردوخول
لە شاخ قوشقونی توندە بەرەی شل

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦٦، لاپەڕە ٤۷٦، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰۸.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. مەفسوول(مفصول): جیابۆوە، جیاکراوە.
۲. مەئموور: فە‌رمانبە‌ر، کارمە‌ندی کاتی. ڕاسپاردە، راسپێراو، کارگێڕ، مه‌ئموور، داردەست.
۳. مەسروور: شاد، خۆشحاڵ، دڵخۆش.
٤. فەسڵی فەسڵ: وەختی لە کار دوورخرانەوە، وەختی لەکار لادران.
٥. مەعزوول: لێکە‌فتگ، لێکە‌فتە‌، لێکە‌وتوو، لێخراو، وەلانراو، راقە‌تاندی‌، لە‌کارلادراو، له‌سه‌رکارلابراو، كاربه‌ده‌ستی‌ دە‌رکراو.
٦. تەعیین: دانان، دانیان، دامه‌زراندن.
۷. ئاتی: داهاتوو. دواڕۆژ.
۸. مەرگی موفاجات: دڵ وە‌ستان، مردنی‌ کتوپڕ.
۹. زیل: برینی‌ زۆر، پڕزام.
۱۰. فەسڵ: جیاکردنەوە.
۱۱. قوشقون: قوشقن: قایشێکە لە کلکی وڵاخ ھەڵدەکێشرێ و لە قەڵتاخ دەکرێ.
۱۲. بەرە: شتێکی سێ پەلە، پەلێکی بەتەنگەوە و دوو پەلەکەی تری بەقەڵتاغەوە توند دەکرێ.
ـ قەڵتاغ: چوار دارە بە چەرمی خاو دادەبەسترێ و دەخرێتە سەر (تەکەڵتووی) زین.
ـ تەنگە: قاشێکی پاشە زین یا کورتانی پێ قایم دەکرێ لە ژۆر سکی وڵاخەوە.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

پیاوی ئەم دەورە وەک ڕەنگی بەهار
بێ ئیعتیبارە و بێ شەرت و قەرار

هەندێ جار لە خەو هەڵسای بەیانیان
سایەقەی ساماڵ ئاسۆی شین و جوان

کاکڵە هەورێکی پێوە نابینی
ئەچی بۆ سەیران بەبێ تێبینی

لەپڕ ئەیکاتە شەستەڕەهێڵە
دە ڕاکە و کەس و کار بەجێ‌بێڵە

ئەڵێن بارانی نیسان شیفایە
بەڵام هەندێ جار تەرزەی لەدوایە

ڕەزی هەژارێک خۆی کە بەر ناگرێ
تەرزە ئەیکوتێ ئەویش بەر ناگرێ

بۆ دەوڵەمەندیش تۆ لە خوا گەڕێ
باران ئاش، وشکان جووتی ئەگەڕێ

زۆردار و زەروو ناویان خوێن‌مژە
زەرو پاکژە، زۆردار پیاوکوژە

کەر و ئێسترت ئەگەر بەرکەوێ
بە کەر ڕەزا بە ئێسترت نەوێ

کەر بارەبەرە بێ دەنگ و سەدا
ئێستری چەمووش جووتەت لێ ئەدا

ئێستر دووڕەگە بڕوای پێ ناکەم
هی وایشیان هەیە گوێی ناباتە چەرم

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۷، لاپەڕە ٤۷۷، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰۹.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. سایەقە: ئاسمانی بێ ھەور و تەم و مژ.
۲. کاکڵەهەورێکی پێوە نابینی: پەڵەهەورێکی پێوە نابینی.
۳. تێبینی: وردبوونەوە و دووربینی لە کاردا.
٤. شەستەڕەهێڵە: ڕێژنەبارانی توند.
٥. نیسان: مانگی حەوتەم لە مانگەکانی سوریانی، هاوکاتە لەگەڵ مانگی بانەمەڕ (گوڵان).
٦. پاکژ: پاک.
۷. چەمووش: گیانداری ڕەوەکی هاروهاج.
۸. دووڕەگ: گیاندارێکە کە باوک و دایکی لە جۆرێک نەبن.
۹. مەبەستی لەوەیە کە لە کاتی جووتە وەشاندن‌دا دوو گوێی بۆ دواوە ناباتەوە و جووتەی خۆی دەوەشێنێ. چوونکە ئەو گیانەوەرانە کە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن گوێیان بۆ دواوە دەبەنەوە.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

بەهار بۆیە پیاو لەبەر خەو گێژە
چونکە شەو کورتە و ڕۆژگار درێژە

خواپێداو بە ڕۆژ سەرخەو ئەشکێنێ
بۆ پاسەوان شەو خەو سەر ئەشکێنێ

خۆزگە کە ئەڵێن خەوی پێنجەی تار
خەوی هێجگاریی ئەخست لە بەدکار

هەمیشە فیتنە با لە خەوا بێ
هەرچی هەڵیساند حەواڵەی خوا بێ۱

"اَلنَّوْمُ أَخُو الْمَوْت"یان وتووە
فیتنە بە برای خەویش زیندووە

وانێکەکوێر بوو مارتینی لە مشت
هەر بە خۆڕایی کە پیاوی ئەکوشت

ڕووتی نەئەکرد هیچی نەئەبرد
حەزی لە لنگەفرتێکەی ئەکرد

لێ پرسینەوە نەبوو ئەوسایە
با وجود ئێستاش لەو مەرە دایە

بەڵام ئەمجارە ناوێکی ترە
سەر ئازادییە گوێی لێ ڕاگرە

براکەم! ڕاستی تۆ لە من ببیە
شکڵی ئیدارە نازانن چییە

ئێمە بە دار و فەلاقە فێرین
لە دەر وەک ڕێوین، لە ماڵا شێرین

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۸، لاپەڕە ٤۷۸، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۰.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. میرێکی بێ‌بەزە لە پیرێکی بە ڕەزای پرسی: "لە عیبادەتەکان کامەیان باشترە." کوتی : "بۆ تۆ خەوی نیوەڕۆ، هەتا ئەو یەک دەمە خەڵک ئازار نەدەی."
زاڵمێکم دی نیوەڕۆ خەوتووە
کوتم فیتنەیە، باشترە نوستووە
کەسێکی خەوی بۆ گەڵ باشتر بێ
ئەمەی نە ژینە، چاترە مردووە
گوڵستانی سەعدی، وەرگێڕانی: عەڵی نانەوازادە.
۲. فَقَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «النَّوْمُ أَخُو الْمَوْتِ، وَأَهْلُ الْجَنَّةِ لَايَنَامُونَ» [أخرجه الطبراني في «الأوسط» (٩١٩)، والبيهقي في "شعب الإيمان" (٤٤١٦).] خەو برای مردنە، وە ئەهلی بەهەشتیش ناخەون.
۳. وانێک: وتەیەکە بەکار دێنرێ لە جیاتی وتەی (ھین)، واتە؛ کابرایێکی کوێر بوو.
[هین] ئەیگوت بۆیە ئەقچێنم زەلام
لنگەفرتێکەی زۆر خۆشە لە لام
پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٤۷، لاپەڕە ٤٥۷، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٤۸۹.
٤. مارتینی: جۆرە تفەنگێکە لە زەمانی تورک‌دا بەکار هاتووە.
٥. مەرە: ڕە‌وش، دۆخ، بارودۆخ، هە‌ل‌ومه‌رج، حاڵ، بار، چلۆنایە‌تی. سەغڵەتی و ماندوێتی زۆر.
٦. فەلاقە: شتێکە دەکرێتە ھەردوو قاچەوە و بادەدرێ بۆ دار لە بەری پێ دان.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

"ژوول وەرەن" هەڵسا دنیا بگۆڕێ
بەو سەودایەوە گوێی نایە گۆڕێ

بە خەیاڵ تۆپی هێنایە مەیدان
گوللەی بگاتە چەرخی ئاسمان

زەمین هاتە ڕاست خەتی ئیستیوا
بەو گوللە تۆپە بیگێڕێتە دوا

تۆپی خۆی هاویشیت کردی بە هەوا
چەرخی فەلەکی پێ تێک نەدرا

نە دەور گۆڕا نە جەوری زۆردار
بۆمبا و قونبولە زۆرتر کەوتنە کار

بەکەس چاک نابێ "دەنی" ناو ناوە
خوا ئەم جیهانەی وا سروشت داوە

بۆیە لە بەهەشت دەریپەڕاندین
تۆوی دوژمنی لەناوا چاندین

ئێستا حیزبەکان هاتوونە مەیدان
بە گوێچەپچورکێ کەوتوونە تەکان

گوریس‌کێشەکێ هاتووتە پێشێ
هەرکەسە بۆلای خۆی ڕایدەکێشێ

هەندێ ئەحرارن هەندێ وەتەنی
دیمۆقراتیەکان پێیان پێکەنی

دڕ دەن وا هاتن تیپی دیموقڕات
عەدڵ و موساوات ئەخەنە وڵات

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۹، لاپەڕە ٤۷۹، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۱.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. جۆل ڤابرییل فیرن: ٨ی شووباتی ١٨٢٨ لە نانت لە فەڕەنسا لە دایک بووە. نووسەر و شاعیری فەرەنسی سەدەی نۆزدەھەم بووە و بونیاتنەری دامەزراندنی ئەدەبی خەیاڵی زانستی بووە. زۆربەی بەرھەمەکانی باس لە ئەو داھێنانە زانستیانە دەکات کە لە سەدەی نۆزدەھەمدا دەرکەوتووە، پێشبینی کردن بۆ داھێنانێکی خەیاڵی کە لە خزمەت کردنی مرۆڤایەتی دابێت. جۆل فیرن لە ٢٤ ئازاری ساڵی ١٩٠٥ لەتەمەنی ٧٧ ساڵیدا لەناو ماڵەکەی خۆیدا کە ئێستا بە قەڵای جۆل فارن ناسراوە کۆچی دوایی کردووە.
۲. خەتی ئیستیوا: هێڵی‌ ڕێكی‌، هێڵی که‌مه‌ری، هێڵی‌ كه‌مه‌ره‌یی‌، كه‌مه‌ره‌ی‌ زه‌وی‌.
۳. قونبولە: بۆمب، گولله‌ تۆپ، نارنجۆک.
٤. دەنی: بێ‌‌ئاكار، نامه‌رد، ناکه‌س، په‌ست، خوێڕی، دوونی‌.
٥. گوێچکەپچورکێ: گوێپرووسکێنە، گوێچکە پڕووسقێ، یارییەکە ھێندێ مێوژ یا خورما دادەنێن لەناو چەند کەسێکدا، ھەر کەسێک دەستی بۆ بەرێ یەکێک گوێی دەگرێ تا نەتوانێ بیبا.
٦. گوریس کێشەکێ: یارییەکی دوو دەستییە، ھەر دەستەی گوریسەکە ڕادەکێشن، کامیان دەستەکەی تری ڕاکێشا دەیباتەوە.
۷. ئەحرار: جوامێران، مێرخاسان، عه‌گیدان، خوشمیران، سه‌ربه‌ستان. ڕزگاریخوازان.
۸. موساوات: یەکسانی‌، بە‌رابە‌ری‌، هاوشانی‌.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

منداڵان لەسەر شەقامی قیرتاو
خەتێ ئەکێشن پێی ئەنێنە ناو

بازی تیا ئەدەن بە هەنگڵەشەلێ
ئەمێنێتەوە ئەوە بۆ گەلێ

دەستەیەکی تر کە هاتنە کایە
هەر ئەو یاریەیە نەریتیان وایە

لە بەرەوژورەیش کەرێ ئەمیزێ
دوای ئەو هەرچیەکیان کە هات لە ڕیزێ

ئەبینی ئەویش بۆ میز وەستاوە
ئەمە بە کوردی خەرمیزی ناوە

چاولێ‌کەرییە و کردەوەی کەری
خوویێکی بەدە و ئەڕۆن لەسەری

وەنەبێ زەرەر هەر بۆخۆیان بێ
هەڵەوەڕە دز دێنێتە سەر دێ

لە گاگەلێک‌دا گوێرەکەیەکیان
کەوتە شینایی و خواردی بەریان

هەموو گاگەلی ئێوە ئەگلێنێ
میری جەزاکەی لە شوان ئەستێنێ

دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگرە
ڕەشەبایێکی سەختە لەم دەورە

با وجوود ئێستا سەرڕووتی باوە
بۆیە بە ئەدەب وا بێ کڵاوە

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۰، لاپەڕە ٤۸۰، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۲.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. بەرەوژوورە: ھەوراز، لای ژوروو.
۲. هەڵەوەڕ: هەڵەپاس، سەگی زۆروەڕ. برێتی لە چەنەباز، چەقەسرۆ.
۳. گلاندن: دەست‌بەسەرداگرتن.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

وڵاخی نەگریس کە وا بار نابا
هەر بارنەبەرە بشچێتە کابە

زۆر کەر لە پیاوی کەر وریاترە
بە وۆش ئەوەستێ گوێ‌ڕایێڵترە

گوێ‌ڕادێر لە لای خێوی نازدارە
بارنەبەر بەشی نەقیزە و دارە

بەنی ئادەمیش دیسان هەر وایە
پیاوی بەکار و بەدکاریان تیایە

بەڵام ئینسان و حەیوان وەک یەک نین
زۆری وا هەیە کە بە شانس ئەژین

بەربوونە عالەم بە گاز و لەقە
هەژار بێزارە و جێگای پێ لەقە

کەچی ئەبینی ئەوان لەپێشن
تێکڕا ئەم خەڵقە باریان ئەکێشن

من ئەڵێم هەوای ئەم شارە وایە
قەدری زۆرداریان زۆرتر لە لایە

هەرچی بۆی هەڵکەوت خۆی لە خۆی گۆڕی
بێ‌دەسەڵاتی، وا حەڵاڵ‌خۆری٥

گورگانەشەوێ لای‌لایەمانە
پیاوخۆرەکەش وا لەبەر دەرگانە

لە منداڵیەوە بەچەترسێنین
بۆ شوێن گورگ کەوتن پەت ئەپسێنین

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۱، لاپەڕە ٤۸۱، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۳.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. گلستان سعدی:
"خر عیسی گرش به مکه برند
چون بیاید هنوز خر باشد"
بیبەیە مەککە گەر کەری عیسا
کە گەڕایەوە هەر کەرە هێستا
۲. نەگریس: گیانداری لاساری سەرسەخت.
۳. خێو: خاوەن.
٤. لەقە: لێدان لە شت بە لاقێک.
٥. پەندەکانی پیرەمێرد، لاپەڕە ۱٨٦و۱٨۷:
ئەوانەی کەوا ڕازین بە لاتی
حەڵاڵ‌خۆرییە و کەم‌دەسەڵاتی
٦. گورگانە شەوێ: جۆرە گۆرانییەکە منداڵی پێ دەکرێتە خەو
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

بێ‌دەنگە ئەوی کە کاربەدەستە
هەرچی کە لێ‌کەوت وەتەن‌پەرەستە

پەتایەک هەیە شەمەکەی ناوە
کە جار بە جارێ کەوتە ئەم ناوە

هەرچی ئەبینی پژم و هووڕییە
دووزەلەی لووتی تووڕە تووڕییە

ئێستا ... ئەو پەتایەیە
دەماغ‌گەرمی ئەو نیمچە تایەیە

ماڵ‌وێرانیەکەی هەر بە کورد بڕا
بە دڵپاکی خۆی پێی چوو بە قوڕا

بە چاوی خۆمان دیمان تەفرە بوو
بە ئاشکرا دای بە گورگان خواردوو

ئێستا نە بامان دیوە نە باران
ئەو سەودایەیە و کۆمەڵی یاران

هەندێ لە بەدی خۆیان دەر ئەکرێن
ئەبنە ئاگر و لە کۆز هەڵ ئەگڕێن

دەربەستی کەس و کار نین لەبەر قین
ئەڵێن بسووتێ و ئێمەشی تیا بین

کە کەوتیشەو سەر ئیش بێ‌دەنگە
چۆن سەرئەکەوێ قەومێک بەم ڕەنگە

بۆ نییابەتیش زۆر کەس لە پێشا
ئەهاتە مەیدان خۆی هەڵ ئەکێشا

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۲، لاپەڕە ٤۸۲، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱٤.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. پەتا: درم، جۆرە دەردێکی سووکی تێکڕاییە وەک ھەڵامەت.
۲. دووزەلە: تووزەلە، دوو لوولە قامیشی باریکە لەپاڵ یەکدا بە قیر پێکەوە دەنرێن و ھەر یەک چەند کونێکی تێدا فووی پێدا دەکرێ و دەنگێکی لێ پەیدا دەبێ.
۳. دەماغ گەرمی: مه‌ست، سه‌رخۆش.
٤. تا: گەرمییەکە لە نەخۆشییەوە پەیدا دەبێ لە ئەندامی گیانداردا.
٥. تەفرە بوون: فریو خواردن، هەڵخەڵەتان.
٦. گورگان‌خواردوو: یانی تووشی‌ بەڵا بێ و کەسیش دە فریای نەیە.
۷. هەڵ‌گڕان: گڕ گرتن، بلێسەدار بوون. کڵپە کردن.
۸. دەربەست: کەسێکە بەتەنگ شتێکەوە بێ. ـ دەربەست نەبوون: بەتەنگ شتەوە نەبوون.
ـ به‌ته‌نگه‌وه‌بوون: گرنگی دان، گرنگی‌ پێدان، به‌ گرنگ گرتن، بایه‌خ پێدان، خه‌م خواردن بۆ كارێ‌ یان كه‌سێک.
۹. نیابەت: جێنشینی؛ جێگری؛ بوونه‌ جێنشین؛ له‌ جێی‌ كه‌سێک دانیشتن؛ به‌جێی‌ كه‌سێک ئه‌نجام دانی‌ كارێک.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

جاران خوا قینی ئەگرت لە شارێ
بە ناخی زەویا ئەیبردنە خوارێ

یاخۆ قەومێکی بەوە ئەترساند
لە ئاسمانەوە بەردی ئەباراند

کە پێغەمبەری ئێمە پەیدا بوو
لەبەر خاتری ئەو ئەمانە لاچوو

ئێستا لە ڕێگای دین لامان داوە
خوا و پێغەمبەرمان هێند لێ ڕەنجاوە

وا وردە وردە ئەمان ترسێنێ
لە شوێن بەرد جارێ خۆڵ ئەبارێنێ

ئەم خۆڵ بارانە لە جێی ئینزارە
هەروا بین نۆرەی بەردە ئەمجارە

هەرچی ئەبینی کەوتوەتە گزی
جۆی گیانلەبەریان وەک کووتاڵ دزی

ئەمە کردەوەی خۆیان هاتە ڕێ
ئەگینە ئێرە و فەلەستین لە کوێ

سوپاسی ئێمە با بەجێ بێنن
وا لێرە تۆڵەی ئەوان ئەسێنن

خۆزگە بایعی کوتاڵ و قوماش
بە جووت ئەکەوتنە ناو دۆزەخی ئاش

دەستەملان ئەبوون بە جووت وەک یۆڵداش
ئەترنجانە بەینی دوو بەرداش

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷٤، لاپەڕە ٤۸۳، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱٥.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. "ئێمە هەریەک لەوانەمان بە تاوانەکەی خۆیان‌گرت. جا هێندیکیان بای زۆرتوندی پڕ لەچەومان ناردەسەریان، هێندێکیشان نارەتەی زل دای‌گرتن و هێندێکیشمان بەناخی زەویدا ڕۆبرد؛ هێندێکیشیانمان لەئاودا نوقم‌کردن. خوا ناهەقی لێ‌نەکردن؛ بەڵام خۆیان ناهەقیان لە خۆیان کرد." [قورئانی پیرۆز، عنکبوت٫ ٤۰، وەرگێڕاوی هەژار]
۲. "هەموومان ژێروڕوکردو بارانێکمان لەکەستەکێ - کە ببوە بەرد - لە سەر ئەمانە داباراند." [قورئانی پیرۆز، حجر٫ ۷٤، وەرگێڕاوی هەژار]
۳. ئینزار: ترساندن، گه‌ڤ کرن. هوشداری دان، ئاگاداركردنه‌وه‌، پێڕاگه‌یاندن.
٤. گزی: فێڵ و چاووڕاو.
٥. بایع: فرۆشیار؛ فرۆشه‌ر، "بایع" مەبەست لە بایعەکانی زەمانی تەموینە (سەردەمێ کە دەوڵەت خۆراکی بە کۆپین دەدا بە خەڵک). واتە ئەوکەسانەی دەبوونە فرۆشیاری ئەم خۆراک و کەل‌وپەلانەی دەوڵەت دەیدانێ بۆ ئەوەی بە بیتاقە (کۆپین، بڵیت) بە خەڵکەکەی بفرۆشن.
٦. قوماش: پارچە، کوتاڵ.
۷. بەرداش: بەردێکی پانی گردە کونێک لە ناوەڕاستیایەتی، دانەوێڵەی پێ دەھاڕدرێ.
۸. یوڵداش: یار، ڕەفیق.
۹. ترنجاندن: تێخزاندن و چڕاندنی شتێک بۆ ناو شوێنێک بە پاڵەپەستۆ.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

ئەم چەندەی کە وا تەنیا بووم بۆ خۆم
منیش خەریک بووم باینجان بخۆم

دوایی دیم ئەوی باینجان‌خۆرە
هێند سەودای زۆرە لێی بوە بە خۆرە

شەوی لێ ڕۆژە، ڕۆژی لێ شەوە
بۆ منداڵی خۆی بووە بە شەوە

ئەگەر بە کەسێ بڵێی قومارباز
گۆشتت ئەپچڕێ بە دەندووک وەک باز

کەچی قوماری هێند لە لا خۆشە
بە بیرەی جۆکەر بێ مەی سەرخۆشە

بلۆفی پۆکەر بۆ ئەم دەورەیە
بە دەورە پیشەی پیاوی گەورەیە

موحتەسیب کە خۆی خواردیەوە دیارە
لەگەڵ سەرخۆشا هاوپیاڵە و یارە

لە کوێی بێخەوە ڕەمەزان پاشا
"محان" جاڕ بدا و بانگ کا لە پاشا

ئەوی ڕەمەزان کە ڕۆژوو نەگرێ
بە ئەمری پاشا وا وای لێ دەکرێ

وا ڕەمەزانیش وەختە بێتەوە
لە هەموو ماڵێ ڕۆژ ئەکرێتەوە

بە لۆقە و بە ڕەوت بە دڵ و نابەدڵ
هەموومان تێکڕا ئەگەینە مەنزڵ

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷٥، لاپەڕە ٤۸٤، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱٦.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. باینجان: باینجانە؛ بامجان؛ بایمجان؛ بایەمجان؛ باینجۆ؛ بایمجۆ؛ باینجانەڕەشە؛ تەماتەسیاوێ؛ میوەیەکی خۆراکی و زیاتر درێژ یان خڕە، بە رەنگی بنەوشی تۆخ.
۲. خۆرە: جۆرە برینێکە بە ھەر شوێنێک بگا دایدەوەشێنێ.
۳. سەودا: دەردێکی زۆر بە ئاڵۆش (خارشتی جەستە)ە، لە جەستەی مەردوومدا پەیدا دەبێ و دەست و پێی شەقار شەقار دەکا.
٤. شەوە: دەردێکە تووشی منداڵی ساوا دەبێ ئەندامی شین دەکاتەوە و دەمرێ.
٥. بیرە: ئاوجۆ.
٦. بۆلۆف: تڕوتۆپ؛ بافیش؛ باپیڤان؛ چاخان؛ شاتوشووت؛ فشەفش.
کەچی بە "بلۆف" ئەمان ترسێنن
لەغاومان دەکەن، دەمانڕەتێنن
"پەندەکانی پیرەمێرد، ڕۆژنامه‌ی ژیان، ژماره‌ ۴۸۸."
۷. پۆکەر: جۆرە قومارێکە بە کاغەز دەکرێ.
۸. موحتەسیب: چاودێر؛ دارۆغە‌؛ شارە‌وان.
۹. ڕۆژکردنەوە: نووستن و دانیشتن لە شەو تا بەیانی.
۱۰. لۆقە: قۆرتە، گورگەلۆقە.
۱۱. مەنزڵ: مەنزڵگا، شوێنی کاروان لێخستن.
ـ مانای "محان" نازانم، تکایە کێ دەیزانی بۆم بنێرێ:
لە کوێی بێخەوە ڕەمەزان پاشا
"محان" جاڕ بدا و بانگ کا لە پاشا
👇
@pandakanipiramerd
Forwarded from مامۆستا عەباس کەمەندی (میـــلاد ڪـریمــی)
🔶 شێعر: بەینی من و تۆ
🔷 شاعێر و گۆرانی بێژ: مامۆستا عەباس کەمەندی

🆔 @MamostaAbasKamandi

به‌ینی من و تۆ، "من و تۆ" نه‌بوو
باسی جیایی گفتوگۆ نه‌بوو

ئیسه من و تۆ، من و تۆمانه
باسی جیایی گفتوگۆمانه

هه‌ر بایکی مه‌یۆ له سه‌ر کۆی له‌یلاخ
منیش به‌و بایه ئه‌وم خوەش دەماخ

هه‌ر بایکی مه‌یۆ گوڵ پێ ئه‌شەنیۆ
یاخوا ئه‌و بایه هه‌ر بێ و بچۆ

هه‌ر بایکی مه‌یۆ گوڵ پێ زایه بۆ
یاخوا ئه‌و بایه کۆتا مایه بۆ

🆔 @MamostaAbasKamandi

دییه‌م، نه‌ونه‌مام، نه‌وتۆرێ ساوە
په‌ژارەت لەبان ئه‌م دڵمه لاوە

دییت و ڕادە‌بڕی ژەرەژ ئاسایی
نه سڵامت هه‌س، نه‌ مه‌رحه‌بایی

ته‌پڵ و نه‌قارەی ڕسواییم لێ دەن
خه‌به‌ر شه‌یداییم به شار و دێ به‌ن

مۆرێ به‌دنامی به‌ن له پێشانیم
جاڕ بدەن بێژن شێت و ڕەوانیم

یان مه‌سلووبم که‌ن مه‌سێح ئاسایی
مه‌حاڵه ئازیز مه‌یلی جیایی

👇👇👇
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

ئەم کوردە هی وای تیا هەڵکەوتووە
کە بۆ گەڵ هیوای تیا هەڵکەوتووە

لەگەڵ، لەگەڵ گەڵ بە چاکیان زانی
لەگەڵ مەرگ ئەچنە بەربەرەکانی

ڕشتەی ژیانیان ئەکەن بە گوڕیس
گوڕیس‌کێشەکێ ئەکەن بۆ نەگریس

هەر بۆ ئەوەیە کە بڵێن: ئازان
ئەگینە پێیان ناڵێن: خانەزان

ئەوەی بۆ دایک شەفقەت نەنوێنێ
باوەژن لە توێی خاکا ئەینوێنێ

کە تۆ کەوتیتە بەربەرەکانی
نایێڵن گۆزەت پڕ کەی لە کانی

ئەمڕۆ ڕۆژێکە سیاسەت باوە
لە زۆرەملێ چیت داوە! باوە

کە تۆ بێ‌دەستی و دەرفەتت کەمە
مەڵێ ئازایی پیشەی باوکمە

بە "وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ" خوا
ئامۆژگاری تۆی فەرموو بەرودوا

بەڵام تۆ ئەڵێی مەردی ئەنوێنم
ئەمرم و گەلی پێ ئەژییێنم

کێ تۆی لە بیرە لە دیوەخانا
تەنها قوڕ ئەکەی بەسەر لاوانا

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷٦، لاپەڕە ٤۸٥، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۷.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. لەگەڵ: هەر کە. ـ لەگەڵ: وتەیەکە بەکار دێنرێ بۆ بوون و ھاوڕێیی شتێک لەگەڵ شتێکی تردا.
۲. گوریس کێشەکێ: یارییەکی دوو دەستییە، ھەر دەستەی گوریسەکە ڕادەکێشن، کامیان دەستەکەی تری ڕاکێشا دەیباتەوە.
۳. نەگریس: گیانداری لاساری سەرسەخت.
٤. خانەزا: خانەزاد، خانەدان، گەورەماڵ، خانزاد، تۆرن، کابۆش.
٥. شەفەقەت: دلۆڤانی، دڵسۆزی، دڵنەرمی، دڵنه‌وایی، بەزەیی، بزی.
٦. "وَأَنفِقُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَلَا تُلْقُوا بِأَيْدِيكُمْ إِلَى التَّهْلُكَةِ ۛ وَأَحْسِنُوا ۛ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ" [سورة البقرة٫ ۱۹٥، وەرگێڕاوی مامۆستا هەژار.]: ماڵی خۆتان تا دەتوانن لە ڕاهی خودا ببەخشن؛ خۆشتان بە فەتەڕات مەدەن بە دەستی خۆ. چاکە بکەن، خوا ئاکارچاکی خۆش دەوێن.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

لایێکم ئاگر لایێکم ئاوە
خاکم تۆز ئەکا بە ڕەشەباوە۱

خۆزگە چارێکی ڕەشەبا ئەکرا
یا هیچ نەبوایە فیشاڵ دوای ئەبڕا

پڕۆپاگەندە فیشاڵی ناوە
دەمێکە لەناو ئێمەدا باوە

ئێستا دەست، دەستی دەست بە کێردییە
بۆیە هەڕەشە نیوەی مێردییە

بە کێردەکولە هاڕوون لەناو چوو
وەک تڕێ بن گۆم دەنگێکی نەبوو

پارەداری ڕژد ئەزانی چۆنە؟
تڕی بێ‌دەنگە و تسی بێ بۆنە

خۆزگە ئەمزانی ئەوانەی نایخۆن
بۆ مێردی ژنی جێ‌دێڵن ئەڕۆن

لە قەبرەکەوە ئەیدی بە چاوان
بە پارەکەی ئەو ئاهەنگی لاوان

ئەوەیش کە لە ڕێی خوادا ئەیبەخشێ
بە هەموو هێزی دەوران نالەخشێ

چرووکی و بەخشین بە خواستی خوایە
هەر چۆنێ قیسمەت داینابێ وایە

کە ماڵی خۆیان ناخورێ بۆیان
قەمتەر کراون بە لغاوی شەیتان

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۷، لاپەڕە ٤۸٦، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۸.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. مەبەستی له‌ چوار توخمی‌ ئاو و ئاگر و با و خاکە.
۲. پڕوپاگه‌نده: با‌نگه‌شه‌، هه‌وڵدان بۆ بره‌وپێدانی‌ بابه‌تێ یان شتێ.
۳. فیشاڵ: درۆی زل.
٤. لەخشین: تێکچوون و جووڵانی شت لەجێی خۆی.
٥. "بەسەرهاتی ئەوکەسانەی ماڵیان لە ڕاهی خودادا بەخت دەکەن، وەک بەسەرهاتی دەنکێکە حەوت گوڵ دەداو هەرگوڵەی سەد دانەی تێدا. خودا چەند ئەوەندە پاداش دەدا بەهەر کەس بیەوێ. خودا چاکەی یەکجار زۆرەو زۆر زانایە." [سورة البقرة٫ ۲٦۱، وەرگێڕاوی مامۆستا هەژار.]
٦. قەمتەر: ئاسنیکیە وەک لغاو دەکرێتە دەمی ئێستر و مەیموونەوە.
۷. قەمتەرکردن: قەمتەر خستنە ناودەمی ئیستر و مەیموون. بریتییە لە دەمکوت کردنی یەکێک.
👇
@pandakanipiramerd
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

خوێندن تەئسیرێ ناکاتە سەرخۆ
نەگریس بە چاک و خراپ ئەڵێ خوو

بێ "عیار" کە "ی"ی لاچوو بێ‌عارە
هەرچی عەیاری گۆڕی عەیبدارە

ئەو ئیسرەی کەوا مەخسووسی جووتە
گوێی بە چەرمەوە نابا بە جووتە۳

زۆری وایش هەیە چڵکن و گەڕە
کە ئاشی گەڕا ئەوسا بە گەڕە

شەیتان زۆر پیاوچاک ئەگێڕێتەوە
کتێب بۆ ئاخریی ئەگیرێتەوە

بەرسیسای عابید لە وەلی ئەچوو
بە تەفرەی شەیتان لە ڕێی دین دەرچوو

دوو برام دیوە ئەولیا زادەن
بۆ هەموو ئەمری شەیتان ئامادەن

بەوەدا ئەڵێم: نەتەوەی وەلی
زۆر مل ئەشکێنن بە زۆرەملی

دنیا هەنگوینە و بنیادەم مێشە
قاچی تێ چەقی ئازای ڕایکێشە

هیچ کەس ناناسرێ بەبێ لێ‌قەومان
بوار، سپی و ڕەش دەردەخا بۆمان

نوقتەی عائیلە بوو بە غائیلە
بۆیە بۆ دونیا خەڵک هێند مائیلە

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۸، لاپەڕە ٤۸۷، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۱۹.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. نەگریس: گیانداری لاساری سەرسەخت.
۲. عەیار: پاژێک له‌ بیست و چوار پاژی زێڕ. پێوانه‌، پێوە‌ر، مە‌زندە‌. ئه‌ندازه‌، ڕاده‌. پوختی‌ و پاكی. ته‌رازوو. پوخت و بێ‌‌خه‌وش.
۳. پیرەمێرد:
ئێستر دووڕەگە بڕوای پێ ناکەم
هی وایشیان هەیە گوێی ناباتە چەرم
پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸٦۷، لاپەڕە ٤۷۷، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۰۹.
مەبەستی لەوەیە کە لە کاتی جووتە وەشاندن‌دا دوو گوێی بۆ دواوە ناباتەوە و جووتەی خۆی دەوەشێنێ. چوونکە ئەو گیانەوەرانە کە خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن گوێیان بۆ دواوە دەبەنەوە.
٤. گەڕ: نەخۆشی گڕوێی.
٥. بە گەڕ: بە تەشقەڵە، بە فێڵ.
٦. گێڕانەوە: لە ڕێی ڕاست لادان.
۷. وەلی: دۆست، سه‌رترین پۆست له‌ ئایین دا دوای‌ پێغە‌مبە‌ر.
۸. تەفرە: فریو.
۹. بوار: تەنکاییی ئاو کە ڕێی ھات‌وچۆ بدا.
۱۰. عائیلە: بنه‌ماڵه‌، خێزان.
۱۱. غائیلە: فیتنە‌، ئاژاوە، پشێوی. سه‌ختی‌، دژواری‌. به‌ڵا، په‌تا.
۱۲. مائیل: خوازیار، خوازە‌ر، هۆگر، پێخۆش. لار، خوار، کە‌‌ج، گێڕ، دوولا، چە‌میو.
👇
@pandakanipiramerd
وەرە، باوەڕ بکە، کوردە! خوایە خالقی دانا
بە تەنیا لەفزی کاف و نوون جەمیعی ماسیوای دانا

ئەوەندە ڕەحمەتی زۆرە، گوناحی وەحشی مەحوو کرد
ئەوەندە خاوەنی قەھرە کە دینی سەند لە بەرسیسا
مامۆستا قانع

نەکەی زۆری باوڕت لەخۆباییت بکات چونکە؛ ئەوکاتی شەیتان زیاتر سەرنجت دەدا!
شەیتان چۆن بەرسیسای لە خشتە برد؟

سەردەمانێکی زوو لەنێو نەوەی ئیسرائیل‌دا گەنجێکی لە خواترس و بەتەقوا و زۆر بەڕەوشت هەبوو بەناوی بەرسیسا کە زۆربەی کاتەکانی بۆ خواپەرەستی تەرخان کرد بوو خەڵکی ئەویان بە پیاوچاکێک دادەنا کە نزاکانی لای خوای پەروەردگار ڕەت ناکرێتەوە بۆیە لەکاتی گرفت و کێشەکانیان دا دەچون بۆ لای و داوای نزایان لێ دەکرد.
ئەم بارودۆخەی بەرسیسا بێگومان شەیتانی دوژمنی سەرسەختی مرۆڤی زۆر توڕە و بێزار کرد بوو بۆیە بڕیاری دا
هەر چۆنێک بێت لە خشتەی بەرێت.
ڕۆژێک شەیتان هەموو دەست و پێوەندەکەی کۆکردەوە و پێی وتن: کێ دەتوانێ بەرسیسا لە خشتە ببات؟ یەکێک لەوان وتی: من دەتوانم متمانە بە من بکە گەورەم.
ئەوە بو شەیتانیش ئەرکە کەی بە ئەوسپارد. پاشان یاریدەدەرەکەی شەیتان دزەی کردە نێو کۆشکی یەکێک لە سوڵتانەکانی ئەو سەردەمەی نەوەی ئیسرائیل کە کچێکی جوانی هەبوو دەستی لە کچە وەشاند بەجۆرێک کە
ژیری کچەکە شێوا و ئەقڵی لە دەست دا.
هەموو هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی بێ سوود بوون.
لە پاش چەندین ڕۆژ یاریدەدەرەکەی شەیتان لەسەر شێوەی مرۆڤێک هات بۆ کۆشک و پێی وتن: ئەگەر دەتانەوێت کچەکەتان چارەسەر بێت بیبەن بۆ کن بەرسیسا، ئەو چاکی دەکاتەوە.
پاشان کچەکەیان برد و بەرسیساش نزای بۆ کرد کچەکەش چاک بوەوە پاشا و کچەکە بە خۆشحاڵی چونەوە کۆشک.
پاشان دیسان شەیتان هاتەوە سەری لە کچەکە شێواندەوە دواتریش لەسەر شێوەی مرۆڤ هاتەوە و بۆلایان و پێی وتن: گەر دەتانەوێ کچەکەتان بە تەواوەتی چاک بێتەوە چەند ڕۆژێک لای بەرسیسا بەجێی بهێڵن. یاریدەدەرەکەی شەیتان دەچێتە بن کڵێشەی بەرسیسا!
کچەکەیان بردە لای بەرسیسا بەڵام ڕازی نەدەبوو دوای هەوڵێکی زۆر پێداگری پاشا لەسەر ئەوەی کچەکە بمێنێتەوە بەرسیسا قایل بوو ناچار بو داواکەی سوڵتان قبوڵ بکات.
ئەمەش دەرفەتێکی ناوازە بوو بۆ شەیتان هەوڵی دا تا هەستی بەرسیسا بەلای کچەکەدا بجوڵێنێ بەڵام بەرسیسا جار لە دوای جار زیاتر لە کچەکە دوور دەکەوتەوە.
شەیتان کۆڵی نەدا تا بەرسیسا کەوتە داوی نەفسیەوە توشی گوناهێکی زۆر گەورە هاتبوو.
شەیتان هات بۆلای پێی وت تازە تۆ زینات لەگەڵ ئەم کچەدا کردوە لەم کارە لە سزای شەیتان ڕزگارت نابێ مەگەر کچەکە بکوژیت و جەستەکەی لە ژێر زەوی پەرستگاکەدا بشاریتەوە. کە پرسیاریان کرد بڵێ کاتی مەرگی هات و کۆچی دوایی کرد.
ئیتر بڕوات پێدەکەن ئیدی بەرسیسای نەگبەت هیچ چارەیەکی نییە قسەکانی ئەوی جێ‌بەجێ کرد .
پاشان شەیتان خۆی کردەوە بەکەسە ئاساییەکە و چوو بۆلای پاشا و پێی وتن کە بەرسیسا چی لە کچەکەیان کردووە.
سوڵتان زۆر توڕە بوو هات بۆلای بەرسیسا و زەویەکەیان هەڵکەند و لاشەی کچەکەی دۆزیەوە ئیتر سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد و فەرمانیدا بڕیارەکە جێ‌بەجێ بکەن. شەیتان هات و بە برسیسای وت: گەر بتەوێت دەتوانم لەم دۆخە ڕزگارت بکەم پێیان دەڵێم کە تۆ ئەم کارەت ئەنجام نەداوە و بکوژەکە کەسێکی ترە بەڵام مەرجێکم هەیە نکوڵی لە بونی خوا بکە و کڕنوش بۆ من بەرە.
بەرسیسا پەتی سێدارەی لەملدا بوو وتی: چۆن دەتوانم بەم حاڵەوە کڕنوشت بۆ بەرم وتی تەنها بە ئاماژەی سەر کڕنوشم بۆ ببە بەسە!
بەرسیساش ئەوەی کرد و بەداخەوە بوە یەکێک لەدۆڕاو و خەسارەتمەندەکان!
⭕️ پەندەکانی پیرەمێرد

شەیتان پیاڵەیێک هەنگوین ئەگێڕێ
پیاوچاکی لە دین پێ وەردەگێڕێ

کە ئەمووستێکی لە دەمی هەڵسوو
ئەبێتە پیاوی، ئەکەوێتە دوو

لە جیاتی شەیتان ئەوان ئەگەڕێن
"شَيَاطِينَ الْإِنس" بەوانە ئەڵێن

ئەمانە دەستەی لەخوا نەترسن
لە خزم و کەس و کاریان ناپرسن

هی وایشیان هەیە هێند بێ نامووسە
بەوە ئەخوڕێ کە وا جاسووسە

ئەم دەردە پیسەی کە ئەخلاقییە
لە برەودایە هەروا باقییە

تا هەموو لایەک ئەمە نەزانین
نابین بە هیچ و بێ پشتیوانین

خۆ ئەگەر خوای کرد لەمە گەیشتین
پشتمان دایە یەک ئەوسا بە پشتین

پشت و قووەتمان کە لە خۆمان بێ
پیاوین هەر چۆنێ ئارەزوومان بێ

ئێستە کە کەلکی خۆمانمان نییە
ئیتر بێگانە ئێمەی بۆ چییە

چار هەر ئەمەیە بە تەفرەی شەیتان
نەدەین لەسەر و گوێلاکی خۆمان

پەندەکانی پیرەمێرد، ژین ژمارە ۸۷۹، لاپەڕە ٤۸۸، چاپی ساڵحی، لاپەڕە ٥۲۰.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱. ئەموست: پەنجەی دەست و پێ.
۲. "وَكَذَٰلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَىٰ بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا ۚ وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ ۖ فَذَرْهُمْ وَمَا يَفْتَرُون" [سورة الأنعام٫ ۱۱۲، وەرگێڕاوی مامۆستا هەژار]:ئێمە بۆ هەر پێغەمبەرێک دوژمنێکمان - لەنێو شەیتانەکانی بنیادەم و جندۆکە - دانا. هێندێک لەوان - بۆفریودان - قسەی ڕازاوەو درۆیان بە هێندێک تر ڕادەگەیاند. پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، ئەو کارەیان بۆ نەدەکرا. لێیان گەڕێ با هەر درۆیان هەڵبەستن.
۳. سه‌روگوێلاک: سه‌روپۆتراک، سه‌روپۆته‌ڵاک.
👇
@pandakanipiramerd