میزان - کـوردستان
1.66K subscribers
201 photos
164 videos
69 files
891 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🔵 مرۆڤی کورد و بەرەی داهاتوو.

فیلمی ژیانی من(My life) بەسەرهاتی لاوێکی ئەمریکییە کە دەسکورتی بنەماڵەکەی بۆی دەبێتە شوورەیی، بۆیە زێد و مەڵبەندی خۆی بەرەو گەورە شاران بە جێ دێڵێ و ناوی خۆی دەگۆڕێ. تەنیا ئاواتیشی دەوڵەمەند بوونە.پاش ساڵانێک، ئێستا باری ژیانی گۆڕاوە. هاوسەرگیری کردوە و خێزانی دووگیانە. بەڵام درەنگ دەزانێ کە خۆی تووشیی شێرپەنجە بووە. بە وتەی دکتوران چەند مانگێ زیاتری نەماوە بە ڕووی دنیاوە. دەزانێ چاوی بەو منداڵەی ناکەوێ. کەچی لە دەروونەوە خۆی بە بەرپرس دەبینێ. بویە بڕیاردەدات وەکوو باوکێک ئەوەی زانیاری پێویستە بە پێی تەمەن،بە شێوازی ڤیدیۆ بۆی تۆمار بکات تا دواتر ئەو منداڵە خۆی چاوی لێ بکات. بەڵام قەیران لێرەوە دەس پێدەکا کە پێش بە هەموو کارێ، ئەبێ خۆی بەو منداڵە بناسێنێ. خۆی کێیە؟؟؟ مرۆڤێکی پڕ لە شەرمە لە ئەسڵی خۆی، نامۆ لە کۆمەڵگا، بێخەبەر لە ئەرکی ئینسان و مانای ژیان و...

تەنانەت ناوەکەشی هی خۆی نیە. تازە زانیویە جگە لە پارە زۆر شتی تریش هەن کە گرنگن. ئەو پردی پێوەندی نێوان خۆی و ڕابردووی بە دەستی خۆی ڕووخاندوە. تێدەگات پشتکردن لە پێناسەکان، نەبۆتە هۆی چارەسەری دەردەکانی، بەڵکوو ئەوە هەر خودی دەردەکەیە... بۆیە لە گەڵ خێزانی دەگەڕێتەوە زێدی خۆی، بۆ سەردانی بنەماڵەی. ئەم گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشە، زۆر شتی بۆ روون دەکاتەوە. تێدەگات ئەوەی کە ئەم لێی هەڵاتووە مانای ژیانە. باوکی ئەگەرچی نەدار بووە بەڵام ڕەنجدەر بووە. ئەگەرچی ماڵیان بچووک بووە بەڵام دایکی دڵاوا بووە... ئەرکی مرۆڤ تێکەڵ بوونە بە هەموو تاڵی و خۆشییەکانی کۆمەڵگا. سڕینەوەی ترس و قینە لە بوونی ڕاستەقینەی خۆی، ناساندنی بەرەی پێشووە بە بەرەی نوێ، هیوایە بە دواڕۆژ و..و..و.. لە مانای ژیان تێگەیشت ئەگەرچی درەنگ.

ئێستا چیرۆکی ئەو کابرای ئەمریکییە لە گەڵ باری ڕاستەقینەی کۆمەڵگای کوردیدا بەراوەرد بکەین: کوردی ئەم سەردەمە بە بیانووی جۆراوجۆر، لە شوناسی خۆی (زمان، خاک، مێژوو،هونەر و دیکەی پێناسەکانی) هەڵدێت. بە سەدان بلیمەتی گەلانی فارس و تورک و عەرب، بە ڕەچەڵەک کوردن کەچی پیان عارە هەر باسیشی بکەن. لە پاش مردنیان تازە دەزانین لە دایک بووی کوردستانن. دەڵێن زمان یەکم شوناسی هەر گەلێکە،دەی ئاخاوتنی ئێستای ئێمە لە سەدا چەندی کوردییە؟کاتێ  ئەو هەموو پارە خەرج دەکەین تا بەڵکوو منداڵمان فێری زمانی ئینگلیزی بێت، بەڵام پێمان وایە کات بە فێڕوودانە ئەگەر کەسێک بە خۆڕاییش فێری کوردی نووسینیان بکات، ئیتر قسەیێکمان ماوە بۆ بەرەی داهاتوو؟

نە چیرۆکی ڕەسەنی پێشوومان دەناسین نە ئەدەبی بەهێزی منداڵمان هەیە، ناودارانی خۆمان ناناسین و هەر کامە موریدی ناودارێکی بێگانەین، دەی چۆن ببین بە پردی نێوان دوو بەرە؟ ئەوەندە بیری پارەپەرەستی پەرەی سەندووە، هەرشتێک کە نەتوانین بیکەین بە پارە، لامان بێبایەخە. زمانی کوردی چۆن نانی لێ پەیدا نابێ، بۆیە وادەزانین بێکەڵکە (نەمر کامران عالی بەدرخان فەرمووی: کورد تا زمانەکەی لە نانی شەوی بۆی گرنگتر نەبێ هەر ئەمە حاڵ و ڕۆژیە).
ئەڵبەت جیاوازیشمان لە گەڵ کابرای نێو فیلمەکە زۆرە:برینی ئەو تاکەکەسیە بەڵام  برینی ئێمە گشتییە. ئەو لە گۆڕیشدا دڵنیایە کە منداڵەکەی بە زمانی خۆی پەروەردە دەبێ. هەموو کەلتوور و میراتی نەتەوەیی ئەو ئارشیڤ کراون، چی لە کەلتووری بوێت، لەبەردەستی دایە. مێدیا و زانستگەی بەهێزیان هەیە. کۆمەڵگاکەی دەرفەتی ناسینی هەموو گەورەکانی خۆی بۆی پێک دێنێ. بەلام منداڵی کورد چی؟ لە مێشکیدا  ڕابین هوود و زورۆ... دانشتوون. جێگا بۆ عەتاکەل و خولەپێزە و مامە ڕیشە نەماوە. بەکام کتێبخانە و بەکام سینەمای بەهێز؟(تازە هێندێ کەس هەر ئاوڕ لە کتێب و فیلمی کوردی نادەنەوە، نەوەک کوردبوونیان وە بیر بێنێتەوە). کورد سەد ئەوەندەی مێژووی ڕوون، میژووی شاراوەی هەیە.ئەوان زلهێزی عاڵەمن، کەچی  مێژووی چوارسەد ساڵەی خۆیان بە پێویست دەزانن بۆ مانەوە و گەشەکردنی بەرەی دواڕۆژیان، ئێمە بە ناو هەزاران ساڵ مێژوودا وەیلانین.

لە هەر خێڵ و بنەماڵەیێک و لە هەر قوتابخانەیێک چەندین ژن و پیاوی دڵسۆز هەن کە خۆبەخشانە، هەوڵدەدەن بۆ گواستنەوەی شوناسی کوردی بە بەرەی داهاتوو، بەڵام ئەو بارە قورسە تەنیا بەو چەن کەسە جێبەجێ نابێت.

بۆ چارەی ئەم دەرد،  ئەبێ ئەوەی کە لە دایک وباوکان سەبارەت بە زمان و کەلتوور و هونەر بۆمان ماوەتەوە، ئێمەش بە باشترین مێتود فێری منداڵانمانی بکەین. هەوڵێکی گشتی بۆ ئەوەی کوردی، کوردی نەزانی، شەرمن لە کورد بوون، لە خەو هەستێنین. بە داخەوە زۆریان فەوتان، کەم کەسیان وەکوو نەمر "ئەحمەد کایا" پاش ئەو هەموو دوور کەوتنە، گەڕابێتەوە سەر بنەڕەتی خۆی.
تێبینی:

عیسا ئەحمەدی.۱۴۰۲/۰۴/۱۳

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵 تێگەیشتن لە مانای نیشتمان.

نووسەری پایەبەرزی وڵاتی ڕووسیا؛ ئانتوان چێخۆف، لە شاکارە مەزنەکەی "باخی بڵاڵووک"دا ئاوەهای دەگێڕێتەوە:
باخێک کە لە شوێن چەندین بەرەوە بە میرات ماوە، ئێستا میراتگرانی لە بارمتەی بانکیان داناوە. پارەکەشیان خواردوە و هیچی لێ بەجێ نەماوە. بۆیە بانک ماوەیێکی دیاری کردووە بۆ گەڕانەوەی پارەکە، یان هەراج کردنی باخەکە. ئەو شانۆنامە باسی وتووێژی  نێوان میراتگران دەکات لەو ماوەیەدا.
خوشکیان ڕۆڵی کەسێکی ئیماندار دەگێڕێ و بەردەوام دەڵێ: ئەوە ئاکامی سووچ وگوناحمانە، بۆیە خودا ئەو ڕۆژڕەشیەی لە چارەمان نووسیوە. بەرانبەر بە ویستی خودا هیچ دەسەڵاتێکمان نیە. بەڵام لە ڕاستیدا نایەوێ خۆی تووشی سەرئێشە بکات و بەش بە حاڵی خۆی بەرپرسایەتی ئەو باروودۆخە کە بەرهەمیان هێناوە بگرێتە ئەستۆ. براکەشیان دەڵێ: ناوی ئەو باخەمان لە کتێبە مێژووییەکاندا هاتووە. سەردەمی زوو ئەم باخە مەکۆی گەورەپیاوان بووە. ئەو دەم چەندین کرێکار بەرهەمی جۆراوجۆڕیان لێ بەدەست هێناوە و داهاتی زۆر بووە. بەڵام کاتێ لێی دەپرسن شێوازی ساز کردنی ئەو بەرهەمانە چۆن بووە؟ هیچی لێ نازانێ، چوونکا خۆی قد لە ژیانیدا کاری نەکردووە. ڕووناکبیریشیان هەیە، بە جوانی باسی داهاتووی ڕوون دەکات، هیوای بە دواڕۆژێکی باشترە کە هەموو شتەکان لە سەر حەز و مەیلی ئەوان دەبن. بەڵام لە سەر کێشەی ئەوڕۆیان بێدەنگە و نقی لێوە نایەت.

هەر لە ڕۆژی ئەوەڵ، لاوێک کە باوک و باپیری کرێکاری ئەو باخە بوون، دەچێتە لایان. بڕێ خوێندەواری هەیە. هەر لە منداڵییەوە ملی لە کاسبی ناوە. بە هۆی تێکەڵ بوون بە کۆمەڵگا دنیای دەورووبەری باش دەناسێ. ئێستا ئەو بەرانبەر بەو باخە دڵسۆزە و زۆر شتیان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەو پیان دەڵێ: دنیا گۆڕاوە، ئەم باخەی ئێوە لە نزیکی شارە، جادە و هێڵی شەمەندەفەر بەلایدا تێدەپەڕێ. دیمەنی ڕوو لە ڕووبارە. باشترین شوێنە بۆ گەشتیاری. ئەگەر بیکەن بە سەیرانگا، زۆر ماڵە دەوڵەمەندی شاری دێن و بەرهەمی باخەکەش هەر لێرە پیان دەفرۆشن. هەم کێشەکان چارەسەر دەبن و هەم کاریشتان بۆ دابین دەبێ. چەن جار سەر لە بەر، هەنگاو بە هەنگاو، ڕێگایان پیشان دەدات. دەڵێ: ئەگەر باخەکەتان بپارێزن، ڕابردوو و داهاتووشتان پارێزراوە. کەچی تەنیا کاری ئەوان بە ڕۆژ خەوە و بە شەو قسەی زل. هەر چاوەڕوانی پووریانن کە لە هەندەران دەژی، بەڵکوو پارەیان بۆ بنێرێت و رزگاریان بکات.

ئەو ڕۆژەی کە بانک باخەکەیان دەخاتە مەزاد، کوڕە باخەوانەکەش دەچێتە ڕیزی کڕیاران و بە بانترین نرخ دەیکڕێ و پێیان دەڵێ: ئەوەی کە ئێوە نەتانکرد من بۆ خۆم دەیکەم. ئێمانم بە ڕەنج و کار هەیە، ئەو خاکەو ڕەنجی ڕابردووانی لە لام پیرۆزە. ئەگەر ئێوە تەنیا باسی خۆشی ڕابردوو ئەکەن و وەکوو تابڵۆی جوان بۆی دەڕوانن، من بە زستانان بە پێخواسی پێیدا گەڕاوم. داهاتووی ڕوون لە سایەی تێکۆشانی ئەمڕۆدایە، دەنا کەس بە خەیاڵ نەبووە بە ماڵ.

نیشتمان لە نووسراوەکانی چێخۆفدا باخێکی زۆر جوانە، کە پاراستنی ئەرکی هەموو میراتگرانیەتی. بەڵام ئەوانەی کە زۆربەی داهاتی ئەو باخەیان بەردەکەوێ و دەبێ زۆرتر بیپارێزن، بەداخەوە خۆیان تووشی زەحمەت ناکەن و بە هاسانی بە جێی دێڵن. چێخۆف ڕەخنە لەو ئیماندارەی دەگرێ کە نیشتمانی بۆ گرنگ نیە و خۆی بە بەرپرس نازانێ. دەڵێ: ئاخری ئیمان و نیشتیمانیشت، هەردووی دەدۆڕێنی( سەرەنجام خوشکیان لە گەڵ کابرایێکی بێ ئەخلاق دەچێ بۆ پاریس). دەڵێ: جەنابی ڕووناکبیر، تۆ چۆن داهاتووی ڕوونی ئێمە دەبینی، بەڵام قوڕبەسەریی ئەمڕۆکەمان نابینی و خۆتی لێ گێل دەکەی؟ ڕووناکبیر مۆمێکە بۆ ڕووناکی، چۆن بوویی بە هاوسفرەی مفتەخۆران؟ ئەوانەی کە هەر حەسرەتی ڕابردوویانە و هەنووکە بۆیان گرنگ نیە؟ ئەگەر باش لێیان ورد ببنەوە تێدەگەن کە ڕابردووش باش ناناسن. ئەگەر ئەو نیشتمانە بە میراتی باوک و دایکت دەزانی، بۆ نایپارێزی بۆ بەرەی دوایی؟

سەرەڕای هەموو ئەو دەردانە، چێخۆف هەر گەشبینە. ئەو دەڵێ: ئەو باخە قارەمانی خۆی لە نێو دڵی خۆیدا بەرهەم دەهێنێ. کوڕی باخەوانی ڕابردوو، کوڕی هەر ئەوانەی کە باخ بە تێکۆشانی ئەوان ئاوەدان بووە. چێخۆف دەزانێ، ئەرکی باخەوان بڕینی دارە پیرەکان و ناشتنی نەمامی تازەیە، دەبێ بیری بێ سەمەر ببڕین و بیری تازە بەرهەم بێنین تا نیشتمان لە گەشەدا بێ. لە لای چێخۆف بیری نیشتمانپەروەری زۆر بەرزترە لە هەستێکی عەوامانە. واتە: ناسینی قووڵی بنەماکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئەدەبی و هونەری. هاوکات کار و ڕەنج و بەرپرسایەتی لە پێناوی ئاوەدانی و پێشکەوتن؛ ئەوکات دەتوانین هیوامان بە دواڕۆژ هەبێ.

#عیسا_ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۴/۲۷



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 سێ هەنگاو تا ڕووناکی.

ڕابرت جانسن دەروونناسی ئەمریکی؛
باسێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش لە سەر سێ شاکاری ئەدەبی عاڵەم دەکات کە هەرکامەیان هەڵگری جۆرە کەسایەتی و ئەکتەرێکی تایبەتن.

یەکەم شاکار "دۆن کیشۆت"ە. پیاوێک کە هیچ زانیارییەکی ڕاستەقینەی لەسەر دنیای دەوروبەری خۆی نییە، ئەگەرچی بە دڵ حەزی لە چاکەیە، بەڵام بە هۆی کتێبی خراپ و بیری خۆرافی، تووشی کێشەی دەروونی دەبێت. ئەو تەنیا لە دەروونی خۆیدا دەژی، بەو جۆرەی کە پێیخۆشە و بیری لێ دەکاتەوە. کاری بە دنیای دەرەوە نییە. خزمەتکارێکی هەیە بە ناوی "سانچۆپانزا" (لە زمانی ئێسپانی دۆن کیشۆت ئەو بەشە لە جل و بەرگی ئاسنی تایبەت بە شەرڤانانی قەدیم بووە کە پارێزەری ئەندامە جنسییەکانە. سانچۆپانزاش واتە: گەد و گیپاڵ). ئاغا و نۆکەر بە دوو قۆڵی دەچنە سەفەر. دۆن کیشۆت بە دوی ژنێکی خەیاڵاوی و سانچۆش بە تەمای خواردنێکی باشترە. زۆریش متمانەیان بە خۆیان هەیە، چون نازانن دنیا چ باسە. تەنیا کێشەیان ڕووبەڕوو بوونەوەی جاروبارە لە گەڵ ڕاستییەکان.

هەموومان دەزانین بەشێک لە کۆمەڵگا لە بەر بیری ناڕێک و پەروەردەی نابەجێ تەنیا خزمەتکاری ئەو دوو ئەندامەی لەشیانن و ڕێگایان بە مێشک و بیریان ناکەوێ. دۆن کیشۆتەکان تەنیا بە پێی سروشت و غەریزە دەژین و ئامانج و ئاوات و ئاکامیان هەر ئەوەیە کە باسمان کرد. کاریان بە پێشێل بوونی ڕاستیەکانی نێو کۆمەڵگاوە نییە. ئەگەر حەزیش بە سەرکەوتنی ڕاستیەکان بکەن، بەتەمای کەسانێکی ترن نەک خۆیان. ئیتر با هەر ناو و پلە و پایەیێکیان هەبێت.

شاکاری دووەم: شکسپێر دەیخولقێنێ، هەملێت، شازادەیێکی دانمارکییە، چۆتە سەفەر، کە دێتەوە دەبینێ بابی مردووە و ئێستا مامی پادشایە و دایکیشی مێردی بە مامی کردووە. تا ئێرە هەملێت جارێ بۆ خۆی هەر دۆن کیشۆتە. بەڵام شەوێک ڕۆحی وەیلانی باوکی دێتە لای و پێی دەڵێ: ڕۆڵە من بە پیلانی دایکت و مامت کوژراوم. خوێنم پاماڵی خەیانەتێکی سامناک بووە. لەو شەوە بەدواوە باری قورسی زانینی حەقێقەت دەکەوێتە سەرشانی هەملێت. شکسپێر دەڵێ: کە فامیت ئیدی ناگەڕێیتەوە بۆ نەفامی، گەڕانەوە بۆ بەهەشتی دۆن کیشۆتەکان مەحاڵ دەبێت. لە بەر خەمی فامین لە نێوان مان و نەماندا قەتیس دەمێنێ. (to be or not to be) وتەیەکی مەشهوورە.

زانستی بێ کردەوە تراژدی بەرهەم دێنێ. بۆیە ترس و دوودڵی هەملێت ئەبێتە هۆی خۆکوژی دەزگیرانی و تیاچوونی باقی بنەماڵەی ئەو کچە. دایکی دەرمانخوارد دەبێ. خۆی بە فێڵی مامی زامێکی کوشەندەی بەردەکەوێ و پێش مردن مامی دەکوژێ. واتە چون ڕێگا و تەدبیر نازانێ وڵاتەکەی بێ دڵسۆز و بێکەس دەمێنێتەوە. بەشێکی تر لە کۆمەڵگا هەملێتەکانن. ئەوانەی کە تێکەڵاوێکن لە زانست و ترس و دوودڵی. ڕاستییەکان دەناسن بەڵام بێ کردەوەن، بۆیە دەروونیان پڕ ئاژاوەیە. حەسرەتی ڕابردووی لە دەسچوو، دڵەڕاوکەی داهاتووی نادیار، ئەمڕۆشی لێیان تێکداوە و ژیانیان تەنیا ژانە و بەس. زۆریان لە ژیانێکی ئاساییش بە جێ دەمێنن.(لە سیستمی پەروەردە، منداڵانی ئەمڕۆ بە شێوازی هەملێت پەروەردە دەبن. کاتێ لە بەیانی تا ئێوارە لەم فێرگە بۆ ئەو فێرگە دەیان ڕفێنین. کەچی منداڵ ئەبێ دۆن کیشۆتی دنیای خۆی بێت نەک هەملێتی دەوران).

شاکاری سێیەم "فاوست"ە بە قەڵەمی گۆتە. فاوست ڕێک لەو شوێنەوە دەس پێدەکات کە هەملێت کۆتایی پێدێت. فاوست زانایێکی گەورەیە لە چەندین بواردا. بەڵام هەست بە بەختەوەری ناکات و دەیەوێ خۆی بکوژێ. له ئاوەها بارودۆخێکدا خودا و شەیتان لە سەری گرێو دەکەن. شەیتان دێتە لای فاوست.  فاوست بە خوێنی خۆێ گرێ بەستێک لە گەڵ شەیتان واژۆ دەکات. شەیتان ژیانی پڕ لە خۆشێ دنیای پێ دەبەخشێ، لە دەستەڵات، ناوبانگ، ژن و.... بەو مەرجەی کە پاش مردن لە گەڵی نوقمی جەهەننەم ببێت(پێچەوانەی چیرۆکی ئەیووب). پاش سەیر و سەفەرێکی دوورودرێژ و سەیروسەمەرە، تەواوی ئەو خۆشیانە دەچێژێ کە شەیتان قەوڵی پێدابوو. کەچی پاش هەموو ئەمانە تێدەگات کە خۆشی و بەختەوەری مرۆڤی بەرز، تەنیا لە هەوڵ و تێکۆشانی دایە بۆ خۆشی و بەختەوەری خەڵک نەک تەنیا خۆی. کاتی مردن شەیتان دەیەوێ ڕۆحی فاوست لەگەڵ خۆی بباتە جەهەننەم، کەچی خودا بەر بەو کارەی دەگرێ.

فاوست تێکەڵاوێکە لە دۆن کیشۆت و هەملێت. هاوسەنگی دەروونە لە گەڵ دەرەوە. ئەگەر هەملێت زانست و قسەیە. فاوست زانست و کردەوەیە. گوتە فێرمان دەکات ڕوانگەی دروست بۆ ژیان لە زانستەوە پێک دێت، هاوڕێ لەگەڵ بڕوا بە خۆ بوون. تێکۆشان لە پێناوی ژیانێکی ئینسانی، نەک لەکۆڵ کردنەوەی زەمان  (مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان).

دنیای ئەمڕۆ وای کردووە کە زۆرمان ئاواتی ئەو پەیمانەمان لە گەڵ شەیتاندا هەیە. بەڵام گوتە ئاکامەکەی لە دوو سەدە لەمەو پێش دێنێتە پێش چاومان.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۵/۱۰



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟦 هەتا سواری ئەسبی خەڵکیت؛ هەر پیادەی!

تا ساڵی۱۹٦۵ واتە بەر لە شوڕشە مەزنەکەی مارتین لۆتێرکینگ؛ لە ئامریکا یاسایەک هەبوو بە ناوی جیم‌کروو، کە لە زورێک لە ناوچەکانی ئەمریکا بەڕێوە دەچوو. بەپێی ئەم یاسا، ڕەشپێستەکان مافی ئەوەیان نەبوو کە لە شوێنەکۆمەڵایەتییەکان وەک هوتێل، باس، فێرگە، چێشتخانە و شوێنەکانی دیکە کەڵک وەربگرن. چون بە هۆی ڕەگەزپەرەستی، سپیپێستەکان خۆیان بە هاوشانی بۆرەپیاوی ڕەشپێست نەدەزانی. لەهەر شارێک بۆ ڕەشپێستەکان تەنیا چەند شوێنێکی دیاریکراو هەبوو.

پیاوێکی پۆستچی بۆ ماوەی سی ساڵ کتێبێکی بڵاو دەکردەوە بە نێوی Green Book کە ئەو شوێنە گشتیانەی کە ڕەشپێستی کڵۆڵ بتوانی دوور لە توندوتیژی ڕەگەزپەرەستی مرۆڤخۆر، کەڵکی لێ وەربگرێ، تێدا دیاری کرابوو. هەر بەو ناوەش فیلمێک دروست کرا لەسەر ژیانی ڕاستەقینەی پیانیستێکی ڕەشپێستی ئەو سەردەمە، کە زۆر شارەزای ئاسەواری "بێتۆڤێن" و "ڕۆبێنیشتاین" و "شۆپێن" بوو. ئەو پیانیستە بانگهێشت دەکرا بۆ هۆڵە شکۆدارەکان و هوتێلە ئەعیانییەکان و بۆ سپیپێستەکان پیانۆی دەژەند. کەچی هەر بەپێی هەمان یاسا مافی چوونە ئاودەستی ئەو شوێنانەی نەبوو و دەیانگوت بۆ خۆت لە پاڵ دێوارێ، بن دارێ، کەندەڵانێک دانیشە. واتە هونەرەکەیان ئەویست نەک خۆی. ئەو لەنێو بێگانە وەکوو مرۆڤ جێگەی نەبوو، لە هەست و هونەر و دابونەریتی هاوڕەگەزانی خۆشی، بێگانە کەوتبوو.

گرنگی کاری مارتین لۆتێرکینگ ئەوە بوو کە بە وتار و کردەوە ئەو جۆرە کەسانەی تێگەیاند؛ تۆ کە ئاودەستخانەیێک پێ ڕەوا نابینن، ئیتر شۆپێنی چی؟ و بتۆڤێنی چی؟ پێش لەهەموو کارێ، ئەو بیرۆکەی کە خۆیان لە سپیپێستەکان بە کەمتر بزانن لە مێشکیاندا سڕیەوەو وتی یەکسانی و بەرابەری ئینسانەکان یەکم قانوونی مرۆڤایەتییە. کەلتوور و هونەری خەڵکانی تر بناسن بەڵام پێشتر دەبێ خۆتان بناسن. لۆتێر کینگ بەو شێوە یاسای جیم‌کرۆی، هەڵوەشاندەوە، ئەگەرچی گیانی پیرۆزی لەو ڕێگایەدا بەخت کرد.

زۆرێک لە خوێندەوار و شاعێر و نووسەر و هونەرمەندی ئێمە، لە خزمەتی کەلتوور و هونەری خۆمان نین و ماڵی دراوسێ ئاوەدان دەکەنەوە. تەنیا وەک وێنەیێک لە سەدان: نەمر یاشار کەماڵ لە وتووێژێکدا سەبارەت بە شاکاری "ئینجە مەمەد"لێی دەپرسن کە چۆن توانیت ئاوەها کاراکترێکی مەزن بخولقێنیت؟ وتی من نەمخولقاند بەڵکوو دیم. خاڵۆی خۆم بوو کە دژ بە زوڵمی عەسکەر و ژاندارم ڕاپەڕی بوو. من تەنیا ناوەکەیم کرد بە تورکی! سەیری ئەو قوڕبەسەرییەی ئێمە: چیرۆکی ژیانی کوردێکی دژ بە زاڵم، بە تورکی بنووسی و ببێ بە کاندیدی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبی بۆ ئەوان. بەڵام کاتێ یاشار کەماڵ وەکوو کوردێک باسی زۆرلێکراوی گەلەکەی خۆی کرد چەندین جار تووشی زیندان و ئاوارەیی هات.

ئێمەی کورد چوونکا بە بیری کوردی پەروەردە نەکراوین، بڕوامان بە خۆمان نییە،  شاڕەزای زمان و کەلتوور و ئەدەبی خۆمان نین. کاتێ باسی بێخەبەری لە زمان و هونەری کوردی و هۆگریمان بە فەرهەنگی بێگانەوە دەکرێ، دەڵێن لەلای ئێمە هونەر سنووری بۆ نییە و ڕاستیەکان بە هەر زمانێک بێت بۆ ئێمە جیاوازی نییە و...
خۆ دیارە ئەو قسە بۆ خوداپێداوان ڕاستە بەڵام تۆ خەرێکی خۆت لەبیر ئەکەی، لە خۆت بێگانە دەبی، کەلتوور و زمان و هونەری خۆت لە ناوچووندایە و تۆ هیچ هەوڵێکی بۆ نادەی(ئەگەرچی بێ سنووری هونەرمان لە ژیانی ئەحمەد کایا دێ کە هەتا پاڕیس درێژەی هەبوو).
لاوێکی خۆمان دەنگی تەواوی ئەو کەسانەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، گۆرانی "مرغ سحر" یان چڕیوە لە فایلێک کۆ کردۆتەوە. وتم حاشا لە گەورەیی ئەو گۆرانییە ناکرێ؛ بەڵام ئاخۆ حەسەن زیرەک کە دەڵێ: کوردەلێ فەلەکە، برادەرینە فەلەکە، ئەوە گەمیەو لە بەحرانم دەگەڕێتەوە، کەلەکەو لە چۆمانم دەگەرێتەوە، لە عالەمی خۆدایەو لە منی هەژار بەتاڵان دەچێتەوە... شیوەنی کامین دڵسووتاوی کوردە؟ وتی هەر مانا ڕواڵەتیەکەشی تێناگەم.

ناسینی ئەدەب و هونەری خەڵکانی تر نەک هەر خراپ نییە بەڵکوو پێویستیشە. مامۆستا نالی ئەگەر دەستەڵاتی بەسەر زمانەکانی تردا نەبوایا ئەوەندە شێعری بەهێز نەدەبوو. مامۆستا مەولەوی شێعری شاعیرانی فارسی وەها وەرگێڕاوە سەر هەورامی، پیاو سەری سڕ دەمێنێ. دیارە ئەوان هونەر و ئەدەبی گەلانی تریان باش ناسیوە بەڵام لەوان باشتر زمان و ئەدەبی خۆیان ناسیوە.
خزمەتی بێگانە و لەخۆ نامۆبوون چارەی دەرد نییە ،خودی دەردەکەیە. کوردی خۆبەکەمزان دەبێ بزانێ پادشای جەهەنمی خۆی بێت باشترە لە نۆکەری و کڵفەتی بەهەشتی خەڵکی.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۷/۱۸

http://T.me/Mizankurdi

🌍 Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟥 لە خەڵوەتخانەی چەوساوەکان

ئەو ئێوارە لە پاش کڕینی پاڵتاوی تازە، بەرەو ماڵ دەهاتەوە، پاڵتاوە کۆنەکەشی هەر بە دەستەوە بوو. بەدەم ڕێوە، مێشکی خەریکی لێکدانەوەی ڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردوو بوو. پێش کڕینی پاڵتاوی تازەش هەر خۆی بە بەختەوەر دەزانی. بەڵام کێشەکەی ئەوە بوو کە پاڵتاوە شڕ و شیتاڵەکەی ببوو بە بەزمی پێکەنینی هاوڕێیانی نێو فەرمانگە. ئەو شوێنەی کە بە خوارترین پلە و کەمترین داهات تێیدا دامەزرابوو، ئەوەندە گاڵتەیان پێ کرد، تا کەوتە سەرەوبەرەی کڕینی پاڵتاوی نوێ. بەڵام بە کام پارە؟ بە کام داهات؟ بۆیە بەناچاری بۆ چەندین مانگ نانی شەوی وەلا نابوو. لەبەر ئەوەی چرا نەسووتێ شەوانە زوو دەخەوت. لەسەر شەقام بە ئارامی بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بۆ ئەوەی کە پێڵاوەکانی شەق و شڕ نەبێت. هەر کە دەگەیشتەوە ماڵ، جلە ژێرەکانی ڕادەماڵی نەوەک پێویست بە تازەکردنەوەی ئەوانیش بێت. حەوتووی هەوەڵ ئەم بەزمانەی لای ئەستەم بوو، بەڵام  وردەوردە پێی ڕاهات.

ئەو بەیانییە یەکمجار بوو کە بە پاڵتاوی تازەوە دەچووە سەرکار. جەنابی ڕەییس بە بۆنەی جێژنی لەدایک بوونی خۆی هەموو بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکەی بانگهێشت دەکرد. کە چاوی بە پاڵتاوی تازە کەوت، نێوی ئەویشی خستە نێو ڕیزی میوانەکان.

هەر سەرەو ئێوارە لەماڵ دەرکەوت، بەرەو گەڕەکی ماڵی ڕەییس کەوتە ڕێ. شەقام بە شەقام جیاوازییەکانی زۆرتر بۆ دەردەکەوت. هەتا دەهات دەنگی دەسفرۆشەکان کەمتر دەبوو، ژنان و منداڵان جل و بەرگیان ڕازاوەتر و ڕەنگ و ڕوویان گەشتر دەبوو. کۆڵانەکان خاوێنتر و شەوقی چراکان ڕووناکتر دەبوون.
ئەو شەوە تا درەنگانێ بەزمی شایی و هەڵپەڕین بەردەوام بوو.جەنابی ڕەییس لە هەر ڕەنگێ پاڵتاوێکی هەبوو....
بەو نیوە شەوە کە گەیشتەوە کۆڵانەکەی خۆیان. دوو کابرای چەتە سەرەڕێیان پێ گرت و بە زۆر پاڵتاوەکەیان لێ ئەستاند.

کاتێ هانای بردە بەر پولیس، دەستیان کرد بە پرسیار: لەم نیوەشەوەدا لە دەرەوە خەریکی چیت؟ ئەو دوو کەسە کێ بوون؟ شایەتت هەیە؟... چەن کەسێک وتیان ناتوانی بیسەلمێنی کە پاڵتاوەکەت دزراوە، مەگەر باڵادەستێک و خاوەن دەستەڵاتێکی بەناوبانگ پێیان بلێت، دەنا ئەوەی کە لە هەموو شتێ هاسانتر دەخورێت، ماڵ و مافی هەژارانە.

لە بەردەم کەسە خاوەن پلەوپایەکە، بە پرتەپرت باسی پاڵتاوی بۆ گێڕاوە و وتی دنیام بە تاریکی زانیوە و لای ئێوە بە ڕووناکی... کەچی کابرا تێی ڕاخوڕی: ئەک داوەشی، هاتوویتە بەر ماڵی من، وەکوو مریشکی هێلکەکەر گاڕەگاڕت گرتووە کە من چی بکەم؟ من چۆن بۆ گیلەپیاوێکی وەک تۆ یاسا پێشێل دەکەم، دەزانی من کێم؟

بە دڵتەنگی و ناهۆمێدی هاتەوە ماڵ. لە ڕێگا لەبەر سەرما کەسیرە کەوتبوو. لەنێو جێگەوبان بە دەم وڕاوەکردنەوە جنێوی بە کابرا دەدا و دەیگوت درۆیان نەکردووە بێ بنەڕەت بە دەنکە جۆیێک دێتە زەڕین... پاش چەن ڕۆژ، بێدەنگتر لە ژیانی، سەری نایەوە و ناوی لە ناوان سڕایەوە.

شەوان خەڵکی شار دەیاندیت ڕۆحێکی یاغی وەک کەڵەگای گەڕەک دەردەکەوێ و پاڵتاوی دەوڵەمەندان دادەماڵێ، هەموویان ترسیان لێ نیشتبوو نەوەک خاوەن پاڵتاوەکانی تریش بێن ......

نیکۆلای گوگول لەم چیرۆکەدا سەروبن و خواروژووری ژیانی چەوساوەکان دەخاتە پێش چاو: هەژاران وا فێر کراون کە بەختەوەری لە بێچاوەڕوانیدا ببینن، بە کەمترین داهات ڕازین. زۆر جار لەبەر ئەوەی کارەکەیان لەدەست نەدەن زۆر بێڕێزی قبووڵ دەکەن. ئەوەی لەلای دەوڵەمەندان ئاساییە، بۆ نەداران ئاواتە. بۆیە بۆ دەست خستنی هەر شتێکی کەم بایەخ ئەبێ لە چەن شتی تر دەست بپارێزن. مرۆڤی برسی ناتوانێ ئاواتی بەرزی هەبێت مەگەر تاکوتەرا. چینی نەدار و هەژار زوو لەگەل قۆڕترین و ناشیرینترین شێوازەکانی ژیان ڕادێن. گەڕەکی هەژاران و سەرمایەداران وەکوو دوو دنیای جیاوازن. زۆرێک لە خەڵک عەقلیان لە چاویان دایە و ڕیزیان بۆ ڕواڵەت و جل و بەرگە نەک بۆ کەسایەتی ئەو کەسەی کە لە نێو جلەکاندایە. دۆستایەتی هەژار و دەوڵەمەند تەنیا خەم و خەفەت زورتر دەکات.  زۆربەی بێئەخلاقییەکانی کۆمەڵگاش هی تازە پیاکەوتووەکانن کە وشەی "من" زۆر لە قسەکانیاندا دووپات دەبێتەوە. چینی چەوساوە ئەوەندە سەرکوت کراوە ناتوانێ بە دەنگی بەرز داوای مافی خۆی بکات، چوونکە مافی خۆی هەر ناناسێ. بیرێکی یاخی وەکوو ڕۆحێکی یاخی بۆ زاڵمان سامناکە و زۆر باسی تر...

داستایێڤسکی نووسەری مەزن سەبارەت بەم چیرۆکە وتبووی: ئێمە هەموومان لە ژێر پاڵتاوەکەی "نیکۆلای گوگول"ەوە سەرمان دەرێناوە.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۸/۰۸
تێبینی: لە چەن شوێنی کوردستان بە پاڵتاو دەڵێن پاڵتە، باڵتە، پاڵتۆ....
🔵خوێندەواری نزم و زانیاری ناتەواو.

جارێک دوو شەکەنێر، بڕیاریاندا سەردانی ناوچەی گورگاوا بکەن. بەیانی زوو پێش مەلابانگدان کەوڵ و پێستەی گورگیان لەبەر کرد و بەرەو ئەو دەڤەرە وەڕێ کەوتن... تازە خۆر لە بەندەنی وڵاتەوە گزینگی دابوو کە گەیشتنە گورگاوا.
خواڕاسان ئەو ڕۆژە، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی گورگە بۆری مەزن بوو. بۆیە لە تەواوی شار ئاهەنگی شایی و سەمای گورگانە بەڕێوە دەچوو. دێڵەگورگەکان بە سەرپەنجە، لەنجەیان دەکرد، حەچولورەی تووتکە گورگەکان شەقام و کۆڵانی پڕ کردبوو. تەنانەت گەڕەگورگانی پیریش کە مایەی گاڵتەجاری سەگان بوون، هاتبوونە نێو کۆڕی شایی.
یەکێک لە شەکەنێرەکان بە هاوڕێیەکەی دیکەی گوت: دەی خۆ ئەم بەزم و ڕەزمەی ئەمانە هەر وەکوو ڕێوڕەسمی گەماڵگیزانی لای خۆمانە. هەروەها ئەگەر ئەمانە دەلوورێنن، ئێمەش دەباڕێنین. دەنا جیاوازیی وایان لەگەڵ پەز و بەران و دیکەی ئاژەڵان نییە.
ئەوڕۆژەیان تا لای ئێوارە، بە خۆبادان لە نێو زرمەزلێ گورگەکان بەسەرچوو. پاش گەڕانەوە بۆ مەڕەدێ، لای قوم و کانیاوی کانیمەڕان، بەڵێنیان دا کتێبێک بنووسن لەژێر ناوی: سەفەرێک بەرەو وڵاتی گورگەکان.

لەو کتێبەدا هاتبوو کە گورگەکان وەکوو ئێمەمانان، هەر لە بەیانی تا ئێوارە بۆ خۆیان هەڵبەز و دابەزیانە و ئازاریان بۆ کەس نییە و لە چاویانا بەزەیی دیارە. گەڵێک بەرخ و کار و کاوڕی بەستەزمانیش بە خوێندنی ئەو کتێبە، لەوە بەدواوە گوێیان بە شوان و بەرخەلەوان نەدەدا و دەچوونە نێو شیو و دۆڵان و دەبوون  بە لالەوڕ. جەماوەری گەلە گورگ کە زانیان مەترسی گۆچانی شوان و وەڕەی گەماڵی ئاوایی لە سەریان نەماوە، ڕۆژێک دایان بە سەریانا و سکی زۆرێک لەوانەیان هەڵدڕی.

جیمز تاربێر ۱۹۳۹/(حسین یعقوبی)

بەڕیزان؛ دیارە نووسەری مەزنی ئەمریکی، جیمز تاربێر زۆر بە باشی هەستی بەوە کردووە کە کاڵفامی نووسەران و وێژەرانێک، کە نە کەلتوور و فەرهەنگی خەڵکەکەی خۆیان بە باشی دەناسن و نە لە ڕاستی دنیای دەرەوەش تێدەگەن، زۆر لاوی سادە و ساکار بە لاڕێدا دەبەن. هەروەها زۆرێک لە خەڵک، ئەگەر شتێک لە چاپ بدرێ، زوو بڕوای پێ دەکەن. لە حاڵێکدا ڕەنگە ئەو بابەتە هەڵە بێت. نابێ هیج شتێک بەبێ تاقیکردنەوە یان لانیکەم بەبێ بیرکردنەوە وەر بگیردرێت.
ڕەنگە بڵێن ئەو نووسەرە مەبەستی تەنیا کەسانێکە کە کۆڵکەسەوادێکیان هەیە، نەک ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان پێیە.  بەداخەوە خوێندەواری باڵاشمان هەر جێی مەترسین، بەڵام بە شێوازێکی دیکە. هەر ئەوەندە کە کتێبێک سەبارەت بە ئێمە بە زمانێکی بیانی نووسرابێت یان ناوی نووسرێکی بێگانەی پێوە دیاربێت، وا دەزانین لە ئاسمانڕا هاتووە و دەستی ئێمە کەوتووە. بۆ وێنە ساڵی ۱۳۱٦ ڕەزاشا پێنج هەزار تمەنی داوە بە مینورێسکی کە کتێبیک سەبارەت بە مێژووی کورد بنووسێت بەڵام بەو جۆرەی کە پالەوی پێی خۆش بێت. ئێستاش ناودارانی ئێمە هەر دەڵێن: مینورێسکی وای فەرموو. (ئەڵبەت وڵات له خۆڕا کاول نابێت. دوو ناوداری خۆمانیش لە خزمەتیا؛ ببوون بە پواز، بۆ قەڵەشینی داری مێژووی کوردی هەژار).یان یەکێکی وەکوو دیاکونوف ساڵانی ئاخری تەمەنی فەرمووی: سەردەمی ستالین بە ناچاری زۆر شتیان سەبارەت بە گەلانی دیکە دەنووسی تەنیا لەبەر ئەوەی تووشی تووڕەیی ستالین و پاشان سەرما و سۆڵەی سیبیری نەبن.
لەم ساڵانەی دواییشدا کە ئینترنێت بە تەواوی تەکی بە کتێب هەڵچنیوە و  جێی کتێبی لە لامان گرتووە، خەڵک هەر دەڵێن فڵانە باسم له تێلگرامدا خوێندووە، یان فیسارە بابەتم لە ئینستاگرامدا بینیوە. بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەنەوە، بۆ خەلکانی دووپات دەکەنەوە.
دیارە ئینترنێت وەکوو هەر شتێکی پێشکەوتووی دیکە، زۆر، زۆر بە نرخ و پێویستە. بەڵام شێوازی مامەڵەی ئێمەش لە گەڵیا گەلێک گرینگە. بۆیە ئێمە دەبێ زۆر وریای گورگ و کەمتیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بین.


عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۱۱/۰۳


👇👇👇👇

https://t.me/MizanKurdi
* داروبەردی هۆدەکوم هەر زیکری یا کوردان ئەکا*

قانع وەکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانە تەنویر و لە ڕۆشنبیرانی بەرەی یەکەمی کورد کە دوابەدوای حاجی قادری کۆیی پێ دەنێتە ناو مێژووی فیکری کوردییە، بە باشی لە گرینگایەتی ئایدیای نەتەوە و ناسیۆنالیزم و تا ئاستێک سۆسیالیزمیش تێگەیشتووە. هەر بۆیە کاتێک لە سەردەمی مۆدێرندا نەتەوە( nation) تا ئاستێک جێگە و پێگەی دین دەگرێتەوە، قانعیش گرینگایەتی ئەو ئایدیا مۆدێرنە دەنوێنێتەوە. ئەگەر لە دونیای پێش لە مۆدێرن هەموو شتێک " بە ناوی خوا: in the name of God" بوو ئەوە لە سەردەمی مۆدێرندا دەگۆڕێت بۆ " بە ناوی نەتەوە: in the name of  the nation"( وەک sanjib barouhباسێ دەکات). قانع لە شێعری " شیوەن" وەتەن دەکات بە بەردەنگی خۆی و ئەویترسازی دەکات :
"با بزانن یەک بە یەک ئەفغان و تورک و فارس و ڕۆم/ کۆهکەندی بیستوونی فیرقەتی شیرینی تۆم".
پاشان کە خۆی بە بەڵاگەردانی وەتەن دەناسێنێت:
"گەر لە دونیا تاقەتی ئەحزانی تۆی بێ هەر منم" و وەتەن لە فیردەوسی ئەعلا بە باڵاتر دەبینێت.
ئینجا دێتە سەرباسی ئەوەی چۆن فیکری و عەشقی نەتەوە داگیری کردووە و بە جۆرێک بووە بە دین و دونیای:
گەر دەمیشم هەڵدروون دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا/ ... دارووبەردی هۆدەکەم هەر زیکری یا کوردان ئەکا / عەشقی میللیەت لە دڵما هێرش و جەولان ئەکا/ ئەی وەتەن بۆ تۆ بفەوتێم قۆچەکەی قوربانتتم...
زیکری یا کوردان بە جێگەی زیکری دینی سکۆلاریزەکردن و مۆدێرنکردنەوەی ژینجیهانی دینی پێشان دەدات. 
بە کورتی ئاوایە کە قانع ئەو شاعیرە نوێخوازە هەژارنەوازە، جیا لەوەی بە باشی ئایدیای بێدەوڵەتی و بێدەسەڵاتی کوردانی ناسیوە، بیری نەتەوەیی دەخەمڵێنێت و پەرەی پێدەدا...

حیسام[هیوا]خاکپوور

https://t.me/MizanKurdi
مەردانە مردن، نەک حیزانە ژین.

منی ڕێبواری غەریب، پیانوتبووم ئەگەر پێش تاریکایی ئێوارە، لە پردی سەر ڕووبارەکە بپەڕیتەوە، ڕێگایەکی وەهات لە بەر نامێنێ. لەو تاریک و لێڵیەدا خۆم گەیاندە قەراغی ڕووبار. کەچی لەبەر لافاوی دوێنێشەو، تەنیا ئاسەواری پردەکەم چاو پێکەوت. لەو پێدەشتە قوڕاویەدا، گرمەی هەور و هاژەی چۆم، کۆتاییان بە سەفەری ئەو ڕۆژە هێنا. بۆیە بە ناچاری لەو دەوروبەرانە درگای ماڵێکم کوتا. پیرەپیاوێکی چرابەدەست، دەرکەی بۆم کردەوە. لەبەر شەوقی چرا، یەکم شت کە هاتە پێش چاوم، جێگای برینێکی قووڵ بوو کە لەمبەر تا ئەوبەری ڕوومەتی داگرتبوو. ئەو شەوە بووم بە میوانی. پاش نان و چا، چەند باس و بەسەرهاتێکمان کرد بە شەوچەرە. کاتی خەوتن، پێم نا بە جەرگی خۆمدا و گوتم: من لێرە غەریبێکی ڕەبەنم، ڕەنگە تا ماوم جارێکی دیکەش ڕێم نەکەوێتە ئەم ناوچەیە. ئەگەر لێم دڵڕەنج نابیت، باسی ئەو برینەی دەموچاوتم بۆ بگێڕەوە. وتی: هەر لەبەر ئەوەی کە غەریبی پێت دەڵێم. بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کە بەڵێنم پێبدەی هەتا ماوی وشەی خەیانەت لە لات ئاسایی نەبێتەوە!

وتی: من لە بنەڕەتدا خەڵکی وڵاتی ئیرلەندم. وڵاتێک کە ئینگلیز، لێی داگیر کردبووین و بە موڵکی خۆی دەزانی. بەڵام ئیرلەند بۆ ئێمە تەنیا ناوی وڵاتێک نەبوو. مانایەکی هەبوو بە قەدەر پانتایی ئاسمان. بۆیە لەگەڵ چەن لاوێکی دڵسۆز و بوێر، بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی ئیرلەندمان دامەزراند. زۆر ئازایەتیم لەو کەسانە دیت کە گیانیان دەکردە قەلخانی نیشتمان و لە خوێنی خۆیاندا دەگەوزان. ئەودەم زۆر کەسان دەهاتنە لامان و پەیوەست دەبوون بە شوڕشەوە. رۆژێک لاوێکمان لێ پیدا بوو. دیار بوو کە خوێندەواریشی هەیە. دەیگوت سەرکەوتنمان نزیکە، لە قسەکانیا زۆر وشەی "ئیسم" و "ئیست"ی تێدا بوو. لە لای هاوریانم زۆر لەبەردڵان نەبوو. بەڵام من دەمگوت ئێمە ئەگەر بمانەوێ ببین بە چرای خەبات، ئەبێ پێشەنگی ئەو خەڵکە بین نەک دژ بە خەڵک. پێویستە گوێبیستی بیروڕای هەموو هاوڕیان بین. تا بتوانین هێزی گەل یەک بخەین. ئێمە دەبێ لە کاتە ناخۆشەکانا خەڵکمان خۆشتر بوێت و ببین بە ئارەقەی دیواری کۆمەڵگا...

شەوێک ئەبوایە من و ئەو لاوە بۆ چەند کارێکی نهێنی بچینە نێو شار. بۆ نەگبەتی، لە سەر شەقام تووشمان بوو بە تووشی سەربازێکی دوژمنەوە. وای دەزانی خەڵکی ئاسایین، بانگی کردین: ڕاوەستن، ئێوە کێن؟ من کە دەمزانی کاتی شەڕ نیە، خێرا هەڵاتم. پاش چەن هەنگاو، ئاوڕم دایەوە، هاوڕێیەکەم لە ترسان وەکوو داهۆڵ ڕاوێستا بوو. زۆر بە گورجی گەڕامەوە، وەها زرمەم لە سەری سەربازەکە هەستاند کە ناڵەی لێ بەرز بووەوە. هاوڕیەکەم پەلکێش کرد. بارانی گولـلەبوو کە دادەباڕی. خۆمان کوتا نێو کۆڵانێک. شاری خۆمم باش دەناسی، تازە دەرباز ببوین. بەڵام شانی هاورێکەم گوللـەیەکی بەرکەوتبوو. گەیاندمە شوێنێکی ئەمن و ئەمان. برینەکەی زۆر قووڵ نەبوو. خەریک بووم برینپێچم دەکرد، وتی ئەمشەو بۆ ڕزگاری من، کارێکی زۆر مەترسیدارت کرد. وتم باسی من و تۆ نەبوو، هەر ئەندامێکی شۆڕش کە بکەوێتە دەستی دوژمن، خەسارێکە بۆ نیشتمان.

هەموو جارێ بە تەنیا دەچوومە نێو شار بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی نهێنی شۆڕش. کە دەهاتمە دەمدیت ڕوو لە چاکبوونەوەیە کەچی، مەلی ترس لە ڕۆحیدا هیلانەی گرتبوو. دەیگوت کەس ناتوانێ دژ بە دەستەڵاتی ئینگلیزێک ڕاوەستێ کە دنیایان لە ژێر دەستدایە.
ڕۆژی ئاخر کاتێ گەڕامەوە حەشارگاکەمان، ئەو لاوە لە نێو هۆدەکە ڕاوێستا بوو، هەستم کرد کە کەلێن و قوژبنی ماڵەکە لە سەربازی دوژمن ئاخێندراوە. زانیم خەیانەتی لێ کردووم و منی فرۆشتووە. هیچ مەودام نەبوو، سەراوان و بناوانم لێ گیرابوو. تەنیا پەلامارم دا و بە شمشێر لەم بەر تا ئەو بەری ڕوومەتیم هەڵدڕێ.

بۆ چەن چرکە بێدەنگ بوو. پرسیارم کرد پاش ئەو خەیانەتە، کابرای خائین چی بەسەر هات؟ وتی پاش ساڕێژبوونی زام، خەڵات و بەراتی خەیانەتم لە جانتای بیشەرەفی نا و هاتمە وڵاتی برازیل و ئێستەش لە خزمەتی ئێوەم! وتم جا مەگەر تۆ شۆرشگێڕەکە نەبووی؟ وتی: نا، ئەو شێرە پیاوە پاش ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، لە ناوەڕاستی شار تیرباران کرا.
وتم: دەی ئەم بەسەرهاتەت بۆ بە پێچەوانە بۆ من گێڕایەوە؟ وتی: ئاخر کام مێشکی سالم دەتوانێ گۆی لە چیرۆکی خەیانەتی من بگرێ؟ ئەویش خەیانەت بە کەسێک کە گیانمی پاراست!

لویس بۆرخێس ۱۹٦۲ ئارژانتین/(گلشیری)

خوێنەری بەڕێز؛ 

زۆر جار لە مێژوو؛ جێگای مەرد و نامەرد، غەدار و غەدرلێکراو دەگۆڕن. دەبێ زۆر وردبینانەتر بۆ میژوو بڕوانین.

بۆرخێس لەم چیرۆکەدا دەڵێ کابرای خائین، خوێندەواریشی هەبووە. ڕەنگە مەبەستی خەسارناسی خەیانەتە. نەزانین تەنیا هۆکاری خەیانەت، نییە.  ڕووناکبیری خائینیش هەیە.

هەروەها لە دنیای ئەمڕۆ بە هێزی تیکنولۆژیا، وشەی خەیانەت نەک هەر ئاسایی، کە لە پێش چاوی خەڵک خەریکە شیرین دەکرێ. وێنەیێکی زۆر بەرچاو، دراما تورکیەکانن کە بە تەواوی هێزەوە خەریکی ئەو کارەن...

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۳/۰۲/۰۱
🟥 شەرەف یان پارە.....؟

بڕیار بوو لەگەڵ کچێک کە زۆر یەکترمان خۆش ئەویست زەماوەند بکەین. ئەو کچە، تاقانەی یەکێک لە دەوڵەمەندترین پیاوانی شار بوو.

شەوێک لە ماڵی خزمێک میوان بووم. لەو کۆڕەدا چەند کەسی دیکەش بەشدار بوون. یەک لەوانە پیرەپیاوێک بوو کە خەڵکی شارێکی دوور بوو، دەیانگوت زۆر گەڕیدە و دنیادیدەیە. داوایان لێکرد لە بەسەرهات و بیرەوەری ژیانی خۆی شتێکمان بۆ بگێڕیتەوە. وتی: سەردەمی لاویەتیم، ئاگری شەڕ وڵاتی داگرتبوو. ئەرتەش حوکمی هەموو لای دەکرد. لەو بگرە و بەردە، من بە شەقی سیاسەت کەوتبوومە بەندیخانە. ڕۆژێک لاوێکیان هێنا و وتیان ئەمشەو لێرە دەمێنیتەوە. ڕەنگی بزرکابوو، دەیگوت لێرە غەریبم، تازە دوێنێ شەو لەگەڵ هاوریەک، هاتوومەتە ئەم شارە. دوێنێشەو لە هوتێلی شار تەنیا یەک وتاغی بەتاڵ هەبوو، بە کرێمان گرت. هەر ئەو کاتە پیاوێکی غەریبیش هاتە هوتێل. جێگا بۆ ئەو نەمابوو. پێکەوە شاممان خوارد. لە سەر سفرە، کابرا لە لامان درکاندی کە هەموو دارایی خۆی کردۆتە پارەو لە جانتاکەی ناوە و دەیەوێ ناوچەی شەڕ بەجێبێڵێت. هاوڕێکەم بە کابڕای گوت: تۆ بەو هەموو پارەوە ناکرێ لەدەرەوە بخەوی. وەرە لە جێگای من بخەوە. من هیچم نیە و بێخۆفم، دەچم لە سالونی هوتێل دەخەوم. من و کابرا چوێنە وتاغەکەوە. کاتی خەوتن شەیتان کەوتە کەوڵم کە کابرا بکوژم و پارەکەی بڕفێنم. بەڵام لە دەروونەوە لەگەڵ وێژدانی خۆم دەستەویەخە بووم. لەم ڕاو و بێڕایەدا، بە بێدەنگی هاتمە دەرەوە و ڕووم کردە دارستان و قەراخی چۆم. تا نیوەشەو بیرم دەکردەوە کە خودابەردار نیە کاری وا بکەم. ئاخۆ بۆ ئەو پارە چەندە ڕەنجی کێشاوەو و لە نانی ژن و منداڵی گرتۆتەوە؟ زانیم ددانی من ئەو نانە نابڕێ، بۆیە لەحنەت لە شەیتان، بێدەنگ گڕامەوە و خزامە نێو جێگەی خۆم و خەوتم. بەیانی بە قیژە و هەرای خزمەتکارانی هوتیل وە خەبەرهاتم. سەری کابرا بە چەقۆ بڕابوو. هاوڕێکەم و جانتای پارەش دیار نەبوون. زانیم کە دوێنێشەو پێش هاتنەوەم هاوڕێکەم ئەو کارەی کردووە!!
بەڵام منی غەریب و بێکەس لەم ئاگربارانەدا ئەو هەموو ژنێڕاڵە یاسا نەزانە چۆن تێبگەینم؟ ئەو شەوە تا بەیانی وەکوو مەنجەڵ دەکوڵا. دەیگوت تەنیا دایکە پیرێک شک دەبەم و ماڵمان لە فڵانە دێهاتە لە باکووری وڵات. دەزانم تا ڕێوی قەباڵەی خۆی بخوێنێتەوە، کەوڵی دەکەن.
هەرواش بوو. کاتێ دەیانبرد بۆ پای سێدارە، چاوی هیوای بڕیە چاوانم و وتی وەرە پیاوەتیم لە گەڵ بکە، هەر کاتێ رزگار بوویت، بچۆرە دێهاتەکەی ئێمە و بە دایکم بڵێ تەنیاکوڕەکەت بێتاوان بوو.

پاش چەند مانگ کە لە زیندان ئازاد کرام. ڕێگەی باکوورم گرتە بەر. کە چوومە ئەو دێهاتە وتیان درەنگ هاتووی. هەر زوو هەواڵەکەمان پێگەیشت. دایکی پاش چەن ڕۆژ دوای ئەو هەواڵە لە خەفەتان دیقی کرد..

بەسەرهاتی کابرا کە گەیشتە ئێرە، پرسیارم کرد: ئەو لاوە ئەو شەوەی زیندان، هیچ باسی هاوڕیەکەی نەکرد؟ وتی ئەوەی من لەبیرم مابێت، وتی ناوی فڵانەکەسە، خەڵکی فڵانە شارە و... بە بیستنی ئەو قسانە تەزووی سەردم بە لەشدا هات. ئەوانەی ئەو دەیگوت هەمووی ناوونیشانی خەزوورم بوو. پاش ئەو شەوە، زۆر بە دوایدا چووم، هەر خۆی بوو.

جا دەزگیرانی من، ئەبوو بە میراتگری ماڵێک کە هێلمە(گرێچن) بە هێلمەی فەرشەکەشیان حەرام بوو، لە سەر گۆڕی سێ بێتاوان بنیات نرابوو.

پاش چەند مانگ خەزوورم عومری درێژی بۆ ئێوە بەجێهێشت و کچیش چاوەڕی گواستنەوە بوو.
نەمەدەزانی چ بکەم. بۆیە چەندین کەسم هەڵبژارد: قازی، نوینەری پێشووی پارلمان، زانای ئایینی، مافناس، چەند لاوێکی هاوتەمەنی خۆم و وەلحاسڵ لە هەموو مەرامێک... بەبێ ئەوەی ناوی کچە بێنم، لە شوێنیکا کۆ بووینەوە و داوام لیان کرد ڕای خۆیان بفەرموون. یەکیان وتی: ئەگەر بمانەوێ زۆر لێی وردببینەوە، کەس ماڵی حەلاڵ نیە. جارجارە دەبێ خۆتی لێ گێل بکەی. ئەوی دیکە دەیگوت: وەرە بەو پارە بنکەیەکی خێرخوازی دامەزرێنین. ئەوی دیکە: زەکاتەکەی بدەی تەواوە. لاوێک پرسیاری کرد ماڵی خەزوورت لە کوێیە؟ ئەویتر.....
وتم بەڕێزان وانابێت. تکایە بە شێوەی دەنگدانی شاراوە. ڕای خۆتان بنووسن. دوایی کە سەرەنجم دەدا زۆربەیان نووسیبوویان لەگەڵی زەماوەند مەکە.
خەڵکی قسەیان و کردەوەیان یەکناگرێ و هەمیشە لە پشتی شانۆگەری درۆزنانەوە بە تەواوی هێزەوە مڵازیان گرتووە کە لە گرفتی کەسانی دیکە، بە دوای قازانجی خۆیان دا بگەڕێن.
ئاخۆ ئەو کچە کە تەواوی تەمەنی لە تەڕی خواردووە و لە وشک خەوتووە، حازرە لەگەڵ من، لە ماڵێکی هەژارانە، دوور لە ناز و نێعمەتی ماڵە باوکی، ژینی هاوبەش دەستپێبکات، یان ئەوینیش سنوورێکی هەیە؟

باڵزاک ۱۸۴۸ پاریس/( محمد نجابتی)

خوێنەری هێژا؛
باڵزاک پێمان دەڵێت: ئەم هەڵبژاردنە هەموو رۆژێ دووپات دەبێتەوە. نابێت پێوەرمان بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆمانبێت. ماڵی حەرام بۆ خۆمان حەڵاڵ نەکەین. دڵنیابن ماڵی حەرام لە سەر گۆڕی بێتاوانان بنیات نراوە...

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۳/۰۲/۱۱



🌍 Mizan Kurdi
باشترین مرۆڤ لای من ئەو کەسانەن کە ڕێز و خۆشەویستی ئینسانییەتی خۆیان دەخەنە پێش هەموو شتێک، واتە خۆشەویستی ئینسانییەتی خۆیان لە پێش هەموو جۆرە عەشقێک و خۆشەویستیییەکی ترەوە دادەنێن، لە پێش خۆشەویستی خوداوە، لە پێش خۆشەویستی مەزهەب و دینەوە وە لە پێش خۆشەویستی نەتەوە و نیشتمانەوە. چونکە مرۆڤ تەنیا لە ڕێگای خۆشویستنی مرۆڤەکەی ناخی خۆیەوە دەتوانێت ڕووکاری مرۆڤانەی مەیل و هەوادارییەکانی تری بپارێزێت. گەر خۆشەویستی مرۆڤ پێش خۆشەویستی خودا یان مەزهەب نەکەوێت دەبینە فانەتیک و فەندەمەنتالیست و لەوانەیە تیرۆریستیش، ئەو کەسەی خۆی دەتەقێنێتەوە خودای خۆشدەوێت بەڵام خاڵییە لە خۆشەویستی مرۆڤ. خۆشەویستی خودا لێرەدا لەوەی نەپاراستووە ببێتە دڕندە بەرامبەر بە مرۆڤ، بۆیە خۆشەویستی خودا تەنیا لەگەڵ خۆشەویستی مرۆڤدا مانای هەیە. لەوەش بترازێت خۆشەویستی نەتەوە گەر خاڵی بوو لەخۆشەویستی مرۆڤ، گەر پێش ئەوەی نەتەوەکەتت خۆشدەوێت مرۆڤایەتی خۆت و مرۆڤت بە گشتی خۆش نەوێت، نەتەوەپەرستی و ناسیونالیزم بەرەو ڕەشەکوژی و کاولکاری دەتبات. دەمێک نازییەکان جوولەکەکانیان سووتاند، ئەڵمانیا و نەتەوەی ئەڵمانیان خۆشدەویست بەڵام بە مرۆڤەکەی ناخی خۆیان نامۆبوون و ئاشنایان لەگەڵ بوونەوەرێکدا نەبوو ناوی ئینسان بێت. ئەنفالچییەکان عەرەبیان خۆشدەویست، بەڵام شتێکیان نەبینی بوو ناوی مرۆڤ بێت، چ لە ناو خۆیان و چ لە دەرەوە. هەر مرۆڤێک خودا، نەتەوە، ئایدۆلۆژیا یان هەرجۆرە شتێکی تری لە مرۆڤ بۆ گرنگتر بێت، زەمینەیەکی لەباری تێدایە بۆ ئەوەی ببێتە دڕندە.


بەختیار عەلی

بەشێک له وتاری "دەربارەی مرۆڤی تەواو"
لە کتێبی "لە دەستدانی ئاسمان

http://T.me/Mizankurd

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🌐لێكدانەوەی كوردیانە بۆ ئیسلام دوو بنچینەی هەیە، بنچینەیەكی عەقڵی و بنچینەیەكی ئەخلاقی.

🔹بەشی 3

ئەم لێكدانەوەیەش لە سەردەمی دەوڵەتدارییە كوردییەكەی ئەیبووبیەكاندا كە سەلاحەدین دایمەزراند دەست پێدەكات، سەڵاحەدین چاكبوونی كرد بە بنچینە بە پێی بنەمای چاكبوون مرۆڤ شیعە بێت یان سوننە، مەسیحی بێت یان موسڵمان یان جوو، ئەوە گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە چاك بێت و ئاشتی بوێت، هەر ئەمە وایكرد سەڵاحەدین بتوانێت لە هەمان كاتدا سوپاسالاری خەلیفەی عەیاسیی سونی بێت و وەزیری خەلیفەی فاتمی شیعە بێت. جگە لەوەش هەر ئەمە وا دەكات كە پشتیوانییەكی زۆری لە لایەن مەسیحی و جولەكەشەوە بكرێت و دواتر لە جیهانی مەسیحیەتدا و لەلای جوڵەكەش ببێت نموونەیەی سەركردەیەكی ئاینی باڵا. هەر لەسەردەمی ئەیوبیەكاندا دوو موشەرعی گەورەی كورد هەن كە یەكێكیان سەیفیدین ئامەدییە و ئەوی تریان سراجەدین ئەرموویە، كتێبەكانی ئەو دوانە لە اصوڵی فقه دا، لوتكەی ئەو زانستەیە و لەلای ئەوان عەقڵ بنمایە بۆ اصولی فقە كە ئەو زانستەیە دەبێت حوكمە سشەرعییەكان بەپێ ئەو زانستە بدرێن. كۆی حوكمە شەرعییەكانیش بە زانستێكی تر ناو دەبرێت كە پێی دەوترێت فقە. هەر لەو سەردەمەی سەلاحەدیندا و بە هۆی ئەو لێكدانەوە كوردییە بۆ قورئان سوننەت، دەرگا لە سەر عارفێكی وەك ئیبن عەرەبی و جەلالەدین رۆمی دەكرێتەوە، كە بتوانن ئەوە بڵێن كە یار واتە خودا هەر هەمان یارە چ لە مزگەوتێكدا بێت یان لە كەنیسەیەكدا بێت یان لە دیرێكدا بێت. هەر ئەم لێكدانەوە كوردییە كە دەبێت بنچینەیەك بۆ مەسەلەی لێبوردەیی ئایینی لە سەردەمی رۆشنگەریدا. كە لەلایەن یەكێك لە فەیلەسوفەكانی رۆشنگەرییەوە بە ناوی لیسینگەوە شانۆنامە گرنگەكەی لە باری لیبوردەیی ئاینییەوە دەنوسێت كە باس لە ناتان داناو سەلاحەدین دەكات. لە دوای سەردەمی ئەیبوییەكانیشەوە ئەم لێكدانەوە كوردییە بۆ قورئان سونەت بەردەوام دەبێت و لە لای عارەفە كوردەكانیش بەردەوام دەبێت. باوكی مەلا ئیدریسی بەتلیسی كە ناو حسامدەینە تەفسیرەكەی بۆ قورئان تەفسرێكی كوردییە بۆ قورئان، لە دوای ئەوانیش ئەمە هەر درێژەی دەبێت لە رێگەی تەریقەتی قادری و نەقشییەوە، تەفسیرەكەی مەلای گەوەرە كۆیە بۆ قورئان تەفسیرێكی كوردییە و لە بواری ئیلاهیات و اصول فقه و علمی كەلامدا دوای دواقوناغی لێكدانەوەی شەرعیانە و كەلامیانەی قورئان سونەت لەلایەن گەوەر زانای كوردە مەلا باقری بالەكی دەكرێت كە كتێبەكانی لە بواری زانستی كەلام و تەسوفدا لە لوتكەدان و ئەم پیاوە لە حەفتاكانی سەدەی پیشودا كۆچی دوایی دەكات. لە پال ئەویشدا مەلا عەبدولكەرمی مودریش و دكتور موستەفا زەڵمی هەن كە لە لێكدانەوەكانیان بۆ دەقە ئاینییەكان سەر بەو پارادایمە كوردییەیە. لە لێكدانەوە مۆدێرنەكانیشدا بۆ ئیسلام سەعدی نورسی و ئەحمدی موفتیزادە و ناسری سوبحانی لێكدانەوەیەكی عەقڵی ئەخلاقیان بۆ ئیسلام هەیە. ئەوەی لە باشور بڵاو بووەتەوە لە راستیدا لێكدانەوەی سعودی و میسری و پاكستانییە بۆ دەقە ئاینییەكان نەك لێكدانەوەی كوردی. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە لێكدانەوەی مۆدێرنی كوردی بۆ ئایین نییە، بە پێچەوانەوە عەقڵانیترین و ئەخلاقیترین لێكدانەوە بۆ ئیسلام لێكدانەوە كوردییەكەیە. بە كورتی و بە كوردی لێكدانەوەی كوردی بۆ ئایین سەر بە مەزهەبی خۆشەویستیییە نەك مەزهەبی رق و بوغز و كینە، لەسەر مەزهەبی ئاشتییە نەك جەنگ و خوێن ڕشتن.


عرفان مستەفا/کوردناس و توێژەری فەلسەفە

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟥 ڕازێک لە ژیانی ئەدەبیم!

من؛ وەکوو نووسەرێکی ناوداری ئەم وڵاتە، خاوەنی چەندین ئاسەواری ئەدەبیم. چەندین جار لایەنگرانم ڕێزیان گرتووە لە چالاکی ئەدەبی و کەلتووری "من". بەڵام ئەمڕۆ پێویستە ڕازێکتان لەلا بدرکێنم کە سی ساڵە لە دڵی خۆمدا ڕامگرتووە و خۆمیش نازانم چۆن هەتا ئێستا نەمهێشتووە ژن و منداڵ و دۆستانی نزیکم پێی بزانن.

ڕازەکە ئەوەیە کە سی ساڵ بەرلە ئێستا، بووم بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارەی کە ئەمڕۆ ئێوە خاوەنین. زۆر حەزم دەکرد ببم بە کەسێک وەکوو نووسەرە مەزنەکان کە خەڵک هەمیشە بە حورمەتەوە ناویان دێنن. بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە من پیاوی ئەو ڕێگا نیم. ئەو کارە، خوێندەواری دەوێ، شەونخوونی دەوێ، هەستی جوان و بوێری و ئامانجی بەرزی دەوێ. دەبێ قازانجی خەڵک لە بەرچاو بگریت... بۆیە تەنیا، کارم بوو بە نووسینی هەواڵ سەبارەت بە گەندەڵەدزی و ڕووداوی هاتوچوو و چەن شتی کەم بایەخ.
بە هۆی کار لە گۆڤار لە گەڵ کابرایەک بووین بە ناسیار. ڕۆژێک ئەو کابرا پێشنیارێکی سەیری هێنا ئاراوە! دەیگوت من تەنیا حەزم لە پارەو ماڵی دنیایە. زانیومە ئەتۆش زۆر بێزووی(مەگیرانی) شۆرەت و ناوبانگ دەکەی. من بابەتت بۆ دەنووسم، تۆش لە گۆڤارەکەتان بە ناو و وێنەی خۆتەوە بڵاوی بکەرەوە. لە سەدا هەشتای داهاتی ئەو نووسراوانە بۆ من بێت، ناوبانگ و دانیشتن لە ڕیزی پێشەوەی کونفرانس و کۆبوونەوەکانیش بۆ تۆ.
وتم جا ئەگەر خەڵک بەو کەینوبەینە بزانن دەمانکەن بە پەندی عاڵەم. وتی خەڵک زۆر لەوە شوورەییتریان دی و هیچ نەقەوما. وتم ئەی باری ئەخلاقیەکەی؟ وتی:کام ئەخلاق؟  ئەمڕۆ کەس ناوێرێ بەرهەمی خۆی بداتە دەستی فڵانە مامۆستای ناودار، خێرا بە ناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. فیسارە مامۆستا بە دەستی قوتابیان و فێرخوازان بابەتی زۆر کۆ دەکاتەوە و دواییش دەیکاتە موڵکی خۆی. بە هیچ شێوازێک نایەڵن کەس سەر دەربێنێ نەوەک لە خۆیان سەرتر بێت و لەوەش ناشیرینتر... دەی خۆ من و تۆ نە بەرهەمی ڕەنجی خەڵک دەدزین، نە بەر بە پێشکەوتنی خاوەن بەهرەکان دەگرین ونە... من تەنیا قەڵەمی خۆمم بە تۆ فرۆشتووە و نرخەکەشی دیارە. ڕاستیەکەت دەوێت، من نامەوێ وەکوو ئەوانە بم کە وتیان هونەرو قەڵەم بۆ فرۆش نابێت. کەچی لە دوایی، بۆ خەرجی ماڵەوە بە ناچاری وڵک و گورچیلەی خۆیان دەفرۆشت.

ئاخری ڕێکەوتین. خودا حەقە، جگە لە من قەت بۆ کەسی دیکەی نەنووسی. کارمان لە برەودا بوو. وای لێهاتبوو دەمگوت فڵانە شت وا بنووسە، خەڵک وایان پێخۆشە. چاوەڕوان بووین، با لە کام لاوە دێت بەو بارەدا شەنمان دەکرد. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، کوڕان و کچانی ساکار و دڵپاک، شانی منیان ماچ دەکرد و مامۆستا، مامۆستا دەکەوتنە شوێنم کە پشتی وێنەیەکی خۆمیان بۆ واژۆ بکەم. لەو لاش کابرای نووسەر پارە لە سەر پارە، وای لێهاتبوو، شای بە گاوان نەدەگرت. سی ساڵمان بەو شێوە ڕابوارد. تووشی کێشەی وا نەهاتم. چەند جارێک بیستم کە خەڵک دەڵێن ئەم کابرایە هەر پارە کۆ دەکاتەوە و دەیشارێتەوە. بۆیە خۆم کرد بە خێرخواز و بەو شێوە ئەوەشم پینە کرد. لە هەر شوێنێک پێویست بە قسەکردن بوو، لە باتی قسەی بەڵگەمەندو ئاکادمیک، دەمکرد بە بەزمی درووشمدان، هاوڕێ لەگەڵ چەند وەشەی بێگانە کە خۆمیش ماناکەیانم نەدەزانی. دەمگوت ئێمەش وەکوو ئەدەبی ڕووس و فەرانسە پێویستمان بە ڕەوتێکی ئەدەبیە و من هەوڵی بنەڕەتی دەدەم کە گەورەیی زمان و هونەری ڕەسەنی خۆمان بە دنیا بسەلمێنم و... بەڵام دیارە کەسێک کە کەلتوور و هونەر و زمانی خۆی ناکاتە بناغەی کار و لە پێش چاوی سووکە، هیچ قسەشی بۆ دنیا نیە...

بەڵام ئێستا تووشی کێشەیەکی ڕاستەقینە هاتووم. کابرای نووسەر دەڵێ من سێ بووکم لە ماڵە، خەرجمان زۆرە. ئیستەرەم، پارەی زۆرتر. هیچ هەڕەشەو گوڕەشەش ناکات. تەنیا شاخی کردووە و هیچ نانووسێت. بەو مانگرتنەی، ناوبانگی من تووشی مەترسی هاتووە. منیش تەنیا تاریفی خەڵکم بۆ ماوەتەوە، جا ئەگەر با لەم کونەوە بێت ئەوەش نامێنێت.

ئێستا بەڕێزتان کە خاوەنی ئەو گۆڤارەن، ئاگادار بوون کە من چۆن نووسەرێکم. بەڵام ئەوەش بزانن کە ئەو نووسراوانە، ئامیان(هەوێن) و ئامێژەنی گۆڤارەکەتانە. جا قسە هەزارە، یەکی بەکارە. تکایە پارەیێک بە ناوی قەرز و فەرز یان خەڵات و بەرات یان هەرناوێک پێتان خۆشە دابین بفەرموون. هەم ناوەکەی من با نایبا و هەم فرۆشی ئێوەش بەردەوامە.

دینۆ بۆتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)

خوێنەری بەڕێز؛
قەڵەمی بەرز و هونەری ڕاستەقینە ناوبانگیش دێنێ. نە دەبێت و نە دەکرێت بەری پێبگرین. ئەگەر وابکەین لە ڕاستیدا بەهرەکان دەفەوتێنین. بەڵام ئامانجی ئەدەب و هونەر، بەرزی بیری ئینسانیە، نەک پارە و ناوبانگ.
زۆر پێویستمان بە سیستمەکی پەروەردە هەیە هەم بەر بە فەوتانی بەهرەکان بگرێت و هەم شارەزامان بکات کە ڕێگا نەدەین هەرکە بێت و بە درۆ و دەلەسە یان خۆ ڕووتکردنەوە، یان.. ببێت بە خاوەنی ئەدەب و هونەری وڵاتەکەمان...

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٣/٢١
🟥 بیری ئازادی

لە ڕێگا، یەکێک لە سەربازەکان بە پێکەنینەوە وتی: بەرپرسانی ئەم بەندیخانەیە کە دەچین، دەرفەتێکی باشیان بۆت ڕەخساندووە.

لە قسەکەی تێ نەگەیشتم! کام دەرفەت؟ جا کارەسات لەوەش تاڵتر دەبێت؟ لە وڵاتی غەریب حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بە سەرتا بسەپێنن!؟

ئەو زیندانە تەنیا تایبەت بەوانە بوو کە سزایان، زیندانی هەتاهەتایی بوو. بۆیە کەس باسی ئازادی نەدەکرد. جۆرێک لە ژیان بوو کە هەر ساتێک مەرگێکی تێدا تاقی دەکرایەوە.

پاش چەند ڕۆژ تازە زانیم مەبەست لە دەرفەت چییە. لەو شارەدا نەریتێک هەبوو کە شێوەی یاسای بە خۆیەوە گرتبوو. هەرچەند مانگ جارێک، بەپێی پشکخستنی بەرپرسانی زیندان، یەکێکیان هەڵدەبژارد. دیانبردە سەربانی بەندیخانە. خەڵکی شاریش کە پێشتر ئاگادار کرابوون، بە گەورە و بچووک، ژن و پیاو، ڕووناکبیر و ڕەمەکی... هەموو دەهاتن. ئەو کەسە نیوکاتژمێر مەودای هەبوو کە وتارێک پێشکەش بەو خەڵکە بکات. جا ئەگەر خەڵک وتارەکەیان وەبەر دڵ کەوتبا، دەیانکرد بە چەپڵەڕێزان. واتە لە لایەن کۆمەڵگاوە بەخشراویت و ئازادی. دەنا ئەو تەنیا دەرفەتەش بۆ هەتاهەتایە دەبوو بە هیچ. تۆ کە جارێک لە لایەن دەستەڵاتەوە سزا دراوێت، ئەگەر جاری دووهەم لە لایەن خەڵکیشەوە تاوانبار بکریت، واتە دەردەکەت لێ دەبێت بە دوو.
ڕۆژانی هەوەڵ لەچەند کەسێک کە ساڵانی ڕابردوو، دەست لە گۆچان درێژتر لە سەربان گەڕابوونەوە، پرسیارم کرد، بەڵام تەنیا زەردەخەنەیەکی تاڵیان پێشکەشم کرد! ئاخۆ باسی چییان کردووە؟ چۆنیان باس کردووە؟ گریاون؟ پاڕاونەتەوە؟ هاواریان کردووە؟ ئەو خەڵکە بە چی ڕازی دەبن کە ئەو ئازادیەت پێ ببەخشن؟؟؟

دەیانگۆت لە ڕابردوودا چەند کەسێک توانیویانە ئازاد بن. بەڵام وەکوو ئەفسانە دەهاتە بەر گوێ. لانیکەم هەتا نۆ ساڵ، ئازادی وەکوو پڵاوی خانەقا هەر ناوەکەی بوو. کەس تامخوای نەکرد. ئەو نۆ ساڵە بە شەو و بە ڕوژ بیرم لێ دەکردەوە. ئاخۆ ئەوە ناوی دەرفەتە یان ئەشکەنجە؟ چاوەڕێ بوون، خۆی ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ تۆ یەکجار مافی قسەکردنت هەیە ئەویش کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەشکەنجە نییە؟ کاتێ کابرا بە لاوی هاتۆتە زیندان، ئێستا پیر و کوێر، بە لێو قەبرەوە دەلەرزێ، تازە ئازادی بۆچییە؟ ئاخۆ ئەوە ئەشکەنجە نییە کە کابرا هاودەنگ و هاودەردی تۆیە و لەلات دانیشتووە بەڵام حەز بە ئازادی تۆ ناکات؟ ئەشکەنجە نییە کە هەرکەس وادەزانێت ڕازی ئازادی تەنیا لای خۆیە و باقی سەرلێشێواون و ئازادیەکەشی تەنیا بۆ خۆی دەوێت؟ ئاخۆ خەڵکی شار بۆ قسە و هاواری تۆ، وەکوو بەزمێک بۆ ڕابواردن ناڕوانن؟ ئازادی تۆ ئەسیری چەپڵەی ئەوانەوە؟ بۆ دەبێ کارت بکەوێتە لای کەسانێک کە باسی ئازادی و گوێزژماردن بەلایانەوە یەکێکە؟ سواڵی ئازادی مانای هەیە؟

ڕۆژێک وتیان دوو کاتژمێری دیکە حازر بە. تۆ هەڵبژاردەی ئەمجارەی. خەڵک چاوەڕوانن.
هیچ دڵەڕاوکەم نەبوو. حازر و ئامادە بووم.  لە پاش نۆ ساڵ بیرکردنەوە لەخۆم، لە کۆمەڵگا، لە ئازادی، من وڵامی هەموو ئەو پرسیارانەم دەزانی. 

دوو سەرباز منیان بردە سەربان و تەنیا لەبەرانبەر بەو خەڵکە بەجێیان هێشتم. قنج و قیت ڕاوێستا بووم و سەیری ئەو خەڵکەم دەکرد. یەکێک هاواری کرد: دا دوو قسەی خۆشمان بۆ بگێڕەوە، با تۆزێ پێبکەنین. یەکێکی دیکە بە قاقاوە وتی برا بێتاوانەکەم، دەزانم دایکی پیرت چاوەڕێتە، ئەگەر هەتا ئێستا نەمردبێت! ئەوی دیکە وتی: جا ژن و منداڵت تاوانیان چییە؟ تۆ ئەوانیشت بەدبەخت کردووە. ژنێکی زەردئەسمەری،  سینگ و بەرۆکی خۆی ئاوەڵا کردبوو. هاواری دەکرد: بۆ ئێرە بڕوانە....
بەڵام من بێدەنگ لە بێستنی ئەو هەموو قسانە کە هیچیان بۆم گرینگ نەبوو، تەنیا بۆ ئەو خەڵکەم دەڕوانی. زۆریان ڕست و کەمم بیست. ئاخرەکەی یەکێک وتی براگیان بۆ هیچ قسەیەکمان بۆ ناکەی؟ خۆ تۆ تازە هاتوویت... جەماوەر بێدەنگ بوون. زۆر لەسەرەخۆ ڕووم کردە خەڵکەکەو وتم: من لەسەر داخوازی خۆم لێرە نیم. بەرپرسانی زیندان بۆ خۆیان منیان هەڵبژاردووە. دەنا من قسەیەکم نییە کە ئێوە پێی کەیفخۆش بن. من لەم زیندانەدا ڕازی بەختەوەریم دەستخستووە. من لە ئێوە ئازادترم. ئێستاش کە منیان هێناوە، تەنیا تکام ئەوەیە، مەرد بن و ئەو بەختەوەریەم لێ تێک مەدەن. من لێرەدا بە ئاواتی خۆم گەیشتووم...
پاش چەند چرکە، لەو بێدەنگیەدا، دەنگی چەپڵەیەک و دوان و دە و سەدان چەپلە بەرزەوەبوو. من هەر دەمڕوانی...
کە هاتمە خوارەوە، وتیان: لە ئێستا بەولاوە تۆ ئازادی....

دینۆ بوتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)

خوێنەری خاوەنبیر؛
ئەو پیاوە بە هۆی بیڕکردنەوەی قووڵ، لە مانای ڕاستەقینەی ئازادی تێ گەیشت. زانی کە ئازادی لە پێشدا لە دەروونەوە چەکەرە دێنێت. کاتێک کە تۆ زاڵ دەبی بە سەر دەروونی خۆتدا. نە گاڵتە و نە چەپڵەی خەڵک کار ناکاتە سەر ویست و ئیرادەت. بە پێچەوانەی ئەو چەند کەسەی پاڵ دیوار، کە ئازادییان بە قاقای بڵحانە و قسەی سووک دەزانی، یان ئەو ژنە کە ئازادی لە ڕووت بوونەوەدا دەدیت...

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٤/٠٢
ناسیونالیسم گەورەترین ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتورییەتەکان و بنیاتنانی جیهانی مودێڕن و سیستەمی دەوڵەت-تەوەر لە دوو سەدەی ڕابردوودا گێڕا، بەڵام کۆتایی نەهاتووە. هێشتاش بەهێزترین، سەرەکیترین و بەڕەونەقترین ئایدۆلۆژیای سیاسییە لە هەموو جیهاندا کە قووڵترین کاریگەری لەسەر ڕووداو و دیاردە سیاسییەکان دادەنێت. چەقی ناسیونالیزم نەتەوەیە و دەوڵەتخوازی وەک گونجاوترین مودێلی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەرکەوتەی سەرەکی ناسیونالیزمە. لەڕاستیدا لە ئێستای جیهاندا هەموو نەتەوەیەک پێی خۆشە سنووری جیاواز و دەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەبێت و کاروباری خۆی بە بێ دەستێوەردانی "ئەوانی تر" بەڕێوە ببات. هیچ نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت ئامادە نییە دەست لەو ڕێکخراوە مەزنە سیاسییەی تایبەت بە خۆی هەڵبگرێت. هەموو نەتەوە بێ دەوڵەتەکانیش خوازیاری دەوڵەتن، گەرچی هەموویان ناتوانن بەو ئاواتەیان بگەن. بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و خاوەن دەوڵەتەکان هێشتا ئامادەن لەپێناو نەتەوە و خاک و نیشتمانی خۆیاندا خەبات بکەن و گیانیان بەخت بکەن.  ناسیونالیزم ئایینی هاوبەشی هەموو نەتەوەکانە.

ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیای ڕزگاری و سەربەستییە و پەیوەندی بە مانەوەی نەتەوەکانەوە هەیە. باقی ئایدۆلۆژییەکان وەک لیبرالیزم و سۆسیالیزم و هتد مۆدیل و بەرنامەی ژیانن. ناسیونالیزم بنەماییتر و پێویستترە چونکە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بیر لە چۆنێتی و شێوازەکانی ژیانی بکاتەوە پێش ئەوەی مانەوەی فیزیکی و ناسنامەیی خۆی مسۆگەر بکات. لۆژیکی ئەم باسە ئاسانە:  "بمێنەوە و پاشان چۆنت پێ خۆش بوو بژی!". بۆیە ناسیونالیزم بەبەراورد لەگەڵ باقی ئایدۆلۆژییەکان پلەیەک سەرتر و سەروگەردنێک بەرزتر و نزیک لە هەمیشە براوەیە. ئەمە سەبارەت بە هەموو کۆمەڵگەکان ڕاستە. لەڕاستیدا هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا نییە ناسیونالیست نەبێ. نەتەوەیەک ڕەنگە لیبراڵ بێت یا سۆسیال یا ئیسلام یا بڕوامەند بە هەر ئایدیایەکی تر، بەڵام لیبراڵەکان، موسڵمانەکان و سۆسیالیستەکان لەوەدا هاوبەشن کە ناسیونالیستن. گەردوون تەنراوە بە ناسیونالیزم. هۆکارەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزم توانای جووتگیری زۆر و فراوانە: ناسیونالیزمی ئیسلامی، ناسیونالیزمی چەپ، ناسیونالیزمی لیبرال.

چەپەکان، ئیسلامییەکان و لیبرالەکان لە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر سەرناکەون مەگەر ئەوەی هەوڵ بدەن ناسیونالیزمێکی پتەو و نەتەوەیەکی فراوانخواز لە کۆمەڵگەی خۆیاندا بەرهەم بێنن. فراوانخواز لانیکەم بەو مانایە کە پێیان وابێت ئەوان شایستەیی ئەوەیان هەیە ڕێنما و ڕێنوێنی باقی گەلان و نەتەوەکان بن! هەر لەم چوارچێوەیەدا ئیسلامییەکان و مارکسیستەکان ناتوانن ئۆمەت و کۆمۆن پێک بهێنن و سنوورەکان بسڕنەوە مەگەر ئەوەی پێشتر دەوڵەت (دەرکەوتەی ناسیونالیستی) لە مەزنترین فۆرمی خۆیدا بنیات بنێن! تا ئێستا وڵاتانی موسڵمان گەلێک جار پێکەوە جەنگاون و لەوبەر چەم و کێو و سنوورەکانەوە بەمەبەستی بنیاتنانی خەلافەتی ئۆمەت تەوەر کۆمەڵکوژییان ڕێک خستووە. زۆرینەی کرێکارانی جیهان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی وڵات و نیشتمانی خۆیان خەباتیان کردووە و کوژراون نەک لە پێناو بەرژەوەندی کرێکارانی وڵاتانی تر! لەوە گەڕێین هەر ئێستاکە ترامپ و پۆتین و خامنەیی و ئەسەد و ئەردۆغان و نەتانیاهۆ و ئیسماعیل هەنیە و کیم جونگ ئون و زلێنسکی خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە لەژێر ناوی "نەتەوە" کار دەکەن. هیچ ڕکابەرێکی دێموکرات و نادێموکرات ناتوانێ جێی ئەوانە بگرێتەوە ئەگەر بە ناوی "نەتەوە" و بە "ناسیونالیزم"ێکی بەهێزتر و خەستتر بەرەنگاریان نەبێتەوە. ئەمە بە ڕوونی پێمان دەڵێ ناسیونالیزم هێزی بزوێنەری سیاسەتە؟

مزگێنی زۆر دراوە بەڵام چاوەڕوانی هیچ تیۆری، هزر و قوتابخانەیەک سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ناسیونالیزم هەتا ئەم ساتەوەختە وەڕاست نەگەڕاوە. دەستەواژەگەلێکی وەک ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگ و ناسیونالیزمی ڕەش و ناسیونالیزمی نەفرەتی تەنیا ئەدەبیاتی  پەراوێزخراوەکان و لاوازەکانە. ڕەنگە ئێستا وەک زۆرینەی قۆناغەکانی پێشووی مێژووی سیاسی کورد زۆرێک هەوڵی چڕ بدەن بۆ جێخستنی تێزی "جارێ زووە"، بەڵام لەکۆتاییدا هەر تاکێکی کورد لەوە تێدەگات کە چارەیەکی نییە و مەحکوومە بەوەی ناسیونالیست/ دەوڵەتخواز بێت. ئەزموونەکانی سەراپای عالەم پێمان دەڵێن ئەوە ئەگەر نا تاقە فاکتەر، لانیکەم گرینگترین توخمی ڕزگاریی و گونجاوترین میکانیزمی دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە لە بەرزترین ئاستدا. ڕزگاری نیشتمانی لە ناسیونالیزمەوە سەرچاوە دەگرێت و هیچ "ئیزم"ێکی تر سوودمەند نابێت مەگەر ئەوەی لە گێڕانەوەکانیدا گرینگی بە هەست و بیری نەتەوەیی و جێگە و پێگەی ناسیونالیزم بدات و لەگەڵی جووت بێت. ناسیونالیزمی کوردی شۆڕشی ڕاستەقینەیە دژ بە داگیرکەران. ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون؛ بێ هۆ نییە زیاترین پەلامارەکان دژ بە ناسیونالیزم و ناسیونالیستەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە.


محەمەد حوسێنزادە