میزان - کـوردستان
1.65K subscribers
200 photos
164 videos
69 files
884 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🟥 زارە کوردییەکان یان زمانە کوردییەکان؟

🔴 زۆر جار لێرە و لەوێ دەخوێنمەوە، هەندێک نووسەری کورد بۆ زارە کوردییەکان، زمانە کوردییەکان بەکار دێنن و لەگەڵیشی دەڵێن گەلانی کورد. دەیانهەوێت پێمان بڵین ئەم زارانە چی دی زاری کوردی نین، بەڵکو چەند زمانێکی کوردین و هەر زمانێکیش نوێنەرایەتیی گروپێکی ئەتنیکی کورد دەکات، کەواتە ئەمانە گەلانی کوردن!

 🔴 بانگەشەکردن بۆ زمانە کوردییەکان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتناسییەوە دەستی پێ کرد، کە لە توێژینەوەکانیان تەنیا جیاوازییە زمانەوانییەکانیان دەخستە ڕوو، گرنگییان بە ناسنامەی ئاخێوەرانی نەدەدا، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیان لۆڕی، هەورامی، گۆرانی و زازاکییان لە کوردی دابڕی، وەک زمان ناویان دەبردن، بە بیانووی ئەوەی کە ئەم زارانە ڕیشەیان لەگەڵ زارە کوردییەکانی دی جیاوازە.

🔴 ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپی هەر بە شێواندنی ناسنامەی ئەو چەند زارە کوردییە نەوێستاون، ئێستاش لە توێژینەوەکانیان لەسەر کورمانجی و سۆرانی، کە هەردوو زار ڕیشەیان یەکە و تەنیا چەند جیاوازییەکی زاراوەیییان هەیە، کە ئەمانەش بۆی هەیە لەنێوان هەموو زارەکانی زمانێکدا هەبێت، وەک دوو زمان ناویان دەبەن نەک دوو زاری زمانێک، چونکە پێیان وایە ئەم دوو زارە ئەوەندە لە یەک جیاوازن نابێ دوو زار بن، بەڵکو دوو زمانن!

🔴 دواتر هەر ئەم بانگەشە نازانستییانەی ڕۆژهەڵاتناسی، هاتە ناو نووسینی نووسەرانی کورد، و لە هەمان کاتدا بوون بە بەشێک لە ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستانیش. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان پۆلێک پەیدا بوون کە داوای نەتەوەیەکی سەربەخۆیان بۆ زازا دەکرد و حکومەتی تورکیاش پشتی دەگرتن!

🔴 لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش دەسەڵاتدارانی ئێران لۆڕەکانیان لە کورد دابڕی، ئێستاش هەوڵ دەدەن لەکەکانیش لە کورد دابڕن، بۆ ئەم مەبەستە ویژدان و قەڵەمی چەند نووسەرێکی لەکییان کڕیوە و لە نووسینەکانیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەک کورد نین و نەتەوەیەکی سەربەخۆن و لەکیش زارێکی کوردی نییە، بەڵکو زمانێکی سەربەخۆیە. هەر لەسەر هەمان ئاواز چەند نووسەرێکی هەورامیش پەیدا بوون بانگەشەی زمان و نەتەوەی سەربەخۆ بۆ هەورامی دەکەن، هەندێک شەبەکی شیعەش لەسەر هەمان ئاواز دەخوێنن، وەک دیارە ئەم بانگەشانە ئاوکردنە بە ئاشی دوژمنانی کورد، کە دەیانهەوێت سیاسەتی (فرق تسد: پەرتیان بکە و بە سەریاندا زاڵ بە.) لەگەڵ کورد جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی ڕۆژێک زووتر یەکیەتیی نەتەوەیی و یەکیەتیی زمانی کوردی کۆتایی پێ بێنن. 
   
🔴 من دڵنیام بەشێکی زۆر لەو کوردانە کاتێک دەستەواژەی"زمانە کوردییەکان و گەلانی کورد" بەکار دێنن، بە نائاگایییەوە ئەم دەهۆڵە بۆ دوژمنان دەکوتن، و نازانن ئەم دەستەواژانە لە داهێنانی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەورووپی و داگیرکەرانی کوردستانە، ئێستاش هەر بەشێکە لە ئەجێندای دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی کورد بە یەکگرتوویی نەمێنێتەوە و دابەش بێت، چونکە هەتا یەكیەتیی نەتەوەییی کورد و یەکیەتیی زمانی کوردی بمێنێت، ئەوان هەست بە مەترسی دەکەن.

🔴 زارە کوردییەکان ئەمانەن: کوردیی باکوور کە بە (کورمانجی) ناسراوە، کوردیی ناوەندی کە بەهەڵە بە (سۆرانی) ناسراوە، کوردیی خواروو کە بەهەڵە بە (کەڵهوڕی) ناسراوە، لەگەڵ زاری کوردیی گۆران (هەورامی) – زازا. ئەمانە چوار زاری سەرەکیی کوردیین، ئەمانە کە بە زارە کوردییەکان دانراون کە لە داهێنانی ناسیۆنالیزمی کوردی نین، ئەوە شەرەفخانی بدلیسی لە سەدەی شازدهەم دەڵێت، کورد چوار بەشە: کورمانج، لۆڕ، کەڵهوڕ، گۆران. بۆیە ئەمانە لە مێژوودا و ئێستاش هەرچەند زارێکی زمانی کوردین، هەر بە زاری کوردیش دەمێننەوە و ئاخێوەرانیشی هەر بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی کوردن. هەتا هەستی هاوبەشیی نەتەوەیی و هاوخەمی و هاودەردیی نەتەوەیی لەنێوان ئاخێوەرانیاندا هەبێت، ئەم زارانە هەرچەند گەشە بکەن و پێیان بنووسرێت و بەستاندارد بکرێن، هەر زاری کوردین، هەتا کورد خۆی بڵێت ئەمانە زاری کوردین، ئەمانە هەر بە بەشێک لە زمانی کوردی دەمێننەوە. کورد خۆی خاوەنی ئەم زارانەیە نەک ڕۆژهەڵاتناسان و دوژمنان.

🔴 پێوستە کورد بە هۆشیارییەوە ناوی زارەکانی زمانی کوردی بێنێت، چونکە هەر زارێک بە زمان ناوت برد، واتە ئەم شێوەزارە بوونێکی سەربەخۆی هەیە و لقی زمانێک نییە و ئاخێوەرانیشی سەر بە نەتەوەیەکی سەربەخۆن، بۆیە گرنگە ئێمە دەست بە یەکیەتیی ناسنامەی کوردبوونی زارەکانەوە بگرین. ئەگەر بەم هەناسە و بەو باوەڕەوە قسە لەسەر زارەکان نەکەین و ناوی زارەکان بە زمان بێنین، ئەوە بە دەستی خۆمان چاڵ هەڵدەکەنین بۆ یەکیەتیی نەتەوەی کورد و یەکیەتیی زمانی کوردی.

نووسینی: سووداد ڕەسووڵ

📌 هەڵەچنی و ئامادەکردنی: وشەی کوردی




👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵چۆن ڕەسەنایەتی لێمان بوو بە عار؟

دەسەڵاتی پارتی فاشیست لە ئیتالیا و پارتی نازی لە ئاڵمان تەواوی هەوڵیان یەکلاکردنەوەی کومەڵگا بوو بە قازانجی یەک بیر  ویەک ڕەگەز. بە لەناوبردنی فرەدەنگی و بنەماکانی دیموکراتیک و پاشان پاکتاوکردنی خەڵکانی تر. ئێران و تورکیاش چاویان بڕییە ئەو دوو پارتە. لە ئێران ڕێکخراوەیێک دامەزرا بە ناوی"سازمان پرورش افکار" بە سەرۆکایەتیی "احمد متین دفتری" وەزیری دادپەروەری. کە چەندین ئامانجیان لە سەرانسەری ئێران دەپێکا. یەک لەوانە ڕاستەوڕاست و بێ شەرم و شاردنەوە، تیا بردنی زمان و جل و بەرگ و کەلتووری کوردی بوو، بەدەیان شێوە کە تا تیاچوونی  ڕەزاشا، بەپێی یاسا بەردەوام شەڕیان بە کورد فرۆشت. پاشانیش تەنیا ڕواڵەتی گۆڕا، ئەگینا لە ڕەوت نەکەوت. بەردی بناغەی ئەو بیرە پێشتر لە شاری بێرلینی ئاڵمان لە ڕێگای گۆڤاری "کاوە" و گۆڤاری "ایرانشهر" لە لایەن "تقیزادە" ،"عباس اقبال"،"نفیسی"و "فروغی" و دیکەی هاوڕیانیان لە ساڵی ۱۲۹۵ دانرابوو. لە پارلەمانی ڕەزاخانیش لە ۱۳۰۷ یاسایان بۆ دەرکردبوو. لەو سەردەما هەرکەس بە جلی کوردیەوە دەچووە تاران شاربەدەریان ئەکرد. لەزۆربەی دێهاتی کوردەواری دەستێک کۆت و شەڵوار هەبوو، هەرکە دەچووە شار لەبەری دەکرد. لە شارە کوردییەکان کەسانێکیان هان ئەدا هەرکەس بە جلی کوردییەوە دەچووە ناو شار، خێرا مێزەر و جامانەیان لێ ئەرفاند. کتێب و دواتریش ڕینووسی کوردی قاچاغ بوو. پێشتر لە کوردستان شار جێگەی بیری پێشرەو بوو، دێهات شوێنی پاراستنی ڕەسەنایەتی. ئەوەیان لە هەردوولا تێکدا. (هەر ئەوەش بووە هۆی دژایەتیی نێوان شار ودێ کە هێشتا نەبڕاوەتەوە، کە ئەگەر بڵێم لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان چییان بە سەر یەکدا هێنا و چییان لێ کەوتەوە، خۆی کتێبی تایبەتی ئەوێ، کە هەردوولا بەش‌بەحاڵیان تاوانبارن).
هەرچەندە لە کوردەواری کەسانێک دژ بەو یاسا ڕاپەڕین، وەکوو شۆڕشەکەی مەلا خەلیلی گۆڕەمەری، بەڵام بە شێوازی دڕندانە هەمویان سەرکوت کرد.
لە تورکیا منداڵانی بەستەزمانی کوردیان بە ناوی خوێندنی زۆرەملی دەبردە ناوەندەکانی پەروەردە. پاش چەند مانگ ئەو منداڵانە کە دەهاتنەوە بۆ سەردانی بنەماڵە، لەو ماوە دا ئەوەندە زەلیل کرابوون، لە کوردی قسەکردنی دایک و باوکیان تووڕە ئەبوون، کە ئەو زمانە سووکە و بێ‌بایەخ و بۆ قسەکردن ناشێت! لە ئێرانیش سیستەمی پەروەردە بێ ڕێزی بە زمان و کەلتووری کوردی ئەکرد. ئەرتەش، ڕادیو، ڕۆژنامە، دایرەکان، فێرگەکان و..و..و.. لە خزمەتی فاشیزمدا، کوردیان گەمارۆ دابوو.

پاش ئەوەی کە چەندین بەرەی کوردیان بەکەیفی خۆیان ڕاهێنا، ئەمجار وردە وردە کێڵگەیان هاتە بەرهەم:
مێشکمان ئەنفال کرا، بوومەلەرزە دای لە زمانمان،هەستمان دەردەدار و ڕۆحمان ئاوارە بو.
کوردی دیاربەکری پاش چەن ساڵ نیشتە جێ بوون لە ئاڵمان هێشتا لەماڵەوە لەگەڵ منداڵەکەی بە زمانی تورکی قسە ئەکا. خوێندەواری ئێمە کاتێ ئەیەوێ باس و بابەتێک بسەلمێنێ، بە دوای شێعرێکی فارسی دا دەگەڕێ. زۆر جار دیومە ژن یان پیاوێکی کورد ویستویە قسەیێک بکا، تۆزێک ڕاماوە لە بەرئەوەی وشە کوردییە ڕەسەنەکە نەیێتە سەر زاری هەتا بەرانبەرەفارسییەکەی بدۆزێتەوە. زۆر جار دیومە نەخوێندەواری کورد وشەیێکی دروستی بە کار هێناوە ،بەڵام چۆن هاوشێوەی فارسییەکە ئەدای نەکردووە، بۆتە هۆی گاڵتەی خوێندەواری کوردی، کوردینەزان.
لە باسی ڕوناک بیرمان؛ فرانتس فانون فەرموی: گەلانی لێقەوماو وائەزانن ڕووناکبیریان هەیە، کەچی ئەوانە تەنیا وەرگێڕن، وەرگێڕی فەرمایشتی گەلی سەردەست بە زمانی خۆی.ڕووناکبیری کورد نەک هەر هەمو بەڵام زۆریان هەر بەڕاست بوون بە وەرگێڕی قسەی ناحەقی زاڵمان.
ئەوەندە پێناسە کوردییەکان زەلیل و مل کز کراون، کوردەکە لە ڕەسەنایەتیی خۆی، خۆ ئەبوێرێ.  بۆیە هەتا دێ، وشە کوردییەکان لە سەر زارمان دوور ئەبنەوە. ."مامان" لە دایکمان دڵسۆزترە،"خالە" لە پورمان ماقوڵترە، شێعری بێگانە لە لامان پڕسۆز ترە، دەنگی گۆرانیبێژی بێگانە بە ڕوحمان ئاشناترە. ئەگەر سەیری ئێستای خۆمان بکەین بەئاشکرا ئەبینین ئێمە کوردین بەڵام ئەو کوردەین کە "احمد متین دفتری" پێی خۆش بوو، نەک ئەوەی کە قانێع و هەژار و هێمن بەئاوات بوون، بۆی.

:عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۱/۱۲/۱۱

http://T.me/Mizankurd

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵عەرەبی و فارسی وێژانی سەردەمی نوێی کورد

پرسیارێکی گرینگ لە تەمەنی  مێرمنداڵیمەوە تا نووسینی پایاننامەی ماستێرم لە ژێر ناوی « عربی سرایان معاصر کورد»...  و تا ئەمڕۆکەیش ھەر لەگەڵمدا بووە ودەیان ھۆکارم بۆ ھێناوەتەوە...
پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئێمە عەرەبی وێژ و عەرەبی نووس و فارسی وێژ و فارسی نووسی کوردمان تا بڵێیی زۆر بووە؟ بەڵام بە پێچەوانەوە یەک کوردی وێژ و کوردی نووسی فارس یان یەک کوردی وێژ و کوردی نووسی عەرەبمان نەبووە؟ و لە عەینی سەیروسەمەریدا ھیچکام لەو کوردە عەربی وێژ و عەربی نووس یان فارسی و تورکینووسانە بیریان لەمە نەکردەتەوە کە بۆچی ئەو نەتەوانە ھیچیان نایەن بە زمانی کوردی بنووسن بەڵام ئەمان بوونەتە کۆیلەی فیکری ئەوان و «کەواسووری بەرقافڵەیان» لێ دەرچووە و خۆیان دەکووژن بۆ زمانی ئەوان...
دیارە وەڵامی ئەوە تا ئاستێک ڕوونە کە دەکرێت ناوی دۆخی ژێردەستی لێ بنێین کە مرۆڤی ژێردەستە ھەمیشە تابیع و شوێنکەوتووی سەردەستەکەی بووە. بەڵام پرسیارێکی جیدیتر ئەوەیە ئایا ئەو کوردانەی بە عەرەبی و فارسی دەیان نووسی بیریان لەوە نەکردەتۆ خۆیشیان زمانیان ھەیە و دەبێت بە زمانی خۆیشیان بەرھەم بێنێن؟ لە چ ئەپیستیمە و نەزمی زانستێکدا ڕۆ چبوون کە نووسین و شێعروتن بە زمانی کوردی ببوو بە ”بابەتێکی بیرھەڵنەگر: امر اندیشەناپذير“بۆیان و قەت بیریان لێنەدەکردۆتەوە“.
دەیان پرسیاری دیکەی ھاوپێوەند بەم باسەوە... ئەو مێشکە چی تێدا دەگوزەرێت وا ناتوانێت لە خۆی و لە زمانی و لە دۆخەکەی خۆی بیر بکاتەوە؟! توێکارناسی ئەو مێشکە دەبێت کاری لەسەر بکرێت و بەپرۆسەی ئیستعمارسڕینەوە لە زەین( decolonizing of the subject) تێپەڕێت.

حیسام(هیوا)خاکپوور

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ گوتاری ئێرانشارییه‌کاندا

“به‌ بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌”

یه‌کێک له‌و خاڵه‌ گرینگانه‌ی ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی شینگێڕی و لاواندنه‌وه‌وه‌ ده‌بێت به‌ نیسبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، پێگه‌ و پێناسه‌ و ده‌لاله‌تێکه‌ که‌ له‌ لایه‌ن داگیرکه‌ران یان باشتر وایه‌ بڵێم چه‌وسێنه‌ران و کۆلۆنیالیسته‌کانی کوردستانه‌وه‌ ده‌درێت به‌ کاره‌ساته‌ نه‌ته‌وه‌یی و کۆییه‌کانی ئێمه‌ی کورد. خودی هه‌ڵوێست و پێناسه‌کردنی ئه‌وان له‌سه‌ر بابه‌تێکی ئاوه‌ها له‌ ژێر ناوی کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژی و پاکتاوکردن و…هتد. پێناسه‌ بکرێت له‌ یه‌ک ئاندا ده‌رخه‌ری دوو لایه‌نه‌ له‌ تێڕوانینی ئه‌واندا. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وان هه‌رگیز هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌کوو کاره‌سات چاو لێ ناکه‌ن و نه‌یانکردووه،‌ به‌ڵکوو وه‌کوو ڕووداوێکی ئاسایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی خۆیان بینیویانه‌ و واش پێناسه‌یان کردووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ نه‌ک به‌و مانایه‌ی که‌ ئه‌وان نه‌زانن و باوه‌ڕیان به‌مه‌ نه‌بێت که‌ ئه‌و شته‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا ڕووی دا کاره‌سات بووه‌، به‌ڵکوو تێڕوانینی ئه‌منی و ئاسایشی نیشتیمانیان ئه‌و پێناسه‌ و ده‌لاله‌تانه‌ دیاری ده‌کات، واته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سۆز و عاتیفه‌ی ئینسانییه‌وه‌ چاو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ن، ئێرانییه‌کان هیچ کات تا ئێسته‌ش نه‌یانوتووه‌ که‌ سه‌دام کوردی وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان ته‌نانه‌ت ئیتنیکێکی جیاواز کۆمه‌ڵکوژ کردووه‌، به‌ڵکوو وتوویانه‌ و ده‌یڵێنه‌وه‌ که‌ سه‌دام خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کۆمه‌ڵکوژ کرد، و ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌ میدیایی و مێژوویی و بیره‌وه‌رییه‌کانی جه‌نگ و گوتار و شیکاریی ڕۆشنبیرانی به‌ڕواڵه‌ت دیموکرات و سه‌ربه‌خۆشیاندا ده‌بینرێت.

ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌بێت له‌ وه‌همی ئه‌وه‌ ده‌رمان بهێنێت که‌ چه‌وسێنه‌رانی کورد هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌کوو قه‌واره‌یه‌کی کوردستانی و کوردیی چاو لێ ناکه‌ن، و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ وشیارمان بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌وان له‌ ناو کایه‌ی یاسایه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ده‌لاله‌ته‌ ماناییه‌کانی گوتاری خۆیان به‌رهه‌م ده‌هێنن که‌ له‌ هه‌ر جۆره‌ سۆزێکی مرۆیی و ده‌ره‌وه‌ستییه‌کی ئه‌خلاقی و ئینسانی به‌تاڵه‌، ئه‌گه‌ریش کۆمه‌ڵێک دیمه‌ن و بیره‌وه‌ریمان له‌ یارمه‌تیدانی ئێرانییه‌کان له‌ کاتی کیمیابارانکردن و ڕه‌ودا هه‌یه‌ یه‌ک هۆکاری سه‌ره‌کیی هه‌بووه‌ ئه‌ویش به‌بره‌ندکردنی کاره‌سات و پیشاندانی ڕۆڵی فریاگوزارانه‌ی نومایشیی خۆی له‌ ئاستی میدیاکانی جیهاندا. له‌ لایه‌نی دووهه‌مدا ئه‌م جۆره‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی مانا و دیاریکردنی ده‌لاله‌ت بناغه‌ و جه‌وهه‌ری گوتاری دژه‌ ئه‌ویدییه‌ ئێرانشارییه‌کانمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن. گوتارێک که‌ نه‌ک ته‌نها ئه‌فغانستان و تاجیکستان و کوردستان و به‌شێک له‌ ڕووسیا به‌ڵکوو به‌حره‌ینیش به‌ هی خۆی ده‌زانێت و پێی وایه‌ سه‌رده‌مێک له‌ ژێر کۆنترۆڵی و ده‌سه‌ڵاتی پڕ لێبووردنی ئه‌وادا بوون و ئێسته‌ له‌ نیشتمان دابڕاون، واته‌ به‌ نۆستالۆژیایه‌ک ده‌ژی که‌ هه‌ر ده‌م تووشی هیستریا و ماخۆلیایه‌کی ده‌کات، که‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوچه‌یی له‌ کاته‌ هه‌ستیاره‌کاندا لێ بکه‌وێته‌وه‌ پووچه‌ڵ ناکاته‌وه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ گه‌ڵ باسکردنی نۆستالۆژیا بۆ ده‌سه‌ڵات ئێمه‌ ناوی تورکیا و خه‌ونبینینی به‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیمان به‌ بیر دێته‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێران و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی که‌ تا ئێسته‌ هاتوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر کار و بۆ ئێراق و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی و بۆ تورکیا و سووریاش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ ڕاست ده‌گه‌ڕێت. که‌واته‌ هه‌ڵوێستی مه‌عریفی و سیسته‌می و گوتاری به‌رهه‌مهێنانی مانایی و دیاریکردنی ده‌لاله‌ت ئه‌م دوو لایه‌نه‌ واته‌ پێناسه‌یان بۆ ئێمه‌(ئه‌ویدی) هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رده‌خه‌ن و هه‌روه‌ها پێناسه‌شیان بۆ خۆیان(خود) وه‌دیار ده‌خه‌ن. لێره‌دا ئه‌وه‌ی که‌ گرینگه‌ وردبوونه‌وه‌ و دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگه‌ی میدیا و کایه‌کانێتی. یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی که‌ ساڵانی پێشوو به‌ حه‌ق هه‌ندێ له‌و کوردانه‌ی وا به‌شدارییان له‌ کۆڕی ماته‌مینی و ڕێوڕه‌سمی یادکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌کرد ئه‌مه‌ بوو که‌ ساڵانه‌ به‌ شێوه‌ی ڕه‌مزی تاجه‌گوڵینه‌ بۆ سه‌ر گڵگۆی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌برێت به‌ڵام بۆچی ئه‌م تاجه‌ گوڵینه‌یه‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن کوردانه‌وه‌ واته‌ کوردانی ڕؤژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌نێردرێت؟. خود ئه‌م پرسیاره‌ که‌ پانزه‌ ساڵ پێش ئێسته‌ کراوه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و دووفاقێتی و کایه‌یه‌ که‌ له‌ ناو زاکیره‌ و ده‌روون و خه‌یالدانی ئێرانییه‌کان واته‌ فارسه‌کان و فارسته‌وه‌ره‌کاندا هه‌یه‌.

درێژەی بابەت👇

👇👇👇👇👇
http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mi
به‌ڵام ئایا وه‌ڵامێک بیستراوه‌ تاکوو ئیسته‌؟ بێگومان نه‌خێر. هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا و له‌ لای نووسه‌ران و شاعیران و ئه‌دیبانی به‌ناو سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌ پله‌ی توخمێکی ئه‌ده‌بی و ڕه‌مزێکی کاره‌ساتاویی بۆ شیعر و پله‌ن و دیمه‌نێک بۆ فیلمێکی سینه‌مایی مه‌به‌ستدار ده‌رکه‌وتووه‌. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌ که‌ چون کوردن وا پشتگوێی ده‌خه‌ن و یان ده‌لاله‌تێکی تایبه‌ت و ئامانجداری بۆ گوتاری خۆیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵکوو هه‌ر وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا بۆ هه‌ر ئه‌ویدییه‌ک که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی فارسیزم و زمان و ئاڵای فارسدا بێت هه‌مان شته‌ واته‌ دژه‌ئه‌ویدیبوون و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌ویدی. ئه‌م تێڕوانینه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و باشووری کوردستان له‌ هه‌موو ئه‌و فیلمانه‌ به‌ بێ جیاوازی و هه‌ڵاواردن ده‌رکه‌وتووه‌ له‌وانه‌ فیلمه‌کانی کانی مانگا، هێرش بۆ سه‌ر ئێچ سێ، گوڵه‌کان و گولله‌کان، ئه‌ویندار، بووکی هه‌ڵه‌بجه‌، حیکایه‌تی خۆشه‌ویستی و…هتد.
شتێک که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م بابه‌ته‌وه‌ و زۆرێک له‌ دۆستان و برا و خوشکانمان له‌ باشووره‌وه‌ لێیانه‌وه‌ دیار نییه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌وان به‌ پله‌ی یه‌که‌م شارێکی ئێراقییه‌ و ئه‌وکاتیش که‌ پێش شانزه‌ی سێ هاتنه‌ ناوی ته‌نها بۆ خۆشه‌ویستی که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ڕێگایه‌ک که‌ ده‌شیت له‌وێوه‌ بڕواته‌وه‌ خاکی پیرۆزی شیعه‌کان هاتوون نه‌ک ئینساندۆستی یان شتێ له‌و بابه‌ته‌ ئه‌وانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌جری (ده)‌ و هاتنی سوپای پاسدارانیان بۆ ئه‌وێ به‌ بیر بێت، ده‌زانن که‌ سوپا له‌وه‌ێ چۆن جووڵاوه‌ته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ مه‌ عریفه‌یه‌ک که‌ مامۆستا “شێرکۆ بێکه‌س” پێش له‌ یه‌ک ده‌یه‌ زیاتر له‌ ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا به‌رهه‌می هێنابێت هێشتا زۆر قووڵتر و پڕتر و ژیرانه‌تر بێت له‌و هه‌موو شیکارییه‌ بێناوه‌ڕۆک و ڕێوڕه‌سمه‌ نه‌زۆکانه‌ی که‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و یادکردنه‌وه‌کانیدا به‌رهه‌م دێت. مامۆستا بێکه‌س له‌ “ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌”دا ده‌ڵێت:

له‌ تاقه‌ ڕاسته‌ شه‌قامی ئه‌م له‌شه‌ سارد و سڕه‌دا
چاوی زه‌قم بڕی بۆ پاسدارێکی ڕیش نوورانی
به‌سه‌ر منی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ئه‌گریا و که‌چی    خێرا خێراش ده‌ستی ئه‌کرد به‌ گیرفانه‌کانیدا و له‌ ده‌نکه‌ مێوژی گلێنه‌کانی سنه‌ و سابڵاخی ئه‌خوارد
ئه‌مه‌ بوو حیکایه‌تی شانزه‌ی مارس
ئه‌مه‌ بوو هاواری خنکاوی ئه‌م سینگه‌م…

له‌ ڕاستیدا ئه‌م تێڕوانینه‌ ئاوێنه‌ی باڵانوێنی نه‌ک هێزی سوپا و پاسدارانی به‌ڕواله‌ت ریش نوورانییه،‌ به‌ڵکوو پیشانده‌ری سه‌دان ساڵ ره‌فتاری ئێرانییه‌کان له‌گه‌ڵ کورد و هه‌ر غه‌یری فارسێک بووه‌!.

ئاراز ڕۆژهەڵاتی

👇👇👇👇👇👇
http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔵ئەم وڵاتە جەستەیێکە پڕ لە زام.

هەموومان بیستوومانە ئەگەر منداڵێکی تەمەن ژێر دوو ساڵ، پێنج ژەم لە شیری ژنێکی خواردبێ، ئەو منداڵە حوکمی ڕۆڵەی ئەو ژنەی هەیە،جگە لە باسی میرات نەبێ.
جا ئێمە تەواوی تەمەنمان لە ئاوی کانیاوەکانی کوردستانمان خواردووە، بە نانی ئەو گەلە ڕاهاتوین، لە سەر ئەم خاکە ژیاوین، داوای بەشەمیراتیشمان کردووە، کەچی خۆمان بە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە نازانین!!
حوکم و بڕیاری ئێمە ئەبێ چی بێ، کە لە باتی ئەوەی ئەو نیشتمانە وەکوو دایکێکی دڵسۆز لە ئامێزی بگرین، کەچی وەکوو دیوارێکی هەرەس هێناو بۆی دەڕوانین و لێی دوورە پەرێزین؟ لە زمانەکەی، لە مێژووەکەی،لە داهاتوو چارەنووسی، لە کەلتور و هونەرەکەی، لە جل وبەرگی و لە گەورە پیاوانی و... ئەوەندە دوورە پەرێز کە باوەشمان کردووە بە کەلتور و زمان و هونەری گەلانی تردا و کوردستانی خەمبار و بێناز ، لای ڕۆڵەکانی خۆی غەریب ماوەتەوە. ئەم دەردە گرانە هۆکاری زۆرە، با بە کورتی باس لە چەن خاڵێکی گرینگ بکەین:
۱) دەروونی ئێمە کەلەوڕێژە لە شتی بێگانە،وەکوو مێمۆریێک کە پڕەو جێی نەماوە بۆ بابەتی تر. ئێمەش دەروونمان وەها لە بیری بێگانە ئاخنیوە کە خۆشەویستی بابەتە نیشتمانییەکانی تێدا خنکاوە. زۆر بیری ناڕەسەن هاتۆتە نێو خەڵک کە هیچ داکۆکیێک لەسەر بایەخەکانمان، داب و نەریتمان، پێناسەکانمان ناکەن. وەکوو ئەوەی کورد هەر نەبووبێ وایە. کابرا تەنیا بە وتن کوردە، دەنا نە تەنیا بە کوردی بیر ناکاتەوە، هەر بیر لە کورد ناکاتەوە. ڕەنگە دژایەتیشی بکات.
۲) کورد؛ بیری قازانجی تاکەکەسی پشتی شکاندووە. هەر ئەو بیرەیە کە هەموو شتێکی ئەم وڵاتەی بۆ هەراجە بازاڕ بردووە. ڕەنگە ئەو کەسانە خوێندەوار و تێگەیشتووشیان تێدا بێ و بزانن چ باسە، بەڵام بە وتەی شاعری عەرەب "چۆن پارە بەهەموو شتێ دەزانن بۆ پارەش هەموو کارێک دەکەن". دەزانن دڵسۆزی بۆ زمان و نیشتمان نانی لێ پەیدا نابێ، بۆیە خۆیان تووشی سەرئێشە ناکەن و خەونی شەوانیان، بە خەمی وڵات لێ بزر نابێ. لە هەر بوارێکا بێ، ئەوان ئیش بۆ قازانج دەکەن ،جا با کورد هەر بە خەسارا بچێ.
۳)بە نووسراوە یان بە فیلم، لە چیرۆکی "جلە تازەکانی پادشا" لە نووسینی "هانس کریستیەن ئەندرسن" بلیمەتی دانمارکی ئاگادارن، کە دوو پیاوی دەسبڕ لە بەرانبەر  پارەیێکی زۆر بەڵێنیان دابوو ،جلێکی تایبەت بۆ پادشا بدوورێنن کە تەنیا حەڵاڵزادەکان توانای بینینی ئەو جلەیان هەبێ. بەو فێڵە پادشا بە ڕووت و قووتی بە ناو شاردا دەگەڕێنن هەتا خەڵک سەیری جلی تازەی شا بکەن. کەسیش لە بەر ئابرووی خۆی ناوێرێ بڵێ شا ڕووتە. لیرەش زۆرینەی؛ بەخێر خوێندەوار و ڕووناکبیرمان لەبەر ئەوەی نەڵێن دواکەوتووە و لە ئەدەب و کەلتوور و هونەری پێشکەوتوو بێخەبەرە؛ لە کەلتوور و زمانی خۆی ڕووتیان کردۆتەوە، هیچیشیان پێ نەداوە، ناشوێرێ بڵێ: ئەرێ کوا جلەکانم؟
۴)سیستمی پەروەردە، مێدیاکان و.... ساڵەهای ساڵە وەها زەوق و هەستی جوانیناسی لێی تێک داوین، ئەوەی ناوی زەوقی کوردی بێ، کوێر بۆتەوە. جوانییەکانی وڵاتمان لە شێعر و هونەر بگرە تا جل و بەرگ، لێمان غەریبە. دەبینین کەسێک، پیاوچاکی خێر خوازیشە،بە شێعر و گۆرانی فارسی و عەرەبی تووشی جەزبە و خەلسە ئەبێ. بەڵام هێچ هەستێکی بەرانبەر بە شێعر و گۆرانی کوردی نییە. خۆ دیارە ئەوە زەوقی ژاراوی کراوە. جوانیناسی نەتەوەیی لە دەروونیدا کاول کراوە.ئەگینا جیاوازی شێعری حەزرەتی حافز و حەزرەتی وەفایی چییە؟ جیاوازی شمشاڵی نەمر قاڵە مەڕە لە گەڵ سازی فڵان ژەنیاری عەرەب و فارس چییە؟ خۆ ئەم بەڕێزانە لە خۆمانەوە نزیکترن، کەچی ئێمە بە لاقی خۆمان و بە مێشکی بێگانە هەر لێیان دوور ئەبینەوە، هەم بە زانست، کە بە زمانی خۆمان نەزانین، هەم بە زەوق کە تێکچووە. هەر ئەم خاڵە بە تەنیایی پیشاندەری بیرێکی بریندار و کارەساتێکی سامناکە لە دەروونی هاڕیاومانا.

ئەگەر ئەبینین ئەم نیشتمانە، بەو زمان و کەلتوور و هونەرە لێقەوماوە، بەو هەموو چەرمەسەریە و ژێر چەپۆکەییە، بەو هەموو تاڵان و بڕۆ بڕۆیە، هەتا ئێستا هاتووە و دەری بردوە و هێشتا زیندووە، تەنیا بە هۆی غیرەت ولەخۆ بردوویی گەورە پیاوانێک بووە کە بۆ زیندوو مانەوەی کورد وەکوو  هەڵۆی بەرزەفڕی شێعری هەژار، باوەشیان بە مەرگی خۆیاندا کردووە و پشت لە خۆشی و ڕوو لە مەینەت، تەواوی ساتەکانی ژیانیان لە پێناو پاراستنی پێناسە کوردییەکان لە زمان و ئەدەب و کەلتوور و هونەری کوردیدا بەخت کردووە. دەبا ئێمەش لانیکەم پارێزەری ئاواتەکانیان و ئاسەواری بە نرخیان بین و خۆمان بە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە بزانین.


عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۱/۱۴

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🟢 روانگەی کۆمەڵگای ئێمە بۆ ناودارانی کورد

نەتەوەی عەرەب شاعێرێکی بە توانایان هەبووە بە نێوی "ابونواس". ساڵەهایە نێوی ئەو شاعێرە لە سەر فێرگە، شەقام و ... دانراوە و بە ڕێزەوە ناوی دێنن و بەو هەموو پێشکەوتنەوە، لە پاش ۱۲۰۰ ساڵ هێشتا "ابونواس" بە یەکێک لە کۆڵەکە ئەستوورەکانی وێژەی عەرەبی دادەنێن. جا ناوەڕۆکی شیعریی ئەبوونەواس دوو بابەت لەخۆ دەگرێ (بە داوای لێبووردن لەخوێنەری بەڕێز): "مذکرات" و "خمریات"!!! ئەی ئەو هەموو ڕێز و حورمەتەیان لە بەر چییە؟ ئەبوونەواس زۆر شارەزای ئەدەبی پێش ئیسلامەتی بووە، ماوەیێک لە نێو عەشیرەتە عەرەبییەکان لە ناخی بیاباندا ژیاوە،  کۆنترین و ڕەسەنترین وشەکان لە بەساڵاچووانی خێڵە عەرەبییەکان فێر بووە و کۆیانی کردۆتەوە. زانایانی عەرەب لەم ڕوانگەوە بۆ ئاسەواری ئەو ئەڕوانن و بە بەشێک لە شوناس و مێژووی ئەدەبی عەرەبی دادەنێن.

بەڵام ئێمەی کورد هێشتا ناوێرین باسی کەسایەتیێکی مەزن وەکوو شێخ ڕەزای تاڵەبانی بکەین.  نەمر عەلائەدینی سەجادی لە بەر نووسینی کتێبی بەنرخی "ڕشتەی مرواری" زۆر قسەی نەشیاوی بیست و  زۆر ئەدیب و نووسەری تریشمان هەر بەو دەردەوە چوون.

لە بازنەی مووسیقا و گۆرانیشدا ئەم قوڕە ئێجگار خەستر و خەسارەکەشی گەلێک گرانترە. کورد لەبەر بێ دەسەڵاتی؛  ئەفسانە، مێژوو، ئەدەبیات و... هەر بە شێوازی گۆرانی تۆمار کردوە. ئێمە ئەوانەشی پێوە دەفەوتێنین. ئێستا زۆربەی خوێندەوارانمان ئاگایی و زانیارییان لە چیرۆک و گۆرانی و داب و نەریت و زۆر شتی دیکەی خۆماڵی نییە. جارێک لە ژەنیارێکی کوردیان پرسی، بۆچی میلۆدییە کوردییەکان پێشکەش بە بێگانە ئەکەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە کوردی بوونیان بکەن؟ فەرمووی:  بەس نیه ئەوان شێعری ماقووڵانەی لەسەردادەنێن!! کابرا خۆشی دەزانێ کە ماڵی دزییەتی و ماقووڵی یەکناگرنەوە، بەڵام ئەوەش باش دەزانێ کە ئەو جۆرە لێدوانە لە نێو کوردا کڕیاری هەیە بۆیە دەتوانێ بەو پەڕۆیە گەندەڵی وا پینە بکات. کوردی خۆبەکەمزانیش؛ بێ خەبەر لە مانای وشە و نەریت و هۆکار و چیرۆکی پشتی گۆرانییەکە، ئەڵێ: کاری چاکت کردووە.

چەن جار لۆمە و بێڕێزی بە شاعێریکی دڵسۆزی کوردم بیستبوو کە لە ڕۆژنامەی کوردستانی ساڵی ۱۳۳۹ی هەتاویدا  مەدحی حەمە ڕەزاشای کردوە. دەقی شێعرەکەم دەس نەکەوت. لە هاوڕێیانی ڕۆژنامەش تەنیا یەکێکیان لە ژیاندا مابوو، چوومە خزمەتی فەرمووی: مەدح و پیاهەڵدان نەبوو.

تەنیا دەستخۆشی لە شا کردبوو کە ئیزنی دابوو کوردیش رادیۆ و رۆژنامەی بە زمانی خۆی هەبێ و مافی خۆیەتی کە ئاوڕی زۆرتر لە کەلتوور و زمانی بدرێتەوە.  بۆ خۆی هیچی لە شا داوا نەکردبوو. ئەوەشی تەنیا لە دڵسۆزی بۆ کوردستان کرد. کاتی مردنیش بە بێ کفن ناشتیان. بەڵام شێکسپیر ئەو هەموو شانۆنامەی تایبەت بۆ شاکان نووسی. ئێستەش خەڵکی بریتانیا ئەڵێن ئەدەبیاتی جیهان دوو بەشە: بەشی یەکەمی شێکسپیرە! بە مووسیقای خۆشیان ئەڵێن مووسیقای زانستی.

جاری وایە ئێمە بە سەد شێوە ئەیسەلمێنین  فڵانە ناوداری عەرەب، فارس یان تورک بە ڕەچەڵەک کوردە، هەرچەندە قەت ئاوڕێکیشی لە کورد  نەدابێتەوە، کەچی ناوداری، خاوەن ئاسەواری مەزنی کوردیمان هەیە تەنیا لە بەر ئەوەی سەر بە ئۆلی ئێزدی، یارسان، یان فڵانە کەمینەی ئایینیە لە خۆمانی نازانین و ناوی هەر ناهێنین.

جاری واش هەیە کەسایەتی و ئاسەواری ناودارێکی کورد بەبێ لەبەر چاو گرتنی سەردەم و هەلومەرجی زەمان و دۆخی ئەو کات، ئەدەینە بەر ڕەخنە! نازانین تەنیا بە پێوەری ئەمڕۆ بڕیار نادرێ.
جا بەڕێزان پێویستە:

۱) بۆ هیچ کەسایەتیێکی کورد یەکلایەنە نەڕوانین. ڕەنگە لە زۆر لایەنێترەوە خزمەتی کردبێ. وەکوو گۆرانی بێژان کە هەزاران وشەی ڕەسەنیان پاراستوە و زۆر کاری بە نرخی تر. نابێ حاشا لە خزمەتی کەسیان بکرێ.

۲)هەڵەی دڵسۆزانمان بە خەیانەت لەقەڵەم نەدەین. ئەم دوو باسە زۆر جیاوازن. دیارە لە دنیا کەس بێ هەڵە نەبوە.

۳)جیاوازی ئایین یان زاراوە نابێ ببێ بە هۆکاری جیاوازی ماڵی کورد. ناوداری کورد سەر بە هەر زاراوە یان مەزهەبێک بێت، خزمەتیان بە ئەدەب وهونەر جێی ڕێزە. وەها تەکمان بە فلان ئایین یان زاراوە هەڵچنیوە، خەریکن حاشا لە کورد بوونی خۆیان دەکەن.

بەشێک لە پێشینیان ئەمانەیان لەبەرچاو نەگرت و ناوداری کوردیان شاربەدەر کردو بێگانەیان لەجێی دانا و ئێستاش بەرهەمەکەی ئەم حاڵ و ڕۆژەیە کە چەندە لە ڕەسەنایەتی خۆمان دوورین. بەرەی چاوکراوەی ئێستامان ئەبێ چاو لە عاڵەم بکەن.لە تەواوی دنیا فیلم، کتێب، مووسیقاو تەنانەت یاریەکانیش هەم بە ڕێک وپێکی ئارشیڤ کراون و هەمیش بەپێی تەمەن ڕیزبەندی کراون. لە هەر شوێنێکیش کەلێنێک هەبێ بە پێی کەلتووری خۆیان هەوڵی پڕکردنەوەی ئەدەن. ئێمە زۆر پێویستمان بەم چەن کارەیە: ئارشیڤ و ڕیزبەندی و هەروەها پڕ کردنەوەی ناتەواویەکان و ڕازاندنەوەی بە خشڵی خۆماڵی.

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۲/۰۲/۱٦



http://T.me/Mizankurd

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan
🟤پەروەردە لە سەر بنەمای نەتەوەیی بوون؟

🟩ڕۆڵی دیاریکردنی مانای وشەکان

بەختیار عەلی


هەر کاتێک لە سەر ماناکان وەستاین واتە  خۆمان بە مانایەکەوە گرێداوە،ستراتیژێکی کۆنکرێتمان هەڵبژاردووە.دیاریکردن بەرەنجامی تایبەتی هەیە و دیارینەکردنیش هەر بەرەنجامی تایبەتی هەیە،دیاریکردن واتە بچوک کردنەوەی ڕووبەرەکانی یاریکردن،بەڵام دیاری نەکردن مانای گەورەکردنی ڕووبەری گەمەکان،گونجاندنی مانای وشەکان لەگەڵ سیاسەتەکاندا،کاتێک ئازادی مانایەکی دیارینەکراو و تەمومژاوی هەبوو مانای دەکرێت لەگەڵ دوژمنێکدا یەکبگرین و ناوی ئازادی لێبنێین،دۆستەکانمان سەربڕین و بڕاکانمان بفرۆشێن و ناوی سیاسەتی لێبنێین،بچینە ناو بازنەیەکی بۆشەوە و دووبارە بوونەوە و سووڕانەوەی بەتاڵ بەرەو پێشچوون و دەسکەوتنی مەزن بشوبهێنین،دەکرێت شکەستەکانمان وەک سەرکەوتن وێناکەین،سەرکردە دۆڕاوەکانمان وەک قارەمانی نەمر.هەموو ئەم فەرهەنگەش کە دەرگای کولتوری درۆکردنی لە سیاسەتی کوردیدا خستۆتە سەرپشت بەرەنجامی دیارینەکردنی ماناکانەوە،هەر کاتێکیش ماناکان دیاریکران ئەو کات خۆبەستنەوە بە جەوهەریانەوە ئەرکێکی سیاسییە،بەڵام تا زمان و مەعریفەت لاواز بێت،تا ماناکان جەوهەریان نەبێت،تا وشەکان دەلالەتی ڕاستەقینە و قووڵیان نەبێت،سیاسەت ئاسانترە،مانۆڕکردن ئاسانترە،خۆ دزینەوە لە ئەرکە ڕاستەقینەکانیش سووک و ساناترە.



http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran
🔴 خاوەنماڵێک کە خۆی بە کرێچی دەزانی!

ئەو کەسەی کە کرێچیە لە شوێنێک، هەستێکی وای بەرانبەر بەو شوێنە نیە. ئەگەر دڵسۆزیش دەکات تەنیا لە بەر ویژدانی دەروونی خۆیە. بەڵام خاوەنماڵ، لە سەرەمەرگیشدا بە وەسیەت و ڕاسپاردە، لە بنەماڵەی داواکارە بۆ ئاوەدانی ماڵ، فڵان کار بکەن. بۆ رازاندەوەی باخ، فلان کار و..و..و. لێرەدا دوو هەستی جیاواز بەرانبەر بە یەک شوێن دێتە ئاراوە. هەستی خاوەنماڵی و هەستی کرێنشینی کە هەردووکیشیان ئاسایین. بەڵام باسی ئێمە لە سەر هەستێکی غەریبە: مرۆڤی کورد بە هۆی ئاڵۆزی دەروونی کە لە ماوەی سەدان ساڵ تووشی بوە؛ ئەگەرچی خاوەنی ئەم نیشتمانەیە بەڵام هەستی لە کرێچی نزیکترە تا خاوەنماڵ. کاتێ خاوەنماڵ، خاوەنداری نەکات و خۆی بە بەرپرس نەزانێ، ئەو موڵکە چی بە سەر دێ؟ ئاوەدانی و پێشکەوتن بە کرێچی بەڕێوە ناچێ. بۆیە هەتا دێ، ئێمە هەژارتر دەبین و میراتمان لە زۆر بوارا لێ ون دەبێ.

بەشێک لەو هەستە بە زۆرەملی و بە دەیان شێوە پیان کردووین. بۆ وێنە: ڕەزاشا؛ ناوی دێهاتە کوردنشینەکان ئەگەر عەرەبی یان فارسی یان تورکی بوو ، کاری پێ نەبوو بەڵام ئەگەر ناوی کۆردیان هەبا، دەیگۆڕی. لەبەر ئەوەی کە ناۆێکی خۆماڵی هەستی خاوەنماڵی دەبزوێنێ (ناو بە گشتی دیاردەیێکی زۆر قووڵە کە ئەبێ بە جیاواز باس بکرێ). ئاتاتورک و سەدامیش بە ئاشکرا کوردیان دەکوشت و ماڵیان داگیر دەکردو..و..و..
بەڵام بەشێک لەو هەستە، کەلتووریە و باسی دابڕانی ڕۆحی کوردە لە پێناسە کوردیەکان، کە ئەبێ چارەسەر بکرێ.

نووسەری مەزنی فەرانسی "ئاناتول فرانس" کتێبەکانی هەر لە سەردەمی ژیانی خۆی بە دووسەد جار و سێسەد جار لە چاپ دەدرا. ئەمە جگە لە قەڵەمی بەرزی ئەو پیاوە، پێشاندەری خاوەنداری خەڵکی فەرانسەیە لە ئەدەبی خۆیان. ئێمە لێرا بە دوای وەرگێڕاوی کتێبەکانی بەختیار عەلی دا دەگەرین. "هانا ئارنت"ی فەیلەسووف لە ئامریکاش زۆربەی کات هەر بە زمانی دایکی خۆی(ئاڵمانی) دەینووسی و دەیگوت من ئەگەر بە ئینگلیزیش بنووسم هەر بە ئاڵمانی بیر دەکەمەوە. خوێندەواری ئێمە بە زمانی بێگانە بیر دەکاتەوە، کاتێ بە کۆردیش دەنووسێ.

لە هەموو دێهات و شاری کوردەواری زۆر حەکیمی زانای دەواو دەرمانمان هەبوو کە شارەزای دەردەکان بوون و دەرمانی کوردیان دەنواند. بە مردنی ئەوان بەشێکی زۆر لە ئەزموونی هەزاران ساڵەمان بوو بە هیچ. ئێستا زۆربەمان ناوی نەخۆشیەکانیش بە کوردی نازانین، بگرە ئەندامانی جەستەشمان. کەچی گەلانی چینی و هیندی دەرمانی خۆماڵی خۆیان جیهانی کردۆتەوە.

وڵاتانی ئیتالیا و ئازەربایجان و...چێشت و خواردەمەنی خۆیان دەکەن بە برەندی جیهانی، کەچی زۆرێک لە ژنانی ئەمڕۆ هەرنازانن چێشتی کوردی لێنێن. بریتانیا یاریەکانی نێو کۆڵانەکانی وڵاتی، هەر وەکو زمان و جل و بەرگیان بەسەر عاڵەمدا سەپاند، ئێمە سەدان یاری جوانمان هەبوو ئێستا منداڵ و لاوی کورد هیچیان ناناسێ.

مدیتەیشن و موراقێبە کە ئەوەندە لە پێش چاومان شتێکی عەجایبە، کاتی خۆی لە چلەخانەکان و تەکیە و خانەقاکان بە ڕێبازی ئایینی خۆماڵی باو بوو. لە بەر کوردی خۆبەکەمزان ناوێرین بڵین ئێمە گیاناس، ئەستێرەناس، ئاژەڵناس، تەلارساز و زۆر زانای ترمان هەبووە (سەیری ئاسەواری عبدالرقیب یوسف بکەن). دەڵێن هەڵپەرکێی کوردی بێ هاوتایە، ئەویش لە تالارەکان، ڕەقسی بێمانای بێگانە تەنگی پێ هەڵچنیوە. ئێمە ڕێ و ڕەسمی ناشتنی مردوومان تایبەت بە خۆ بوو، کەچی ئێستا بەخێر بە مردوویش واز لە لاسایی بێگانە ناهێنین و..و..و...

ئەمڕۆ ئەو هەستی کرێنشینیە ئەوەندە پتەو بووە هەرکەس بۆی دەست بدات تا ناوەڕاستی ئەوروپا ڕاناوەستێ (دیاردەی کۆچ زۆر کاریگەری خراپی درێژخاینی لە سەر کۆمەڵگا هەیە). مرۆڤی بێ نیشتمانی وامان لێ پەیدا بووە کە بە ناوی کوردو بە زەوقی بێگانە هەڵسووکەوت دەکا. ئەوانەش کە هەستی خاوەنماڵیان هەیە زۆر بێکەس دەمێنەوە. گەورە پیاوانێک وەکوو هەژار و پەشێو لە بەر ئەو هەستە ئاوارە دەبن و دڵسۆزانێک وەکوو مەلەکشا و پیرباڵیش هەر لەبەر ئەو هەستە لە نیشتمان غەریب دەمێنن. بە فەرموودەی یەکێ لە گەورەکانمان: پاراستنی نیشتمان خۆ نوێژی مردوو نیە کە ئەگەر یەکێک کردی لە کۆڵی خەڵکانی دیکە بکەوێ! بەڵکوو ئەرکی سەرشانی هەموانە.

بەڕێزان؛ کوردیش وەکوو باقی گەلانی خاوەن مێژووی عاڵەم، لە زۆر بوارا دەسکەوتی هەیە. بەڵام کێشەکە تیۆریزە نەکردنی دەسکەوتەکانە.

هەموو شتێکمان بە شێوازی فولک مایەوە، کەلتوورمان زارەکیە لەباتی ئەوەی کە بە شێوازی جۆراو جۆر تۆمار بکرێ. ئەگەریش نووسیومانە بە زمانی بێگانە نووسیومانە و ڕێک بووە بە موڵکی ئەوان.لەم ساڵانەی دوایی کەسانێک ئەو هەستەیان لە دەروونی خۆیان فڕێ داوەو نەک بە چاوی سووک، بەڵکوو بە بیری قووڵ بۆ بابەتە نیشتمانیەکان دەڕوانن.بێ شەرم و شوورەیی جاران کەوتوونە هەوڵی پاراستنی سامانی پرژ و‌ بڵاومان. بەڵکوو ئەوەی ماوە لە فەوتان ڕزگاریان بێ و ئەو هەستەش لەدەروونمان بار بکات.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۳/۱٦
🟩 هیچکەسێ لە پڕێ نەبووە بە کوڕێ.

لە ناخی هەر کوردێکی دڵسۆز حەسرەتێک هەیە بۆ گەورەکانی ڕابردوومان، کە بۆچی ئەو ئەستێرە گەشانەی ئاسمانی نیشتمان، ئێستە بێ میراتگر و جێگەدارن؟

گەرچی دڵنیام کوردستان هەر ئێستاش گەورە پیاو و شێرە ژنی لێیە و ئەو ئاسمانە بێ ئەستێرە نیە، بەڵام بە داخەوە کەلێنەکانیش زۆر بەرچاون.
لێرە دا ئاماژە بە چەندین هۆکار دەکەین کە ئەو کەلێنانەیان بەدی هێنا:

ئێمە کاتێ سەیری ژیان و ئاسەواری کەڵە پیاوێک وەکوو مامۆستا هەژار دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ، ئەو پیاوە زۆر بەسەر زمان و ئەدەبی کوردیدا زاڵ بووە. زۆر شارەزای ئەدەبی عەرەب بووە، هەر لە "امرالقیس"  بگرە هەتا "جبران خلیل". گەلێک ئاشنای ئەدەبی هەزار ساڵەی فارسی بووە، لە خەیامەوە هەتا خانلەری. شاکارە ئەدەبیەکانی ماکسیم گورکی، شکسپیر، ویکتور هۆگۆ، مارک تواین، بالزاک و... بە وردی خوێندۆتەوە. واتە  شارەزای ئەدەبیاتی پێش لە خۆی بووە، هەم کوردی و هەم بێگانە. کەچی ئەمڕۆ شاعێرمان هەیە لە ئەدەبی کلاسیکی کوردی بێخەبەرە.

نەمران ماملێ و زیرەک بە باشی ئاگاداری ئاسەواری هونەریی سەعید ئاغای جزیری، مەلا عوسمانی موسڵی، مەلا کەریمی سابڵاغی و.. بوون و ناسیاری موسیقای ئەرمەنی و ئازەری و فارسی و عەرەبیش. کەچی هونەرمەندی ئەمڕۆکەمان هونەری کوردی پێش خۆشیان باش ناناسن، چ بگاتە هونەری بێگانە.

مامۆستا قانع بە مەلایی و وردەواڵە فرۆشی و ئاشەوانی و ... بە شار و دێی کوردستاندا گەڕاوە و خۆی تێکەڵ بە ژان و ژیانی ئەو خەڵکە کردووە، هەتا خۆی بووە بە زمانحاڵی چەوساوەکان، بۆیە شێعری وە بەر دڵان کەوتوە و لە بەریان کردوە. ئێستا ڕووناکبیرمان خۆی لە خەڵک جیاواز دەزانێ. عارف جزیری پاش هەڵاتن لە دوو حوکمی ئیعدام، بە ناوی سونەتکار (دەلاک)ەوە دێ بەدێی باشوور گەڕاوە بە دووی گۆرانی و مەقاماتی کوردیدا. ئێستا گەڕان و لێکۆڵینەوە و پشکنین بەو مانا، مانای نەماوە. ڕووناکبیرمان چاوەڕوانی بیر و بەرهەمی حازر و ئامادەیە (هەر وەکۆ خواردەمەنیە فەست فوودەکان) کە لە لایەن بێگانە بۆمان دێت، واتە سەرچاوەی بیرمان کوردی نیە.

پێشتر گەورەکان بە شانازیەوە دەیانگوت شاگردیی چەندین زانای لێهاتووی ئەو بوارەیان کردوە. واتە لە پێشدا ئەرکی بچووکیان بە جێهێناوە و چۆکیان داداوە بۆ فێربوون، تا بە گەورەیی گەیشتوون. ئێستا هەمانە فێربوون لە خزمەت زانایان، بە پێویست نازانن!
گەورەکانی ڕابردوو لە ئاست بابەتە نیشتمانیەکان ، بە گیان و دڵ بۆی دەژیان، کەچی ئێستا، دەیانەوێ پێی بژین.

لە ڕابردوو دا سیستمی پەروەردە بۆ مەعریفە و زانست بوو ئێستا  بۆ دامەزرانە لە دایرەکان و بۆ نانە و پارە. مەلا هەیە کوردایەتی ناکات بەڵام زۆر لە ئێمە باشتر لە شعری نالی و مەولەوی تێدەگات، چونکوو پەروەردەی فێرگەکانی خۆماڵیە.

ناودارانی کورد هەر کامە چەندین زمانی بێگانەیان دەزانی، ئێستا ئەمانەی ئەمڕۆ لە گەڵ زاراوە کۆردیکان کێشەیان هەێە.

پێشتر  لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەسی لێهاتوو دەر دەکەوت. بەڵام ئەمڕۆ سیستمی جیهانی لە ڕێگای تکنولۆژیاوە دەستی گرتووە بە سەر بیری خەڵکا و بە مێدیا کونترۆڵیان دەکات.

لە ڕابردوودا ئەوەندە حیزبایەتی و چینایەتی نەبوو، ناودارانیش خۆیان بە بەشێک لەو خەڵکە دەزانی. کەچی ناوداری ئێستا تەنیا لە بەر دەستەو تاقمێک لە باقی خەڵک دوور دەبێتەوە.

ڕوانگە و پێوەری خەڵکیش زۆر تێکچووە، شاعێر هەیە بە ناچاری هۆنراوەکەی دەدا بە ئافرەتێک بۆی بکات بە دیکلەمە بەڵکوو خەڵک لێی وەرگرێ. گۆرانیبێژمان هەیە بە ڕەنگی کچە ئەکتەرەکانی زۆرتر گرنگی دەدات تا بەدەنگ و مووسیقاکەی. هەمانە هەرکە هاوسەرگیری کرد ئیتر دەس لە هەموو ئەرکێکی  نیشتمانی دەشۆرێ. مامۆستا پیرەمێرد کە پێشکەوتنی گەلانی تری دیبوو، ژن و منداڵ و پێگەی باڵای حکومەتی لە ئەستەمبوڵ بە جێ هێشت لە پێناوی خزمەت کردن بە زمان و فەرهەنگەکەی.

بەڕێزان؛ نابێ حەسرەتی ڕابردوو، دەرفەتی بیرکردنەوە لە داهاتوومان لێ بستێنێ. پێویستیە کورد پەرە بداتە کەلتووری بلیمەت پەروەری. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ چەندین ئەرکمان لە سەرە: ۱- ئەبێ جەخت بکەینە سەر، ریز گرتن لە گەورەکانمان هەتاکە زیندوون. دەنا دوایی هەر بۆیان بنوسین  "نەمر" بە کار نایێ. جار بووە خۆمان لە بێگانە بێڕەحمانەتر گەورەکانمان تەزاندوە ۲- یارمەتیدەر و دەستگیری بەرەی بەهرەداری تازە کارمان بین(زۆر لاوی خاوەن بەهرەیان دڵسارد کردەوە نەوەک لە خۆیان بەرزتر دیار بێت ). ۳-بارودۆخی ئەمڕۆ بناسین و بە قازانجی گەلەکەمان کەڵکی لێ وەرگرێن، بۆ وێنە دەبینین دنیای دیجیتاڵ جێی کتێبی گرتۆتەوە، دەبێ نەک بۆ سەرگەرمی و ڕابواردن بەڵکوو وەکوو کتێبخانەیێکی دەوڵەمەند چاوی لێ بکەین.

عیسا ئەحمەدی ۱۴۰۲/۰۳/۳۰



👇👇👇👇👇👇

http://T.me/Mizankurdi

🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran