هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی
1.31K subscribers
370 photos
115 videos
9 files
791 links
شێعرەکانم کۆرپەی ئەنفالن، زۆربەیان بە ساوایی نێژراون

کاوەداشبەندی
Download Telegram
" هەر نەبێ "



هەر نەبێ جارێک لەگەڵ یادت ژیاوم تا سەحەر
وا نەزانی یادەکانت قەت لە دڵما دێنە دەر

هەر نەبێ شەو تا بەیانێک وێنەکانتم لا بوو ون
بۆنی خۆشی وێنەکانت چەشنی جاران ماوە هەر

تۆ نەبووی تاکوو ببینی چەند لەگەڵ یادت ژیام
تۆ لە حاڵی ئەو شەوانم بێخەبەر بووی بێخەبەر

وەی لە خۆم وێرانە ماڵ و بێ کەس و گردەنشین
وەی لە ژووری تەنگ و تار و ماتەم و دەرد و کەسەر

ساڵها وێڵ بووم بە دواتا ماڵ بە ماڵ و کۆ بە کۆ
هەر وەکوو مەجنوونی شەیدا کێو و شاخم گرتە بەر

من لە نێو ئازاری دووری و دەردی هیجرانت دەژیم
تۆش بە غەمزە و نازی لێوان سوورە تارات نایە سەر

تۆ جلی سوورت لەبەردا و دەست لە ناو دەستی ڕەقیب
من ڕەشی وەک بەختەکەی خۆم سەر هەتا پا کردە بەر

هەرچی کردت کاری دژ بوو بۆی وەفای تێدا نەبوو
غەیری عەشق و خۆشەویستی چی بوو داوای من مەگەر؟

گەر لە دەرگای ئەو خودایەش دەست بە داوێنیم دەڵێم:
ژینی من با دەرد و غەم بێ و تۆ ببینم بەختەوەر

سەد ئەوەندەش بێ وەفا بی تۆ لە یاد ناکەم گوڵم
من لە باسی خۆشەویستی تا ئەبەد ناکەم حەزەر

چاوەڕوانم کاتی مەرگی "کاوە"شت بێ بێیەوە
سەر لە نێو ئامێزی گەرمت ڕوح لە سینەم بێتە دەر


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
" ئارەزوو "


هەر کە ڕۆژ ئاوا دەبێ زام و برین دەکولێنەوە
سەد برینی کۆن و تازەم پێکەوە بیر دێنەوە

شەو کە داهات دەرکی خەڵکی بەستراوە تا بەیان
دەرک و پەنجێرەم تەواوی ڕوو بە غەم دەکرێنەوە

شەو هەتاکوو بەربەیان لەو جێیەدا جینگڵ دەدەم
هەر دەڵێم ڕۆژێک بڵێی دەرد و غەمم ببڕێنەوە؟

ڕوو لە هەر لایەک دەکەم زلکاوی خوێنە و ئەشکی چاو
عالەمێ بێ هۆ لە ناوی ڕۆژ و شەو دەتلێنەوە

نان خەیاڵ و ئارەزوویەک بەرزە بۆ چینی هەژار
بێ هەدادان بۆ بژیوی یەک ژەمیان دەخولێنەوە

لەو وڵاتەی گەر دەڵێن ئیسلامە٫ یاساکان درۆن
خوێن و ئاوی ڕوونی کانی چەشنی یەک دەخورێنەوە

چاوی دونیا کوێرە کوێر ئەمڕو بە ڕووی چینی هەژار
بۆیە باوکانی کرێکار وەک شەمێ دەتوێنەوە

((ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بە ئازادی بژی))
خۆزگەکانی هیچ مرۆڤێک وەک نەمام نەشکێنەوە

ڕەنگی یەکسانیم دەوێ بۆ گشت گەلانی ڕووی زەوی
گەر نەما "کاوە"ش لە لاتان پڕ بە دڵ بیڵێنەوە


کاوە داشبەندی👇👇👇👇


@kaveh_dashbandi
" دەردی بێ دەوا "


عەزیزم تۆ کە پرسیوتە هەواڵم
کە فەرمووتە بنووسم چۆنە حاڵم
عەرز بێ خزمەتی جوانی جەماڵت
لە بێ تۆیی شەوان تا ڕۆژ دەناڵم

نەماوە تاقەتی دەورانی جوانیم
لە دەستم چوو تەواوی زندەگانیم
بەرەو پیری مەرگ کەوتوومە ڕێگا
لەلای خزم و کەسانی خۆم ڕەوانیم

وەکوو شێتێکی بەدحاڵم دەبینن
ڕەفیقانم لە تاوی من خەمینن
دەزانی چۆنە حاڵ و وەعزی جەستەم؟
لەش و جەستەم پڕی زام و برینن

لە لای یارانی دێرین ڕووم نەماوە
دەری شادی بە ڕووما داخراوە
قەد و باڵای بەهێزی کاتی لاویم
وەکوو گۆچانی پیری لێم چەماوە

ژیان هێز و بڕشتی لێ بڕیوم
لە گۆشەی بێ کەسی خۆما خزیوم
فەلەک هێندەم بەسر دا هات و ڕویی
وەکوو بۆشکەی بەتاڵ و تێک قوپیوم

نەماون سۆی دوچاوم چەشنی جاران
وەکوو کوێرێک دەڕۆم بۆخۆم لە شاران
ئەوەندە کەوتووم بئ هۆ دەمەو ڕوو
کە ناچارم بکێشم خۆم بە داران

نەماوە تاقەتم خۆم کەم جموجۆڵ
خەمی دونیام تەواوی هاتە سەر کۆڵ
بە لارە لارەوە ڕێگا دەپێوم
هەتا ئەژنۆم دڕ و داڵ و گڵ و خۆڵ

بە دەردێکی دوچارم بێ دەوایە
درۆ ناکەن دەڵێن پیر بێ نەوایە
مەرگ حەققە بەڵام بریا خودایە
هەزار خۆزگەم کە پیری هەر نەبوایە

کە پیر بووی خزم و کەس پاکی نەبانن
درۆ ناکەم بە سەربارت دەزانن
کە لوقمان بی لە لایان هەر نەزانی
ئەوەی زانا و بلیمەت بێ ئەوانن


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
" ژانی قەڵەم "

قەڵەمەکەم پڕە لە ژان
من شاعێری خەم و خوێنم
من کورپەی بێ نازی حەزم
بە مردوویی ڕادەژێنم

قەڵەمەکەم پڕە لە زام
خوێنی گەشی لێ دەچۆڕێ
شێعرەکانم دوا هەناسەی
ساردی خۆیان دێننە گۆڕێ

دەیان ساڵە من شاعێری
خەیاڵێکی خەون و درۆم
دەڕۆم دەڕۆم دوور دەکەوم
لە خەڵک٫ لە خاک٫ لە گەل٫ لە خۆم

دەیان ساڵە ئەوین لای من
کچێکی بێ بەرگ و جلە
دەیان ساڵە هێمای شێعرم
سینگ و مەمکی نەرم و شلە

دەیان ساڵە بێ ئابروویی
کچانی نیشتمان دەکەم
وانەی عەشق دەڵێمەوە و
ناوی حەیا و نامووس دەبەم

ئاخ کە منم بەس هۆکاری
بزر بوونی عەشق و ئەوین
ئاخ کە منم بەس هۆکاری
بێ وەفایی سەر ڕووی زەمین

ئاخ کە قەڵەم شەرم دەکات
لە خەڵک و خاکی نیشتمان
لە دایک و باوکی دڵ بە خەم
لە کۆڵبەری خەفەت لە شان

لە فرمێسکی چاوی هەژار
لە نان و سفرەی بێ بژیو
لە دایکانی جەرگ بە سۆ
لە ناڵینی ڕۆڵەی هەتیو

لە دەستانی پینەکراو
لە نێوچاوانی پڕ خەفەت
لە جەستەیەک پڕی برین
لە باوکێکی پیری شەکەت

لە خوشکێکی تارا دڕاو
لە زاوایەک شەڵاڵی خوێن
لە منداڵی ڕەنگ زەرد و مات
لە سەد ڕووداوی دڵتەزێن

ئاخ کە منم ئەو شاعێرەی
پێناسەی خەڵکی خۆ دەکەم
ڕێگام درۆ بۆخۆم درۆ
ئاخر بڵێی بە کوێ بگەم؟؟؟؟؟


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
" دیدە مەست "


دوور لە چاوت وەک هەتیوی بێ بژیوم دیدە مەست
وەک گەڵای زەردی خەزانم ڕەنگ پەڕیوم دیدە مەست

سێبەری تۆ بوو لە سەر خۆم و شێعر ئێستا بەڵام
سێبەرت تۆرا لە سەرمان چەند هەتیوم دیدە مەست

سەردەمێک هێمای ئەوینی شێعری من بوو چاوی تۆ
چاوەکەت سەرپاکی هەستی لێ دزیوم دیدە مەست

ئاخ کە لەو ڕۆژانەدا ئازاری دووریت چی دەکا
دەردی تەنیایی هەناسەی لێ بڕیوم دیدە مەست

خۆزگە جارێکی بە ڕێبواری بکەی سەردانی من
تا ببینی چۆن لە ئامێز غەم خزیوم دیدە مەست

دیدە گریانم لە حەسرەت بەژن و باڵات بێرەوە
غەم تەواوی ماڵی و حاڵی لێ تەنیوم دیدە مەست

کوا هەناسەی گەرم و پڕتین کوانێ ئامێزی ئەوین؟
شەختەیە زستانە بێ تۆ وا تەزیوم دیدە مەست

گوڵوشەی شێعرم دەتۆرێ و قاقڕستانە دڵم
ئەلف و بێم شێواوە چەشنی دال چەمیوم دیدە مەست

چاوەڕوانی بۆتە پیشەی "کاوە"کەی وێرانە ماڵ
کەس لە پاش تۆ شێعری شادی لێ نەدیوم دیدە مەست



کاوە داشبەندی👇👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
له‌_داوێنی_ئاربه‌باوە۵.pdf
2.9 MB
گۆڤاری ژمارە ۵ ئێلێکتڕۆنی:

#لە_داوێنی_ئاربەباوە

"ئەنجومەنی ئەدەبیی بانە"

خەزەڵوەری ۱۳۹۹ ی هەتاوی

@Le_daweni_Arbebawe
چاپ بوونی شێعری من و پاییز لە هۆنراوەکانی کاوە داشبەندی لە گۆڤاری لە داوێنی ئاڕبەباوە

@kaveh_dashbandi
دڵم پێدا شکاندی و لێی فڕێدام
وەفای کەم بوو جەفای بێڕادە پێدام

کوتی دەبڕۆ جەهەندەم نیوە ڕێت بێ
بڵێی چۆن بێ کە نازانێ لەوێ دام؟


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
دیدە مەست

هۆنراوە و دیکلەمە: کاوە داشبەندی
👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
لەو جیهانەی یاسا پیرۆزەکان درۆن
نەزانەکان لەسەر مافی مرۆڤ دەڕۆن

بەسیە چیتر دڵ خۆش ناکەم چون دڵنیام
گۆشت و خوێن و ئێسک و پێست و مافم دەخۆن

کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
" سکاڵا "


بە دڵتەنگی لە چاوم خوێن دەڕێژم
هەموو خۆزگە و حەز و هیوام دەنێژم

لە دەستی غەم قەڵەم گریانە ئەمشەو
دەروونم وەک دڵم بریانە ئەمشەو

لە سەر سینگی پەڕێکی دەفتەری خۆم
دەکەم شەرحی پەژارە و ماتەم و سۆم

دەڕێژێ نووکی پێنووس ئەشکی سووری
نەماوە بۆم لە نێو دڵدا سەبووری

نە دڵبەر ما و نە دڵدار و نە جێژوان
لە هەر لاوە دەبیستم دەنگی گریان

لە هەر کوچە و شەقامێ دەنگی ناڵە
بەە سەر خۆشی ژیانی ئێمە زاڵە

هەژاری کەم نەبوو بۆ خاک و ئاوم
سەدان مەرگم دەبینی من بە چاوم

سەدان ڕۆڵە لە پێناو نانێ کوژران
بە بئ تاوان نیشانەی گوللە دەکران

دەیان ئەنفال بە سەرمانا سەپێندرا
مناڵی جوان لە باوەش دایە نێژرا

دەریان کردم لە ماڵ و حاڵ و لانەم
نەبوو جێخەو لە بۆ کاتی شەوانەم

بە یاسای بەرز و پیرۆز هاتنە دەستەم
لە خوێن گەوزا دەیان جار ڕوح و جەستەم

لە سەد لاوەش بەڵای گەردوون دەباری
ئەویش کردی لەگەڵ زێدم نەیاری

لەگەڵ ئەو دەرد و ژانە پاکی سازام
کوتم کوردم نەترس و ژیر و ئازام

بە دەرد و خەم بە چۆکان دانەهاتم
لە ناخمدا حەشارم دا شکاتم

لە ناکاو بۆم بە دیاری هات پەتایەک
لە مندا هەر نەبوو سوچ و خەتایەک

بەرۆکی گرتم دەستی لە گەردن
کوتی چارەت بە تەنیا بۆتە مردن

نە دەرمان و دەوایەک بۆ عیلاجی
نە نوشتەی شێخ و سۆفی و مامە حاجی

گرفتارن بە کۆمەڵ خەڵکی دونیا
ڕەهایی بۆتە خۆزگە و ئاخ و بریا

نەماوە بەزم و خۆشی شەونشینی
نەما گاڵتە و جەفەنگ و پێکەنینی

نەما سەردانی ماڵی خاڵ و پووران
هەواڵپرسی خزم دەکرێ لە دووران

دەمامک بۆتە هاوڕێی زار و لێوم
بە قەت دونیا پەرێشان و پەشێوم

بە هەر لایەک کە بێ مەرگم لە پێشە
لە برسان یان لە نێو گێژاوی کێشە

پەتا بێ یا هەژاری مەرگە بۆ من
بە تێکڕایی ئەوانە دژ بە خۆمن

خودا بۆ دەرد و ئازارم دەوایەک
نییە و نابێ بە غەیری تۆ پەنایەک

بە چاوی خۆت دەبینی حاڵی زارم
دەبینی دڵ پەرۆش و کۆڵەوارم

لە بەر چاوم عەزیزانم بە بێ هۆ
دەکەن بۆ مەرگی یەک گریان و ڕۆ ڕو

ئەگەر بۆخۆت نەکەی چاری برینم
هەموو ڕۆژێ بە کۆمەڵ مەرگ دەبینم

ئەگەر دەستکردی خوتە بیکە چاری
بە دڵ ڕازیم بە دەست کورتی و هەژاری

ئەگەر دەستکردی غەیری خۆتە خوایە
بەرەو خۆیان بنێرە ئەم پەتایە

لە خوێنی گەش بگەوزێنە مناڵیان
بکە وێران تەواوی ماڵ و حاڵیان

کە بێ تاوان دەکەن کایە بە ژینم
ڕەبی بمرن بە چاو مەرگیان ببینم


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
Forwarded from لکێنەر بات
لە حەسرەت چاوی کاڵت بووم ڕەوانی
از این عشق گریبان سووز چ دانی؟

دڵم پێدای کە ماڵت بێ هەتایی
قرار این بود در این خانە بمانی

بەجێت هێشتم ڕەقیبت کردە هاوڕێت
نکردی تو زبهرم مهربانی

بەڵێن وابوو کە هاوڕێم بی هەتایی
رفیق و همدمم در زندگانی


شکاندت عەهد و پەیمان و بەڵێنت
بە پای تو فنا کردم جوانی

وەکوو پیرێ لە گۆشەی بێ کەسیما
کنم شیون شبانگاهان نهانی

دەنووسم بۆت غەم و ئازاری "کاوە"
امید آن است کە چند بیتی بخوانی


کاوە داشبەندی👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
Forwarded from عکس نگار
" جێژنی میلاد "


جێژنی میلادە و دڵم ئەمشۆ غەزەلخانی دەکا
هەوری پڕ باری وشەم ئەو شارە بارانی دەکا

ناوی گەورەی سەروەرم گەر بێتە نێو دێری شێعر
دێر بە دێر ئیلهامی شێعرم بانگەشەی جوانی دەکا

دێمەکاری وشکی هەستم گەر بەیادت بێتە گۆ
وەک گوڵستانی بەهاران خاک گوڵ ئەفشانی دەکا

خۆری یادت وەک هەتاوی دەم بەیانی بێ ترس
شەو دەتارێنێ و جیهانم پاک و نوورانی دەکا

مەشغەڵی ڕێگای هەتایی مەنزڵی ئاسوودە تۆی
کێ وەکوو تۆ بانگەوازی ماڵی یەزدانی دەکا؟

شەرمەزاری گەورەییت بوون گەورە پیاوانی عەڕەب
گەر دەیان بینی هەتیوێک باسی ڕەببانی دەکا

هاونشینی تۆ بیلال بوو ئەو گەدای ڕەش پێست و ڕووت
دڵنیا بوو هاونشینیت بەرز و هەرمانی دەکا

تەفرقە و تەوهین لە نێو نەسلی بەشەردا هەر بوو وە
هەر لە ئادەم دەرکەوت ئیبلیس کە شەیتانی دەکا

ناوەکەت ئەی خۆشەویستی خوا کە قوربانی بوێ
سەدهەزاری چەشنی "کاوە" خۆی بە قوربانی دەکا

#کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
" یاری پێشوو "


خەڵکی بەرەو پێشێ دەڕۆن من بیری ڕابردوو دەکەم
ئاخر بە بیری کۆنەوە بۆچی دڵم ماندوو دەکەم؟

زۆرن کچانی چاو شەهێن لێیان دەوێم وەعد و بەڵێن
ڕازی نییە دڵ بۆیە هەر من بۆ وەڵام هەیهوو دەکەم

گەر پێم بڵێن کۆنە پەرەست لەو عەشقە کەم نابێتەوە
زیاتر لە جاران ئارەزووی ئەو دڵبەرەی پێشوو دەکەم

گەرچی وەفای بۆ من نەبوو یەکجار لە بیری بردمەوە
وەعد و بەڵێنم داوە پێی من یادی ئەو زوو زوو دەکەم

ئەو دەرد و ژانی داوە پێم ئاواش بە دڵ خۆشم دەوێ
من بۆ وەڵامی زەجری ئەو هەر خۆشەویستی ڕوو دەکەم

ئاخر بە دڵ دێوانەیم دێوانەوار خۆشم دەوێ
ئێستاش شەقامی یادی ئەو بە مژۆڵی تەڕ جاڕوو دەکەم

گەر شێخ و سۆفی لێبدەن تانە لە عەشقی ئەو دڵەم
حاشا لە تەکیە و خانەقا من ڕوو لە دینی جوو دەکەم

سیحراوییە شێعر و وشەم گەر دێنە مەدحی چاوی یار
من شاعێرێکی عاشقم شێخ نیم بەڵام جادوو دەکەم

تا دڵبەرانی شاری من هەست پێ بکەن واتای ئەوین
تاکوو بزانن یادی یار تێکەڵ پەڕی مێژوو دەکەم

گەر بێیەوە ئەو ماڵە هەر دەرکی بە ڕووت ئاواڵەیە
هەر وەک قەدیم سەر دادەنێم فەرموو گوڵم فەرموو دەکەم

لاڵە زمانی "کاوە"کەت گەر دێتە وەسفی ناوی تۆ
بۆ یەک وشەی شایانی تۆ ئەستۆم شکێ پەکوو دەکەم


#کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
شەو نییە ماڵی دڵی من پڕ لە یادی تۆ نەبێ
چاوەڕێم ڕۆژێک لە تاوت شیوەن و ڕۆ ڕۆ نەبێ

تۆ وەفات گەر بۆم نەبوو ئەو عالەمەش فێر بوون لە تۆ
هاونشینی ئەو شەوانەم کەس نەبوو ئەژنۆ نەبێ


#کاوە_داشبەندی

@kaveh_dashbandi
خەمی کۆچت بە کەس نایێتە ئەژمار
دڵ و ڕوح و هەناوم بوون بریندار

شێعر ئەمڕۆ دەگێڕێ کۆڕی پرسەت
وڵاتی من خەفەتبار بوو خەفەتبار


بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە مامۆستا جەلالی مەلکشا ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد

بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا و بلیمەتی کورد مامۆستا جەلالی مەلکشا پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی دایکی نیشتمان و بنەماڵەی مامۆستای خۆشەویست و هەموو لایەنگرانی مامۆستا و هاوڕێیانی بەڕێزیان دەکەم و لە خودای گەورە داواکارم ڕوحی پیرۆزیان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات


#کاوە_داشبەندی

@kaveh_dashbandi
Forwarded from .... (چ"م"ئەڤین)
خەمی کۆچت بە کەس نایێتە ئەژمار
دڵ و ڕوح و هەناوم بوون بریندار

شێعر ئەمڕۆ دەگێڕێ کۆڕی پرسەت
وڵاتی من خەفەتبار بوو خەفەتبار
#کاوە_داشبەندی

@kaveh_dashbandi

@ch_m_avin
Forwarded from لکێنەر بات
" نامەیەک بۆ مامۆستا جەلالی مەلەکشا "


هاوڕێم جەلال بۆ کوێ دەچی؟
بۆ کام دیاری بێ خەفەت؟
بۆ کام شاری بێ ئاژاوە؟
ئاخۆ بڵێی ئەو دیارەی
تۆ هەنگاوت بۆ داناوە
لەویش خاکی وڵات بدەن
بە چۆڕێ چڵکاوی بۆگەن؟
لەوێش بڵێی قەڵەمەکان
دڵۆپ دڵۆپ خوێن بڕێژن
بۆ زامی دایکی نیشتمان
لەوێش بڵێی دەفتەرەکان
بە ئامێزی ئاواڵەوە
بۆ پێشوازی شاعێرێکی
بێ کەس بڕۆن؟
هاوڕێم جەلال
ئاخۆ بڵێی
ئەم وڵاتەی کە تۆ دەچی
شەڕەف لەوێ بە نانێک بێ؟
زانا گیری نەزانێک بێ؟
لەوێش مەرگ و ژیانێک بێ؟
هاوڕێم جەلال
ئاخۆ بڵێی
ئەو خودایەی باسی عەدڵ و
دادی دەکەن
بە گەورەیی ناوی دەبەن
بێ گوێبیستی هاوارت بێ؟
یا بینەری ئازارت بێ؟
هاوڕێم جەلال
هەروەک لێرە
سەری بەرزت نەوی نەکرد
سەر هەڵێنە دەنگ هەڵبڕە
بە خوای عەرز و زەوی بڵێ
لە زێدی من
نانێک نرخی ژیانێکە
ژیان مەرگ و نەمانێکە
ژین بۆ ئێمە تاوانێکە
تاوان تەنیا زمانێکە
هاوڕێم جەلال
دەنگ هەڵبڕە پێیان بڵێ
بە زمانی خۆت بە بێ شەرم
بڵێی تاوانی من چ بوو
لە سەد لاوە دەباری بۆم
لە ماڵی خۆم گوللەی گەرم
ڕۆژان گلاوی خەم و دەرد
شەویش ئازار لە ژوور سەرم
هاوڕێم جەلال
پێیان بڵێ بێن سەیر کەن
لە سەر کورسی با بێنە خوار
تەنیا ڕۆژێک ببن بە کورد
ئاوارە بن ئەنفال کرێن
ڕاویان بنێن لێرە و لەوێ
ببنە کۆڵبەر بڕۆنە شاخ
گوللەی گەرمیان وەبەر کەوێ
ئەمجار لێمان حاڵی دەبن
دەڵێن کوردە تۆ چیت دەوێ؟
هاوڕێم جەلال
پێیان بڵێ
لێرە کۆرپە چاوەگەشەکان
دڵیان پڕی پڕی خەمە
لێرە شادی بزر بوو وە
قاقا و کەنین ڕەنگی کەمە
چیتان پێدام دەودەمەوە
بەس ناڵەیە ئەوەی هەمە
هاوڕێم جەلال
پێیان بڵێ
لە سەر زەوی واتاکانی
ئاگر و دۆزەخ، بەهەشتی خوام
بینیوە من
دۆزەخ بۆ من ئەو کاتە بوو
ئێوە واتانزانی ژیانە
بەهەشتیشم لێرە و لەوێ
تەنیا خاکی کوردستانە


هۆنراوە و دیکلەمە #کاوە_داشبەندی 👇👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
Forwarded from لکێنەر بات
" نامەیەک بۆ مامۆستا جەلالی مەلەکشا "

هۆنراوە و دیکلەمە: #کاوە_داشبەندی

کلیپ و ڕازاندنەوە خاتوونی هێژا ،ئەڤین

👇👇👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi
Forwarded from لکێنەر بات
" خەمی نان "


ئەگەر خەمی نانم نەبێ
شێعر دەکەم بە تازە بووک
شانە دەکەم پرچەکانی
سووری دەکەم کوڵمەکانی
تارای سووری پێدادەدەم
بەرەو ماڵی تازە زاوای
چاوەڕوانی بەڕێ دەکەم
تا بۆ زاوای دڵ پڕ تاسە
کۆتری ئەوین دابەزێنم
بە شمشاڵی قاڵەمەڕەو
سۆزی دەنگی حەسەن زیرەک
لە داوێنی ناڵەشکێنە
بە چەپڵە ڕێزانی کچان
کۆڕی شایی دەڕازێنم
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

عەبەدەڕژی و عەلی خەندان
بۆ داوەت و شایی و گەڕیان
بۆ خۆشترین شەوی ژیان
هەڵپەڕین و خەنەبەندان
لە چەوگالیش سمایل ئاغا
بۆ گۆرانی نیشتمانی
بۆ مەقام و بەستە و حەیران
دهێنمەوە بۆ شەوگەڕی
نیوەشەوان تا بەر بەیان

لە سەرچاوەی حەوزەگەورە
لەگەڵ کچانی چاو بەکل
دەسرەی سەما دەست دەدەمێ
بۆ پێشوازی بووک و زاوا
بە خرمەی دەنگی سێ پێیی
هەتا نێو باغی میراوا
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

دەیکەم بە گوڵ وشەکانم
بۆ شاباشی بووک و زاوا
ئەوەڵ شەوی بووک دابەزین
بە نایەکەی عوسمانە سوور
لاوان دێنم بۆ هەڵپەڕین
شەوگەڕێکی بێ کۆتایی
پڕی شادی و خۆشی ئەوین
مناڵەکان وەکۆ دەکەم
تا لە دەوری بووک زاوا
هاوار بکەن چەپڵە لێدەن
بە کەیفی خۆ هەڵگرنەوە
پووڵ لە کاتی بووک دابەزین
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

ئیزن نادەم چیتر لاوان
بچنە شاخی بۆ کۆڵبەری
بە ڕانکوچۆخە و سۆرانی
پشتێندی پان و گرێچن
بە کلاشی هەورامانی
بە کەیفی خۆ با هەڵپەڕن
بە دەنگی نایە و گۆرانی
ئەگەر خەمی نانم نەبێ

شێعر دەکەم بە چەپکە گوڵ
گوڵانی سووری کوێستانم
گوڵێک شەوبۆ یەکێ شلێر
یەکێ نێرگس یەکێ ڕێحان
یەک ئەتڵەسی و یەک ئەرغەوان
لە هەر ڕەنگێ گوڵێکی جوان
دەیدەم بە دایکی نیشتمان
ئەگەر خەمی نانم نەبێ


#کاوە_داشبەندی

🎤دیکلەمە #خدر_خەیات

👇👇👇👇

@kaveh_dashbandi