بەرهەمەکانی حاتەم مەرزەنگ
86 subscribers
1.03K photos
276 videos
49 files
517 links
کاناڵی شێعر و بەرهەمەکانی : #حاتەم_مەرزەنگ

🔴( دەنگ و فیلم )🔴
🎼شاعیر ،
📚 نووسەر ،
موفەسیری شیعری کلاسیکی هاوچەرخ
کارناسی باڵای یاسا(فەوقی لیسانسی حقوق)


لینک دعوت @httpshatammarzang


Admin:🆔 @Hatammarzang
Download Telegram
بیرەوەرێکی خۆم و محانەی سەراو.
باوکم موحەمەدی بابان (مەرزەنگ)

هەر لە بیرمە کە منداڵ بووم
دەرچووی عومری گروگاڵ بووم
تەمەن گەیبوومە پێنج وشەش
دەمناسین سوورو سپی و ڕەش
باوکم دەیبردمە دەشت و کێو
ماچی لێدەکردم نێو نێو
مەزراو مووچەی دەدام نیشان
دەیوت گوێ بگرە ڕۆڵە گیان
ئەو سەوزەو گژو گیا جوانە
عەکسی وەرزێکی ژیانە
پەست و کزو لاواز دەبن
بێ برست و ئاواز ئەبن
شەوق و نیشاتیان نامێنێ
مانیان قرانێ ناهێنێ
ڕۆڵەم کوڕم هێزی گیانم
شیرنایی ژینی پڕ ژانم
جوان بڕوانە باش ببینە
ئەوەی بێ بەزەیە ژینە
ئاخ زەوی چەن خوێری گرە
ئاخ زەمانە چەنێ درە
کەر بەرچاوکەی حەریر ناڵ زێر
چۆن بەیانی کەم بە چەن دێڕ
تەمەن وەک ئاوی ڕووبارە
دەڕواو نایەتۆ دوبارە
ڕۆڵەم تا دەژی بخوێنە
خوێندن شەرەفی لە شوێنە
بەڵام خوێندەواری مەرد بە
لە لای دوژمن بە دەهەند بە
سەر دانەنوێنی بۆ زاڵم
نەڵێی من بۆ تۆ مەتاڵم
زوڵم نەکەی لە هەژاران
لە تاقمی کۆڵەواران
لای دوژمن گورگە مێش نەبی
خوێری و حیزو لاکێش نەبی
لێم ڕوونە ڕۆژێ خۆری گەش
پڕشەنگی داوێ بەشی مەش
دەروخێ پالەوی نگریس
دەشکێ پشتی ئەربابی پیس
فریوی شێخ و مێخ نەخۆی
مەردانە بژی بە شکۆی
تەمەن پڕ کە لە شانازی
لە ڕێی گەلا بە گیانبازی
ڕاپەرە لە زاڵم وەک شێر
بۆ سەر بڕینە بەرخی نێر
مێژووی گەلمان بخوێنەوە
تۆوی شەرەف بچێنەوە
ڕێی پێگەیشتن دژوارە
کێ پێنەگا کۆڵەوارە
گزیری ئاغاوەت نەبی
گای ئەبڵەقی داوەت نەبی

15ی گەلاوێژی 1405
حاتەم سەراوی
بەرگێکی تر لە ڕووداوەکانی سەراو.


زۆر جار و لە زۆر شوێن باسم کردۆ کە ئاوایی سەراو لە ساڵەکانی 1332 بەو لایەوە زۆر ئاوەدان دەبێتەوەوە و لە هەموو بوارەوە بۆژانەوە و ڕواناوە و سەرهەڵدانی زۆر بە خۆوە دەبینێ بە تایبەت لە دوای ئینقلابی سپی شاوە کە جوتێرو وەرزێر دەبنە خاوەنی دەست ڕەنجی خۆیان ئاغاوەت لێ دەکەون و خەڵک پشوویان دێتەوە بەر خۆ، ئیتر فروجانە و مریشکانەو تەپاڵانە و کەمڕانە و نیسکانە و هێلکانە ناستێندرێ و گزیری بێ حەیا هێزی ئەوەی نامێنی بێ ڕێزی و بێ حورمەتی بە باب و دایک و موقەدەساتی خەڵی ماڵ وێران بکا و ئاغاوەت و نۆکەرە جاهیلەکانی کە هەر بە بەرنامەی ئاغاوەت جاهیل و نەخوێندەوار و خۆخۆرکران کۆتایی پێ دێ تارادەیەک ئیدی سەراو زۆر ئاوەدان دەبێتەوە، بەدوای یەکدا مەدرەسەی باش و لولە کێشانی ئاوی خوردنەوە بۆ پتر لە 10 شوێنی نێو دێ،لێدانی چنارستانەکانی دەورو بەری گوندەکە ئەوانە هەموو ڕواڵەتی شارستانییەت بە ئاوایی دەبەخشن، هەڵبەتە من وەک نووسەری ئەم یادانەی سەراو لە ساڵەکانی 1355و 1356 ڕا وەبیرم دێ زۆربەی ئەم بیرەوەریانەم لە زمانی خەڵک قۆستۆتەوەو نووسیمەتەوە. با بێمەوە سەر باسەکەی خۆمان.

شێخ ڕەحیم کە بۆخۆی زۆر بەو شێخ شێخە قەڵس بوو ڕوناکبیرێکی،تا سەرئێسکان کورد و دڵتەڕو عاشق و شۆخی باز و شۆخ تەبع بوو،منیش دیتبووم،پیاوێکی کورتە باڵای چالاکی چاو کاڵی هێندێک خورێکاوی و بەغیرەت و زیرەک بوو. ماشینێکی جیبی هەبوو موسافیر کێشی پێدەکرد بۆ شاری میاندواو ئەو زەمان خەڵکی سەراو و دێهاتی ئەو ناوە هاتوو چۆی شاری میاندواویان دەکرد.
کوڕە تاقانەکەی خۆی جەنابی شێخ قادر دەگەڵ مەرحووم کاک ڕەسووڵ کاکەڵڵازادە شاگرد شۆفیر و هاوکاری بوون.
سەراو لەو زەماندا سێ تا چوار جیبی هەبوو بۆ هاتوو چۆی شار. ئێواران کە جیبەکان لە شار دەهاتنەوە منداڵانی گوند لە نیزیک گوندی وزنقشڵاغ دەچوونە پێشوازیان خۆیان بە پاشتەرکی جیبەکانەوە هەڵداوەسی یەکێک لەو منداڵانە نێوی خالید دەبێ،خالیدی کوڕی محەمەدە زلە. خالید وا ئۆگری ماشینی بابە شێخ دەبێ کەمتر خۆی بە ماشینینەکانی ترەوە هەڵداوەسێ.چەند ساڵێک ئەو خۆ هەڵاوەسینەی خالید نێو هەر درێژەی دەبێ و بابە شێخ باشاری ناکا.
ئەوێ زەمانان کە جەماوەری سەراو یەکجار زۆر دەبێ و هەمیشە نێو دێ و بەر دوکانەکان 60 نەفەر تا 100 پتر خەڵکی لێ کۆ دەبۆوە شێخ ڕەحیمی قسە خۆش ئێوارێیەک کە لە میاندواو دێتەوە دێتە نێو دێ و ڕوو لە خەڵکەکە دەکا و دەڵێ: دوێنێ شەو خەونم دیوە بۆتان دەگێرمەوە خەڵکیش دەزانن بابە شێخ حەتمەن قسەیەکی خۆشی پێیە. بەڵێ فەرموو قوربان.
شێخ ڕەحیم دەڵێ: دوێنێ شەو چوومە بەهەشت بە خێرهاتنیان کردم نەفەرێک کوتی خاڵە شێخ منداڵێک لە هەو گۆشەیە چاوەڕێتە منیش بە پەلە چووم کوتم ڕەنگە قادر گیانی کوڕم بێ ئەگە دەچم خالید لەوێ چوار مێردەکی دانیشتۆ و پێم پێدەکەنێ،کوتی تفێکم لە خالیدگیان کردۆ بە ڕێی خۆمدا گەڕامەوە بێمەوە دەرێ دەرکەوان کوتی ئەوە بۆ کوێ دەچی شێخە؟ کوتم قوربان لە داخی خالیدی کوری محەمەدە زلە شەرتە لێرەش بڕۆم .
کوتیان حای حای بۆ بەهەشت ماڵی بابتە هەر کەس پێی خۆش بێ سەرێک بگەرێ و بڕۆا؟ بۆ چما ئێرە پارکی شارە؟. نا شێخ گیان تەنیا ئەو کەسانە لێرە دەتوانن بڕۆن کە ئیمزامان دەنێ دەچنە جحەندم ئەویش مەعمووری خۆمان دەیانبەن.
کوتم کاکی دەرکەوان دەچمە جحەندم بێنە با ئیمزای کەم کاغەزم ئیمزا کرد دوو مەعمووری قوتی،گوێ ڕەشی درێژ و چاو زەق بردیانم داخڵی جحەندم بووم بە وەڵاهی ئەگە چووم خالیدگیان لەوێ لە بەر هەوەڵ پلیکان بۆ خوارێ ڕاوەستا بوو، لە داخی خالید گیان یەک بە خۆم نەڕاندم جەحەندم شێوا باب بەسەر کوڕەوە نەبوو دەرگای جحەندم لە سەر گازەرای پشت کراوە جا وەرە منیش هەڵێ، ئەگە هاتمەوە ڕۆژ ببۆوە،موسافیری دەوەلیم بوو بەیانی زوو گەیبوونە سەراو بە پێیان لە دەوەلی ڕا هاتبوون، ئەوانم سوار کردو چووینە میاندواو ئێوارێ کە هاتینەوە خالید گیان لە پێچەکەی کلکە چاوەڕێم بوو، کوڕینە بۆ خاتری خودا لە خالیدم نەجات دەن. خەڵکەکە لە قاقای پێکەنینیاندا.
بەڵێ یاران سەراوی جاران ئاوا بوو.
سەراو ئەی کانیاوی گەوهەری زەوقم
سەراو ئەی مەرکەزی نەشو و نمای شەوقم.
حاتەم سەراوی
😁1
بۆ مەحموود ئاغای سەیفی قازی.

مەحموود ئاغاو گوندی سەراو
کاڵای باڵای یەک بوون تەواو
باڵایان پێکتر بڕابوو
هەیبەتیان بە یەکتر دابوو
بەتۆ وە سەراو گران بوو
کوانێ وەختی دابڕان بوو؟
کێو و دەشت و شاخ و ئاوی
چاوەڕێ بوون بڵێن ماوی
بڵێن دێیەوە دیداری
سارێژکەی جەستەی زامداری
قەڕاوڵخانەت چاوەڕێ
من چۆن بڵێم نایەوە دێ؟
کێوی کۆخاباز کوا بازی؟
کوا بازی بۆ ڕاو و بازی؟
خانەکەم چاوی سەرچاوە
خوێناوی دێ هێند گریاوە
دارە تۆکانی کۆنەساڵ
بە بانگ و سەڵا وەک شمشاڵ
دەگرین خانی خۆیان دەوێ
چبکەم چۆن خەمیان بڕەوێ؟
کێوی کلکە بەرۆی دڕی
گرکانە نووستۆکەی گڕی
بانگی دا گردە خەزێنە
مەرگی خانە دڵ تەزێنە
هاواری کرد هۆ گردە شین
بە خەمی ئەو مەرگە خەنین
بانگی کرد گردە خەزێنە
کۆست کەوتوو سەرت هەڵێنە
خانەکەی بێ دیلمانجم ڕۆ
خانی وەک خۆم کرمانجم ڕۆ
خانی بێ دەعیەو پۆزم ڕۆ
سادە و ساکارو قۆزم ڕۆ
هاو ڕێ و هاو دەنگی خەڵکم ڕۆ
شۆرە سواری بە کەڵکم ڕۆ
کۆڵان چۆڵ،نێودێ چۆڵ،دێ چۆڵ
سەرجۆگە چۆڵ،کێو چۆڵ،ڕێ چۆڵ
سەر چاوە کزو چاوە ڕوان
قەڵەم کۆڵ و لالە زوان
ئەی داخی داخانم سەراو
بێ کۆخا و خان و گەورە پیاو
تۆش جەرگت دەرزی ئاژنە
ناخت لە زووخاوا ونە
تۆش لە دەس تاقمی بێ عارە
بکرێ دەڕۆی لەم دیارە.

28 ی گەلاوێژی ساڵی 1405 ی
هەتاوی
سەراو حاتەم مەرزەنگ سەراوی
1
هێندێک شەو هەن
شەو نین ساڵن

هێندێک شوێن هەن
شوێن نین چاڵن

هێندێک دڵ هەن
دڵ نین مەلن

شێتی تەقڵەو گروگاڵن

بەڵێ، گوڵێ شەونین ساڵن
پڕ لە ژەهری دووری تاڵن

پڕ سوێراوی کانی چاون
پڕ ناڵەی دڵی شکاون

پڕ ئازارو غەمی دوورین
پڕ تامی تاڵی سەبوورین

پڕ فرمێسکن پڕ ناسۆرن
بێ مانگ و ئەستێرەو خۆرن.




سەراو حاتەم
25 ی گوڵانی
1404