میزان - کـوردستان
1.65K subscribers
201 photos
164 videos
69 files
896 links
🌍کاناڵی میزان،دەلاقەیێک بۆ گەشەسەندنی هزر و بیری تاکی کورد.هەوڵدان لە پێناو زیندووکردنەوەی ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی

یەکەم پۆست: https://t.me/MizanKurdi/10

👉 @rojhelat65
Download Telegram
🔲 بێگانە چۆن تێ بگا؟

سەردەمی ئاوارەیی و کرێکاریم،هاوڕێ لە گەڵ تاقمێک کە یەک لەوان لاوێکی عەرەبی ئەهوازی بوو،کارمان ئەکرد. ڕۆژێک خاونکارەکەمان کە ئەندازیارێکی تارانی بوو، لە عەرەبەکە سەبارەت بە بارودۆخی ئەهواز، پرسیاری کرد،
کرێکارەکە وتی: قوربان تەنیا عەرەبێکی ئەهوازی ئەزانێت عەرەبێکی ئەهوازی چی ئەکێشێ! من ئەو زمانە کە ئێوە تێبگەیەنێ نایزانم.
_تۆ بە فارسی بفەرموو من تێئەگەم.

_بەڕێز چۆن تێئەگەی؟ کاتێ منداڵی من پاش شەش ساڵ لایەلایەی عەرەبی، ڕۆژی یەکەمی قوتابخانە ئەبێ زمانەکەی خۆی لەبەر دەرکە فڕێ بدا؟ چۆن تێئەگەی، بە هەزاران دوکتور وموهەندیسی شارەکەم هیچیان نازانن بە عەرەبی بنووسن و بخوێنن؟چۆن تێئەگەی، ڕووناکبیری من کە ئەبێ پارێزەری کەلتوور و فەرهەنگی وڵاتەکەم بێ، ئەوەندە وێنەی شاعیر و نووسەر و ژەنیار و گۆرانیبێژی فارسی بە دار و دیواری ماڵەکەیا هەڵواسیوە، جێگە بۆ گەورەکانی خۆمان نەماوە؟ چۆن تێئەگەی...چۆن...؟
خاونکار پاش چەن بەڵێ بەڵێ کردن، پێچی کردەوە و ڕۆیی. بۆ ئێوارە بە عەڕەبەکەم گوت: ئەوانەی تۆ باست کرد من لە هەمووی تێگەیشتم و هیچ پێویست بە زمانی تایبەتیش نەبوو.

لە وەڵاما وتی: من و تۆ خاوەنی ئێش و زامی هاوبەشین. بۆیە دڵنیام تۆ، و تەنیا تۆ لێم تێگەیشتی.

لەم ساڵانا زۆر جار دیومە کوردێک کاتێک بۆ بێگانەیەک باسی مافی پێشێل کراوی گەلەکەی ئەکا، یان بە تووڕەیی قسە دەکا یان ئەیکا بە کڕووزانەوە و سواڵ بۆ مافەکانی.

لێرەدا من مەبەستم لە شێوازی ڕوانینی بێگانە نیە کە لە سەرەوە بەرەو خوارە، نەک هاوتەراز لە گەڵ ئێمە مانان.

مەبەستم هێز و توانایی خۆمانە بۆ باس کردنی کێشەکانی کورد بە زمانێک کە دونیا لێمان تێبگات، هاوکات دوور لە توند و تێژی. هاوڕێ لە گەڵ پاراستنی کەرامەتی ئینسانیمان. بۆ وێنە لە ڕێگای ڕۆمان، شانۆ، موسیقا، نیگارکێشان، کلیپ و....

ئێمە هەمومان ڕۆمانی"بینەوایان"ی بلیمەتی مەزن "ویکتۆر هۆگۆ" مان خوێندوەتەوە(یان بە سینەما و ئەنیمەیشن دیومانە). ئەو پیاوه تەواوی گرفت و کێشەکانی ئەوسەردەمەی وڵاتی فەڕانسەی بە زمانێکی سادە و ساکار کە تەنانەت منداڵەکانیش لێی حاڵی ئەبن، هێناوەتە سەرکاغەز. چی ماوە نەیوتبێ؟باسی منداڵانی کار، ناحەقی یاسا، ناحەقی کۆمەڵگا دژ بە ژن، ئەشرافیەتی و جیاوازی چینایەتی دژ بە هەژاران، سیاسەت وشۆڕش، ئایین و مەزهەب،....هتد. هەموو کێشەکانی وردبینانە خستووەتە بەرچاو. شکسپێر چیرۆکە کۆنەکانی بریتانیای کردبووە شانۆ. دنیای هێنایە ڕکێفی پێنووسی سێحراوی خۆی. هەموو ناسیاری چیرۆک و دابونەریتی ئەوان بوون. ئێمە ئەو هەموو چیرۆکە مەزنەمان هەیە و هەر بەو دەقەی چەن سەد ساڵە ماوەتەوە.(مامۆستا هەژار بە جوانی ئەیسەلمێنێ مەم و زینی خانی لە ڕۆمێئو ژولێتی شکسپێر بە هێزترە). "ئارتور کاڵندۆی"بە نووسینی چەن چیرۆک خەڵکی بریتانیای بە ناو گەڵێکی زیرەک و زانا بە عاڵەم ناساند. موسیقا و باقی هونەرەکانیش هەر بەو چەشنە. ئێمە ئەبێ خۆمان بناسین، دەس لە خۆ بەکەمزانین هەڵبگرین.

کورد تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە. هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانیشی ئەوێ تا خۆمان بە جوانی بە عالەم بناسێنین. هیچ گەلێک سەرکەوتنی بە خۆڕایی نەبووە. کارل مارکس کە ئێمە بە پێغەمبەری کافرانی ئەزانین، بۆ نووسینی کتێبی "سەرمایە"هەژدە ساڵ ژیانی خۆی لە سەردانا. سێ منداڵی لە بەر برسییەتی و نەخۆشی مردن، کەچی ئەو دەسبەرداری کتێبخانەی موزەی لەندەن نەئەبوو.

کورد زۆر کاری نەکراوی ماوە تا خۆی وەکوو گەلێکی خاونی ڕیشە و مێژووی کۆن، داخوازییەکانی بە جیهان ڕابگەیێنێ. ئێمە ئەبێ ئاستی ڕوانینمان بەرز بێ. هیچ فەیلەسوفێک ،هیچ گەورە پیاوێک،هیچ ڕێبەرێک بیمەی نەبووە. ئەبێ ماندووی نەناس و بوێر بین.

بە هیوای ئەو ڕۆژە کورد خۆی بناسێ و خۆی بە جیهانیش بناسێنێ.

#سنە_عیسا_ئەحمەدی
۱۴۰۱/۰۹/۲۳


👇👇👇👇👇


T.me/Mizankurdi


🌍
Telegram Mizan 🌍 YouTube Mizan 🌍 Facebook Mizan 🌍 Instagram Mizan 🌍 Web Miza 🌍 Mizan Kurdi 🌍 Mizan Arabic 🌍 Mizan Quran