شیعر و هۆنراوە
6.83K subscribers
302 photos
1 video
359 links
سڵاو
خۆشحاڵین کە ئێمەتان هەڵبژارد.
لێرەدا خزمەتی شاعیران بە زمانی کوردی و قسەی خۆش و هەندێ بابەتی زانستی دەنووسین. بە ڕەخنە و پێشنیارەکانتان گەورەمان کەن. هەڵەکانمان بۆ بنێرن. سپاس کە لەگەڵماندان.
🌐 books.vejin.net
🌐 awin.blogfa.com
🆔 @EmranHusseini
Download Telegram
🌹

#_زێوەر (1875 - 1948)

لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم
وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم

لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ
تەشەببوس گەر بە کەشتی نووحی إلا الله نەکەم چ بکەم

مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە
لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم

ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم
بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپی خوا نەکەم چ بکەم

لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی
بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم

بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم
لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم

ئەڵێن ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات
وەکوو «زێوەر» بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🥀

#_عەونی (1914 - 1992)

حوکمی فاشستی کەمالی تورکەکان
نەیتوانی قەومی کورد کا کەمئومید

لافی سەرداری لەژێر دارا دەبێ
هەر وەکوو دوکتۆر فووئاد و شێخ سەعید

#_پێشەوا_قازی لەبن دارا گوتی
حوکمی زاڵم هەر زەوالی دێ ئەکید

عومری چل ڕۆژە سەگی هار کورد دەڵێ
مەحوە ئەنجامی هەموو تاغی و عەنید

ساڵێ جارێک جەژنی قوربانی هەیە
کورد هەموو ڕۆژێ ئەدا قوربانی عید

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌺

#_عەونی (1914 - 1992)

هەر لە ڕێبازی خەباتا پیری ئیرشادم دەوێ
من گەلێکی سەربەخۆ و سەربەست و ئازادم دەوێ

ملکەچی و ژێردەستی پیشەی من نییە ئەی بەدگومان
باسی مێژووی ڕۆژگاری میدیا و مادم دەوێ

سەرگوزشتەی قەیس و لەیلا باس مەکە بۆ من ڕەقیب
داستانی زین و مەم، شیرین و فەرهادم دەوێ

سەر نزم ناکەم لەبەر هێز و تەوژمی ڕۆژگار
تێ دەکۆشم یان مەرگ یان ژینی پڕدادم دەوێ

شەرتە کۆڵ نادەم هەتا ڕۆژێک بە ئامانجم دەگەم
کوردم و ڕۆڵەی بەجەرگ و عەزمی پۆلادم دەوێ

شۆڕشی شێخی حەفید و شێخی پیران شێخ سەعید
بارگەی سمکۆی شکاک و #_قازی مەهابادم دەوێ

قارەمانی شۆڕش و ناوداری چەرخی بیستەمین
جاف سوڵتان و قەدەمخێر و پەریزادم دەوێ

هەڵگری ئاڵای خەباتن بەچکەشێرانی گەلم
سەربڵندم، سەربڵندی خۆم و ئەحفادم دەوێ

«عەونی» سەربەستی لە ڕێبازی خەباتا دێتە دی
من نەوەی زانا و بەهەست و ژیر و ئوستادم دەوێ

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🎧

#_دەنگی_کوردی

▫️ دەنگ: عەلی مەردان (1904 - 1981)
▫️ شیعر: سافی هیرانی (1873 - 1942)

ئەو پەرچەم و ئەگریجە هەموو دوژمنی دینە
ئەو زولف و ڕووە ئافەتی سەر ڕوویی زەمینە

عەشقت لە دڵم سابتە نەک عارزە قوربان
وەک توڕڕەیی شاهان کە لەسەر ڕوویی نگینە

دڵ بوویتە کەباب بۆ مەزەیی دیدەیی مەستت
قوربان لەوە مەعلوومە کە لێوت نمەکینە

🌼 شیعر و هۆنراوە 🌼
🌸

#_حەمدی (1876 - 1936)

ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە
خاکی بەرپێت تاجی سەرمە، تەختی شاهم بۆ چییە

کیشوەری سەبرم بە مەعمووری تەسەڕڕوف کردووە
ماڵ و موڵک و شەوکەت و ئیقبال و جاهم بۆ چییە

هەر دەمەی نەوعێکە ڕەنگی چەرخی کەچڕەفتاری پیر
گریەیی پڕسۆز و خەندەی قاهقاهم بۆ چییە

زیکری قادری نەقشبەند لەوحەیی قەلبم دەکەم
نامەوێ ئەسڵەن ئیعانەی کەس پەناهم بۆ چییە

خۆشە دەروێشی نەبوونی بۆتە مایەی ڕاحەتی
خەوفی ڕزقی شام و لوقمەی سوبحگاهم بۆ چییە

هەر بە یەک نیمەنیگاهت تا قیامەت مەست ئەبم
چاترە فیرقەت لە وەسڵی وا نیگاهم بۆ چییە

بۆ عەدوو بەرقی هەناسە و بەردی ناڵەم کافییە
حەربگاهـ و ئەسلەحە و نوزم و سوپاهم بۆ چییە

ڕاحەتی مەملووکی دەروێشانە «حەمدی» لێم گەڕێ
عەرز و حاڵ و ڕەهبەر و یا دادخواهم بۆ چییە

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌼

#_مەولەوی (1806 - 1882)

ئازیزم! ئاهیر دووری باڵای تۆ
جەستەم کەرد وە بووڵ، شەماڵ بەرد پەی کۆ

خۆشەویستم! ئاگری دووریت سووتاندمی و شەماڵیش بووڵ و خۆڵەمێشی جەستمی بەرەو کێوان بردووە.

کای دڵم نە گێج مەوج فەنادا
مۆڵەقەن نە بەین خۆف و ڕجادا

دڵم کە وەکوو پووش و کای لێ هاتووە لەناو شەپۆلی لەناوچووندا هەڵواسراوە و لەبەینی ترس و ئومێددا وەستاوە.

تۆیچ ئینسافت بۆ هەنی وەسەن وەس
بالله جە دووریت ها بیم وە قەقنەس

ڕەحمت ببێت و ئیتر بەسە و تەواوی کە ئەم دووریتە کە منی وەکوو قەقنەس بەرەو لەناوچوون بردووە.

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌻

#_موفتی_پێنجوێنی (1881 - 1952)

وەختە کوێستانی دڵم بەفری خەمی ڕەش بێتەوە
وا ژیان و ژینی من دووبارە ڕێک ئەخرێتەوە

دڕکی میحنەت موددەتێ بوو، چوو بە جەرگمدا بەڵام
حمدلله وا ئەزانم زووبەزوو دەربێتەوە

گەر خوا مەیلی ببێ شادی لە جێی شیوەن ئەبێ
... شەرابی دووبارە سەد باری لەسەر ئەخورێتەوە

موژدە بێ ئەی بولبولانی عاشقی گوڵزاری گوڵ
وا لە ئەمڕۆ و سبحەیا خونچەی ئەمەل بکرێتەوە

ئەی سەنەم تۆ بی و خوا نەختێ بە عیشوە و جیلوە بێ
با بژیم ئەمڕۆ لە سایەی تۆزی خاکی پێتەوە

تفلی حاڵم کەوتبوو بێحاڵ و بێدەنگ و زبان
وا بەهیوا هەم لەسەر جێ بێ خەتەر هەستێتەوە

بای سەبا ئەمڕۆ گەیاندی کاغەزی موژدەی نەجات
دڕکی شادیمان بە بای ڕەحمەت لەسەر ئەکرێتەوە

خۆ ڕەقیب ناوی نەمابوو وام ئەزانی مردووە
یاڕەبی ئەمجا بەجارێ بیکوژێ و ببڕێتەوە

«موفتی» بازی عیشقەکەت پەروازی کرد و خەم مەخۆ
ڕۆژ بە ڕووناکی ئەبینێ بێسەدا خۆی دێتەوە

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌴

#_ویساڵی (1902 - 1973)

بێ عەتری گوڵت بولبولی دێوانە بڵێ چی
بێ شەمعی ڕوخت کۆششی پەروانە بڵێ چی

بێ زینەتی شمشادی قەد و قامەتی بەرزت
جیلوەیی حوسن و لەنجەیی جانانە بڵێ چی

بێ شوعلەیی خورشیدی خەت و گەردنی سافت
فانۆس و چرایی شاهانە بڵێ جی

تا چاوی خومارت سەبەبی ڕاحەتی دڵ بێت
ئاوازی نەی و نایی، لە مەیخانە بڵێ چی

بێ کۆششی سەیری حەرەمی کەعبەیی حوسنت
دەروێش و هەموو ساکنی بتخانە بڵێ چی

بۆ ماچی دەمی تۆیە دڵی عاشقی مسکین
وا خەستە و غەمگین و پەرێشانە، بڵێ چی

لەو فەسڵەوە دوورە لە گولستانی ویسالت
دڵ مات و مەلوول کەوتووە، بێجانە بڵێ چی

بێ جامی ویساڵی تۆ، زەمانێکە «ویساڵی»
مەجنوون و سەراسیمە و عوریانە بڵێ چی

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌱

#_سابیری (1881 - 1944)

چاوت بەکینایەت وتی پێم وەختی زەکاتە
موژەت بەسەراحەت لە منی دا وەری گێڕام

دوێنێ وتی ئەی خەستە سبەی دێمە عیادەت
هەی هەی کە چ بەزمێکە دەڵێی خوسرەو و دارام

سەییاد بە سەد حیلە دەکەن سەیدی نەچیران
مەجمووعی بە یەک غەمزەیی ئەو چاوە دەبن ڕام

بێڕەبتیی شیعرم سەبەبی گەندمی قەلبە
سوونی غەمی لێ داوە بەبێ قووەت و بێ ڕام

والشمسی قەسەم وەلقەمەری ڕوویی دڵارام
ڕۆحم لە بەدەندا نییە بیللا لە دڵ ئارام

ڕۆژێ کە لە توێی پەردەوە تیرێکی وەشان لەیل
لەو کاتەوە مەجنوونسیفەت و عاشق و شەیدام

فەرموویە کە حازر بە شەوێ دێم و نەخۆشم
ڕاوەستە لەسەر هەیئەتی حوججاج لە ئیحڕام

بیستوومە کە پرسیویە لە ئەحواڵی نەخۆشیم
لەو ساوە چ خۆشیمە دەڵێی شاهی بوخارام

هەرچەندە کە پایانی نییە بادییەیی عەشق
مەدداحیی تۆ کافییە بۆ وەجهی ئیدارام

لەم مەزرەعە «سابیر» نییەتی کیشتی عیبادەت
ئەمما بە دوعاگۆییی ئەم شافییە خێرام

«سابیر» تۆ ئەگەر عاشقی ئازار و جەفای دۆست
وەربگرە بە شوکرانەوە هەر وەک گوڵی ئیکڕام

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌿

#_کامەران موکری (1929 - 1986)

توانەوەی سەهۆڵ، گەشانەوەی گوڵ
لەرەی شێنەیی گەڵا و پۆپی چڵ
بەتەنیا گەرمی و جۆش نادەن بە دڵ
کاتێ دڵی من ئەگەشێتەوە
کە بەفری خەمی کورد بتوێتەوە

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
☘️

#_نالی (1800 - 1877)

بایێ لە تەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە
یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!

ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، تیفلێکی فەهیمە
هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە

تیژاوی سوروشکم وەکوو ئیکسیری سوهەیلە
ڕوخسارەیی زەردم وەکوو ئەوراقی خەزانە

شێخم! وەرە دەر فەسڵی بەهار و گوڵ و گەشتە
ئەییامی لە گەرمابە خزان وەقتی خەزانە

ئەو شێخە بە کوم مەگرە کە پەشمینە مەریدە
ئەو ڕیشە بەسەر دارەوە ڕیسێکی بوزانە

بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما
غەوواسی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە

پڕدانەیە، ئەمما نەوەکوو دانەیی چەڵتووک
بەحرم وتووە، نەک وەکوو گۆلی مەرەزانە

حوسنی نەزەرە ئەسڵی نەزەر حوسنی بە عیسمەت
سۆفی کە دەکا تەرکی، بە ئینسانی مەزانە

ئەو گەوهەرە نوکتە کە لە «نالی»ـی دەدزن خەڵق
ئاوی نییە، وەک ئاگری بێشەوقی دزانە

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🍀

#_مەولەوی (1806 - 1882)

مەوتەنەکەی چەم دیدەش هانە ڕێت
غەریبی تا کەی، بۆ وە ماوای وێت

چاوم کە وەتەن و نیشتمانتە چاوەڕوان و چاولەڕێتە. غەریبی ئیتر بەسە و بگەڕێوە بۆ جێگەی خۆت کە چاومە.

های ساقی! بازاڕ جیلوەی دڵدارەن
سەودای خڕیدار، دانەی دیدارەن

ساقی! بازاڕ بازاڕی دەرکەوتنی دڵدارە. بازاڕی ڕووی یارە کە کڕیاران مامەڵەی پێوە ئەکەن.

یەکێ وە مایەی گەنج "کەی" ـەوە
چون منیچ وە تای فەرتووت نەیەوە

لەم مامەڵەدا هەیە کە دەسمایەکەی گەنجی کەیخەسرەوە. سەرمایە و دەسمایەی من تاڵەدەزوویەکی کۆنە و ڕزیو و بەکارنەهاتووە.

چون دەف بەرگ پۆس ئیرادەت پۆشم
غوڵام بەردەس حەڵقەنەگۆشم

وەکوو پێستی دەف، جلوبەرگی ئەوینم لەبەر کردووە. وەکوو غوڵام و خزمەتکار هەمیشە ئامادەی خزمەتم.

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🍃

#_قانێع (1898 - 1965)

ڕۆژێ ڕێم کەوتە سەر بەندی شاخێ
کێوێکی دارسان بەرزەدەماخێ

کاتیش چ کاتە؟ کاتی بەهارە
کوردستان هەمووی چەشنی گوڵزارە

کاتی ئازادی دیلی زستانە
سەیر و تەماشای دیدەمەستانە

نزار پڕ لە گوڵ، گوڵی فراوان
سەوز و سوور و شین وەک دڵی لاوان

کەرەس لەسەر چووز، مەنێ بە خەروار
هەڵەکۆک زۆر کۆک، کاشمە لە ناو غار

ڕێواس سپی و ساف، وێنەی شووشەی زیو
شەماڵ لێی ئەدا، ئەم دیو بۆ ئەو دیو

پیچک بە یەک چڵ، وەک من تەنیا و تاک
ئەو لە سای سێبەر من ئامێتەی خاک

خوژە گەڵالوول، قومام کڵاولار
تریشکە و تەڕلە، هەزاران هەزار

وەنەوشە لە چەم، لە پای بەفراوان
هەڵاڵەبرمە، فرمێسک لە چاوان

کە زانیم دنیا تەواو گوڵگەشتە
چەپکەی نزاران چەشنی بەهەشتە

ـــــــــــ

پاڵم دا بە پاڵ دار مازوودارێ
ڕوانیم کە تک تک عەتری ئەبارێ

نواڕیم لەلاما هەندێ حەیوانە
پڕمەی مێگەل و تەقەی گۆچانە

دیم نەوجوانێک کەپەنکلەبەر
گاڵۆک لە مەچەک، کڵاو لەلای سەر

شمشاڵێکی زەرد لە تۆی پشتێنی
مەر چاک تێ فکری، ئەرنا نایبینی

مەرحەبا خاڵۆ، چۆنی کاکە گیان؟
لەویا کەوتە بەین، «قانع» و شوان

مامە بەخێر بێی، خەڵک کام خێڵی
چیت لێ ون بووە، بەم جۆرە وێڵی؟

وتم بابە گیان دڵم ون بووە
ئەی تۆ نازانی کە بۆ کوێ چووە؟

پێ کەنی وتی مامە دڵ گشتمان
ئەسووڕێتەوە بۆ دەوای نیشتمان

تۆزێ ڕاوەستە، بانگی بکەم بۆت
بیخەمەوە ناو سینەی تەنگی خۆت

نەوی لە شمشاڵ لە هەوای هەی دڵ
هەی دڵ! هەی نامەرد، هەی نازک وەک گوڵ!

کە پەنجەی جووڵان، هەر یەک هەوایێ
هەر یەکە دەنگێ، هەر یەک نەوایێ

گوێم گرت کەوتە سەر بەزم و شۆری نەی
چۆپی، چەمەری مقامی وەی وەی

گا مینا مینا، تاوێ تەل و بەل
گا لەیلی لەیلی هەوای لای مێگەل

تاوێ خرنگەکە، تاوێ ئای نەخشان
گا چاوە ڕەشێ، بەزمی شانەوشان

تاوێ سێ پێیی، گا هەوای لای ڕان
گا هەی سوار هەی سوار بەزمی ڕووی مەیدان

گا سەوزە سەوزە، تاوتاوێ حەیران
گا بووک و خەسوو، بەزمی ژن هێنان

ـــــــــــ

خاوی کردەوە کرژی دەمارم
کەوتەوە بیرم، یاری دڵدارم

کزکز بۆی گریام، تا تەواوی کرد
زانی پەشێوم، شمشاڵی لابرد

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌿

#_نالی (1800 - 1877)

خاڵی نییە ڕەشماری دوو زوڵفت لە بەڵایێ
حەڵقەی شەڕییان بەستووە هەر یێکە لە لایێ

عاشق دڵی نایێ لە دڵارامی جودا بێ
ئەڵبەت کە دڵارامی لەوێ بێ، دڵی نایێ

بنواڕە خۆشیی ڕەقسی لەگەڵ خەرقەیی ئەزرەق
مومکین نییە بەم پاکییە، لەم ئەرزە، سەمایێ

مومکین نییە جەلبی دڵی خووبان بە من و تۆ
نەمبیستووە تەسخیری مەلایک بە مەلایێ

نەقدی دڵ و جان بۆ قەدەمت نیمەبەهایە
غەیری ئەمە، قوربان، بەخودا نیمە بەهایێ

ئەی شەمع! بترسە لە هەناسەم کە بگاتە
ئەو دووکەڵی زوڵفە کە پەرێشانە بە بایێ

تا چاکی نەکەی پڕ لە هەوا سینەیی «نالی»
وەک زەنگڵە ئاوازەیی ناڵەی دڵی نایێ

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
☘️

#_ناری (1874 - 1943)

هەرچەندە بەعیدم لە درۆ و لابە بە عیدم
بێشوبهە بە دڵ مایل و موشتاقی سەعیدم

قیبلەیی دڵ بە عەلی سوورەتی بابا عەلییە
کە لە جوملەی سەمەری باغی لەتیفی وەلییە

گەرچی تەقسیری نەهاتن کاری بەندی قاچمە
دەمبەدەم داوێنی پاکت، پاکی جێگەی ماچمە

دوور لە تۆ، ساعەت بە ساعەت، وەک نەخۆشی بێتەبیب
چاوەڕێی ئاوازی دەنگی خاکەناز و پاچمە

هەر لە خاکی ڕووسەوە تا ڕۆم و بولغار و حەبەش
کەس نییە ڕازی بە تەقسیمی، ئەزەل بێ یا بە بەش

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🍃

#_حەمدی (1876 - 1936)

لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ
لە سوبحی سادقیش بەڵکە سپیتر بوو کە شەو دانگێ

خودا حافیزی بێت بڕوا لە چاوما عەکسی گیراوە
کە ڕۆژ ئاوا ببێ بۆ خۆم هەڵی دێنم وەکوو مانگێ

هەزار بانگی بەناحەق دا موئەززین باقییە هێشتا
کە مەنسووریش بەسەر دارا ئەکەن بیدا بە حەق بانگێ

کە چاوی هەڵبڕی مومکین نییە بەندی جگەر نەبڕێ
هەزار نەشتەر لەلام وایە نەکا تەئسیری برژانگێ

زەمانێکە بەڕۆژووم بەو ئومێدەی هەر دەڵێم بیکەم
لە قورسی ڕوومەت و عەننابی لێوت بەڵکە بەربانگێ

هەموو ئەعزای دەمە بۆ گرتنی یاران ڕەقیب یا ڕەب
لە دەریای خوڵقەتا نابێتەوە بەو نەوعە قرژانگێ

لە تاعوون و وەبا بێباکە لەو ساوە فەلەک «حەمدی»
هەناسەی سەردی تۆ ئەیدا بە دووکەڵ کوللی شەو قانگێ

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🍂

#_عارف_عورفی (1896 - 1961)

یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە
ئەی برادەر تا بفەرمووی وەزعی واعیز باتیلە

گەر قسوورێکم ببێ نابێ عیتابم لێ بکەی
چونکی قوربان پیاوی عاشق عەقڵ و هۆشی زائیلە

ڕووت و برسی چۆن بدەم پەنجە لە پەنجەی عەشقەوە
عەشقبازی و موفلیسی وەڵڵاهی سەممی قاتیلە

چۆن قەبووڵ بکرێ ئەدای فەڕزم لە دیوانی خودا
موددەتێ عومرم نەبوو نوێژێ بکەم بێغائیلە

خانەیی سەبرم نەما حاجەت ئیتر بنکەن بکەن
بۆ ڕووخانی دیواری عومری من لەسەر لا مائیلە

ماهی ڕۆژوو ڕۆژوو گەر بشکێ گوناهی من نییە
ڕۆئیەتی قەوسی هیلالی تۆیە ڕۆژوو شەو باتیلە

گەر نەگەیمە بابی ئەعلا و تەوەقوف سەدرە بی
باڵی تاقەتمە لە ئەنواری تەجەللی عاتیلە

ڕۆژی قیامەت گەردەنت بگرم لە دیوانی خودا
لێت بسێنێ دادی ئەم بێچارە ڕووتەی سائیلە

وا هەموو ڕۆیین و گرتیان یەک بە یەک ڕێگەی سەفەر
هاکە دەس پێ کەین من و تۆیش دوابەدوایی قافیلە

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🍁

#_ئەخۆل (1911 - 1988)

هاتە سوێ دیسان برینم فیکری جارانت ئەکەم
هەر وەکوو مەجنوون بەدائیم زیکری لەیلانت ئەکەم

جێگەیی تیرێ کە لێت دام بوو بە ناسۆری برین
چاوەیەکی خوێنە ئێستاش عەرزی شوکرانت ئەکەم

هەر دوو چاوم کوێر بوو هێند گریام لە هیجرت بێڕەحم
هەر نەهاتی وەختە بمرم جان فیدای جانت ئەکەم

ئاخ لە کوێی؟ توخوا ئەوا هەر دوو گلێنەم دەرپەڕی
هەر دەڵێم ئەمڕۆ و سبەینێ خۆم بە قوربانت ئەکەم

ڕەنگە بێڕەحم و وەفا بی، زانەری حاڵم نەبی
وا لە خوێنا من ئەگەوزێم نەقڵی قورئانت ئەکەم

بۆ دەوای زەخم و برینم تۆزی خاکت مەڵهەمە
بێت و ڕابووری بە لاما عەبدی دامانت ئەکەم

زەحمەتە تا ڕۆژی مەحشەر ناوی تۆ ون کەم لە دڵ
قەترەفرمێسکی بەجۆگەم خەڵتی سیروانت ئەکەم

مەشریق و مەغریب ئەگەر پڕ کەن لە خونچە و دەستەگوڵ
هەر وەکوو بولبول لە یەک گوڵ شین و قەترانت ئەکەم

یەعنی کەعبەم بێتە بەردەست بەینی تۆ سەد ساڵ ببێ
بۆ تەوافی کەعبەکەت قەتعی بیابانت ئەکەم

بێت و بمری خوانەخواستە مەرگی من پێشت کەوێ
گەر هەزار ساڵ مابێ عومرم خۆم بە میوانت ئەکەم

ڕۆژی ڕاوەستان لە دەشتی مەحشەرا لێت موددەعیم
زوڵمی تۆ خوا حاکمێتی تووشی ناڵانت ئەکەم

من ئەمە ڕەفتوگفتمە ڕەئی ڕەوان و ڕاستمە
باوەڕیش ناکەی حەواڵەی کافرستانت ئەکەم

بۆ ڕەزای خوا و پێغەمبەر زەڕەیەک لوتفت ببێ
تا نەبم دەعواچی قیامت ڕوو بە یەزدانت ئەکەم

تۆ غەریبی یەک تەبیبی «ئەحمەدا» وا دەربەدەر
وا لە ئینسانی کە دەرچووی نەقلی حەیوانت ئەکەم

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🌾

#_ئەحمەدی_کۆر (1771 - 1856)

شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟
ڕۆژ دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دنیا بەوەندە مەکر و فەن، ڕۆح خۆشەویستە دەر بەدەن
هیجرەت دەکاتن "از" بەدەن، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

هەر کەس کە بیبێتن کەماڵ، دنیای وا پووچ و بەتاڵ
نەیکا دەبێ قەتقەت خەیاڵ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

منداڵ و خزم و دایک و باب، دەمرن ئیدی نادەن جەواب
بۆ تۆ بەسە هێندە خیتاب، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دنیا بۆ کەس ناچێتە سەر، بێئیعتیبارە و بێهونەر
دەمرن فەقیر و موعتەبەر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

خاکین دەبێ ببین بە خاک، دانیشتووین بێخۆف و باک
مەعلوومە هەر دەبین هیلاک، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

بەو خوایە پێت دەڵێم فەقیر، ئەتۆ خودا مەکە لەبیر
وەختێ دەبێ بکەویە گیر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

دایم لە دوام شەقیە ئەجەل، ئەو توندوتیژ من کوێر و شەل
دەمخاتە ناو داوی ئەمەل، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

غەڕڕە مەبە، غەڕڕە مەبە، چی فەرموو حەق تۆش هەر وە بە
ڕابرد چی دەسگا و دەبدەبە، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

چەند هاتن و چوون سوڵتان و شا، مردن لە تەختی بوون جودا
واحید دەمێنێ هەر خودا، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ماڵ و خێزان و دەوڵەتم، لەحزێکی نادەن مۆڵەتم
لێم تێک دەدەن جێ و حورمەتم، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

لەو قەبرەدا تاریک و قووڵ، دادەنیشن مات و مەلوول
ناکرێین عیلاج بە زێڕ و پووڵ، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

لەو قەبرەدا تەنیا نەفەس، بۆ کەس نییە فەریادڕەس
چاکە بکەین تەرکی هەوەس، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

غەمگینی دڵم چاترە، بەزاهیر نەفسم کافرە
لێم دەمرن دۆست و برا، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ئەوجار وەرە سەیری مەزار، مردن فەقیران و هەژار
کەوتوون تێیدا چەندین هەزار، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

قەت نوێژ و ڕۆژوو ناگری، بۆ کاری دنیا حازری
پێت وایە قەتقەت نامری، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

«ئەحمەد» بەس کە لە خەبەران، سینەت خەزێنەی گەوهەران
نەسیحەتە بۆ برادەران، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

ئەی «ئەحمەدی کۆر» ـی فەقیر، بە دەستی نەفس بووی ئەسیر
جەهەننەمت کردوە لەبیر، جا چۆن دڵم پڕغەم نەبێ؟

👇✍️

📚 |
@Kurdish_Poetry
🎧

#_دەنگی_کوردی

▪️ دەنگ: مەزهەر خالقی (1938)
▪️ شیعر: نالی (1800 - 1877)

لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان
بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان

لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەر وەکوو شێت
بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان

دوو چاوی من کە وا کەیلی سوروشکن
دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان

مەکەن لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو
پەشێواوە لەبەر پەرچەمپەشێوان

🌹 شیعر و هۆنراوە 🌹